ڕاپۆرتی جیهانی

10:39 - 01/01/2019

لەماوەی كەمتر لە بیست ساڵ 3600 كەس خۆیان وەك پێغەمبەر ناساندووە‌

پەیسەر

لافی پەیامبەری لێدان شتێكی نوێ نیەو قوڵایی مێژوویی هەیە، تایبەتیش نیە بە كۆمەڵگەیەكەوە، لە هەرجێگەیەك پەیامبەرێك هەبووبێت لە بەرامبەریدا یەكێك یان چەند كەسێك قیت بوونەتەوەو لافی ئەوەیان لێداوە كە ئەوانیش پێغەمبەرن، لە مێژووی پێغەمبەران و بەتایبەتی پێغەمبەری ئیسلامدا سەدان كەسی لەو جۆرە هەیە، بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیە زۆربەی لە كەنداوی عەرەبی و ئەو كۆمەڵگانەدا سەرهەڵدەدات كە دین و كە سایەتی پەیامبەر كاریگەری زۆریان هەیە.

بە پێی سەرچاوەكان تەنها لە وڵاتێكی وەكو میسر و لە دوو هەزارەكاندا (3500)كەس بانگەشەی پێغەمبەرایەتییان كردووە و 1600 یان لە رەگەزی ژنان، ئەم دیاردەیە ئەگەر لە وڵاتانی جیهانیش رووبدات ئەوا ئەوانەی زۆرینەیان خەڵكی ئەو وڵاتانەن كە عەرەبین بۆ نموونە رەشاد خەلیفە كە لە ساڵی 1980 بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە لە وڵاتە یەكرگرتوەكانی ئەمەریكا، خەڵكی وڵاتی میسر بووە.

لە سەردەمی خودی پێغەمبەری ئیسلام محمد كوڕی عەبدوڵا(د.خ) (موسەیلمە)هەبوو، لە ژێركاریگەری ژینگەی ئەو سەردەمەدا ناوی لێنرا (موسەیلەمەی كەزاب-درۆزن)، لەگەڵ ئەوەشدا شوێن كەوتوەكانی بەهەزاران كەس بوون، بیروباوەڕو شوێن كەوتوەكانی چەند سەدەیەك درێژەیان بە كارەكانیان داوە، دیاردەی پێغەمبەری لەنێو كۆمەڵگەی عەرەبی و ئەوانەی لەژێر كاریگەری ئەو كۆمەڵگەیەدان سەر هەڵدەدەن و ئێستاشی لەسەر بێت، لەدوای موسەیلمەوە تا ئێستا ئەوانەی گوتویانە ئێمە پەیامبەرین و سروش (وەحی)مان بۆ دێت كەم نین و هەندێكیشیان زۆر بەناوبانگن، بۆ شارەزایی زیاتر تەنها هەشت كەس لەوانەتان بۆ هەڵدەبژێرین كە لەم ساڵانەی دواییدا خۆیان وەك پەیامبەر ناساندووە:

غوڵام ئەحمەدی قادیانی
غوڵام ئەحمەدی قادیانی لە گوندی قادیانی سەر بە ویلایەتی بەنجابی هیندستان لە ساڵی 1839 لە بنەماڵەیەكی دەوڵەمەند دایك بووە، كاتێك تەمەنی بوو بە پەنجا ساڵ خۆی وەك پەیامبەر ناساند، ئەو لە ساڵی 1880 وە دەست دایە نوسین لە بواری ئیسلامیدا و دوا ماوەیەك گوتی من (مەسیح)م و دواتریش گوتی (من مەهدی چاوەڕوانكراوم) هەرچەندە ئەو دوو كەسایەتیە لە زۆر روەوە لێك جیان، بەڵام نەمری و مانەوەو هاتنەوە سەر زەوییان لێك دەچێت، مەسیح لە نێو ئاینی مەسیحیەتدا كوڕی خودایە و لەنێو ئاینی ئیسلامیشدا (هەمووی نە) مەهدی پیاوچاكێكی چەند ساڵێك پێش لە كۆتایی دونیا و هاتنی قیامەت دێتەوە سەر زەوی بۆ ماوەی چەند ساڵێك سەرزەوی بە دادپەروەری یەوە بەڕێوە دەبات. 
بێگومان هەر پەیامبەرێكیش كارێكی لە توانا بەدەری هەیە كە پێی دەگوترێت (موعجیزە)، غوڵام ئەحمەد لەكاتێكدا نەخۆشی كولێرا بڵاو بوویەوە شوێن كەوتوەكانی چوونە لای و ئەویش دڵنیای كردنەوە كە نەخۆشی كولێرا نایەتە ناویان و ئەوان سەلامەتە دەبن، كەچی هێندەی نەبرد لە رۆژی 26/5/1908 خۆی بە نەخۆشی كولێرا گیانی لەدەست دا، ئەو پیاوێكی خوێندەوار بوو كە توانیبوی لە دوای خۆی زیاتر لە (80)كتێب بە جێ بهێڵێت و ببێتە دامەزرێنەری بزووتنەوەی قادیانی لە كۆتاییەكانی تەمەنیشیدا خۆی لێ بووەتە پەیامبەری ئیسلام (محمد د.خ)، تا ئێستەش شوێن كەوتوەكانی وەك مەهدی چاوەڕوانكراو لێی دەڕوانن، تا ئێستاش لایەنگری قادیانی لە دونیا دا هەن.

