ڕاپۆرتی جیهانی

03:41 - 17/07/2020

پەتای مۆز ته‌نها به‌ مۆزه‌كانى چین ناوێرێت‌

پەیسەر

پەتای کۆرۆنا تەواو نەبووە، لە ئێستادا پەتایەکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە، ئەویش پەتای مۆزە، یان نەخۆشی مۆز، ئەم نەخۆشییە زیانێکی گەورەی لە بەروبوومی مۆز داوە لە بەشێکی گەورەی جیهاندا، نەخۆشییەکە گەیشتووەتە نزیکەی ٢٠ وڵات و زیانەکانیشی گەیشتووەتە سەرووی ٢٠ ملیار دۆلار.

مێژووی ٧٠ ساڵ
 
فیرناندۆ گارسیا باستیداس کە لە کۆمپانیایەکی هۆڵەندی کار دەکات، تاکو چارەسەرێک بۆ ئەم نەخۆشییە بدۆزنەوە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم نەخۆشییە کە ئێستا سەریهەڵداوە، ٧٠ ساڵ پێش ئێستا هێرشیکردە سەر کێڵگەکانی مۆز.

گارسیا باس لەوە دەکات، ئەم پەتا و نەخۆشییە لە نەخۆشییە هەرە ترسناکەکانی رووەک و خۆراکەکانە لە مێژوودا.

یەکەم جار نەخۆشییەکە لە کیشوەری ئاسیا دەرکەوت، دواتر لە ئاسیاوە گەیشتە کێڵگە گەورەکانی ئەمریکای ناوەڕاست و بەرهەمی مۆزی لەو ناوچانە وێران کرد، بۆیە ئێستا زاناکان هەوڵ دەدەن رێگربن، لە دیسان بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی فراوان.

ترسناکیی نەخۆشییەکە

نەخۆشییەکە بۆ بەرووبوومی مۆز ترسناکە، بە شێوەیەکی کتوپڕ سەریهەڵداوەتەوە و هەستی پێنەکراوە، بە خێراییش بڵاودەبێتەوە، هەرشتێک دێتە بەردەمی وێرانی دەکات، بە ئاسانی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەگوازرێتەوە.

نەخۆشییەکە پێی دەوترێت (Tropical Race 4)، جوتیار و باخەوانەکانیش پێی دەڵێن نەخۆشی پەنەما و بەرهەمی مۆزەکە لەناودەبات.

٣٠ ساڵ پێش ئێستا ئەم نەخۆشییە دیسان دەرکەتبوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئاستی خێرایی و بڵابوونەوەی بەرزبووەتەوە، ئێستاش لە ئاسیا، ئوسترالیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا هەیە و گەیشتووەتە ئەمریکای لاتینیش کە زۆربەی مۆزی جیهان لەوێوە هەناردەی وڵاتانی دنیا دەکرێت.

تاکو ئێستا نەخۆشییەکە گەیشتووەتە ٢٠ وڵات و زیانی ٢٥ ملیار دۆلاریشی لە بەرهەمی مۆز داوە.

بەشێک لە زاناکان هەوڵ دەدەن چارەسەرییەک بۆ نەخۆشییەکە بدۆزنەوە، ئەگەر ئەم رێگایە شکست بهێنێت ئەوا بیر لەوە دەکرێتەوە کار لەسەر بۆماوەیی مۆزەکە بکرێت، لە هەردوو حاڵەتەکەشدا شێوازی مامەڵەکردنی جوتیاران لەگەڵ مۆز و شێوازی بەرهەمهێنانەکەی بۆ هەمیشە دەگۆڕێت و وەک رابردوو نابێت.

ئەگەر هەر یەکێک لەم دوو رێگایە بەکاربهێنرێت، تاکو کۆتایی بەم نەخۆشییە بهێنرێت، ئەوا چاوەڕوان دەکرێت تەنانەت تامی مۆزیش بگۆڕێت، ئیتر ئەو تامە نەدات پێشتر مۆز هەیبووە.

