ڕاپۆرتی جیهانی

06:01 - 03/08/2020

دوکۆرس؛ ئەو سەربازەی لە عێراق هەردوو قاچی لەدەستدا دەبێتە جێگری سەرۆک؟‌

پەیسەر

نزیکەی سێ مانگی دیکە ئەمریکییەکان سەرۆکی ژمارە ٤٦ی وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن، رکابەرییەکی بەهێز لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدندا هەیە، یەکێک لەو خاڵانەی لەم خولەی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا سەرنجی میدیاکانی راکێشاوە، ئەو کەسەیە کە چاوەڕوان دەکرێت ببێت بە جێگری جۆ بایدن ئەگەر سەرۆکایەتیی ئەمریکا بباتەوە، ژنێک کە لە عێراق هەردوو قاچی لەدەستداوە.

دوکۆرس کێیە؟

تامی دوکۆرسی تەمەن ٥٢ ساڵ لە شاری بانکۆکی پایتەختی تایلەند لەدایکبووە، هەڵگری مەدالیای دڵی ئەرخەوانییە، لە جەنگەکاندا ئارەزووی لە شەڕی کۆڵانەکانە و بەشدار بووە لە جەنگی عێراقدا. دوکۆرس وەک باوکی کە شەڕکەرێکی جەنگی ڤێتنام بووە، دەچێتە ریزەکانی سوپاوە.

دایکی دوو منداڵە و یەکێک لە منداڵەکانیشی کاتێک لەدایکبوو کە ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بووە، بەمەش بوو بە یەکەم ژن لەم پۆستەدا بێت و منداڵی ببێت.

 باوکی ئەمریکییە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات و دایکیشی بە رەگەز تایلەندییە. بەهۆی ئەوەی باوکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات لە وڵاتانی سەنگاپورە، ئەندۆنیزیا و کەمبۆدیا ژیاوە، بەمەش فێری زمانی تایلەندی بووە و قسەی پێدەکات.

دوای خانەنشینبوونی لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی هەڵبژێردرا، ساڵی ٢٠١٦ش توانی ببێت بە ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەکەی، گەشانەوەی وەک ئەستێرەیەک لە پڕۆسەی سیاسیی ئەمریکا و سەرکەوتنەکانی زۆر خێران، لە ویلایەتەکەی و سەرجەم ئەمریکاشدا.

ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکایە لە ویلایەتی ئیلینوی، لە ئێستاشدا لەناو ئەو لیستەدایە کە پاڵێوراون بۆ جێگری جۆ بایدن ئەگەر ببێت بە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.

دەرکەوتن
دوکۆرس ماوەی چەند ساڵێکە لە ئەمریکا و بەتایبەت ویلایەتەکەی خۆیدا دەرکەوتووە، بەڵام لە کاتی دەستپێکردنی گفتوگۆکان بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی جێگری جۆ بایدن لە کاتی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی ئەمریکا، ناوەکەی زیاتر دەرکەوتووە.

دیک سیمبسون سەرۆکی بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئیلینوی لە شیکاگۆ پێی وایە، دوکۆرس لە ماوەی نیو سەدەی رابردوودا لە هەموو سیاسییەکانی دیکە خێراتر دەردەکەوێت، تەنانەت لە ئۆباماش خێراتر دەناسرێت و دێتە پێشەوە.

بە قاچەکانی من بڕۆ
یەکێکی دیکە لە وێستگە گرنگەکانی دەرکەوتنی دوکۆرس ئەو کاتە بوو کە کەوتە گفتوگۆوە لەگەڵ تاکر کارلسۆن، کارلسۆن لە کەناڵی فۆکس نیوز گومانی لە نیشتمانپەروەریی  دوکۆرس هەبوو کاتێک وتبووی بە لایەوە ئاساییە پەیکەری دامەزرێنەرانی ئەمریکا و خاوەن بەندەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانی دژە بەندایەتیی و رەگەزپەرستییەوە بشکێنرێت.