عوتەیبی و قەحتانی
هەندێك خەڵك لەبەرامبەر كەعبەدا كۆبوونەتەوەو لە پێشیانەوە پیاوێك راوەستاوە خۆی و ئەوانەی لەگەڵی كۆبوونەتەوە پێی دەڵێن(مەهدی چاوەڕوانكراو) لەگەڵ بەرپرسی كۆمپانیای (جهیمان كوڕی سیف العتیبی) كە پێشتر ئەفسەر بووە لە كۆمپانیای پارێزگاری نیشتیمانی سعودی، ئەوان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد تا دەتوانن لەبەردەم شوێنكەوتەو لایەنگرانی ئالی سعود دا رابوەستن، ئەمەش لەسەرەتای ساڵی 1979 ەوە ویستیان هەڵگەڕانەوەیەكی سەرازی ئەنجام بدەن.
چیرۆكی ئەو روداوانە وەك عوتەیبی باسی دەكات بۆ ئەو كاتە دەگەڕێتەوە كە ئەو محمد قەحتانی بە (مەهدی چاوەڕوانكراو) ناوبردووە كە كەنداوی عەرەبی هەموو ئازاد دەكات لە دەستی هەموو ستەمكاران، بەو پێیەی كە ئەوی لە خەودا بینیوە، هەربۆیە لەسەری ساڵی كۆچی 1399 كە دەكاتە رۆژی 20/11/1979، بۆ نوێژی بەیانی چەند دارە مەیتێكیان لەگەڵ خۆیان بردە نێو كەعبەوە و پاسەوانەكایان واتێگەیاند كە ئەوانە مردوون و نوێژیان لەسەر دەكەن، كاتێك ناوی حەوشەی كەعبە قەرەباڵغ بوو وەك خۆیان دەڵێن لە (دوژمنانی خودا) دوای تەواو بوونی نوێژ هەردووك  (عوتەیبی و قەحتانی) هەستانە سەپێ و ئەوانەی كەلەگەڵیان بوون دەرگاكانی كەعبەیان داخست و لەبەردەم ئامادەبووانی نوێژدا خۆیان وەك مەهدی ناساند و دەستیان گرت بەسەر هەموو هاتوچۆیەكی ناوكەعبەدا.


دەسەڵاتدارانی سعودیە ویستیان قەناعەت بێنن بە عوتەیبی و قەحتانی زاوای كە بارمتەكانی نێو كەعبە ئازاد بكەن، بەڵام هەموو هەوڵەكان شكستیان هێنا، هەر بۆیە دەسەڵاتداران پەنایان بردە بەردەم بەكارهێنانی هێز و دوای سێ رۆژ ژن و منداڵەكانی ناردە دەرەوە، بەڵام پیاوەكانی هێشتەوە.
دوای ئه‌وه‌ دەسەڵاتدارانی سعودیە بێئومێدبوون لە گفتوگۆو تێگەیشتن لەگەڵ عوتەیبی، هەر بۆیە بە چەك هەڵیان كوتایە سەر كەعبەو هێزی كۆماندۆزیان بەكار هێنا كە بە كۆپتەر بردنیانە نێو حەوشەی كەعبەوە، یەكێك لەوانەی كە كوژرا عوتەیبی بوو كە بانگەشەی مەهدی بوونی دەكرد، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ئەوەیە كە لایەنگرانی ئەو گوتیان مەهدی نامرێت، جهیمان دەستگیر كراو دوای چەند ساڵێك خۆی و چەند لە شوێنكەوتوانی بە تاوانی كوفر و بێباوەڕی لە سێدارە دران.

