ڕاپۆرتی جیهانی

03:53 - 04/07/2020

مەیمونە کۆت و بەندکراوەکان لەژێر ستەمی مرۆڤدا‌

پەیسەر

ماوەی چەند رۆژێکە هەڵمەتێکی فراوان بۆ رزگارکردنی ئەو مەیمونانە ئەنجامدەدرێت کە لەژێر زەبر و ستەمی مرۆڤدان، ئەو مەیمونانەی لەلایەن جوتیارانی تایلەندەوە کۆت و زنجیر دەکرێتە ملیان و کاریان پێدەکرێت، هەڵمەتەکان تا دێت فروان دەبن، بەڵام هێشتا مەیمونەکان رزگاریان نەبووە.

کۆت و زنجیر
کۆت و زنجیر کردنە مل مێژوویەکی کۆنی هەیە، ئەو کەسانەی دەسەڵاتیان هەبووە کۆت و زنجیریان کردووەتە ملی کەسە بێدەسەڵاتەکان و کاری قورس و تاقەت پڕوکێنەریان پێکردوون، کۆت و زنجیر لەلایەن مرۆڤەوە لە دەست و ملی مرۆڤ کراوە.

ئێستا لە تایلەند جوتیاران کۆت و زنجیر لە ملی مەیمونەکانی بەردەستیان دەکەن و رۆژانە کاری تاقەت پڕوکێنەریان پێدەکەن، هەر مەیمونێک بە کۆتەکەی ملییەوە ناچارە رۆژانە سەدان گوێزی هندی بۆ مرۆڤەکەی خاوەنی کۆبکاتەوە.

رۆژی هەزار گوێز
کۆمەڵەی رەفتاری ئیتیکی بۆ ئاژەڵان (پێتا) رایگەیاند، لە هەشت کێڵگەی وڵاتی تایلەند، کۆت و زنجیر دەکرێتە ملی مەیمونەکان و ئەو گوێزە هندیانەیان پێکۆدەکرێتەوە کە هەناردەی زۆربەی وڵاتانی جیهان دەکرێن.

بەپێی راگەیەندراوی کۆمەڵەکە هەر مرۆڤێک لەو کێڵگانەدا رۆژانە دەتوانێت تەنها ٨٠ گوێزی هندی کۆبکاتەوە، بەڵام ئەم مەیمونانە زنجیریان لە مل دەکرێت و (نێرەکانیان بەتایبەت) رۆژی ١٠٠٠ گوێزیان پێکۆدەکرێتەوە.

ئازاری مەیمونەکان
ستەمکردن لە مەیمونەکان مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەو کارە سەیرانەی پێیان دەکرێت وە فێردەکرێن، ئەم ئاژەڵە کە نزیکایەتییەکی زۆری لەگەڵ مرۆڤ هەیە، چەندین سەدەیە لەژێر ستەم و ئازاری مرۆڤەکاندا دەناڵێنێت و کەس نییە رزگاریان بکات.

بەپێی زانیارییەکانی (پێتا)، لەو ناوەند و شوێنانەی کە ناویان لێنراوە (قوتابخانەی مەیمونەکان)، جگە لە بەزۆر کۆکردنەوەی گوێزی هندی، لەپێناو دڵخۆشکردنی گەشتیاران و پەیداکردنی پارەدا، مەیمونەکان فێری لێخوڕینی پاسکیل و یاری باسکە دەکرێن.

ئەم مەیمونانە لە تەمەنێکی زۆر بچوکەوە لە سروشتەوە دەهێنرێن و لەژێر فشار و ئازاردانێکی زۆردا فێری ئەم هەڵسوکەوت و کارارانە دەکرێن.

ژێردەستەیی
لە راپۆرتەکەی (پێتا)دا هاتووە، مەیمونەکان بە تایەی بەکارهێنراوی ئۆتۆمبێلەوە دەبەسترێنەوە و ناچارن لەناو ئەو تایانەدا بمێننەوە کە ناتوانن بە ئازادی و ئاسانی جوڵەی تێدا بکەن، ئەمەش تووشی ئازاریان دەکات و سەربەستییان لێدەسەنێتەوە.

مەیمونەکان کە زیرەکیی و دۆخیکی دەروونی تایبەتیان هەیە، لە ئازادیی، ژیانی سروشتی، هاوڕێیەتیی و ژیانی خۆیان دووردەخرێنەوە و ناچار دەکرێن ئەو کارانە بکەن سود بە مرۆڤەکان دەگەیەنێت.

ئەو مەیمونانەی هەوڵ دەدەن گاز لە راهێنەر و خاوەنەکانیان بگرن، دانیان دەردەهێنرێت، رێکخراوەکەش ئاماژە بەوە دەکات کە مرۆڤە باشەکان مەیمونەکان ناچار بە کارکردن  ناکەن.

گوێزی هندی نافرۆشین
سەرەتا (Carrie Symonds) دەستگیرانی بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە تویتەرەوە داوای لە سوپەرمارکێتەکان کرد کە گوێزی و هندی و بەرهەمەکانی بایکۆت بکەن و نەیفرۆشن.

بۆ دەربرینی ناڕەزایەتیش سوپەرمارکێتە بەناوبانگەکانی بەریتانیا (Waitrose, Ocado, Co-op , Boots)  بریاریاندا بە نەفرۆشتنی بەرهەمەکانی گوێزی هندی کە لەلایەن ئەم مەیمونانە کۆدەکرێنەوە.

سوپارمارکێتی بەناوبانگی (Morrisons)یش رایگەیاند، بەرهەماکانی گوێزی هندیان لە مارکێتەکەیان لابردووە و ئامادە نین بیفرۆشن.

سوپەرمارکێتی ناسراوی (Waitrose) لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "بەپێی سیاسەتی پاراستنی ئاژەڵان کە هەڵمانگرتووە و پەیڕەوی دەکەین، سورین لەسەر نەفرۆشتنی هیچ بەرهەمێک کە مەیمونەکان ناچارکرابن بە کۆکردنەوەیان."

سوپەرمارکێتی (Co-op)یش ناڕەزایەتی دەربڕی و رایگەیاند، "ئەو بەرهەمانە نافرۆشین کە لە ئەنجامی ئیشپێکردنی مەیمونەکانەوە کۆدەکرێنەوە."

(Sainsbury)یش لە لێدوانێکدا بۆ بی بی سی ئاماژەی بەوە کردووە، "چاو بە بەرهەمەکانماندا دەخشێنینەوە و لەگەڵ ستافی تەندروستی دامەزراوەکەشماندا گفتوگۆ دەربارەی ئەم بابەتە دەکەین کە ئیشپێکردنی مەیمونەکانە بۆ کۆکردنەوەی گوێزی هندی."

سوپەرمارکێتێکی دیکەی دیار کە هەڵوێستی دەربڕیوە (Sainsbury)ە، لە روونکردنەوەیەدا باس لەوە دەکات، "بە هیج شێوەیەک پێشوازی لە بەکارهێنانی بەزۆری ئاژەڵان ناکەین"

تاکو ئێستا روون نییە ئەم بابەتە بە کوێ دەگات و ئایا رێکخراوەکانی پاراستنی ئاژەڵان دەتوانن ئەم ئازاردانەی مەیمونەکان رابگرن یان نا.

کاردانەوەکان بەردەوامن و چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زۆرتر سوپەرمارکێت هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن و فرۆشتنی ئەو گوێزە هندیانەی بەم مەیمونانە کۆدەکرێنەوە بایکۆت بکەن و ئامادە نەبن بیفرۆشن.