دوکۆرس لە وەڵامی کارلسندا وتبووی، "پێویستە یەک میل لەسەر ئەم قاچە دەستکردانەی من رێبکەیت، تاکو بزانیت من ئەمریکام خۆشەوێت یان نا."

ئەم وەڵامەی دوکۆرس بۆ کارلسن سەرنجی ئەمریکییەکانی بە لای خۆیدا راکێشا و کردی بە کەسێکی ناسراو، بۆ هەموانیش دەرکەوت کە دوکۆرس خاوەن لێهاتوویی سیاسیی و پێشینەی سەربازییە.

بەشێک لە دیموکراتەکان بە شایستەی پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکای دەزانن کە ئاسیاییەکی ئەمریکییە و خاوەن پێشینەیەکی باشە، لایەنگرەکانیشی دەڵێن ئەگەر بکرێ بە جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەوا لە ئێستادا دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر کۆکردنەوەی دەنگی بەشێک لە شەڕکەرە ئەمریکییە خانەنشینکراوەکان، کەمینەکان و ژنان بۆ جۆ بایدن.

 رکابەرەکانی دوکۆرس
زۆریشن ئەو کەسانەی پێیان وایە پێویستە کەسێکی رەشپێستی وەک کامالا هاریس بکرێت بە جێگری سەرۆک نەک دوکۆرس، ئەمەش بۆ کۆکردنەوەی دەنگی رەشپێستەکان لە بەرژەوەندی بایدن.

هەندێکی دیکە بۆچوونیان وایە باشترین کەس بۆ پۆستی جێگری بایدن، میشێل لوژان گریشام حاکمی ویلایەتی نیو مەکسیکۆیە کە لە ماوەی رابردوودا فەرمانی ترەمپی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆچبەرە مەکسیکییەکان شکاند و پاسەوانی سنوری لە سەر سنور کشاندەوە.

جێگرێک بە تامی سەرۆک
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گرنگیی دیاریکردنی کەسێکی لێهاتوو بۆ جێگری سەرۆک، پەیوەندی بە زۆریی تەمەنی جۆ بایدنەوە هەیە کە ئێستا تەمەنی ٧٧ ساڵە.

لە ئەگەری هەڵبژاردنی بە سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتیکردنی وڵاتەکەیدا تەمەنی جۆ بایدن دەگاتە ٨٢ ساڵ، ئەمەش وای کردووە کە تەنانەت لایەنگرە سەرسەختەکانی پێیان وابێت ئەگەر ببێتە سەرۆکیش، ئەوا ناتوانێت خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێبکات.

بەم جۆرە و بەهۆی زۆری تەمەنی بایدنەوە، گومان وایە ئەو کەسەی دەبێت بە جێگری جۆ بایدن دواتر و راستەوخۆ دەبێت بە سەرۆکی ئەمریکا.

دوکۆرس و جەنگ
دوکۆرس لە ساڵی ٢٠٠٤ کاتێک لە عێراق فڕۆکەکەی لەلایەن چەکدارانەوە دەکرێتە ئامانج و دەکەوێتە خوارەوە هەردوو قاچی لەدەستدەدات، دوای ١٥ ساڵیش لەم رووداوە سەردانی عێراقی کردەوە و دواتریش هاتە هەرێمی کوردستان.

دوکۆرس پێی وایە جەنگی عێراق هەڵە بووە و وانەیەکی قورسیش بووە، بەردەوامیش باس لە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەکات، لە بواری چاودێریی تەندروستی و کاروباری سەربازە پێشووەکانی وڵاتەکەی کار دەکات.

دوکۆرس لە رووی ئایدۆلۆجییەوە لە بیرکرنەوەکانی جۆ بایدنەوە نزیکە و دیموکراتێکی ناوەندە، لە ناو ئەندامە دیموکراتەکانی ئەنجومەنی پیرانیشدا وەک کەسێکی دیار دەرکەوتووە. لە هەفتەکانی رابردووشدا رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ گرت کە "شکستی هێناوە لە سەرکردایەتیکردنی گەلەکەیاندا."