ڕاپۆرتی جیهانی

11:20 - 02/08/2020

شەش کورتترین جەنگەکانی مێژوو‌

سەرەڕای پێکەوەژیانی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو، بەڵام هەمیشە لە جەنگ و ململانێدا بوون لەگەڵ یەکتردا، بەشێک لە جەنگەکان لەنێوان وڵاتاندا بوون و بەشێکیشیان هی ناوخۆی وڵاتەکان بوون، هەندێک جەنگ بۆ چەندین ساڵ درێژەیان کێشاوە و هەندێکیاشیان تەنها چەند کاتژمێرێک و تەنانەت چەند خولەکێکیان خایاندووە.

جەنگی ئەنگلۆ زەنجباری (٤٠ خولەک)
ئەم جەنگە لە ٢٧ی ئابی ١٨٩٦ لەنێوان بەریتانیا و شانشینی زەنجبار روویداوە، بە کورترین جەنگی مێژوو دادەنرێت کە تەنها نزیکەی ٤٠ خولەکی خایاندووە.
سەرەتای ئەم چیرۆکە دەگەڕێتەوە بۆ واژۆکردنی پەیماننامەی هلیگولاند-زەنجبار لە ساڵی ١٨٩٠ کە دەسەڵای وڵاتانی رۆژئاوای لە ئەفریقا دابەشکرد و زەنجبار کەوتە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا.

بەریتانیا لە ساڵی ١٨٩٣ عەلی بین سەعید بوسەعیدی کرد بە سوڵتانی زەنجبار و تاکو ١٨٩٣ بەردەوام بوو، دواتر برازاکەی بە ناوی حەمەد بین سوەینی جێگەی گرتەوە، بەڵام لە ئابی ١٨٩٦ کوژرا، دوای چەند کاتژمێرێک ئامۆزاکەی کە دەکاتە خالد بین برگش شوێنی گرتەوە کە تاوانبار بوو بە کوشتنی سوەینی.

بەریتانیا داوای لە برگش کرد واز لە دەسەڵات بهێنێت، بەڵام رەتیکردەوە و هێزەکانی خۆی لە قەڵای دەسەڵاتەکەیدا کۆکردەوە کە نزیکەی سێ هەزار کەس دەبوون.

دوای ئەوەی رۆژی دواتر بەریتانیا دوایین ئاگادارکردنەوەی بە برگش دا کە لە بەرەبەیانی ٢٧ی ئاب واز لە دەسەڵات بهێنێت و کۆشک چۆڵ بکات و رەتیکردەوە، بۆردومانی قەڵاکەی کرد، بەشێکی قەڵاکە رووخا، دوای دوو خولەک لە بۆردومانەکە، هەواڵ بڵاوکرایەوە کە برگش لە دەرچەی دواوەی قەڵاکەوە هەڵهاتووە و هێزەکانی بەجێهێشتووە، لە کاتژمێر نۆ و چل خولەک بۆردومانەکە وەستا و جەنگەکە کۆتایی هات.

هندۆراس و سلڤادۆر (چوار رۆژ)
لە چوارجێوەی یارییەکانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانیی ١٩٧٠،هەڵبژاردەکانی هندۆراس و سلڤادۆر سێ یارییان ئەنجامدا، هندۆراس لە یاری چووندا و لەنێو یاریگای خۆیدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردیەوە، لە یاری گەڕانەوەدا سلڤادۆر لەنێو یاریگای خۆیدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردیەوە، دوای هەردوو یارییەکە شەڕ و ئاژاوە لەنێوان هاندەراندا دروستبوو.

یاری سێیەم بۆ دیاریکردنی ئەو تیپە بوو کە بۆ مۆندیالەکە سەردەکەوت و لەسەر خاکی مەکسیک ئەنجامدرا. یارییەکە بە بردنەوەی سلڤادۆر و سەرکەوتنی بۆ مۆندیال کۆتایی هات، سلڤادۆر هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ هندۆراس راگرت، لە ١٤ی تەموزی هەمان ساڵ سلڤادۆر هندۆراسیداگیر کرد.

