ڕاپۆرتی جیهانی

10:21 - 10/07/2020

سوریا و هاوپەیمانەكانی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار دەكرێن‌

جارێكی دیكە سوریا و هێزە هاوپەیمانەكانی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار دەكرێن و نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێت، دیمەشق تەواوی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكانی پێشێلكردووە.

بەپێی راپۆرتێك كە لێكۆڵەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان ئامادەیان كردووە، لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوودا كاتێك حكومەتی سوریا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی هەڵمەتی گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەیان ئەنجامداوە كە پێشتر لە دەستیاندابوون تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتییان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە بەتایبەت لە ناوچەكانی دەوروبەری ئیدلب.

هەر لە راپۆرتەكەی نەتەوەیەكگرتووەكاندا ئاماژە بەوەشدراوە كە حكومەتی سوریا چەند تاوانێكی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە وەك بۆردومان بەشێوەیەكی هەڕەمەكی، دەستگیركردن و ئەشكەنجە و دەستدرێژیكردنە سەر دەستگیركراوەكان.

راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان، نمونەی پێشێلكاریی و شكاندنی یاسا نێودەوڵەتییەكانی بە یەكێك لە رووداوەكانی مانگی ئازاری ساڵی رابردوو هێناوەتەوە كە لەكاتێكدا ئاگربەست هەبووە، سوپا و هێزی ئاسمانی سوریا پابەندنەبوون بە ئاگربەستەوە و بەردەوامبوون لە بۆردومانكردنی چەند ناوچەیەكی دەوروبەری ئیدلب، لەو بۆردومانانەشدا ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی كە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن.

هەروەك بەشێكی دیكەی راپۆرتەكە تایبەتە بە فشارەكانی دەسەڵاتی ئەسەد لەو ناوچانەی كە گەڕاونەتەوە بۆیی و بە روونی ئاماژە بەوەدراوە كە بەهۆی هەڵسوكەوت و توندوتیژی و دەستدرێژییەكانی سوپای سوریا و چەكدارە هاوپەیمانەكانیان، ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی مەدەنی ماڵ و حاڵی خۆیانیان بەجێهێشتووە و ئاوارەی كەمپەكان بوون و ئێستاش نایانەوێت بگەڕێنەوە.

لێكۆڵەرانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان هۆشداریش دەدەن لە رەوشی ژیانی هاوڵاتیانی سوریا  و ئاماژەیان بەوەداوە كە ئێستا زیاتر لە 13 ملیۆن هاوڵاتی سوری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاوارەن كە ئەوەش نیوەی كۆی ژمارەی دانیشتووانی سوریایە.

راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە 29 لاپەڕە پێكهاتووە و بە داتا روونی كردووەتەوە كە پێشێلكارییەكان چی بوون لە مانگی نۆڤێمبەر 2019 تا مانگی حوزەیرانی ساڵی 2020 و لەو چەند مانگەدا دەسەڵاتی سوری 52 هێرشی ئاسمانی دژی چەند ناوچەیەك ئەنجامداوە كە هاوڵاتی مەدەنی تێدا بوونتە قوربانی، هەروەك ئاماژە بە هێزی ئاسمانی روسیاش كراوە كە هاوشانی هێزە ئاسمانییەكانی سوریا بەشداربوون لە بۆردومانی هاوڵاتیانی مەدەنی.

هەر لەو راپۆرتەدا باس لە خراپی رۆڵی گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی دەسەڵاتی ئەسەد دەهێنرێتەوە و بەدیاریكراوی باس لە "دەستەی تەحریری شام" دەكات كە زۆرترین تاونیان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە و بەڵگەیان هەیە كە ئەم گروپە چەكدارە تاوانبارن بە رفاندن و ئەشكەنجە و دەستدرێژی و بەندكردن و لەسێدارەدانی هاوڵاتییانی بێ‌ چەك.

پاولۆ پینهیرۆ، سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە سوریا دەڵێت، هەتا ئێستاش هاوڵاتیانی مەدەنی دەكرێنە ئامانجی بۆردومان و هێرشی چ دەسەڵاتی سوریا و چ گروپە تیرۆریستییەكان.

بە وتەی سەرۆكی لیژنەكە هەموو ئەو كردەوانەی كە سوپای سوریا و هاوپەیمانەكانی ئەنجامیان داوە دەچنە چوارچێوەی تاوانی جەنگ و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی جدی هەبێت.