ڕاپۆرتی جیهانی

02:21 - 11/07/2020

چارەنووسی ١٤ تۆن ماددەی هۆشبەر لەنێوان داعش و ئەسەد‌

پەیسەر

لەگەڵ ئەوەی ساڵێک زیاترە بە فەرمی کۆتایهاتنی داعش لە سوریا راگەیەندراوە، بەڵام پۆلیسی ئیتاڵی هەوڵی گواستنەوەی هەزاران تۆن مادەی هۆشبەر لە سوریاوە بۆ ئەوروپا دەخاتە ئەستۆی رێکخراوەکە، پسپۆڕانی ئەو بوارەش رایدەگەیەنن، داعش لەوە لاوازترە بتوانێت کارێکی وەها گەورە و ترسناک ئەنجام بدات.

١٤ تۆن
هێزەکانی رێگریکردن لە کۆچ و بازرگانی نایاسایی ئیتاڵیا کە یەکەیەکی لێکۆڵینەوەیە لە تاوانی دارایی و دزەپێکردن و سەر بە وەزارەتی ئابووری و داراییە، توانیان دەست بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا بگرن و رێگربن لەوەی بگاتە وڵاتانی کیشوەری ئەورووپا.

پۆلیسی ئیتاڵی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، بڕی ماددەکە کە (کبتاگۆن یان فینیسالین)ە، ٨٤ ملیۆن پارچە بووە کە دەکاتە ١٤ تۆن، ئەمەش بەسە بۆ هەموو ئەورووپا.

ملیارێک یۆرۆ
پۆلیسی ئیتاڵی لە راگەیەندراوەکەدا باسی لە ماددەکان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە ماددەکە هەزاران حەبی بێهۆشکەری تێدا بووە و بەشێکە لە ماددەی ئەنفێتامین.

سەبارەت بە بەهای ماددە هۆشبەرەکە پۆلیسی ئیتاڵی ئەوەی خستەڕوو کە بەهای سەرجەمی ماددەکە یەک ملیار یۆرۆیە.

ماددەکە هی کێیە؟
پۆلیسی ئیتاڵی بە خێرایی دەستی تۆمەتی بۆ رێکخراوی داعش درێژ کرد و رایگەیاند، رێکخراوی داعش لەپشت ناردنی ئەم بڕە زۆرە لە ماددەی هۆشبەرەوەیە بۆ وڵاتانی ئەورووپا.

بەپێی گاردیان دی فاینانزا، "روونە کە داعش لە سوریا ماددەی هۆشبەری کردووە بە سەرچاوەی پارەدارکردنی خۆی بۆ جێبەجێکردنی چالاکییە تیرۆریستییەکانی، ئەم ماددەیەش بە رێژەیەکی زۆر لە سوریا بەرهەمدەهێنرێت و سوریاش بووە بە کارگەی یەکەمی بەرهەمهێنانی ئەمفێتامین لە جیهاندا."

پۆلیسی ئیتاڵی ئەوەی خستووەتەڕوو، "کە هەموو ماددەکان کۆدی("الكبتاغون")یان لەسەر بووە کە بە مانای (بێهۆشکەری جیهاد) دێت، ئەم ماددەیە بە چەکدارانی داعش دەدرێت تاکو بەردەوام وریا بن و لە کاتی شەڕدا هەست بە ترس و ئازار نەکەن."

گومانەکان
پسپۆڕانی بواری کاروباری سوریا و رێکخراوە چەکدارییەکان گومان لە راستیی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی ئیتاڵی دەکەن کە داعش لە پشت ئەم بازرگانییەوە بێت، چونکە رێکخراوەکە بە نزیکەیی هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لە سوریا لەدەستداوە.

چارلز لیستەر بەڕێوەبەری بەرنامەی سوریا لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وایە، "ئەم چیرۆکە (راگەیەندراوەکەی پۆلیسی ئیتاڵی کە دەڵێت داعش لەپشت ئەم بازرگانییەوەیە) بە هیچ شێوەیەک لۆژیکی نییە و داعش لەم کاتەدا ئەو توانایەی نییە."

ئەیمەن تەمیمی پسپۆڕی کاروباری سوریا لە زانکۆی سوانزیش بە (DW)ی راگەیاندووە، لەم کاتەدا ناکرێت و ناگونجێت کە رێکخراوی داعش بتوانێت ئەم بڕە زەبەلاحە لە ماددەی هۆشبەر بەرهەمبهێنێت.