سەلاح شەعیشەع
سەلاح دكتۆرێكی نەشتەرگەری بوو، بەوە بەناوبانگ بوو كە لەنێو كلینیكەكەی خۆیدا مناڵی ژنان لەبار دەبات، ئەوەندەی نەبرد كەوتە بانگەشەی دینی، دوای ماوەیەك لە ساڵی 1985 لە شاری ئەسكەندەریە دەستگیركرا.
سەلاح لە ساڵی 1922 لە ئەسكەندەریەی میسر لەدایكبووە، خوێندنی پزیشكی نەشتەرگەری تەواو كردووەو نەچوەتە نێو خزمەتی حكومی و لە نێو كلینیكەكەی خۆی دا خەریكی لەنێو بردنی مناڵی ئەو ژنانە بوو كە دەهاتنە لای بۆ ئەوەی منداڵەكانیان بۆ لەبار ببات، ئەوەندە شارەزایی لەو بوارەدا پەیدا كردبوو میسریەكان پێیان دەگوت (پاشای لەباربردن).
بە پێی بیروباوەڕی سەلاح كۆمەڵگەی دابەش كردبوو بۆ (پادشا- ئەوانەی كە باوەڕیان بە پێغەمبەرایەتیەكەی هەیە) و (هەژارەكان- ئەوانەی هێشتا باوەڕیان پێنەهێناوە)، هەرچەندە شوێن كەوتەكانی ئەم زۆر نەبوون، بەڵام هەموویان لە خەڵكی خوێندەواری كۆمەڵگە بوون، لە نموونەی پزیشك، مامۆستای زانكۆ، ئەندازیار و پیاوانی دەسەڵاتدارو خاوەن سەرمایەی ئەسكەندەریە، یەكێك لەو لادانە ناوازانەی ئەوان ئەنجامیان دەدا لەنێو خۆیاندا هەركات بگەیشتنایە بەیەك  سێ ماچی ناودەمی یەكترییان دەكرد و ناویان نابوو (ماچی پاكی محەمەدی) و سەلاح فەتوای دابوو كە هیچ یەكێك لە (نوێژ، رۆژوو، حەج، و زەكات) لەسەر ئەندامەكانی فەرز نیە.

محه‌مه‌د بەكاری
لە پارێزگای (ئاب)ی یەمەن پیاوێك ناوی (محه‌مه‌د بەكاری)بوو گوتی من پێغەمبەرم و سروشم لە ئاسمانەوە بۆ هاتوە، ئەو دەیگوت فەرمان و ئەركی ئاینی جیاوازی هەیە، رۆژنامەی (المستقلە)ی یەمەنی باسی لەوە كردووە كە محمد بەكاری لە پارێزگای -صعدە-خوێندنی شەرعی خوێندووە، دوای ئەو وانانەی وەریگرتووە هەستی پیغەمبەرانەی لای دروست بووەو ژمارەیەكی زۆریش شوێن كەوتەی هەن، بەر لەوەی بەكاری ئەو هەستەی لا دروست ببێت و بچێتە خوێَندنی شەرعی بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە كردووە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەلایەن یەكێك لە شوێن كەوتوەكانیەوە كوژرا لەبەر ئەوەی كە ئەو بوەتە هۆی وازهێنانی لە ماڵ و مناڵ و بەخشینەوەی ماڵ و سامانەكەی داوە بەوو ئەویش لە خۆشیەكانی خۆیدا خەرجی دەكرد.

