ڕاپۆرتی جیهانی

02:46 - 07/07/2020

هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ قەدەغەکردنی تیک تۆک دەستیانپێکرد‌

پەیسەر

تیک تۆک تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی پڕ کێشە و گیروگرفت، ئەو تۆڕەی بەشێک لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی پێیان وایە لەبری ئەوەی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بێت بۆ پەیوەندی کۆمەڵایەتی، تۆڕێکە بۆ تووشبوونی تاک بە دەیان کێشەی کەسیی و کۆمەڵایەتیی کە تێیدا بەها و پێوەرە کۆمەڵایەتیی و کەسییەکانی بە تۆڕەکەوە گیرۆدە دەبن و تاکێکی لاواز و دوور لە بەها و پێوەرە باڵاکان دروست دەکات.

تیک تۆک
تیک تۆک تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە، تۆڕەکە چینییە، لەلایەن کۆمپانیای (ByteDance) دروستکرا و پەرەی پێدرا کە کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن (Zhang Yiming)وە دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە پەکینی پایتەختی چینە.

تۆڕەکە کە بەکارهێنەرانی لە ملیارێک کەس نزیک دەبنەوە، لە زۆر وڵاتدا جێگای مشتومڕە، بەشێک لە وڵاتان بەهۆی باری ئەمنییەوە دژایەتیی دەکەن و هەندێک وڵاتیش بۆ کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە مەترسیدارەکانی.

تیک تۆک بە خێراییەکی زۆر بڵاوبوویەوە، تەنها لە سێ مانگی یەکەمی دروستبوونیدا، ٣١٥ ملیۆن جار دابەزێندراوە، بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیای شیکەرەوەی تەکنۆلۆژی (Sensor Tower)، لە چارەکەی یەکەمی دامەزراندنیدا، بەراورد بە هەموو تۆڕەکانی دیکە، یەکەم تۆڕە ئەو هەموو بەکارهێنەرەی هەبووبێت.

تیک تۆک لە کوردستان
لە کوردستان ماوەی ساڵێک زیاترە تیک تۆک بووە بە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیە زۆر بەکارهێنراوەکان، لەچاو تۆڕەکانی دیکەدا لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆر خەڵک بەکاریانهێنا. یەکێک لە هۆکارەکانی زۆر بەکارهێنانیشی لەلایەن خەڵکەوە ئەوە بوو کە دابەزاندن و رۆشتنە ناو تۆڕەکەوە زۆر ئاسان و بێ گرێوگۆڵە.

بە پێچەوانەی تۆڕەکانی دیکەوە لە تۆڕەکەدا بەکارهێنەر زۆر دیار و ناسراو نییە، بەبێ ئەوەی پێویست بکات ببیت بە فۆڵۆوەر، بە کراوەیی هەژماری هەموانت دێتە بەردەست و تۆش دەگەیت بە هەرکەسێکی دیکە بەبێ ئەوەی هاوڕێت بن. بۆیە لە کوردستاندا و لە ناو ئەو کەسانەدا کە نایانەوێت ببینرێن بەکارهێنەری زۆر زیادی کرد.

ناڕەزایەتییەکان
سەرەڕای زۆریی بەکارهێنەرانی، لە کوردستاندا زۆرن ئەو کەسانەی کە دژایەتیی بەکارهێنانی ئەم تۆڕە دەکەن و بە هەڕەشەی دەزانن بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و بەها و پێوەرە باڵاکان، بەشێکی دیاری توێژەرانی کۆمەڵایەتیی و دەروونیش بەردەوام باس لە مەترسییەکانی ئەم تۆڕە دەکەن لەسەر کۆمەڵگە.

لەگەڵ ئەوەی لە کوردستان هیچ هەوڵێکی فەرمی نییە بۆ سنوردارکردن یان داخستنی تۆڕەکە، بەڵام ناڕەزایەتیی و هۆشدارییەکان بەردەوامن لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانییەوە، ئەم ناڕەزایەتییانەش دوای ئەوە دێت کە بەپێی بۆچوونی هەندێک لە توێژەرانی کۆمەڵایەتیی، تۆڕەکە بووەتە هۆی دەرکەوتنی کۆمەڵێک کەس کە دوور لە هەموو "بەها و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان" دەردەکەون و کاریگەریی مەترسیدار لەسەر بەکارهێنەران دروست دەکەن، بە تایبەت کە لە ئێستادا بەشێکی زۆری منداڵی زۆر بچوک لە کوردستاندا ئەم تۆڕە بەکاردەهێنن، ئەم منداڵانەش راستەوخۆ دەکەونە ژێر کاریگەری ئەم کەسانە و ئاڕاستەیان دەکەن.

یەکێک لە گرفتەکان لە کوردستان ئەوەیە سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان لە بوونی ئەم جۆرە کەسە مەترسیدارانە لە تیک تۆک، بەڵام ژمارەیەکی زۆر بینەریان هەیە و ڤیدیۆکانیان لە ڤیدیۆی ناسراوترین و دیارترین کەسەکانی کوردستان زیاتر بینەریان هەیە.

تۆڕەکە بووەتە شوێنی دەرکەوتنی ئەو کەسانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە شوێنی دەرکەوتنیان نییە، ئەو کارانە دەکەن کە جیاوازە لە هەموو بەها و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان، رەنگە هەر ئەمەش وەهایان لێبکات بۆ دەرکەوتنیان تیک تۆک هەڵبژێرن.

