ڕاپۆرتی جیهانی

12:01 - 20/07/2020

کۆرۆنا دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر و هەژارەکانیش هەژارتر دەکات‌

پەیسەر

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، زۆربەی وڵات و کۆمپانیاکان تووشی زیانێکی گەورە و چاوەڕواننەکراو بوون، ملیۆنان کەس کارەکانیان لەدەستدا و بەشێکی دیاری کارگە و کۆمپانیاکانیش کارەکانیان وەستاند. لەم سەروبەندەدا کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک مایەپووچ بوون، بەشێک لە دەوڵەمەندەکانی جیهان سەروەتەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

قەیرانی دارایی و مایەپووچبوون
ڤایرۆسی کۆرۆنا وڵاتانی رووبەڕووی قەیرانی دارایی کردەوە، شوێنەکانی کارکردن یان داخران یان کارەکانیان تا ئاستێکی زۆر کەمبوونەوە، ژمارەی بێکارەکان هێندەی دیکە بەرزبوونەوە و برسێتیش چووەتە قۆناغێکی ترسناکەوە.

ئەو وڵاتانەی پشتیان بە نەوت دەبەست کەوتنە نێو قەیرانی دارایی و ئابووری، هەرێمی کوردستان و عێراق لە قەیرانێکی سەختدان و هەرێمیش توانای پێدانی موچەی فەرمانبەرانی نییە.

ئیلۆن مەسک؛ سێ هێندەی دیکە دەوڵەمەند بوو
ئیلۆن مەسک لەو دەوڵەمەندانەی جیهانە کە لەم چەند مانگەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، سەروەت و سامانەکەی سێ هێندە زیادی کردووە و بەرزبوویەوە بۆ لیستی دە دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان.
ئیلۆن مەسک تەمەنی ٤٩ ساڵە، خەڵکی باشوری ئەفریقایە، دامەزرێنەری (Tesla ve SpaceX)، بەردەوام سامانەکەی روو لە زیادبوون دەکات، ئەوەش بەهۆی هەردوو کۆمپانیای  (Tesla ve SpaceX) کە بەهای پشکەکانیان بەردەوام روو لە زیادبوونە و تەنها لە رۆژەکانی سەرەتای ئەم مانگەدا و لە یەک رۆژدا، بەم هۆیەوە شەش ملیار دۆلاری دەستکەوت.

بەپێی دوایین زانیارییەکانی (Forbes) لە چوار مانگی رابردوودا سەروەتەکەی مەسک لە ٢٤.٦ ملیارەوە بۆ ٦٩.١ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە سێ هێندە، بەمەش چووە ریزی ١٠ دەوڵەمەندەکەی جیهان، واتە لە پلەی ٣١وە گەیشتە پلەی ٩ و ئێستا نۆهەمین دەوڵەمەندی جیهانە.

بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی بەهای پشکەکانی ئەم دوو کۆمپانیایەوە، چاوەڕوان دەکرێت سەروەتەکەی مەسک بەشێوەیەکی بەردەوام زیاد بکات و دوور نییە ببێتە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان.

مەسک لە چەند ساڵی رابردوودا گرنگییەکی زۆری بە بواری گەردوونی داوە و لە بەشێک لە کارەکانیدا پێش ئاژانسی ناسا کەوتووە، لە ئێستاشدا لەنێوان ناسا و مەسکدا هاوکاریی و کاری هاوبەش هەیە.

مەسک سەبارەت بەم بەرزبوونەوەیەی دەڵێت، "هیچ گرنگ نییە بەلامەوە، ئەم پلانە دادەبەزن و بەرزدەبنەوە، ئەوەی گرنگە بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمە جوانانەیە کە خەڵک ئارەزووی دەکات."

