ڕاپۆرتی جیهانی

02:11 - 04/08/2020

تره‌مپ بۆچى شه‌ڕ به‌ تیك تۆك ده‌فرۆشێت؟‌

پەیسەر پرێس

شه‌ڕى دۆناڵد تره‌مپ له‌ گه‌ڵ تیك تۆك تادێت گه‌رمتر ده‌بێت، تره‌مپ ده‌ڵێت یا فرۆشتنى ته‌واوه‌تى به‌ كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان، یاخود داخستنى ته‌واوه‌تى، سه‌رۆكى ئه‌مریكا دوایین مۆڵه‌تى به‌ كۆمپانیا چینییه‌كه‌ داوه‌ بۆ راده‌ستكردنى تیك تۆك، تا ناوه‌ڕاستى مانگى داهاتوو‌ كاتى دیاریكردووه‌، ته‌نها به‌ فرۆشتنیشى رازى نابێت، به‌ڵكو ده‌ڵێت، به‌شێكى داهاتى فرۆشتنه‌كه‌ى بۆ حكومه‌تى ئه‌مریكا بێت.

ئه‌پلیكه‌یشتنى تیك تۆك به‌ خێراییه‌كى به‌رچاو به‌نێو وڵاتاندا بڵاوه‌یكرد، ئێستا نزیكه‌ى ملیارێك به‌كارهێنه‌رى هه‌یه‌ و سه‌دا ١٠ى به‌كارهێنه‌ره‌كانى له‌ ئه‌مریكان، واته‌ ١٠٠ ملیۆن به‌كارهێنه‌رى ئه‌مریكى و ژماره‌كه‌ش به‌رده‌وام روو له‌ هه‌ڵكشانه‌. ئه‌وه‌ش ئیداره‌ى تره‌مپ-ى ترساندووه‌، هه‌م له‌و قازانجه‌ زۆره‌ى كۆمپانیاكه‌ ده‌یكات هه‌م له‌وه‌ى ئه‌په‌كه‌ بۆ سیخوڕیكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ده‌زگاى هه‌واڵگریى چین به‌كاربهێنرێت. 

شه‌ڕى تیك تۆك و ترەمپ

شه‌ڕى ئیداره‌ى دۆناڵد تره‌مپ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى بایتدانس-ى چینى درێژكراوه‌ى شه‌ڕى ساردى سیاسى و ئابوورى نێوان واشنتن و په‌كینه‌، ئاڵۆزییه‌كانى هه‌ردوو وڵات له‌سه‌ر دۆسیه‌ى كۆرۆنا و هاوكات گومانى ئه‌مریكا له‌ تۆڕى ئینته‌رنێتى نه‌وه‌ى پێنجه‌م(g5) گوایه‌ چین بۆ كارى هه‌واڵگرى به‌كاردێنێت، شه‌ڕى تیك تۆكى زیاتر گه‌رم كردووه‌.

ئیداره‌ى ئه‌مریكا ترسى له‌وه‌یه‌ تیك تۆك بۆ كارى هه‌واڵگریى چین به‌كاربهێندرێت، مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا به‌ راشكاوى رایگه‌یاند، ئه‌وانه‌ى ئه‌په‌كه‌ له‌سه‌ر مۆبایله‌كانیان داونلۆد ده‌كه‌ن، هه‌موو زانیارییه‌ كه‌سییه‌كانیان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست حزبى كۆمه‌نیستى چین.

ته‌شه‌نه‌ سه‌ندنى به‌رچاوى به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ زیاتر ئیداره‌ى كۆشكى سپى ترساندووه‌، به‌و پێیه‌ى ١٠٠ ملیۆن به‌كارهێنه‌ر له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا له‌ ئه‌مریكا ژماره‌یه‌كى پێوانییه‌، هاوكات لقى ئه‌مریكاى تیك تۆك ده‌ڵێت، هه‌زار و ٥٠٠ كارمه‌ندیان هه‌یه‌ و له‌ ماوه‌ى سێ ساڵى داهاتوودا ١٠ هه‌زار هه‌لى كار ده‌ڕه‌خسێنن.

پێده‌چێت ئه‌و شه‌ڕه‌ى تره‌مپ له‌گه‌ڵ تیك تۆك ده‌یكات، به‌پله‌ى یه‌كه‌م شه‌ڕى پاره‌و قازانج بێت، به‌وپێیه‌ى سه‌ره‌تاو كۆتایى دانوستانه‌كان باسى پاره‌ن، به‌شێكى دیكه‌ى ململانێكه‌ له‌چوارچێوه‌ى شه‌ڕى ساردى هه‌ردوو وڵات و هه‌ستیارییانه‌ به‌ یه‌كترى و ترس له‌وه‌ى له‌رێگه‌ى یه‌كێك له‌ ئه‌په‌ چینییه‌كانه‌وه‌، په‌كین دزه‌ بكاته‌ دامه‌زراوه‌ هه‌ستیاره‌كانى ئه‌مریكاوه‌.

