ڕاپۆرتی جیهانی

06:11 - 04/08/2020

ئەمریکا و چین دەچنە نێو جەنگی ساردی درێژخایەنەوە؟‌

پەیسەر

ماوەی چەند ساڵێکە ململانێکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین چوونەتە قۆناغێکی توند و ئاڵۆزەوە، هەردوو وڵات بۆ رێبەرایەتیکردنی جیهان لە هەوڵدان و دەیانەوێت زەوی کۆنترۆڵ بکەن، رۆژنامەی رۆژنامە بەناوبانگەکان ئاماژەکانی ئەو جەنگە ساردە دەخەنەڕوو کە ئەگەری روودانی هەیە و بەشێکی زۆری جیهانیش بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات.

راگەیاندنی جەنگی سارد
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز وتارێکی سپێنسەر بۆکات لیندڵی نووسەر بڵاوکردووەتەوە کە باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین دەکات کە ماوەی چەند ساڵێکە ئاڵۆزی وەهای بەخۆیەوە نەبینیوە و ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بن، ئەوا بە کردەیی دەچنە ناو جەنگی ساردەوە.

بەشێک لە چاودێران وتەکانی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا بە راگەیاندنی جەنگی سارد دادەنێن کە وتبووی، "نموونەی کۆن بۆ بەشداریکردنی کوێرەکان کۆتاییهاتووە کە لە سەردەمی نیکسۆنەوە دەستیپیکردبوو، ئەگەر بمانەوێ سەدەی ٢١ ئازاد بێت، ئەوا دەبێت جیهانی ئازاد بەسەر ئەم لەڕێدەرچوونەدا زاڵبێت."

نووسەری وتارەکە دەربارەی وتەکانی پۆمپیۆ دەڵێت، وتەکانی پۆمپیۆ دەریخست کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین لە ئەوپەڕی لاوازیدایە. ئەم پەیوەندیانە لە ئاڵۆزیدایە بەهۆی سزا دیپلۆماسییەکان و کاردانەوە تۆڵەسێنەکانی پەیوەست بە زەوی، بازرگانی، ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاروباری سیخوڕیکردن بەسەر یەکەوە و سەرکوتکردنی هۆنگ کۆنگ لەلایەن چینەوە، بەڵام دەستگیرکردنی مسوڵمانانی هەرێمی شینگیانگ لەلایەن چینەوە کاری نەکردووەتە سەر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

جەنگێکی جیاواز
جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و چین جیاواز دەبێت، هەردوو وڵاتدا لە لوتکەی بەهێزی خۆیاندان، سەرجەم وڵاتانی جیهانیش هەریەکە و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ یەکێک لەم دوو وڵاتەدا هەیە، بۆیە هەر جەنگیکی سارد راستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت.

چاودێران، پێیان وایە بەهۆی پێویستی هەردوو وڵات بە یەکتر، جەنگەکەشیان جیاواز دەبێت و لە جەنگە ساردەکانی دیکە ناچن، لەم بارەیەوە ماریۆ دیل پیرۆ مامۆستای مێژووی نێودەوڵەتی لە پەیمانگای توێژینەوە سیاسیەکان لە پاریس دەڵێت، چین پێویستی بە بازاڕی ئەمریکا هەیە بۆ ساغکردنەوەی شمەکەکانی و هەزاران خوێندکاری چینیش لە زانکۆکانی ئەمریکا دەخوێنن، ئەمریکاش لە بواری ئاڵوگۆڕی پیشەسازیدا پێویستی بە چین هەیە، بۆیە ئەم پێویستییە هاوبەشە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا هەیە و هەر ئاڵۆزییەک کاریگەریی لەسەر هەردوولا دەبێت.

تێچوونێکی زەبەلاح
ناسانیل تابلین لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ باس لەوە دەکات بەهۆی پێویستی ئابووری هەردوولا بە یەکتر، هەر دوورکەوتنەوەیەک لە یەکتر تێچوونێکی گەورەی دەوێت، وەک دەبینرێت ئەمریکییەکان ئەو ئایفۆنە بەکاردەهێنن کە لە چین بەرهەمدەهێنرێت و دەبەسترێت، زانکۆکانی ئەمریکاش پێویستیان بەو پارە زۆرەیە کە لە خوێندکارە چینییەکانەوە دەستیان دەکەوێت.

نووسە پێی وایە دوورکەوتنەوە لە چین حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا ناچار دەکات پارە بە زانکۆکان بدات بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و وانەکانی بیرکاری، ئەمەش دەریدەخات کە ئەم دوو وڵاتە چەند پێویستیان بە یەکترە.

تابلین دەڵێت، ئەگەر دوورکەوتنەوە لە چین رووبدات ئەوا سەپاندنی باج ناچاریی دەبێت و دەبێت ئەمریکا دەستی کار و توانا لە وڵاتانی دیکە و بەتایبەت هندستانەوە بهێنێت، ئەوەش بۆ قەرەبووکردنەوەی لەدەستدانی عەقڵە چینییەکان بەهۆی ئەم دوورکەوتنەوەیە.

لە بازرگانییەوە بۆ سەربازی
ململانێکانی نێوان ئەمریکا و چین لە بواری ئابووریدا تاکو دێت بەهێز و توندتر دەبێت، بەتایبەت لە ئاوەکانی دەریای باشوری چین کە هەردوولا بە مافی خۆیانی دەزانن لەو ناوچەیەدا بە دوای سەرچاوە سروشتییەکاندا بگەڕێن.

 مایکڵ تی کلیر مامۆستا لە کۆلێژی هامبشایر پێی وایە دوور نییە ناکۆکییە ئابوورییەکانی نێوان ئەمریکا و چین بگوازرێتەوە بۆ ململانێی سەربازیی، بەتایبەت دوای رووبەڕووبوونەوەکانی کەشتییەکانی هەردوولا لە دەریای باشوری چین، کە ئەگەر بەردەوام بن ئەگەر هەیە پێکدادانی خوێناویی لێبکەوێتەوە.

بەشێک لە نووسەر، رۆژنامەوان، بیریار و سیاسییەکانی ئەمریکا پێیان وایە باشترین رێگا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆماری گەلی چین هاوکاریی و پێکەوە کارکردنە نەک ململانێ و رکابەریی، چونکە چین لە سەرجەم بوارەکاندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ناکرێت فەرامۆش بکرێت، بۆیە هەردوو وڵات پێویستییەکی زۆریان بە یەکتر هەیە.

ئەمریکا و چین بەباشی توانا و بەهێزی یەکتر دەناسن، دەزانن چەند پێویستیان بە یەکترە، بۆیە پێش دەستپێکردنی جەنگی سارد بە قوڵی بیر لە دەرئەنجامەکانی دەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە جەنگەکان ئەو کاتە روودەدەن کە هەموان پێیان وایە باشترین کاتە بۆ ئاشتی.