بیل جانین دی جیۆفانی لە پەیمانگای جاکسن بۆ کاروباری جیهانیش گومان لەم جیرۆکە دەکات و دەڵێت، لەم کاتەدا کە چەکدارانی داعش لە ئەشکەوتەکانی عێراق و سوریا دەژین، توانای دروستکردنی حەشارگەی دەرمانیان نییە.

پەشیمان بوونەوە
پاش چەند کاتژمێرێک لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی ئیتاڵیا، کۆڵۆنێڵ جۆزیپی فۆرسینیتی سەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە رێکخراوەکان کە سەر بە پاسەوانیی گاردیا دی فینانزایە ئاماژەی بەوە کردووە، تاکو ئێستا دڵنیا نەبوونەتەوە کە ئەم ماددانە لەلایەن داعشەوە بەرهەمهێنرابێت و لێکۆڵینەوەکانیشیان بەردەوامە.

وتیشی، لەگەڵ ئەوەی کە داعش لە سوریا ئەم ماددەیە بەرهەمدەهێنێت و بەکاریدەهێنێت، بەڵام راگەیەندراوەکەی پۆلیسی ئیتاڵی سەیرە بە لایەوە و ئەگەری ئەوە دادەنێت رەنگە کێشە لە گەیاندنی زانیارییەکاندا هەبووبێت.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بازاڕە گەورەکە
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ماددە هۆشبەرەکانەوە لە ساڵی ٢٠٢٠، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت سعودییە گەورەترین بازاڕی حەبە بێهۆشکەرەکانن، کە زۆربەیان لە تێکەڵەی ئەمفێتامین و کافایین دروستدەکرێن.

بەرپرسانی پلە باڵای نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە تاوان و ماددە هۆشبەرەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لەگەڵ ئەوەی داعش لەپێناو قازانجدا بە شێوەیەکی زۆر ئەم حەمە بەرهەمدەهێنێت، بەڵام لایەنی تاوانکاری دیکەش هەن دەستیان لەم کارەدا هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانيش حزبووڵای لوبنانی، لەم ساڵانەی دواییشدا لوبنان و سوریا بوون بە دوو دەوڵەتی سەرەکی بەرهەمهێنی ئەم ماددانە.

بازرگانەکە رژێمی سوریایە؟
یەکێک لەو راستییانەی وا دەکات  داعش لە پشت ئەم کارەوە نەبووبێت ئەوەیە کە ئەو کەشتییەی ئەم ماددە هۆشبەرانەی هەڵگرتووە لە بەندەری لازقییەوە دەرچووە کە دوورە لە دەستی داعش، هیچ رۆژێکیش لە کۆنترۆڵی حکومەتی سوریا دەرنەچووە و بەردەوام لە دەست رژێمی بەشار ئەسەددا بووە.

بارکردنی ماددەی هۆشبەر بۆ چەندین جار لەسەر یەک لە بەندەری لازقییەوە، گومانەکان لەسەر رژێمی ئەسەد زیاتر دەکەن، بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری دیر شبیگڵی ئەڵمانیش سامر کەمال ئەسەد مامی بەشار ئەسەد سەرپەرشتی چەند گارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر دەکات، ئەوەش لەژێر چەتری کارگەکانی لەقوتوونان لە گوندێکی باشوری لازقییە.

مێژووی ماددەی هۆشبەر لە لازقییە
ئەمە جاری یەکەم نییە ئەم بڕە زۆرە لە ماددەی هۆشبەر لە بەندەری لازقییەوە دەربچێت و لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو، دەست بەسەر ٥.٦ تۆن ماددەی هۆشبەردا گیرا کە لە ناو ئەو بارهەڵگرانەدا دانرابوون کە کێبڵی کارەباییان بۆ دوبەی دەگواستەوە.

لە مانگی حوزەیرانیشدا (مانگی رابردوو) پۆلیسی یۆنانی دەستی بەسەر بارێکی مادەی هۆشبەردا گرت کە ٣٣ ملیۆن حەبی بێهۆشکەر بوون و ئەمەشیان هەر لە لازقییەوە بارکرابوو.