ڕاپۆرتی جیهانی

04:41 - 18/07/2020

لەم سەردەمی كۆرۆنایەدا بۆچی وڵاتان باج بەسەر دەوڵەمەندەكاندا ناسەپێنن؟‌

پەیسەر

ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆتە هۆی زیانی مەترسیدار بۆ ئابوری جیهانی، بەهۆیەوە حكومەتەكان ناچاربوون پارەی زۆر خەرج بكەن بەمەبەستی ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا و پاراستنی خەڵك و ئەو بەرژەوەندیانەی كە كۆرۆنا كاریگەری لەسەر دروست كردن، بەڵام كێ ئەو هەموو خەرجیانە لە ئەستۆ دەگرێت؟

داواكاری جیاواز هەیە بۆ ئەوەی دەوڵەمەندەكانی جیهان بەشداری بكەن لە دابینكردنی ئەو خەرجیانە، ئەم داواكاریانە نوێ نین بەڵام لەم دوایانە پاڵپشتی زیاتریان هەیە بەتایبەتیش دوای ئەوەی لەلایەن خودی دەوڵەمەندەكانەوە پشتیوانی دەكرێت بەدیاریكراویش لەلایەن " یانەی گەورە دەوڵەمەندەكانەوە"

83 لەو دەوڵەمەندانە لەم هەفتەیەدا نامەیەكیان بڵاوكردەوە و تێیدا داوایان لە حكومەتەكان كرد ئەوان و هاوشێوەكانیان ناچار بكات باجی زیاتر بدەن لەپێناوی بوژاندنەوەی ئابوری جیهان و تێپەراندنی كاریگەریەكانی قەیرانی كۆرۆنا، ئەو 83 دەوڵەمەندەی جیهان داوایانكردووە باجی زیاتری سەر دەوڵەمەندەكان " دەستبەجێ، بەبڕێكی زۆر و بەبەردەوامی بێت"

لە نامەكەیاندا هاتووە " لەكاتێكدا ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبۆتەوە لەسەرتاسەری جیهاندا پێویستە لەسەر ئێمەی ملیۆنێرەكان كە رۆڵی گرنگ ببینین لە دووبارە ژیاندنەوەی جیهانەكەماندا"
لەناو ئەو كەسانەی واژۆی لەسەر ئەو نامەیە كردووە موریس بیرل هەیە كە بەرێوەبەری دامەزراوەی " بلاكلاروك" بووە كە یەكێك لە گەورەترین سندوقەكانی وەبەرهێنانە لەجیهاندا، ئەو بەكەناڵی بی بی سی بەریتانی راگەیاندووە " پرسەكە پەیوەندی بە حەزی خۆمەوە نیە بۆ ئەوەی باجی زیاتر بدەم، بەڵكو پەیوەندی بەوەوە هەیە خەڵكانێك دەمرن لەبرسان و بڕی پارەی پێویستیان نیە بۆ ژیان"

بیریل لەساڵی 2013 وە لەگەڵ گروپێك كار دەكات كە ناویان لەخۆیان ناوە " ملێونێرە نیشتمانیەكان"  ئەو گروپە داوایان لە دەوڵەمەندەكان و حكومەتی ئەمریكا كردووە رێكاری پێویست بگرێتە بەر دژی نادادپەروەری لە ویلایەتەیەكگرتووەكان، لەناویشاندا سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر دەوڵەمەندەكاندا.

ئەو دەڵێت " نامەوێت لە وڵاتێكدا بژیەم كە كەمینەیەكی دەوڵەمەند و زۆرینەیەكی هەژاری تێدابێت، ئەو ئەو ولاتە نیە كە گەشەم تێداكردووە و ئەو وڵاتەش نیە كە دەمەوێت منداڵەكانم و نەوەكانم تێیدا گەشە بكەن"

گەورە دەوڵەمەندەكان كێن؟
گەورە دەوڵەمەند بەو كەسانە دەگوترێت كە لەجیهانی دارایی و كاردا ناسراون و بەهای دارایی زۆریان هەیە، واتا ئەو كەسانەی سامانی خۆیان لە 30 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی زیاتر بێت.

بەپێی هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنی بانكی كریدیە سویس لەساڵی 2019 دا ژمارەی ئەو كەسانە لە نیو ملیۆن كەس زیاتر نەبووە، ئەو كەسانە 0،003%ی مرۆڤایەتی پێكدەهێنن بەڵام خاوەنی 13%ی سامانی جیهانن.

بۆ ئەوەی نادادپەروەری لەدابەشكردنی سامانی جیهان ڕوون بكەینەوە ئەوەتان پێدەڵێین كە نزیكەی 3 ملیار كەس لەجیهاندا سامانی هەریەكەیان لە 10 هەزار دۆلار زیاتر نیە، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی ئەو كەسانە پێگەیشتوون.