تیک تۆک لە تورکیا
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە توانیویەتی سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت سەرجەم تۆڕی ئینتەرنێت سنوردار بکات، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا کە پارتی داد و گەشەپێدان هاتووەتە سەر دەسەڵات، بە شێوەیەکی توند دەستی بەسەر تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا گرتووە.

لەم هەفتەیەشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەم تۆڕانە لەگەڵ بەها و پێوەرەکانی کۆمەڵگەکەیاندا ناگونجێن، بۆیە ئەگەر ئەم تۆڕانە لق و نوێنەرایەتیی نەکەنەوە لە تورکیا (تاکو بە ئاسانتر بەکارهێنانی کۆنترۆڵ بکەن)، هەوڵی سنوردارکردن و تەنانەت داخستنی بەشێکیان دەدەن.

ئەمریکا و تیک تۆک
ئەمریکا لە جەنگێکی ساردی و نەرم و درێژخایەندایە لەگەڵ چیندا، یەکێک لە بوارە دیارەکانی ئەم جەنگەش تەکنەلۆژیایە، موبایل و تۆڕەکانی ئینتەرنێت بەشێکن لە جەنگی ئاشکرای چەند ساڵی رابردووی نێوان واشنتۆن و پەکین، لە دوای هواوی، ئێستا تیک تۆک بووەتە کێشە و گرفت لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی فۆکس نیوز رایگەیاند، هەڵسەنگاندن بۆ قەدەغەکردنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیییانە دەکەن کە سەرچاوەی دامەزراندن و دروستکردنیان وڵاتی چینە، یەکێک لەو تۆڕانەش تی تۆک-ە و وتیشی، لەم بارەیەوە زۆر جددین.

پۆمپیۆ وتی، "ئەمریکا بە راستیی کار لەسەر ئەم بابەتە دەکات، نامەوێ پێش سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بکەوم، بەڵام هەڵسەنگاندن بۆ ئەم بابەتە دەکەین و کاری لەسەر دەکەین."

وەزیری دەرەوەی چین روو لە بەکارهێنەران دەکات و بەم جۆرە مەترسییەکانیان بۆ ئاشکرا دەکات، ئەگەر ئەتانەوێت زانیارییە تایبەتییەکانتان بکەوێتە دەست پارتی کۆمەنیستی چین، ئەوا ئەم تۆڕە دابەزێنن و بەکاریبهێنن. بەم جۆرەش پۆمپیۆ هێندەی دیکە ئاڵۆزییە تەکنۆلۆجی، بازرگانیی و ئەمنییەکانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا زیاتر کرد.

پێشتریش بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا هۆشداریی ئەوەیان دابوو کە بەهۆی پەیوەندی نێوان چین و تۆڕەکە، تۆڕەکە ناچاردەکرێت زانیارییە تایبەتەکانی بەکارهێنەرانی بە پارتی کۆمەنیستی چین بدات، ئەمەش مەترسییە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.

تیک تۆک: تۆمەتەکان ناڕەوان
دوای چاوپێکەوتنەکەی پۆمپیۆ، وتەبێژێکی تیک تۆک رایگەیاند، لە ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر کەس لەم تۆڕەدا کار دەکەن و لە بواری ئاسایش و بەرهەمەکانی تیک تۆک-دا کار دەکەن، هیچ زانیارییەکی بەکارهێنەرانی تۆڕەکەش بە حکومەتی چین نەدراوە، داواشی بکەن پێیان نادرێت.

تیک تۆک ئاماژە بەوە دەکات، ناوەندی زانیارییەکانی تۆڕەکەیان لە دەرەوەی چینە، پابەندی یاساکانی وڵاتی چینیش نابێت و زانیارییە تایبەتەکانی بەکارهێنەرە ئەمریکییەکانیش لە ئەمریکا دەپارێرێت.

مانگی ئایاری ئەمساڵیش وتەبێژێکی تیک تۆک بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاند، "نیگەرانییە ئەمنییە نیشتمانییەکانتان لە خۆڕاییە."

تیک تۆک لە هندستان
یەکێک لەو وڵاتانەی کە دژایەتیی ئەم تۆڕە دەکات هندستانە. هەفتەی رابردوو حکومەتی چین لە راگەیەندراوێکدا تیک تۆک بە هەڕەشە بۆ سەر یەکێتیی و سەروەریی وڵاتەکەی ناودەبات، بۆیە تیک تۆک و هەموو ئەو تۆڕانەی دیکەش قەدەغە دەکات کە سەرچاوەکەیان چینە.

چاوەڕوان دەکرێت تیک تۆک هێندەی دیکە ئاڵۆزییەکانی نێوان هندستان و چین زیاد بکات، بەتایبەت کە لە دوو هەفتەی رابردوودا ئاڵۆزیی کەوتە نێوان سوپای هەردوو وڵاتەوە بەتایبەت لە سنوری کشمیر.

لەگەڵ بەهێزبوونی بەردەوامی ئەم تۆڕە، رێگرییەکانی بەردەمی بەردەوام زیاد دەکەن، بەتایبەت سێ وڵاتی بەهێزی وەک ئەمریکا، هندستان و تورکیا دژایەتیی بەکارهێنانی ئەم تۆڕە دەکەن.