ڕاپۆرتی جیهانی

02:01 - 09/07/2020

برازاکەی دۆناڵد ترەمپ کتێبێک لەبارەی لایەنە خراپەکانی مامی دەنووسێت‌

پەیسەر

ترەمپ بە ساڵێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت کە تووشی چەند سەرێشە و ناڕەحەتیییەک بووە، دوو لەو ناڕەحەتییانە لە بواری نووسین و کتێبدا بووە، یەکەمیان کتێبەکەی جۆن بۆڵتن بوو، کە بەشێکی زۆری دەربارەی لایەنە نەرێنییەکانی ترەمپە لە کۆشکی سپی، دووەمیان کتێبێکی برازاکەیەتی کە دیسان باس لەلایەنە نەرێنییەکانی کەسایەتی مامی دەکات، کە ئێستا سەرۆکی بەهێزترین وڵاتی جیهانە.

ترسناکترین پیاوی جیهان
کتێبەکەی ماری ترەمپ (تەمەن ٥٥ ساڵ) کە برازای دۆناڵد ترەمپە، ناوی "زۆرتر لە پێویست و کەمیشە؛ چۆن خێزاکەم ترسناکترین پیاوی جیهانی دروستکرد"، بڕیارە لە ٢٨ی تەموزی ئەمساڵ لەلایەن دەزگای سیمۆن و شوستەر بڵاوبکرێتەوە.

کتێبەکە بەشێکە لە یادگارییەکان و باس لە کەسایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەکات، ئەو لایەنە نەرێنییانەی دۆناڵد ترەمپ پیشان دەدات کە سەرۆکی ئەمریکا نایەوێت کەس بیزانێت، بەتایبەت کە بەرەو خولی دووەمی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا هەنگاو دەنێت.

پێگەی ئەمازۆن لە وەسفکردنی کتێبەکەدا دەنووسێت، ئەم یادگارییانە ئەوە روون دەکەنەوە کە چۆن ترەمپ بووە بەو کەسەی "کە ئێستا هەڕەشە لە تەندروستی جیهان، ئاسایشی ئابووریی و پەیوەستیی کۆمەڵایەتیی دەکات."

خۆپەرست
ماری کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە دەروونناسیی کلینیکی لە کتیبەکەیدا باس لەوە دەکات "کە مامی هیچ شتێک تێری ناکات" و خاوەن هەموو ئەو تایبەتمەندییانەیە کە لە کەسایەتیی کەسی خۆپەرستدا هەن.

ماری لە کتێبەکەیدا دەنووسێت، چەندین تایبەتمەندیی خۆپەرستیی تێدایە، ترەمپ تەنها کەسێتییەکی لاواز نییە و بەس، دەبێت بەردەوام پشتگیری بکرێت، چونکە خۆشی دەزانێت ئەو شتانەی نییە کە بەردەوام باسیان دەکات.

ماری دەشنووسێت، باپیری زۆر توند بووە بەرامبەر کوڕە گەورەکەی (برا گەورەکەی ترەمپ)، کە دەیویست دوای باوکی کاروباری خێزانەکە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام باپیری قبوڵی نەبووە و دەیەویست هەر خۆی کاروبارەکان بەڕێوە ببات، هیچ هەڵبژاردنێکیشی لەبەردەمدا نەبووە جگە لە پەنابردن بۆ کوڕی دووەمی کە دۆناڵدە. ماری ئەم هەڵبژاردنە بە دڵخۆشکەر نازانێت.

لە کتێبەکەدا هەڵسوکەوتی باوکی ترەمپ بەرامبەر ترەمپ روونکراوەتەوە؛ کاتێک ئیش و کارەکانی خێزانەکە بەرەو باشوری وڵات دەرۆشتن، باپیرەی نەیدەتوانی لە ناتوانایی کوڕەکەی رزگاری ببێت، هیچ هەڵبژاردەیەکیشی لەبەردەمدا نەمایەوە جگە لە بەردەوام بوون لە وەبەرهێنان و کارکردن.

ماری باس لە چۆنییەتی دەستکەوتنی ئەو بەڵگانەش دەکات کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ١٤ هەزار وشەدا بڵاویکردنەوە و باس لە پلانەکانی ترەمپ لەبارەی زیادکردنی سەروەت و سامانەکەی باوکی دەکات، کە گومان دەکرێت لە بواری باجدا فێڵی لە حکومەت کردبێت.

ماری دەڵێت، رۆژنامەوانان لە ٢٠١٧ سەردانی ماڵی ترەمپیان کرد، بەڵام هاوکاریکردنی رەتکردەوە. یەک مانگ چاوەڕێیان کرد، دەرکەوت کە پێش ئەوەی پەیوەندی بە رۆژنامەوانانی نیویۆرک تایمزەوە بکات سەرجەم پێوەرەکانی شکاندووە، هاوپیەمانییەکانی خستووەتە مەترسییەوە و ستەمی لە لاوازەکان کردووە.