ئه‌مریكا هانى كۆمپانیاكانى ده‌دات

ئیداره‌ى كۆشكى سپى هانى كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان ده‌دات، كه‌ هه‌وڵى كڕینى یه‌كجاره‌كى تیك تۆك بده‌ن، دۆناڵد ترمپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا رایگه‌یاند، ئه‌وان پێشوازى له‌ كڕینى بیرۆكه‌ى كڕینى تیك تۆك یاخود سه‌دا ٣٠ یاخود به‌شێكى کۆمپانیاكه‌ ناكه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌موو به‌شه‌كانى كۆمپانیاكه‌ بفرۆشرێت، ئه‌گه‌رنا به‌یه‌ك جارى تیك تۆك له‌ ئه‌مریكا قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن.

چه‌ند رۆژى رابردوو كۆبوونه‌وه‌ى چه‌ند كۆمپانیایه‌كى ئه‌مریكى له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى كۆشكى سپى به‌ڕێوه‌چوو كۆمپانیاى مایكرۆسۆفت به‌شداربووى سه‌ره‌كى كۆبوونه‌وه‌كه‌بوو كه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بایتدانس ده‌ستپێكردووه‌ بۆ كڕینى تیك تۆك، دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ قسه‌كانى تره‌مپ له‌ جاران توندتر بوون، پێده‌چێت مایكرۆسۆفت بێ ئه‌نجامى دانوستانه‌كانى بۆ كۆشكى سپى روونكردبێته‌وه‌، بۆیه‌ش تره‌مپ گوتى، یا هه‌مووى ده‌فرۆشن یاخود ده‌بێت تیك تۆك دابخرێت.

به‌پێى زانیاریى میدیا ئه‌مریكییه‌كان نرخى تیك تۆك نزیك ٣٠ ملیار دۆلارە، هەندێك زانیاریش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ مایكرۆسۆفت به‌ نیازه‌ تیك تۆك به‌ ٥٠ ملیار دینار بكڕێته‌وه‌، رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى رابردوو میدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌، دوا به‌دواى لێدوانه‌ تونده‌كانى دۆناڵد تره‌مپ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى داخستنى تیك تۆكى كرد، كۆمپانیاى مایكرۆ سۆفت دانوستانه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمپانیا چینییه‌كه‌ بۆ كڕینى تیك تۆك هه‌ڵپه‌سارد و ئێستا هیچ گفتوگۆیه‌ك به‌ڕێوه‌ناچێت.

راگرتنى دانوستانه‌كان له‌لایه‌ن مایكرۆسۆفته‌وه‌، خوێندنه‌وه‌ى جیاوازى بۆكرا، هه‌ندێك وا خوێندنه‌وه‌یان بۆ كرد، كه‌ ئه‌مه‌ فێڵێكى هاوبه‌شى مایكرۆسۆفت و تره‌مپه‌، تا كۆمپانیاى بایتدانس رازى ببێت به‌و نرخانه‌ى مایكرۆسۆفت خستونیه‌تیه‌ سه‌رمێز، بۆیه‌ش تره‌مپ به‌ توندى قسه‌یکرد تا بایتدانس هیچ ئاسۆیه‌ك بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ى نه‌بینێته‌وه‌و به‌و نرخەى ئه‌مریكییه‌كان ده‌یانه‌وێت پێیان بفرۆشێت.

چه‌ند میدیایه‌كى دیكه‌ش باسیان له‌وه‌كرد، راگرتنى دانوستانه‌كان بۆ كڕینى تیك تۆك بۆ لێدوانه‌كانى تره‌مپ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ مایكرۆسۆفت دوودڵه‌ له‌وه‌ى تیك تۆك بكڕێت و له‌ داهاتوودا ئه‌وه‌ بسه‌لمێنرێت كه‌ بۆ سیخوڕى به‌كاردێت، به‌و جۆره‌ش به‌كارهێنه‌رى لێ بته‌كێته‌وه‌، یاخود ئه‌مریكا كۆتوبه‌ندى له‌سه‌ر دابنێت و ئازادیى پێشووى نه‌مێنێت.