سلڤادۆرییەکان بردنەوەی یارییەکەیان بە ئەرکێکی نیشتمانیی دەزانی ئەوەش دوای دەرکردن و دەستگیرکردنی کۆچبەرەکانیان لەلایەن هندۆراسەوە، ئەوەش رێگەخۆشکەر بوو بۆ جەنگەکە.

رێکخراوی وڵاتەکانی ئەمریکا توانیان لە ١٨ی تەموز جەنگەکە رابگرن، ئەوەش دوای مردنی سێ هەزار لە خەڵکی هندۆراس کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون. سلڤادۆریش لە مانگی ئابدا هێزەکانی لە هندۆراس کشاندەوە.

جەنگی حەوت رۆژەی میسر و ئیسرائیل
لە دوای جەنگەکانی ١٩٤٨ و ١٩٥٦، جەنگی سێیەمی عەرەب-ئیسرائیل لە ١٩٦٧ روویدا. لە پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٧ فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سوپای میسر و ژمارەیەک فڕۆکەخانەی سەربازییان لە سینا بۆردومان کرد، تەنانەت بۆردومانەکان هەندێک فڕۆکەخانەی سوریا و ئەردەنیشی گرتەوە.

ئەم هێرشەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات میسر گەرووی تیرانی بە رووی ئیسرائیلدا داخست، کە ئەوەش دوای رۆشتنی هێزە ئاشتیپارێزەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان روویدا، کە سەرپەرشتی بڕیاری ئاگربەستیان دەکرد.

ئیسرائیل لە هێرش بەردەوام بوو تاکو غەززە و خان یونسی داگیرکرد، دواتریش جۆلانی داگیرکرد و لە دیوی میسریشەوە گەیشتە شەرم شێخ لە نیوە دوورگەی سینا.

دواتر بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕەکە راگیرا، بەم جەنگە ئیسرائیل توانی رووبەری خاکەکەی لە ١٣ کیلۆمەترەوە بۆ ٤٢ کیلۆمەتر زیاد بکات، لەم جەنگەدا کەرتی غەززە، نیمچە دوورگەی سینا و بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکرد.

١٣ رۆژ جەنگ بۆ جیابوونەوەی بەنگلادیش
چیرۆکی ئەم جەنگە کاتێک دەستیپێکرد کە پاکستانی رۆژهەڵات لە ساڵی ١٩٧٠ داوای خۆبەڕێوەبەریی کرد، بەڵام داواکەیان رەتکرایەوە و سوپای ناوەندیی پاکستان ئۆپراسیۆنێکی بۆ سەرکوتکردنی بزوتنەوەی بەرگریی لە داوای جیابوونەوە دەستپێکرد و لە ئایاری هەمان ساڵ دەسەڵاتی ناوەند گەڕایەوە بۆ پاکستانی رۆژهەڵات.


لەم ئۆپراسیۆنەدا هەزاران پاکستانی رۆژهەڵات بە دەستی سوپای ناوەندیی پاکستان کوژران، هەزاران کەسی دیکەش لە بزوتنەوەکە هەڵهاتن و ١٠ ملیۆن هاوڵاتی مەدەنیش روویان لە ویلایەتی بنگالی رۆژئاوا کرد، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هندستان.

بەم هۆیەوە هندستان پەیماننامەی ٢٠ ساڵەی هاوکاریی لەگەڵ یەکێتی سۆڤییەت واژۆ کرد، کە ئامانج لێی هاوکاریکردن بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی بەنگلادیش لەگەڵ راهێنان و لەخۆگرتنی چەکدارانی بەرگریی پاکستانی رۆژهەڵات کە ناویان (موکتی باهینی) بوو.

 لە ٣ی کانونی یەکەمی ١٩٧١ پاکستان هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ١١ بنکەی ئاسمانیی هندیی لە کەرتی رۆژئاوای وڵاتەکە. هێرشەکان زیانێکی دیار و گەورەیان نەبوو، بەڵام وەڵامی هندستان زۆر قورس و چاوەڕوانننەکراو بوو، هندستان هێرشی کردە سەر یەکەیەکی ئاسمانیی لە پاکستانی رۆژهەڵات و خاپوری کرد. لە ١٦ی هەمان مانگدا هێزەکانی هندستان و موکتی باهینی توانیان دەست بەسەر شاری (دەکا) بگرن (پایتەختی ئێستای بەنگلادیش)، بەم جۆرە پاکستانی رۆژهەڵات جیابووەوە و بوو بە دەوڵەتی بەنگلادیش.