ماری باس لەوە دەکات کە چۆن ١٩ سندوق لە زانیارییەکانی لە کۆمپانیایەکەوە دزەپێکردووە و بە رۆژنامەوانەکانی داوە، دەشڵێت، ئەوە خۆشترین کات بووە کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا هەستی پێکردبێت.

دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەی نەیتوانیوە بەشداری بکات لە هاوکاریکردنی ئاوارە سورییەکاندا، بەڵام بە پێویستی زانیوە کە ترەمپ بکەوێت.

فێڵکردن لە زانکۆ
ماری لە درێژەی یادەوەرییەکانیدا ئاماژە بە فێڵێکی ترەمپ دەکات کە لە زانکۆی کردووە و بۆ ئەو پلانەشی هاوڕێیەکی خۆی بەکارهێناوە.

ترەمپ هاوڕێیەکی خۆی قایل کردووە کە لەبری ئەو بچێتە ناو تاقیکردنەوەی (سات) تاکو بتوانێت بچێتە زانکۆ، بەم جۆرەش ترەمپ بۆ چوونە زانکۆ فێڵی کردووە، چونکە ئەم تاقیکردنەویەیە مەرجی زانکۆکانی ئەمریکا بووە بۆ وەرگرتنی خوێندکار.

ماری لە یادەوەرییەکانیدا بابەتێکی دیکە دەخاتەڕوو، ئەوەش ئەوەیە کە دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە باوکی کات و هەلی لەبەردەستدا بووە بۆ خوێندن، بەمەش رزگاری بووە لە سوکایەتیپێکردن لەلایەن باوکییەوە، لە کاتیکدا باوکی ماری بەردەوام رووبەڕووی ستەم و سوکایەتیی باوکی بووەتەوە و بووە بە قوربانی.

ماری دۆناڵد ترەمپ تۆمەتبار دەکات بەوەی کە گاڵتەی بە باوکی (باپیرەی ماری) کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی تووشی نەخۆشی زەهایمەر بووە.

ماری لە ساڵی ٢٠٠٠یشدا داوایەکی دژی دۆناڵد ترەمپ تۆمار کرد لە بارەی ئەو سەروەت و سامانەی کە بۆ خێزانەکە ماوەتەوە.

مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان
ماری روونیدەکاتەوە کە دۆناڵد ترەمپ داوای لێکردووە، کە کتێبێک لەبارەیەوە بنووسێت بەبێ ناوهێنانی، بە ناوی (هونەری گەڕانەوە) کە تێیدا باس لەو ئافرەتانە بکات کە بەڵێنی ژوان دەدەن و دواتر پەشیمان دەبنەوە، بەو جۆرەش خراپیی و ناشرینی ئەم ئافرەتانە بخاتەڕوو.

ماری ئەوەش دەخاتەڕوو کاتێک تەمەنی ٢٩ ساڵان بووە ترەمپ باسی لە جەستەی کردووە و وەسفی کردووە، لە کاتێکدا برازایەتیی و ترەمپیش مامی بووە، ئەو کاتە ترەمپ لەگەڵ هاوسەری دووەمی بووە کە ناوی مارلا مایبلز بووە.

لە کتێبەکەدا ئەوەش هاتووە، ترەمپ بە هاوسەری ئێستای وتووە کە ماری وازی لە زانکۆ هێناوە و دەستی بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کردووە، ماری ئەڵێت راستە وازی لە زانکۆ هێناوە بەڵام ماددەی هۆشبەری بەکارنەهێناوە.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوەڕۆکی کتێبەکەی ماری لەبارەی سەرۆک ترەمپەوە دوورە لە راستییەوە.

ماری ترەمپ کێیە؟
ماری ترەمپ تەمەنی ٥٥ ساڵە، برازای دۆناڵد ترەمپە، باوکی لە تەمەنی ٤٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، باوکی ماری ئالودەی خورادنەوە بووە و گومان دەکرێت مردنە کتوپڕەکەشی بەهۆی نۆبەی دڵەوە پەیوەندی بە زۆریی خورادنەوەوە هەبێت.

دۆناڵد ترەمپ چەند جارێک باسی لەم ئالودەبوونەوەی براکەی کردووە.

ساڵی رابردووش دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست وتی، پەشیمانە لەوەی کە فشاری لە براگەورەکەی کردووە کە بەشداربێت لە کاری وەبەرهێنانی خێزانەکەیان.

ماری ترەمپ بەردەوام رەخنەگری مامی بووە و هەمیشە قسەی لەسەر کردووە، تەنانەت دوای بوون بە سەرۆکیش.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ئەو شەوەی کە دۆناڵد ترەمپ بوو بە سەرۆکی ئەمریکا وتویەتی "ناخۆشترین شەوی ژیانم بووە."

دوای هەڵبژاردنی مامی بە سەرۆکی ئەمریکا ماری لە تویتێکدا نووسی "بە قورسی فەرمانڕەواییمان دەکات، خەمبارم بۆ وڵاتەکەم."