تره‌مپ ده‌یه‌وێت بكڕێت و پاره‌شى ده‌ستكه‌وێت

دۆناڵد تره‌مپ ته‌نها به‌وه‌ رازى نابێت كه‌ تیك تۆك بفرۆشرێت به‌ كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان، به‌ڵكو ده‌ڵێت، ئه‌و پاره‌ زۆره‌ له‌ داهاتى فرۆشتنى تیك تۆك ده‌ستى كۆمپانیا چینییه‌كه‌ ده‌ستى ده‌كه‌وێت، ده‌چێت بۆ چین، بۆیه‌ ده‌بێت به‌شێكى پاره‌كه‌ بدرێت به‌ ئیداره‌ى ئه‌مریكا، ئه‌مه‌ش بۆ چاودێران قسه‌یه‌كى نامۆبوو چونكه‌ ئیداره‌ى ئه‌مریكا هیچ پشكێكى نییه‌ و داواى پاره‌ش ده‌كات له‌ فرۆشتنى.

مامه‌ڵه‌ى تیك تۆك له‌ تره‌مپ ئاڵۆز بووه‌، به‌و پێیه‌ى له‌نێو شه‌قامى ئه‌مریكى و چالاكوانانیش خه‌ڵكانێكى زۆر پشتیوانى تیك تۆكن، ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌ له‌ ئیداره‌ى ترامپ ده‌گرن، كه‌ بڕیارى راگرتنى تیك تۆك مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ئازادى راده‌ربڕین له‌ ئینته‌رنێت.

ئه‌گه‌ر تیك تۆك به‌ كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان نه‌فرۆشێت، ئه‌وا كۆمپانیاى بایتدانس رووبه‌ڕووى دووه‌م گورز ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ پێشتر هیندستانیش تیك تۆكى قه‌ده‌غه‌كرد، ئه‌مه‌ش زیانێكى گه‌وره‌ بوو بۆ كۆمپانیاكه‌ چونكه‌ ژماره‌ى دانیشتوانى هندستان ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن کەسن. ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌مریكاش قه‌ده‌غه‌ بكرێت له‌ دوو گه‌وره‌ وڵاتى جیهان به‌كارهێنه‌رى نابێت.

رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو ترامپ رایگه‌یاند:"تیک تۆک لە ئەمریکا قەدەغە دەکەین. ئێستا  دەسەڵاتی ئابووری دۆخی لە ناکاوی پێدراوە، بۆ قەدەغە کردنی تیک تۆک یان پەنا دەبەینه‌ بەر بەکارهێنانى ئەو دەسەڵاتە یاخود بڕیارنامەیەکی سەرۆکایەتی".

تیک تۆک نا ئومێد نه‌بووه‌

كۆمپانیاى تیك تۆك به‌رده‌وام تۆمەته‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت،  ناوەندی زانیارییەکانی تۆڕەکەیان لە دەرەوەی چینە، پابەندی یاساکانی وڵاتی چینیش نابێت و زانیارییە تایبەتەکانی بەکارهێنەرە ئەمریکییەکانیش لە ئەمریکا دەپارێزێت، ده‌شڵێت، نیگه‌رانییه‌كان له‌ خۆڕاییه‌.

هاوكات به‌پێى میدیا ئه‌مریكییه‌كان تیك تۆك هێشتا نا ئومێد نه‌بووه‌و له‌ گفتوگۆكان به‌رده‌وامه‌ بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى كۆشكى سپى.

تیک تۆک

تیک تۆک تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە، تۆڕەکە چینییە، لەلایەن کۆمپانیای (ByteDance) دروستکرا و پەرەی پێدرا کە کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن (Zhang Yiming)وە دامەزراوە و بارەگای سەرەکی لە پەکینی پایتەختی چینە.

تۆڕەکە کە بەکارهێنەرانی لە ملیارێک کەس نزیک دەبنەوە، لە زۆر وڵاتدا جێگای مشتومڕە، بەشێک لە وڵاتان بەهۆی باری ئەمنییەوە دژایەتیی دەکەن و هەندێک وڵاتیش بۆ کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە مەترسیدارەکانی.

تیک تۆک بە خێراییەکی زۆر بڵاوبوویەوە، تەنها لە سێ مانگی یەکەمی دروستبوونیدا، ٣١٥ ملیۆن جار دابەزێندراوە، بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیای شیکەرەوەی تەکنۆلۆژی (Sensor Tower)، لە چارەکی یەکەمی دامەزراندنیدا، بەراورد بە هەموو تۆڕەکانی دیکە، یەکەم تۆڕە ئەو هەموو بەکارهێنەرەی هەبووبێت.