جەنگی ١٤ رۆژەی یەکبوونی بولگاریا
چیرۆکی ئەم جەنگە لە واژۆکردنی پەیماننامەی بەرلین لە ساڵی ١٨٧٨ بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بولگاریا و پێداچوونەوە بە پەیماننامەی ستیڤانۆ لەنێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و روسیا لە کۆتایی جەنگی نێوان روسیا و عوسمانی دەستیپێکرد.

سربیا و بولگاریش قایل نەبوون بە پەیماننامەکە کە زەوییەکی زۆرتریان لەدەست دەچوو بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتی عوسمانی، کە هەرێمی رومێلیای رۆژهەڵات لەسەر حسابی بولگاریا چووە سەر دەوڵەتی عوسمانی. لە ئەیلولی ١٨٨٥ نەتەوەییەکانی بولگاریا لە رۆمێلیا کودەتایان ئەنجامدا و یەکبوونی هەرێمەکەیان لەگەڵ بولگاریا راگەیاند.

دوای ئەم کودەتایە پاشای سربیا داوای لە بولگاریا کرد چاوپۆشی لە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی بکات بۆ سربیا، کاتێک داواکە رەتکرایەوە، سربیا لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٨٨٥جەنگی لەدژی بولگاریا راگەیاند، هێزەکانی بولگاریا توانی سەرکەوتنی گەورە تۆماربکات. دوای ١٤ رۆژیش جەنگەکە کۆتایی هات ئەوەش دوای قایلبوونی  بولگاریا بە راگەیاندنی ئاگربەست لە رۆژی ٢٨ی هەمان مانگ،ئەوەش بەهۆی ترسی لە هاتنە ناوەوەی نەمسا بۆ شەڕەکە بۆ پشتگیریکردنی سربیا.

لە ٣ی ئازاری ١٨٨٦ پەیماننامەی بوخارست لەنێوان هەردوولادا واژۆ کرا و بولگاریا و رومێلیای رۆژهەڵات بوون بە یەک دەوڵەتی یەکگرتوو.

جەنگی ٢٤ رۆژەی جۆرجیا و ئەرمینیا
لە سەرەتای سەدەی ٢٠ جۆرجیا، ئەرمینیا و ئازەربایجان بەشێک بوون لە ئیمپراتۆریەتی روسیا، لە ٢٦ی ئایاری ١٩١٨ کۆماری جۆرجیای دیموکرات راگەیەندرا، دوو رۆژ دواتریش کۆماری ئازەربایجانی دیموکراتی و کۆماری ئەرمینیا راگەیەندرا.

لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیی دووەم لە تشرینی دووەمی ١٩١٨، ناوچەکانی لوری، ئاخالکالاکی و بورشالو کە سەر بە دەوڵەتی عوسمانی بوون جیابوونەوە، جۆرجیا و ئەرمەنستان داوای ئەم ناوچانەیان دەکرد تاکو گەیشت بە دروستبوونی جەنگ لە نێوان حەوت-٣١ی مانگی کانونی یەکەمی هەمان ساڵ، لەپێناو دەستگرتن بەسەر ئەم ناوچانەدا.

هەردوولا بە نێوەندگیری بەریتانیا هاوپەیمانی ئاشتییان لە کانونی دوومی ١٩١٩ واژۆکرد، هێزەکانی ئەرمینیا و جۆرجیا ناوچەکەیان بەجێهێشت و گفتوگۆیان بۆ دیاریکردنی ناوچەکانیان دیاریکرد. بەم جۆرەش لوری بوو بە ویلایەتێکی ئەرمینیا، ئاخالکالاکی بوو بە بەشێک لە جۆرجیا و بورشالوش بوو بە ناوچەی بێچەک و سەر بە هیچ لایەکیان نەبوو، ئێستاش بووە بە بەشێک لە لوری ئەرمینیا و کفیمۆ کارتلی جۆرجیا.