ڕاپۆرتی جیهانی

02:58 - 25/07/2020

ئایا مرۆڤ دوو جار تووشی كۆرۆنا دەبێت؟‌

پەیسەر


پزیشكێكی كورد لە كەركوك بۆجاری دووەم توشی كۆرۆنا بوو، ئەوەش بەیەكەم حاڵەتی لەوجۆرە دادەنرێت لەو پارێزگایە، پەیسەرپرێس لەم راپۆرتەدا چەند زانیاریەك دەربارەی ئەگەری توشبونەوەی مرۆڤ بۆ جاری دووەم بەكۆرۆنا لەزاری پزیشكانی بیانیەوە بڵاودەكاتەوە.

 
پزیشكێكی كورد بۆ جاری دووەم توشی كۆرۆنا بووە
سەرچاوەیەكی پزیشكی بە ماڵپەری " وكالە الاخباریە" ی عێراقی راگەیاند پزیشكێكی كەركوك بەناوی شەماڵ تەها لەدوای یەك مانگ چاك بوونەوەی جارێكی تر توشی كۆرۆنا بۆتەوە،ئەوەش بەیەكەم حاڵەتی لەوشێوەیە دادەنرێت لە پارێزگای كەركوك.

پرسیارە سەرەكیەكەی كۆرۆنا
لەدوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە پرسیارێكی سەرەكی سەری هەڵداوە ئەویش ئەوەیە ئایە مرۆڤ بۆ جاری دووەم توشی كۆرۆنا دەبێتەوە؟
رۆژنامەی وول ستریت جورنال بڵاویكردەوە لەمانگی نیسانی ئەم ساڵدا زیاتر لە 160 كەس لەكۆریای باشور دوای پشكنین دەركەوتووە بۆ جاری دووەم توشی كۆرۆنا بوون، ئەوەش دوای چەند هەفتەیەك لەدەرچوونیان لەنەخۆشخانە و كۆتایی هاتنی چاودێری پزیشكیان، رۆژنامەكە دەڵێت ئەو پشكنینانە پزیشكانیان نیگەران كردووە بەوەی ئەوانەی توشی كۆرۆنا بوون دەكرێت جارێكی تریش توش بنەوە، بەڵام تائێستا بەڵگەی تەواوی زانستی لەسەر ئەوە نیە.

رۆژنامەكە لەزاری زانایانەوە وەڵامی چەند پرسیارێكی دەربارەی كۆرۆنا داوەتەوە لەوانەش:

ئەوانەی توشی كۆرۆنا بوون جارێكی تر توش دەبنەوە؟
لە وەڵامدا زۆرینەی زانایان پێیان وایە ئەو كەسانەی توشی كۆرۆنا بوون جۆرێك لە بەرگری جەستەیی پەیدادەكەن، بەڵام ئەوەی زانایان نایزانن ئەوەیە كە ئەو بەرگریە بۆ چەند مانگێك یان چەند ساڵێك و یان بۆ هەتاهەتایەیە.

ئەو فاكتەرانە چین كە كاریگەری لەسەر بەرگری جەستە دروست دەكەن؟
لە وەڵامدا زاناكان دەڵێت كۆئەندامی بەرگری جەستەی مرۆڤ مادەی دژەتەنی ڤایرۆسی دروست دەكات كە شەڕی ئەو ڤایرۆسانە دەكات كە دێنە ناو جەستەوە، و چەند فاكتەرێكیش كاریگەریان لەسەر بەرگری جەستە هەیە لەوانەش، كاریگەری بۆماوەیی و ژینگە و سیستمی خۆراك و خەوتن، ئەمانە كاریگەریان لەسەر هێزی بەرگری جەستەی و درێژی تەمەنی هەیە.

هەروەها جۆری ڤایرۆسەكەش كاریگەری هەیە، بەنمونە ئەو ڤایرۆسەی توشی مرۆڤ دەبێت جەستە بەرگری لەدژی پەیدا دەكات بۆ هەتاهەتایە بەڵام ڤایرۆسی وەك ئەنفلۆنزا دەتوانێت بەخێرایی خۆی بگۆرێت بەجۆرێك جەستەی مرۆڤ نەیناسێتەوە، بەهۆیەوە مرۆڤ چەندجار توشی دەبێت.

سەبارەت بەكۆڤید 19 ئاستی خۆ گۆڕینی هێواشترە بەراورد بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا، ئەوەش ئومێدی ئەوەی بە زاناكان داوە كە هەر بەرگریەكی سروشتی كە جەستە پەیدای دەكات، یان پێكوتەی ڤایرۆسەكە بۆماوەیەكی زۆر كاریگەری بمێنێت، تەنانەت ئەگەر مرۆڤ بۆ جاری دووەمیش توشی ڤایرۆسەكە ببێتەوە ئەوە جاری دووەم كاریگەریەكەی كەمترە لەجاری یەكەم.

رۆژنامەكە دەڵێت چوار مەیمون لەمانگی ئازاری رابردوودا لەچین لە تاقیگە توشی كۆرۆنا كران پاشان چاك بوونەوە دواتر لەرێگەی بەكارهێنانی ڤایرۆسەكەوە هەوڵدرا دوانیان توشی كۆرۆنا بكرێنەوە بەڵام هیچ كامێكیان نەخۆش نەكەوتن.

بۆچی مرۆڤ دووجار توشی كۆرۆنا دەبێت؟
پزیشكانی كۆریا پێیان وایە ئەو نەخۆشانە ئەگەری ئەوەیان هەیە كە بەتەواوەتی جەستەیان لەڤایرۆسەكە پاك نەبۆتەوە، بۆیە دوای ماوەیەك كاریگەریەكانی دەردەكەوێتەوە، ئەوەش بەواتای ئەوە نیە كە مرۆڤ دووجار توشی كۆرۆنا دەبێت.

پزیشكانی بەریتانیا دەگمەنە مرۆڤ دووجار توشی كۆرۆنا بێت
لەلایەكی ترەوە كەناڵی سكای نیوز لەزاری دووزانای بەریتانی بەناوەكانی سیرپاتریك ڤالانس كە گەورە راوێژكاری پزیشكی حكومەتی بەریتانیایە لەگەڵ كریس وایتی گەورە راوێژكاری بۆریس جونسون سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بڵاویكردەوە، لەمانگی ئازاری ئەم ساڵ ئەو دوو زانا بەریتانیە دڵنیاییان دایە خەڵك كە مرۆڤ لەكاتی توش بوونی بەكۆرۆنا جەستەی بەرگری پەیدا دەكات، و زۆر دەگمەنە جارێكی تر توشی ئەو پەتایە ببێًتەوە، سكای نیوز دەڵێت دڵنیاییەكەی پزیشكە بەریتانیەكان دوای ئەوە دێت كە دەسەڵاتدارانی ژاپۆن رایانگەیاند ئافرەتێكی توش بووی كۆرۆنا دوای چاك بوونەوەی دەركەوت جەستەی پاك بۆتەوە بەڵام لەدواتردا پشكنینی دووەمی بۆ كرا و دەركەوت جارێكی تر توشی كۆرۆنا بۆتەوە، ئەمەش زاناكانی توشی سەرسورمان كرد و بووە هۆی نیگەرانی و دوودڵیان.