ڕاپۆرتی جیهانی

03:37 - 21/07/2020

شەڕی لیبیا دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی میسر دەچێتە قۆناغێكی نوێوە‌

پەیسەر

پەرلەمانی میسر گڵۆپی سەوزی بۆ هێزەچەكدارەكانی وڵاتەكەی هەڵكرد، بۆ ئەوەی بتوانن سوپا رەوانەی سنورەكانی دەرەوەی وڵاتەكەی بكات، ئەمەش چەترێكی یاسای و شەرعی دەدات بەهەموو پرۆسەیەكی سەربازی میسر لە لیبیا.

كۆبونەوەكەی پەرلەمانی میسر رۆژی دووشەممە بەنهێنی بەرێوەچوو، و تێیدا زۆرینەی پەرلەمانتاران دەنگیان بەو بڕیارەدا، بەوپێیەی پێیان وایە هەرەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییان هەیە لە رۆژئاوای وڵاتەكەیان.

دوای پەسەندكردنی بڕیارەكە، پەرلەمانی میسر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند سوپا رێگەپێدراوە بۆ بەرگریكردن لە ئاسایشی نەتەوەیی دژی میلیشاكان و گروپە تیرۆرستیە بیانیەكان.

پەرلەمانی میسر راشیگەیاند هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی مۆڵەتی دەستوری و یاساییان پێدراوە بۆ ئەوەی كات و شوێن دیاری بكەن بۆ وەڵامدانەوەی هەرەشە و مەترسیەكان، بەیاننامەكە دەڵێت میسر توانای ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی و بەرژەوەندیەكانی و دراوسێ و براكانی بكات لە هەر هەرەشە و مەترسیەك.

لەكۆبونەوەكەی پەرلەمانی میسردا ئەو رێچارانە خرانە ڕوو كە لەكۆبونەوەی پێشووتری ئەنجومەنی بەرگری نیشتمانی بەسەرۆكایەتی عەبدالفتاح سیسی تاوتوێ كرابوون.
لەگەڵ ئەوەشدا سەركردایەتی میسر پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی لیبیا لەسەر بنەمای " رێككەوتنی قاهرە" دووپاتكردۆتەوە،
حكومەتی میسر هێڵی سرت و جفرەی وەك هێڵی سور بۆ سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی داناوە و ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانی ئەنكەرە ئەو هێڵە ببەزێنن ئەوە سوپای میسر ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

بڕیارەكەی پەرلەمانی میسر وەك وەڵامدانەوەیەك هات بۆ داواكاری پەرلەمانی لیبیا و نوێنەرانی هۆزەكانی لیبیا كە داوایان لە سوپای میسر كرد هێز بنێرێت بۆ وڵاتەكەیان بۆ ئەوەی بیانپارێزێت لە میلیشا چەكدارەكانی سەر بە توركیا.

گرنگترین چەكەكانی توركیا لە لیبیا
كەناڵی سكای نیوز بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی پێشێلكردنێكی ئاشكرای یاسا نێودەوڵەتیەكان و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش، توركیا بەردەوامە لەسەر ناردنی كەرەستە و كەل و پەلی سەربازی بۆ میلیشاكانی سەر بەحكومەتی وفاق لە لیبیا، گرنگترین ئەو چەكانەش كە جێگیركراون بریتین لە:

ئەنكەرە بەم دوایانە لەنزیك شاری سرت، راجمەی موشەكی لەجۆری t122 جێگیركردووە كە توانای ئەوەی هەیە 40 كیلۆمەتر بڕوات و دروستكراوی توركیا خۆیەتی.
پێشتریش توركیا كەشتی جەنگی جۆری G بۆ كەناراوەكانی لیبیا ناردووە كە موشەكی جۆری  RIM-66E-5 زەمین بە ئاسمانی هەڵگرتووە و توانای رۆیشتنی مام ناوەندیە، هەروەها ژمارەیەك فرۆكەی جەنگی جۆری " بیرقدار و عەنقا" كە دوو فرۆكەی سەربازی بەناوبانگن و هەڵگری موشەكی لەیزەر و دژە قەڵغانی توركین لە لیبیا جێگیركراون.

جگە لەوەش توركیا لەناوچەكانی سەر بەحكومەتەكەی فایز سەراج 50 زرێپۆشی دژە ئەڵغامی لەجۆری كیربی 2 جێگیركردووە كە كێشەكەیان 60 تۆنە و دروستكراوی توركیان، و چەكی دژە قەڵَغان و سیستمی پێكانی شوێنی تەقەی بەرامبەریان لەسەر جێگیركراوە،

هەروەها سیستمی بەرگری ئاسمانی جێگیركردووە، هەروەها ژمارەیەك زرێپۆش كە هەر یەكێكیان دوو چەكی جۆری ئورلیكون یان هەڵگرتووە، هەروەها سیستمی بەرگری ئاسمانی مام ناوەند" هوك" كە لە موشەكی سێ ئاراستە پێكهاتووە و لەدوری 45 كیلۆمەترەوە ئامانجەكەی دەپێكێت لەلایەن توركیاوە لە لیبیا جێگیركراون.