ڕاپۆرتی جیهانی

02:27 - 15/07/2020

پێشبینی شەپۆلێكی مەترسیداری كۆرۆنا لە بەریتانیا‌

پەیسەر پرێس


هۆشداریەكی فراوان لە بەریتانیا دەدرێت لە شەپۆلێكی دیكه‌ی مەترسیداری كۆرۆنا لە وەرزی زستاندا بەهۆی بڵاوبونەوەی ئەنفلۆنزای وەرزیی، چەند وڵاتێكیش تر كۆت و بەندی قورس دادەنێنەوە بۆ رێگریی لە بڵاوبونەوەی جارێكی تری پەتاكە.

مەترسی شەپۆلی دووەمی پەتای كۆرۆنا جارێكی تر هەرەشە لە ژمارەیەك لە وڵاتانی جیهان دەكات
ئاژانسی بلومبیرگ لە لێكۆڵەرەوانی ئەكادیمایی زانستە پزیشكیەكانی بەریتانیای گواستەوە كە ئەگەری ئەوە هەیە بەریتانیا زستانی ئەم ساڵ ڕووبەڕووی شەپۆلێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێتەوە، شەپۆلێك كە ببێتە هۆی مردنی 120 هەزار كەس لە نەخۆشخانەكان لەمانگی ئەیلولی داهاتوو تا مانگی حوزەیرانی ساڵی 2021.

لێكۆڵەرەوەكان ئاماژەیان بەوەكردووە كە شەپۆلی دووەمی توش بووان پێدەچێت لە شەپۆلی یەكەم مەترسیدارتر بێت، بەوپێیەی هاوكات دەبێت لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆس و پەتای وەرزی و بەوهۆیەوە ژمارەی ئەو كەسانەی كە پێویستیان بە چارەسەر دەبێت زۆرتر دەبن.

نەخۆشخانەكانی بەریتانیا لە وەرزی زستاندا دووچاری بارگرانیەكی گەورەتردەبن، بەهۆی ئەوەی كێشەكانی هەناسەدان و كێشە باوەكانی تری وەك نەخۆشی دڵ ئاڵۆزتر دەبن، ژمارەی ئەو كەسانەی لە بەریتانیا ساڵانە دووچاری كۆرۆنا دەبن دەگاتە 300 هەزار كەس لەو ژمارەیەش 45 هەزار كەسیان دەمرن.

لە ئەڵمانیا هۆشداری دەدرێت
لە ئەڵمانیا هەریەك لە وەزیری تەندروستی و بەرێوەبەری پەیمانگای روبرت كوخ بۆ نەخۆشیە درمیەكان هۆشداریان دا لە سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەهۆی خاوبوونەوە و پشتگوێخستنی رێكارەكانی دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی و رێكارەكانی خۆپارێزی و پاك و خاوێنی.
پەیمانگای روبرت كوخ رایگەیاند " ئاستی دژە تەنی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە خوێنی ئەو كەسانەی خوێن دەبەخشن تەنها لەخوێنی 1،3%ی خۆبەخشەكان هەیە، پەیمانگاكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەوە واتای ئەوەیە كە ئەگەری ئەوە هەیە شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەكە جارێكی تر بڵاوبێتەوە.

توندكردنەوەی رێكارەكان لە ژمارەیەك لە وڵاتانی جیهان
ئوسترالیا تارادەیەكی زۆر توانای خۆی بپارێزێت  و  ژمارەی توش بووان و مردووان بەهۆی كۆرۆناوە زۆر نەبوو، ئەوەش لەرێگەی گرتنەبەری ژمارەیەك رێكاری خێرا و توند و یەكلاییكەرەوە، بەڵام بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكە لە ویلایەتی ڤكتوریا و زیادبوونی حاڵەتی نوێ لە ویلایەتی نیوساوس ویلز، دەسەڵاتدارانی نیگەران كردووە و بۆتە هۆی ئەوەی ژمارەیەك لە ویلایەتەكان بەردەم بن لەسەر رێكارە توندەكان و توندتركردنیان.

لە ژمارەیەك وڵاتی ئاسیا رێكارەكان توندتركران، لەهۆنگ كۆنگ یاری و شوێنە گەشتیاریەكان داخرانەوە رێكاری توندی دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی گیراوەتە بەر ئەوەش دوای ئەوەی 52 حاڵەتی توش بوون لەیەك رۆژدا تۆماركرا، لە ژاپۆن هەوڵەكان چڕكراونەوە بۆ دیاریكردنی حاڵەتەكان و بەدواداچوونی سەرچاوەی ڤایرۆسەكە، لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسانی تەندروستی هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ دیاریكردنی شوێنی 800 كەس كەلە سەیركردنی شانۆگەریەك بەشداربوون، دوای ئەوەی توش بوونی 20 بەشداربووی ئەو شانۆگەریە بەكۆرۆنا پشت راستكرایەوە، لەشاری بنگالوری هندستان كە بەپایتەختی تەكنەلۆجیای وڵات دادەنرێت، هەفتەیەكی تری داخستن و كەرەنتینە لەرۆژی سێشەممەوە دەستی پێكرد، لەدوای زیادكردنی حاڵەتەكانی توش بوون و كەمكردنەوەی رێكارەكان.

لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا جارێكی تر كۆت و بەندی توند دانرانەوە و هۆڵەكانی سینەما و چێشتخانەكان و یانەكانی شەوانە جارێكی تر داخرانەوە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی توش بووان لەو ویلایەتە.