ڕاپۆرتی جیهانی

05:02 - 14/07/2020

جەنگی ئەلکترۆنی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرەو کوێ؟‌

پەیسەر

مرۆڤایەتی بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت، قۆناغێک تێیدا ململانێ و جەنگەکان دەگۆڕێن، جەنگەکان پێویستیان بە چەک و فڕۆکەی بەهێز نییە، مەیدانی شەڕەکان پێویستیان بە ژمارەی زۆری سەرباز نییە، لێرەوە جەنگەکان دەبن بە جەنگی ئەلکترۆنی، دوو وڵات بەبێ ئەوەی سوپاکانیان بجوڵێنن، جەنگی گەورە و ترسناک ئەنجام دەدەن و زیانی گەورە و چاوەڕواننەکراو لە یەک دەدەن.

زلهێزەکان و جەنگی ئەلکترۆنی
لە ئێستادا جەنگی ئەلکترۆنی بووە بە جەنگێکی ئاشکرا، زۆربەی وڵاتان بە ویست و بەبێ ویستی خۆیان تێی کەوتوون و بەشدارن تێیدا، زۆربەی دەوڵەتەکان تێگەیشتوون جەنگی داهاتووی مرۆڤایەتی لە جیهانی ئەلکترۆنیدا دەبێت، بۆیە هەموو هێزی خۆیان خەرج دەکەن تاکو لەم بوارەدا دوانەکەون و نەبن بە ژێر پێی بەهێزەکانەوە.

ئەمریکا، رووسیا و چین ئەو سێ زلهێزەی جیهانن کە بەر لە هەموان لەم بوارە گرنگە تێگەیشتوون، بەشێکی زۆری ململانێکانی نێوان ئەم سێ هێزەش لە ئێستادا لە مەیدانی ئەلکترۆنیدایە و لە جەنگێکی رانەگەیندراوی ئەلکترۆنیی ترسناک و بەرفراواندان.

ئێران؛ خواستی زۆر و هێزی کەم
لەگەڵ دەوڵەتە گەورەکاندا، ئێران ئەو هێزەیە کە دەستی بۆ ئەم بوارە بردووە و دەیەوێت هێزی ئەلکترۆنی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام سزاکانی چەند ساڵی رابردوو کە تارانیان گۆشەگیرکرد، وای کردووە هێزی تاران لە جەنگی ئەلکترۆنیدا هێندەی خواستەکەی نەبێت و لاواز دەربکەوێت.

بەپێی بەشێک لە راپۆرتەکان، هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەستیاری شاری تاران، دەرخەری ئەو راستییەن کە ئێران توانای پاراستنی ناوچە و دامەزراوە هەستیار و ئەتۆمییەکانی نییە کە ئەگەر هەیە بەشێک لەم هێرشانە لە رێگەی ئەلکترۆنییەوە ئەنجامدرابن، بۆیە تاران هەوڵی خۆی دەدات لە جەنگی ئەلکترۆنیدا دوانەکەوێت، هیچ نەبێت بۆ پاراستنی دامەزراوە هەستیارەکانی وڵاتەکەی.

ئیسرائیل و ئەمریکا بەرەو ئێران
دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری چەکی ئەتۆمیدا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، هاوکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پێشکەوتنە چووە قۆناغێکی گرنگەوە کە تێدا هەوڵیان دا ئەم بەرەوپێشچوونەی تاران رابگرن.

ئیسرائیل وئەمریکا بەبێ ئەوەی سوپاکانیان بجوڵێنن، لە رێگەی جەنگی ئەلکترۆنییەوە روویان لە شکاندنی هەیبەتیی ئەتۆمیی تاران کردووە، زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن ئەمریکا لە رێگەی ڤایرۆسێکەوە دەتوانێت بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بگات و زیانی گەورەیان لێبدات، لەوانەش دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز.

ئەمریکا لە جەنگێکی کۆنترۆڵنەکراودا
ئەمریکا توانی لە ریگەی ڤایرۆسەوە بگات بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و تووشی زیانێکی گەورەیان بکات، ئەمەش وای لەئێران کرد بە دوای سەرچاوەی ئەو ڤایرۆسەدا بگەڕێت بەڵام هیچ ئەنجامێکی دەستنەکەوت.

راپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن کە رووسیا توانیویەتی ڤایرۆسەکە ئاشکرا بکات و لەو بوارەدا هاوکاری ئێران بکات تاکو هەوڵی خۆپاراستن بدات، دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە بە هەندێک شوێنی دیکە دەگات لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا دەردەچێت، بۆیە ناچارە هەوڵێکی زۆر بدات تاکو کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکە بدات، چونکە وەک راگەیەندراوە بە هەمان ڤایرۆس زیان لە دامەزراوەکانی ئەمریکا دراوە.

وەڵامی ئێران؛ سوپای ئەلکترۆنی
دوای هێرشەکانی ئەمریکا، ئێران بڕیاریدا بە پێکهێنانی "سوپای ئەلکترۆنیی ئێران" کە تاکو ئێستا ئێران خۆی بە روونی باسی نەکردووە، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن راستەوخۆ سەر بە رێبەری باڵای ئێران عەلی خامنەئی بن.

ئەم سوپایە لە چەند گروپێک پێکدێن و ئامانجی سەرەکیان چوونە ناوەوە و دزەکردنە ناو دامەزراوە هەستیارەکانی ئەمریکایە، بەشێکیان بەرپرسن لە پڕۆسەی دزەکردنە ناو دامەزراوە سەربازیی و فرۆکەوانییەکان، بەشێکیان دزە دەکەنە ناو هەژمارەی بەرپرسان و دامەزراوە فەرمییەکانی ئەمریکا و بەشێکی دیکەیان دەچنە ناو دامەزراوە پیشەسازی و پەترۆڵییەکان، گرنگترین هێرشیشیان ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠١٤ کردیانە سەر دامەزراوەی "Sheldon Adelson"ی ئەمریکی.

یەکێکی دیکە لە هێرشەکان گروپی جەنگاوەرانی عیزەدین قەسامی ئەلکترۆنی ئەنجامیاندا بۆ سەر گەورەرین دامەزراوە بانکییەکان لە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢، ئەوەش وەک وەڵامێک و، دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر نەتەنزی ئێران.

هێرشە دیارەکانی ئێران
لە ساڵی ٢٠١٢ گروپە ئەلکترۆنییەکانی ئێران هێرشیان کردە سەر کۆمپانیای ئارامکۆی نەوتی سعودی، کە ئەو کاتە وەک هێرشێک تەماشا دەکرا کرابێتە سەر ئەمریکا و توانا و هێزی ئەلکترۆنی ئێرانی بۆ ئەمریکا دەردەخست، کە بووە هۆی لەناوبردنی زانیارییەکانی کۆمپانیاکە، هێرشەکە ناو نرا "شەمعون" تاکو گومانەکان بخرێنە سەر ئیسرائیل نەک ئێران، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم دەرکەوت ئێران ئەنجامی داوە.

دوای ماوەیەکی کەم گروپە ئێرانییەکان هێرشیان کردە سەر بەنداوێکی ئاو لە شاری نیویۆرک و توانییان بۆ ماوەیەکی کاتی کۆنترۆڵی بکەن و مامەڵەی بە ئاوەکەیەوە بکەن، ئەمەش هێندەی دیکە توانا ئەلکترۆنییەکانی ئێرانی بۆ ئەمریکا دەرخست.

هێرشە ئەلکترۆنییەکانی واشنتۆن و تاران بۆ سەر یەکتر بەردەوامە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە ئەمریکا بۆی دەرکەوتووە سەرچاوەی هێرشەکان تەنها تاران نییە بەڵکو دوژمنی دیکەی هەیە و دەبێت بەدوایاندا بگەڕێت.

رووسیا، چین و کۆریای باکور ئەو سێ سەرچاوەیەن لە ئێستادا مایەی مەترسین بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆیە ئەمریکا لە هەموو کات زیاتر گرنگی بەم بوارە دەدات و دەیەوێت وەک هەموو بوارەکانی دیکە خۆی هێزی یەکەم بێت.

دوایین تەقینەوەکانی ناو دامەزراوە ئەتۆمیی و هەستیارەکانی ئێرانیش وەک بەشێک لەم هێرشانە هەژمار دەکرێت، کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەبێ بەکارهێنانی هێزی سەربازیی گەورە و دیار، زیان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران دەدەن.