تاکو ئەو کاتەی یەکێک لەم دوو رێگایە دەگیرێتەبەر، ئەوەی لەلایەن زاناکان و بەرپرسانی ئەم بوارەوە ئەنجام دەدرێت بریتییە لە پلانی ئاسایشی بایۆلۆجی، هەمان ئەو رێگایەی ئێستا لەبەرامبەر کۆرۆنادا گیراوەتەبەر، لەم پلانەدا هەوڵ دەدرێت جوتیارەکان رابهێنرێن پێش چوونە ناو کێڵگە و هاتنە دەرەوە پێڵاوەکانیان بشۆن، کەمکردنەوەی هاتوچۆی جوتیارەکان لەنێوان کێڵگەکاندا، شۆردنی دەست بە بەردەوامیی و دروستنەکردنی قەرەباڵغی.

زیانی هاوبەش

ئەم نەخۆشییە زیانێکی زۆری لە بەرهەمی مۆز لە زۆر وڵاتدا داوە، تەنها لە کۆتایی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ زیانی ئەم نەخۆشییە لە فلیپین ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.

نەخۆشی مۆز تەنها ژیانی سەدان هەزار جوتیار و ئیشکەرانی ئەم بوارەی نەخستووەتە مەترسییەوە، کە داهاتی ئەم بوارە زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلارە، بەڵکو مەترسییە لەسەر ئەو سەدان ملیۆن کەسەش بە دوای وەرگرتنی کالۆرییەوەن. ٤٠٠ ملیۆن کەس کە بەردەوام ئەم میوەیە دەخۆن چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی ئەم نەخۆشییەن.

مەترسییەکان لەسەر ئەمریکای لاتین

بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین کە بەشێکی داهاتیان لەسەر بەرهەمی مۆزە، لە هەموو وڵاتانی دیکە زیاتر لەژێر هەڕەشەکانی ئەم نەخۆشییەدان، یەکێک لەو وڵاتانە کۆماری مۆزە. 

گەورەترین ترسی ئەم نەخۆشییەش بۆ ئەم وڵاتانە ئەوەیە کە کاتێک درەختێک تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت، ئەگەری تووشبوونی دار مۆزەکانی دیکەی تەنیشتی بەم نەخۆشییە زۆر بەرزە، بەمەش دەکرێت یەک درەختی تووشبووی ئەم نەخۆشییە سەرجەم مۆزەکانی کێڵگە و باخچەیەک لەناوببات. 

بەشێک لە جوتیارانیش کە ناتوانن رووبەڕووی نەخۆشییەکە ببنەوە، واز لە باخچەکان دەهێنن، بەڵام دوای ماوەیەک باران ئەم باخچانە لەناو دەبەن و باخچەی دیکە سەوز دەکەنەوە، بەڵام مەترسییەکە ئەوەیە نەخۆشییەکە دیسان بڵاودەبێتەوە.

جێگرەوە

کۆمپانیاکانی مۆز لە ئەمریکای باشور وەک بێهیوابوونێک بەرامبەر ئەم نەخۆشییە بە دوای جێگرەوەدا دەگەڕێن، ئەوەش دوای ئەو زیانە گەورە و چاوەڕواننەکراوەی بەر بەرهەمەکانیان کەوت و نەیانتوانیی رووبەڕووی ببنەوە.

(Cavendish) مۆزێکی چینیی کورتەبنەیە، جوتیاران بۆیە پەنایان بۆ چاندنی ئەم مۆزە بردووە، توانای هەیە بەرامبەر نەخۆشی مۆز بوەستێت و بەرگە بگرێت، دوای پێنج ساڵیش بە زۆربەی جیهاندا بڵاوبووە، بۆیە تا ئاستێکی باش توانی جوتیاران لە زیانێکی گەورە رزگار بکات و کۆمپانیاکانیش بە زیانێکی کەمەوە رزگاریان بوو.