ڕاپۆرتی جیهانی

05:09 - 07/07/2020

كۆرۆنا خواردنی گۆشتی سه‌گ ڕاده‌گرێت؟‌

پەیسەر

ڤیستسڤاڵی یولین (میوه‌ی گه‌رچه‌ك و گۆشتی سه‌گ) چالاكییه‌كی ساڵانه‌یه، بۆ ماوه‌ی ده‌ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و تیایدا گۆشتی زیاتر له‌ 10 هه‌زارسه‌گ ده‌خورێت، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان ڤیستیڤاڵەکە بەردەوامە، بەڵام ئەگەر هەیە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کۆتایی پێبهینێت.

رافنیت ئه‌لوهالیای رۆژنامه‌نووس ڕاپۆرتێكی تایبه‌تی كردووه‌ بۆ رۆژنامه‌ی ئیندپێندنت و تیایدا ئاماژه‌ی به‌و ناوچه‌یه‌ كردووه‌ كه‌ ڤییستیڤاڵه‌كه‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌یه‌كی دووره‌ ده‌ست و لاچه‌پی وڵاتی چین، ئه‌م كاره‌ش له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ هه‌یه ‌و له‌م ساڵانه‌ی دواییدا بووه‌ته‌ جێگای مشتومڕ، بەتایبەت لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لەکوێ و کەی ئەنجامدەدرێت؟
ڤیستسڤاڵی یولین لە شاری یولین لە ناوچەی گوانگشی باشوی چین و لە ٢١ تاکو ٣٠ی حوزەیرانی هەموو ساڵێکدا ئەنجام دەدرێت کە مانگێکی گەرمی وڵاتەکەیە.

ڤیستیڤاڵەکە چۆن دەستیپێکرد؟
ڤیستیڤاڵەکە یەکەم جار ساڵی ٢٠٠٩ و بەبۆنەی ئاهەنگ گێرانی گۆڕینی وەرزەوە ئەنجامدرا. لە ڤیتستیڤاڵەکەدا گۆستی سەگ دەخورا کە بەپێی کەلتوری چین خورادنی گۆستی سەگ لە وەرزی هاوین تەندروستییەکی باش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بڕواشیان وایە گۆشتی چین دەیانپارێزێت لە نەخۆشیی و توانای سێکسیی پیاوانیش زیاد دەکات.

کاردانەوەکان
ڤیستیڤاڵەکە لە ئاستی چین و وڵاتانی جیهانیش کاردانەوەی نەرێنیی بەدوای خۆیدا هێنا، چالاکوانانی ژینگەش رەخنەی توندیان گرت بەوەی کە ئەم ئاژەڵانە بەشێوەیەکی دڕندە سەردەبڕدرێن، رێکارە تەندروستییەکانیش لە ڤیستیڤاڵەکەدا پێچوانەی رێکارە تەندروستییەکانی چینە.

رەخنەی ئەوەش گیراوە کە ئەو سەگانە لە هەموو ناوچەکانی چینەوە و بەشێوەیەکی خراپ بۆ شاری یولین دەگوازرێنەوە، بەسەریەکدا دەخرێن و شوێنیان خراپە لە کاتی گواستنەوەدا.

رێکخراوی تەندروستی جیهانیش ئاماژە بەوە دەکات، کە بازرگانیکردن بە سەگەوە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوی نەخۆشی سەگ و مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی کۆلێراش زیاد دەکات. لە ئێستادا تاکو دێت ناڕەزایەتیی چالاکوان و کەسانی دیاری چین دژی خورادنی گۆشتی سەگ زیاد دەکات.

شتێکی سەیر نییە
ئەم ڤیستیڤاڵە شتێکی سەیر نییە لە چین و پێچوانەی یاسا نییە، بەو پێیەی ساڵانە لەو وڵاتەدا١٠ بۆ ٢٠ ملیۆن سەگ دەخورێت، لەگەڵ ئەوەی ڤیستیڤاڵەکە نوێیە، بەڵام رەگوریشە مێژووییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا. ئەوەی گۆڕاوە بۆچوونەکانە و لە ماوەی شۆڕشی رۆشنبیری چین دوورخستنەوەی سەگی ماڵی قەدەغە بوو، بەڵام راگرتنی سەگ بووە بە باو لە چینە ناوەندەکانی کۆمەڵگای چین و لە ئێستادا ٦٢ ملیۆن سەگی ماڵیی تۆمارکراو لەو وڵاتەدا هەن.

حکومەت دەتوانێت رایبگرێت؟
شارەوانی یولین چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە ئەوان ناتوانن ئەم ڤیستیڤاڵە رابگرن، چونکە ڤیستیڤاڵەکە بەشێوەیەکی رەسمی تۆمار نەکراوە و کارێکی فەرمیی و تۆمارکراو نییە.

بەپێی توێژینەوەیەک کە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی زۆربەیان برەو بە بازرگانی و خواردنی سەگ دەدەن، بەڵام سێ لەسەر چواری شاری یولین گۆشتی سەگ ناخۆن.
 بەپێی راپۆرتەکە لە ٦٤٪ی دانیشتوانی چین دەیانەوێت ئەم ڤیستیڤاڵە رابگیرێت و لە ٦٩.٥٪ی چینییەکانیش بەهیچ شێوەیەک گۆشتی سەگ ناخۆن.

لە ئێستادا چاوەکان لەسەر یولینە ئایا  دەتوانێت وەک شینژین و ژوهای بەکارهێنانی گۆشتی سەگ قەدەغە بکات؟ حکومەتی چینیش مانگی رابردوو سەگی بە "هاوڕێ" ناوبرد و رایگەیاند، هەوڵێکی بەرفراوان دەدەن بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی.

ئەم کەلتورە هی چین نییە
دکتۆر پیتەر لی پسپۆڕ لە بواری سیسەتەکانی چین لە کۆمەڵەی نیودەوڵەتی بۆ هاوڕێیەتی ئاژەڵان ڤیستیڤاڵی یولین بە خوێناوی وەسف دەکات و دەڵێت، ئەم ڤیستیڤاڵە نوێنەرایەتیی بیرکردنەوە و کەلتوری خواردنی چینییەکان ناکات.

دەشڵێت، ئێستا چین خۆشی دانی بەوە دا ناوە کە سەگەکان هاوڕێن نەک ئاژەڵێک بۆ خواردن. هیواشی خواستووە چین رێکاری گەورەتر بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە سەگ و پشیلە کە ساڵانە ملیۆنان لەم ئاژەڵانە بەدەست ئەم بازرگانییەوە دەناڵێنن.

لەگەڵ ئەوەی شارەکانی شینژین و ژوهای لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بەکارهێنانی گۆشتی سەگ و پشیلەیان قەدەغە کرد، هێشتا هەنگاوی فەرمی لەلایەن حکومەتەوە لە هەموو وڵاتەکەدا نەنراوە و وەزراەتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتەش رایگەیاندووە کە بەپێی لیستی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەگ لەو ئاژەڵانە نییە کە ناخورێن و لە لیستەکەدا نییە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە وا دەزانرێت لە ئاژەڵانەوە گواستراوەتەوە، کاریگەریی لەسەر ئەم بابەتە هەیە، هەوڵەکانیش لە چین بەردەوامە و لە یەکەم قۆناغیشدا بازرگانیکردنی بە ئاژەڵە وشکانییەکان قەدەغەکرد.