زوهرە (دایكی پێغەمبەران)
دیاردەی بانگەشەی پێغەمبەری تەنها لە نێوان پیاوان دا روینەداوە، بەڵكو ژنانیشی گرتوەتەوە، لەناوچەی (باردۆ)ی ناوەڕاستی پایتەختی تونس، ژنێك بانگەشەی پێغەمبەری دەكرد بۆ ماوەی سێ ساڵ، رێگەی زۆر گیرایە بەر بۆ راوەستانی ئەو حاڵەتە بەڵام چارسەری نەبوو، شارەزایان پێیان وایە حاڵەتەكە تێكچوونی دەروونی بووە.
زوهرە یان دایكی پێغەمبەران وەك خۆی دەیگوت، مامۆستای ئامادەیی بوو، ئەو دەیگوت پەیامی من بۆ مرۆڤایەتی ئاشتیی جیهانییە، هەروەها دەبێت هەموو ئاینەكان یەك بخرێنەوە، ئەو دەڵێت ساڵی 2000 تەلەفۆنێكی غەیبیم بۆ هاتوە و پێی گوتووم لە مڕۆوە تۆ پێغەمبەری، ئەو باس لەوە دەكات كە لەسەرەتاوە نەیویستووە ئاشكرای بكات، بەڵام ناچار بووە.
تۆڕی میدیایی قودس پرێس چاوپێكەوتنی لەگەڵ دایكی پێغەمبەران كردووە لە ساڵی 2003، نوسیویەتی باری دەرونی زۆر ئاساییەو زۆر لەسەر خۆیە، كار بۆئەوە دەكات كە بە قەناعەتەوە باوەڕی پێبكەن و هیچ زۆرێكیشی لەسەر كەس نیە، یەكێك لە كارە سەیرەكان ئەوەیە ئەو دەڵێت وەحیم لە رێگەی تەلەفۆنێكی غەیبیەوە بۆ دێت، پەیامەكانی بە نوسین بەناوخەڵكدا بڵاو دەكاتەوەو هەموو نوسینەكانیشی لە رووی نوسین و خاڵبەندی و ناوەڕۆكەوە زۆر تەواون، ئەو نامانەشی ناردووە بۆ جۆرج بۆش كە ئەو كات سەرۆكی ئەمەریكا بووە، هەروەها ناردوونی بۆ ئەمینداری گشتی كۆڕبەندی وڵاتانی عەرەبی –عمرو موسی- هەورەها بۆ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان-كوفی ئەنان- وە ئاریل شارۆن –سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل- هەروەها زین العابدین بن عەلی سەرۆكی ئەوكاتەی تونس و چەندانی تر لە كەسایەتیەكانی تر.. لەو نامانەدا كە بۆی دەناردن داوای لێدەكردن كار بۆ ئاشتی جیهانی بكەن، كۆتایی بە جەنگەكان بهێنن، بۆئەوەی سەرجەم هاوڵاتیانی جیهان بە خۆشبەختی بژین.
هەموو ئەو نامانەشی كە دەینارد بۆ ئەو بەرپرسانە لە رێگەی –فاكس-ەوە دەیناردن.
دوای ئەوەی ناوبانگی بانگەشەكەی بڵاوبوویەوە دەزگا بەرپرسەكان دەستگیریان كرد، دوای لێكۆڵینەوە بۆیان دەركەوت ئەو تووشی نەخۆشییەكی دەگمەن بووە و بڕوا پێهێنانی كە ئەو پێغەمبەر نیە كارێكی ئەستەمە، بۆیە ئازادیان كرد، ئەو دوای ماوەیەك برایە نەخۆشخانەیەكی دەروونی تا ئەو دواییانەش لە بڵاوكراوەكانی بەردەوام بوو، ئەو دەیگوت ئەمانە تەواوكاری وەحی و سروشەكەی منە، كە كار بۆ هێمنی و ئاسایش و حەوانەی مرۆڤ دەكرد دوور لە توندو تیژی.

شێخە مەنال
ساڵی 2000 پۆلیسی میسری شێخە مەنالیان دەستگیركرد، دوای ئەوەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكرد، ئەو دەیگوت كە دەتوانێت نەخۆشیە زۆر سەختەكان و سیحر و جنۆكە چاك بكاتەوە، ئەو دەیگوت ماڵەكەی من مزگەوتی پێغەمبەری ئیسلامە، پۆلیس رایانگەیاندووە كە ئەو لە ساڵی 1990 ەوە بەناوی ئیسلام و بانگەشەی پێغەمبەرایەتیەوە پارەی پەیدا كردووە،  ئەو لەكاتی لێكۆڵینەوەدا ناوی كەسێكی هێنا كە سەرۆكی تەریقەتێكی سۆفی بووە بەناوی -عمر امین حسانین- و منال پێی دەڵێت مامۆ، بەڵام لە راستیدا ئەو بەنهێنی كردویەتی بە هاوسەری خۆی، بیروبۆچوونی سەیر و سەمەرە لەوانەش زیندوو كردنەوەی مردوو و زیندووكردنەوەی پەیامەكانی ئەوەش بۆ بەرەكەتی پێغەمبەری ئیسلام و هاوەڵەكانی دەگەڕێتەوە. دوای ئەوەی لە رۆژی 6/12/2000  خۆی و پانزە كەس لە شوێنكەوتوەكانی پێنج ساڵ زیندانی كران. ئەو لەسەر ئەوە سوور بوو كاتێك لە زیندان بووە لەگەڵ هاوڕێكانی رۆشتووەنەتە حەج .