ڕاپۆرتی جیهانی

04:40 - 12/07/2020

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبەردەم تۆمەتی گەندەڵییدا‌

پەیسەر

رێکخراوی تەندروستی جیهانیی لەنێوان پەکین و واشنتۆندا تووشی چەند کێشەیەک بووە، ئەمریکا هیچ متمانەیەکی بە رێکخراوەکە نەماوە و بە لایەنگر و پشتیوانی چینی دەزانێت، رێکخراوەکەش بەردەوامە لە رەتکردنەوەی تۆمەتەکان و خۆی وەک رێکخراوی هەموو جیهان و بەرپرس لە تەندروستی هەموان دەزانێت. یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەردەم رێکخراوەکە تۆمەتبارکردنیەتی بە گەندەڵیی و هەدەردانی پارە.

ئەمریکا و تەندروستی جیهانیی
لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆناوە ئەمریکا بەردەوام رەخنەی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی گرتووە، رەخنەکانیش دوای گەیشتنی ڤایرۆسەکە بە ئەمریکا بە توندی دەستیان پێکرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتەش چەند تۆمەتێکیان دایە پاڵ رێکخراوەکە و بەتایبەت بە لایەنگریکردن بۆ چین تۆماتباریان کرد.

ئەمریکا لە چەند مانگی رابردوودا چەند جارێک دووپاتیکردووەتەوە کە چین زانیارییەکانی دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا شاردووەتەوە و بە وڵاتانی جیهانی نەداوە، بۆیە کۆرۆنا زیانێکی زۆری لێداون، تەنانەت ئەمریکا رێکخراوەکەی بە شاردنەوەی زانیاریی و چاوپۆشیکردن لە پەکین تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، ئەگەر زانیارییان پێگەیشتبا ژمارەیەکی کەمتر خەڵک دەمردن.

لە سەرەتای نیسانی ئەمساڵ سەرۆکی ئەمریکا وتی، گیبیریسۆسی سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کۆرۆنای بە سیاسیی کردووە و
رێکخراوەکەشی لایەنگریی چین دەکات.

ترەمپ باسی لەوە کرد، "چین ٤٢ ملیۆن دۆلار بە رێکخراوەکە دەدات و ئێمە ٤٥٠ ملیۆنی پێدەدەین، کەچی هەموو شتەکانی رێکخراوەکە لە بەرژەوەندی چینە، ئەمە راست نییە، دادوەریی نییە بۆ ئیمە و بە راشکاویش دەڵێم ئەمە دادوەریی نییە بۆ هەموو جیهان."

دوای ئەم پێشهاتانە ئەمریکا هەم لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی کشایەوە، هەم بڕیاری دا سەرجەم هاوکارییەکان بۆ رێکخراوەکە رابگرێت.  

گەندەڵیی رێکخراوەکە
لە ساڵی ٢٠٠٠ رۆژنامەنووس بێرتراند دیڤو و مامۆستای زانستی ئابووریی بێرتراند لیمینسی، کتێبێکیان دەربارەی گەندەڵییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیانی بڵاوکردەوە کە لایەنگرییە سیاسیی و ئابوورییەکانی دەخاتەڕوو، ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تەندروستی جیهانیی.

دیڤو پێی وایە رێکخراوی تەندروستی جیهانیی لە سەرەتاوە بە سەربەخۆیی کاری دەکرد کە بەرهەمی جەنگی جیهانی دووەم بوو، بەڵام دواتر وردە وردە ئەم سەربەخۆییەی لەدەستدا، کەوتە ژێر فشاری گروپەکانی فشار و کۆمپانیاکانی سەرمایەداریی کە توانییان بە شێوەیەکی گەورە کار بکەنە سەر بڕیارەکانی رێکخراوکە.