دەوڵەمەندەكانی جیهان لەكوێ دەژیەن؟
ئاژانسی " نایت فرانك " بۆ راوێژكاری خانوبەرە لە بەریتانیا دەڵێت زۆرینەی دەوڵەمەندەكان لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دەژیەن و ژمارەیان لەو وڵاتە ( 240 هەزار) كەسە كە دەكاتە نزیكەی نیوەی دەوڵەمەندەكانی جیهان و لەدوای ئەویش چین بەپلەی دووەم دێت بەجۆرێك ( 61 هەزار و 500 ) دەوڵەمەندی تێدایە و ئەڵمانیاش ( 23 هەزار) و فەرەنساش ( 18 هەزار و 700 ) دەولًەمەندی تێدایە.

ئایە نابێت دەوڵەمەندەكان باجی زیاتر بدەن؟
زۆر بەسادەی باج یەكێكە لە رێگاكانی داهات بۆ وڵاتان لەسەر ئاستی جیهان، لەو رێگەیەوە حكومەتەكان دەتوانن مامەڵە لەگەڵ گرفتی هەژاری و نایەكسانی بكەن لەرێگەی وەبەرهێنان لەبوارەكانی تەندروستی گشتی و خوێندن و بوارەكانی تر.

بەڵام ئەوەی گومانی تێدا نیە ئەوەیە كە سیستمی وەرگرتنی باج لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر ئاڵۆز و جیاوازە، بەشێكی زۆری وڵاتان ئەو یاسایانە جیًبەجێ ناكەن كە پەیوەندیدارن بە وەرگرتنی باج لەدەوڵەمەندەكان، ئەمە وایكردووە ئەو 83 دەوڵەمەندە نامەیەكی بنێرن و بەئاشكرا داوا بكەن كە باجی سەر دەوڵەمەندەكان زیاد بكرێت بەمەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەری كۆڤید 19 لەسەر ئابوری جیهان.

بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كە زانكۆی كالیفۆرنیا ئەنجامیداوە 400 خێزانی دەوڵەمەندی ئەمریكی لەساڵی 2017 دا ئەو باجەی داویانە لە 23% تێنەپەڕیوە لەبەرامبەردا هەژارترین خێزان 24% باجی داوە، بەوەش دەردەكەوێت دەوڵەمەندەكانی ئەمریكا كە ژمارەیان لە 1%ی كۆمەڵگەی ئەمریكی زیاتر نیە، بڕی ئەو باجەی دەیدەن كەمترە لەو بڕەی هەژارترین خێزانەكانی ئەمریكا دەیدەن، لەكاتێكدا لە بەشێك لە وڵاتانی تری جیهان دەوڵەمەندەكان ناچار دەكرێن باجی زیاتر بدەن بەحكومەت، بەنمونە لەسوید رێژەی باجی سەر دەوڵەمەندەكان دەگاتە 60%.

بەشێك لە دەوڵەمەندەكانی جیهان لەهەندێك لە وڵاتان خۆیان لە باج دەدزنەوە، و بەشێكیان پارەكانیان دەبنە ئەو وڵاتانەی كە باج لەدەوڵەمەندەكان وەرناگرن، و رێگە دراوە بەنهێنی مامەڵە بە پارەوە بكرێت.

كەواتا بۆچی حكومەت باجی زیاتر بەسەر دەوڵەمەندەكاندا ناسەپێنێت؟
یەكێك لەهۆكارەكان ئەوەیە كە پرسی باج بەدرێژایی مێژوو بابەتێكی هەستیاری سیاسی بووە و بۆتە هۆی دابەش بوون و كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دروستكردووە.

دەوڵەمەندەكان خۆیان چی دەڵێن؟
بەپێی چەند راپرسیەك زۆرینەی خەڵك لەسەرتاسەری جیهان پشتیوانی ئەوە دەكەن كە باجی زیاتر بەسەر دەوڵەمەندەكاندا بەسەپێندرێت و بەشێك لەو كەسانەش خودی دەوڵەمەندەكان خۆیان بوون.

بەپێی راپرسیەك كە كەناڵی سی ئێن بی سی ئەمریكی ئەنجامیداوە لە مانگی كانونی یەكەمی رابردوودا دەردەكەوێت 60%ی دەوڵەمەندەكانی ئەمریكا پشتیوانی ئەوەدەكەن كە باجی زیاتر بسەپێندرێت بەسەر ئەو كەسانەی سامانەكانیان لە 50 ملیۆن دۆلار زیاترە.

لای خۆیەوە ئیما ئگیمانگ رۆژنامەنوسی بەریتانیا تایبەتمەندی بواری باج لە رۆژنامەی فایناشناڵ تایمز دەڵێت " دەوڵەمەندەكان باوەریان وایە كە حەتمەن گۆڕانكاری لە سەپاندنی باج یان زیادكردنی بڕەكەی یان دانانی باجی نوێ ڕوو دەدات"