ڕاپۆرتی جیهانی

02:47 - 16/07/2020

چۆن کۆرۆنا بووەتە هۆی وازهێنانی سەدان هەزار کەس لە جگەرەکێشان؟‌

پەیسەر

بۆ ساڵێک دەچێت ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵداوە، زیانێکی گەورە و چاوەڕواننەکراو بەر ئابووریی جیهان کەوتووە، بەشێکی زۆری کارگەکان وەستان، ملیۆنان کەس بێکار بوون و نرخی نەوتیش بۆ ئاستێکی ترسناک دابەزی، بەپێی توێژینەوەیەکی نوێش ئەم ڤایرۆسە توانیویەتی کاریگەری لەسەر رێژەی جگەرەکێشەکان دروست بکات و سەدان هەزار کەس لە جگەرەکێشان دووربکەونەوە.

لە دوکەڵی کارگەکانەوە بۆ دوکەڵی جگەرە
دەیان ساڵە رێکخراوە ژینگەییەکان داوای کەمکردنەوەی دوکەڵی کارگەکان و فلتەرکردنی دەکەن تاکو لەوە زیاتر زیان بە ژینگە و کەش و هەوای زەوی نەگات، کە بەهۆیەوە ساڵانە هەزاران کەس گیان لەدەستدەدەن، بەڵام کارگەکان بەردەوام بوون لە کارکردن و گوێ نەدان بە ژینگەی زەوی.

دوای بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەشێکی زۆری کارگەکان داخران، بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکانیش کەش و هەوای وڵاتە پیشەسازییەکان پاکبوونەتەوە و ئاستی بوونی دوکەڵ لە هەوادا زۆر کەمبووەتەوە، لە ئێستاشدا و لە ئاستی بچوکتر بەڵام فراوانتردا، سەرچاوەیەکی دیکەی پیسکردنی ژینگە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت کە جگەرە کێشانە.

یەک ملیۆن جگەرەکێش
بەپێی توێژینەوەیەکی دەزگای خێرخوازی (Action on Smoking and Health) کە بە (ASH) ناسراوە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاکو ئێستا یەک ملیۆن کەس لە بەریتانیا وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە.

بەپێی دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکە، لە سەدا ٤١ی ئەو کەسانەی وازیان لە جگەڕەکێشان هێناوە لە چوار مانگی رابردوودا بووە، هۆکاری سەرەکی ئەم وازهێنانەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

ژمارەیەکی بێوێنە
بەرزی ژمارەی ئەو کەسانەی لەم چەند مانگەی رابردوودا وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بێوێنە بووە و ئاستێکی بەرزی تۆمارکردووە.

بەپێی تویژینەوەیەکی زانکۆی (University College London) ژمارەیەکی زۆر لە جگەرەکێشەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو مانگی حوزەیران وازهێنان لە جگەرەکێشان هێناوە، ئەمەش لەسەر بنەما و بەراوردی ئەو راپرسی و توێژینەوانەی لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تاکو ئێستا ئەنجامدراون.

حکومەتی بەریتانیاش هۆشداری داوەتە جگەرەکێشان کە ڤایرۆسی کۆرنا کاریگەریی زیاتری لەسەر جگەرەکێشان دەبێت و ئەگەر زۆرە کە نیشانەکان لەسەریان قورستر بێت.

لەنێوان ١٥ی نیسان بۆ ٢٠ی حوزەیران نمونەیەکی ١٠ هەزار کەسی لە جگەرەکێشەکان وەرگیراوە و کراوەتە بابەتی سەرەکی توێژینەوەکە لەلایەن دەزگاکەوە دەربارەی وازهێنان لە جگەرەکێشا.

دواتریش ئەنجامەکان دەرکراون و شیکراونەتەوە لەبارەی کۆی گشتی ئەو کەسانەی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە بەریتانیا وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە.

بەپێی دەرئەنجامەکان دەرکەوتووە، نزیکەی چوار یەکی ئەوانەی لەم توێژیەوەیەدا بەشدارییان کردووە ئاماژەیان بەوە کردووە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە بڕیارەکەیان بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان.

جگە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند هۆکارێکی دیکە لە پشت وازهێنانی ئەم کەسانەوەن لە جگەرەکێشان وەک ترسی تەندروستی، هۆکاری کۆمەڵایەتیی و نەگەیشتن بە بەرهەمەکانی تووتن، کە ئەوەش دیسان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بووە.

٧.٦٪ی ئەو جگەرەکێشانەی بەشداری راپرسییەکەیان کردووە وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تۆمارکرابێت.

ئەم ئاستەی ئەمساڵ تۆمارکراوە لە کاتێکدایە بە شێوەی تێکڕا ساڵانە ٥.٩٪ی ئەوانەی جگەرەکێشن واز لە جگەرەکێشان دەهێنن.

دیبورا ئارنۆت بەڕێوەبەری دەزگای (ASH) دەڵێت، ئەگەر هەیە ژمارەی ئەو کەسانەی تەنیا لە بەریتانیا وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە زیاتر بێت لە یەک ملیۆن کەس.

هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە
دەزگاکە هەوڵ دەدات جگەرەکێشەکانی بەریتانیا قایل بکات واز لە جگەرەکێشان بهێنن و بەردەوام هەڵمەتی هۆشیاری بەڕێوە دەبات، هەڵمەتەکەش لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەوە پشتگیری دەکرێت.

هەڵمەت و کەمپینەکانی ئەم دەزگایە لە کاتێکدایە ژمارەی جگەرەکێشەکان لەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٩ حەوت ملیۆن کەس بووە.

باکوری رۆژهەڵاتی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تاکو ئێستا زۆرترین کەس وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە.

ئەگەری دەرکەوتن و نیشانەکان
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەو پڕۆگرامەوە بەدەستهاتووە کە حکومەتی بەریتانیا بۆ چاودێریکردنی تووشبووانی کۆرۆنا بەکاریدەهێنێت، ١٤٪ی توشبووانی کۆرۆنا کە ئەگەری دەرکەوتنی نیشانە دیارەکانی وەک تا، کۆکەی بەردەوام و تەنگەنەفەسییان تێدا دەردەکەوێت جگەرەکێشەکانن.

زانیارییەکان ئەوەشیان دەرخستووە ئەوانەی جگەرە دەکێشن و تووشی کۆرۆنا دەبن، دوو هێندە زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە ببرێنە نەخۆشخانە.
ئەم زانیارییانەش کۆکن لەگەڵ ئەو تویژینەوانەی لە ئەمریکا ئەنجامدراون و ئاماژە بەوە دەکەن ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە جگەرەکێشن ئەگەری مردنیان ١.٨ هێندە لەو تووشبووانە زیاترە کە جگەرە ناکێشن.