یەکێک لەو فشارانەش کە گەندەڵییەکی ئاشکرای رێکخراوەکە بوو، پەیوەندی بە کۆمپنایای (nestle)ەوە هەیە کە ئەم کۆمپانیایە بەبێ چاودێری شیری بە وڵاتانی هەژار و دواکەوتوو دەگەیاند، هەر بەهۆی سیاسەت و ستراتیژی بەبازاڕکردنەوە، کۆمپانیاکە دواکەوتووی وڵاتانی هەژاریی قۆستەوە و هەوڵی گۆڕینی شیرپێدانی دایکی بە شیرپێدانی دەستکرد دەستپێکرد. بەهۆی ئەم سیاسەتەوە لە وڵاتانی ئەفریقا رێژەی شیرپێدانی دایک لە ١٠٠٪ەوە لە ساڵی ١٨٧٠ بۆ ١٤٪ لە ساڵی ١٩٧٠ دابەزی.

دواتر هەڵمەتێکی فراوانی بایکۆتکردنی نەستەلە لە هەموو جیهان بەرێوەچوو، ئەمەش یەکێک بوو لەو کێشە شەرمهێنەرانەی رووبەڕووی رێکخراوەکە بوونەوە.

ئەم رەخنانە لە رێکخراوەکە نوێ نین، لە ساڵی ٢٠٠٤ کاتێک ئەنفلۆنزای باڵندە بڵاوبووەوە رەخنەکان لە رێکخراوەکە دەستیان پێکردەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای بەرازیش لە ساڵی ٢٠٠٩ دیسان رەخنەکان لە رێکخراوەکە سەریانهەڵدایەوە و تەنانەت داوای دادگاییکردنی بەرپرسانی رێکخراوەکە کرا، بە سەرهەڵدانی کۆرۆناش رێکخراوەکە رووبەڕووی رەخنە قورسەکانی سەرۆکی ئەمریکا بووەوە، تا گەیشتە هەڵپەساردنی هاوکارییە داراییەکانی واشنتۆن بۆیان.

رەخنەکان گەیشتە داوای پێبژاردن، هەریەک لە ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئوسترالیا داوای قەرەبووی داراییان لە چین کرد بەرامبەر ئەوەی کە نەیتوانیوە بە باشی دۆخی ڤایرۆسەکە بەرێوە ببات و ئەوەش بووەتە زیان بۆ ئەوان، کە ئەمەش راستەوخۆ تاوانبارکردنی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی بوو، لە ئێستادا گومان زیاد بوون لەوەی ئایا رێکخراوەکە دەتوانێت تەندروستی جیهانیی بپارێزێت یان دەبێتە کێشە.

بەرێوەبەری رێکخرای تەندروستی جیهانی
بەشێکی زۆری رەخنەکان ئاڕاستەی تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەکرێن و بە کەسێکی نزیک لە جین تۆمەتباری دەکەن، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا.

برادلی سایەر مامسۆتای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی تەکساس دەڵێت، " بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی لەوەی لە وهان روویدا چاوپۆشیی لە چین کرد، دوای کۆبوونەوەشی لەگەڵ سەرۆکی چین لە کانونی دووەمی ئەمساڵ، هاوکاری پەکینی کرد کە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی بە کەم بگیرێت.

ئەدهانۆم کە بە پشتگیریی و پشتیوانی چین لە ساڵی ٢٠١٧ بوو بە سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، دوای هەڵبژاردنی بە ئاشکرا پشتگیری لە چینن کرد و چاوپۆشی لەو هەموو کارە نادیموکراسییانە کرد کە لەو وڵاتەدا ئەنجامدەدرێن.

رەخنەکان لە ئەدهانۆم پەیوەندی بە رابردووشییەوە هەیە، بەپێ راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەو کاتەی ئەدهانۆم وەزیری تەندروستی ئەسیوبیا بووە، هەوڵی شاردنەوەی بڵاوبوونەوەی کۆلێرای لە ساڵەکانی ٢٠٠٦، ٢٠٠٩ و ٢٠١١ داوە.

لە ئێستادا چاوەکان لەسەر رێکخراوی تەندروستی جیهانیی و بەرێوەبەرە گشتییەکەیەتی، ئایا دەتوانێت کەشتییەکەی لە ژێرئاوکەوتن رزگار بکات و کۆرۆنا تێبپەڕێنێت، یان دکەوێت و خۆی و رێکخراوەکەشی رووبەڕووی مەترسی زیاتر لاوازبوون و کەوتن دەبنەوە؟