جێف بێزۆس؛ بێڕکابەرەکە
جێڤ بێزۆس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەمازۆن لە پلەی یەکەمی دەوڵەمەندترین کەسی جیهاندایە، دەوڵەمەندە تەمەن ٥٦ ساڵە ئەمریکییەکە، ماوەیەکە لەم پلەدایە و سەروەتەکەشی بەردەوام روو لە زیادبوون دەکات.

سەروەتەکەی بێزۆس لە ئێستادا ١٨١.١ ملیار دۆلارە، خاوەنی ١١٪ی پشکەکانی ئەمازۆنە، کە لە مانگەکانی رابردووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا بەهۆی بازاڕکردن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، بەهای پشکەکانی ٦٩٪ بەرزبووەوە.

بەم جۆرەش ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو بە هۆکار و هاوکاری بێزۆسیش بۆ زیادبوونی سامانەکەی و مانەوەی لە لیستی دەوڵەمندترین کەسەکانی جیهاندا.

گەیتس و ئارنۆڵت
لە دوای بێزۆس بیڵ گەیتس دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دووەم دەوڵەمەندی جیهانە و خاوەنی ١١١.٢ ملیار دۆلارە، سێیەم دەوڵەمەندی جیهانیش بێرنارد ئارنۆڵدی تەمەن ٧١ ساڵی فەڕەنسی،  سەرمایەدار، دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی گرووپی "لویس ڤیتۆن"ە، کە خاوەنی ١١١.١ ملیار دۆلارە.

ئارنۆڵت دەوڵەمەندترین کەسی ئەورووپایە، سەروەتەکەی لە مانگی یەکی ئەمساڵ ١٠٨ ملیار دۆلار بوو، بەڵام بەهۆی دابەزینی بەکارهێنانی شمەکە کوالیتی بەرزەکانییەوە، سەروەتەکەی لە مانگی ئازار بۆ ٧٦ ملیار دۆلار دابەزی و لە ئێستاشدا سەروەتەکەی گەیشتووەتەوە بە ١١١.١ ملیار دۆلار.

باڵمێرەکان و ئامبانی
لاری ئەلیسۆن باڵمێر یەکێک لە دامەزرێنەرانی (Oracle) خاوەن ٧٣ ملیار دۆلارە و پێنجەم دەوڵەمەندی جیهانە، ستیڤ باڵمێر سەرۆكی پێشووی كۆمپانیای مایكرۆسۆفتی ئەمریكی بە ٧٢ ملیار دۆلار، هاتە نێو لیستی ١٠ کەسە دەوڵەمەندەکەی جیهانەوە.

موکیش ئامبانی سەرمایەداری هندی لەو دەوڵەمەندانەی جیهانە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هێندەی دیکە دەوڵەمەندی کرد، تەنها لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە سامانی ئامبانی نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە، بەم جۆرەش پێش وارێن بووفێت کەوت و بوو بە حەوتەمەین دەوڵەمەندی جیهان.

سەروەتەکەی ئامبانی خاوەنی كۆمپانیای رێڵاینس ئیندستریزی ھیندی لە ئێستادا گەیشتووەتە ٧١.٤ ملیار دۆلار و لە ئەمساڵیشدا وەبەرهێنانێکی زۆر فراوانی کردووە.

وارێن بوفێت کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە لیستی ١٠ دەوڵەمەندەکەی جیهاندایە، لە ماوەیەکی کەمدا و لەناکاو سەروەتەکەی کەمی کرد و لە پلەی چوارەم دەوڵەمەندی جیهانەوە چووە پلەی هەشتەم.

بەم جۆرە ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە بە هەلێک بۆ ئەوەی دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر بن و سەروەت و سامانەکانیان زیاتر بکەن، بەتایبەت ئەو دەوڵەمندانەی کە توانیان سود لەو دۆخە ببینن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستیکرد. ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش هەژار کەوتن و هەژارەکانیش هەژارتر بوون، بەتایبەت کە ملیۆنان کەس بەهۆی داخستنی کارگە و شوێنەکانی کارکردنەوە بێکار بوون.