ڕاپۆرتی جیهانی

04:55 - 05/08/2020

چارەسەربووانی کۆرۆنا دووچاری چ نەخۆشییەکی دەروونی دەبنەوە؟‌

پەیسەر

 توێژینەوەیه‌كی نوێی زانستی دەریخستووە کە زیاتر لە نیوەی ئەو نەخۆشانەی کە لە کۆرۆنا چاکدەبنەوە. پاش مانگێک لە دەرچوونیان لە نەخۆشخانە و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە دووچاری کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی دەبنەوە. لەوانە: دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، خەوزڕاندن.

 
 توێژینەوەکانی نەخۆشخانەی (سەن رافلێ) ی میلان لە ئیتاڵیا، باس لەوە دەکات کە ئەگەری ئەوەی تووشبووانی کۆرۆنا لەپاش چاکبوونەوەیان دووچاری کێشەی دەروونی ببنەوە زیادی کردووە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ڕۆیتەرز، ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە دەریخستووە ، لە کۆی ٤٠٢ نەخۆشی چاکبووەوە لە پاش کۆرۆنا کە خراونەتە ژێر چاودێری، بەپێی ئاستی هەوکردن و خراپی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە .زیاتر لە نیوەیان یەکێک لەو کێشە دەروونییانەیان تووش دەبێت کە پێشتر باسکرا.

 لەم توێژینەوەیەدا، نەخۆشە چاکبووەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بریتیبوون لە ٢٦٥پیاو لەگەڵ ١٣٧ ژن، کە تا مانگێک لەپاش چاکبوونەوەیان خرابوونە ژێر چاودێریی.

 پرۆفیسۆر (فرانچیسکۆ بنەدتێ)، بەڕێوەبەری یەکەی توێژینەوە لە بەشی دەروونناسی و دەروونپزیشکی كلینیكی و جه‌سته‌یی سەر بە نەخۆشخانەی (سەن رافلێ)، ڕایگەیاندووە کە هەر لە پاش دەرکەوتنی نیشانەکانی ڤایرۆسەکە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی دەروونی لە کەسەکەدا. بەپێی چاوپێکەوتن و پرسیار و وەڵامی پزیشکان لەو تووشبووانەی کە چاکبوونەوە لە ڤایرۆسەکە.

پزیشکەکان بۆیان دەرکەوتبوو ڕێژەی ٢٨% تووشی فشاری دەروونی بوون و ڕێژەی ٣١% تووشی خەمۆکی و ٤٢% تووشی دڵەڕاوکێ بوون و ڕێژەی خەوزڕاندن ٤٠% و هەروەها ٢٠ % تووشی وەسواسی فیکری بوون.

 ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیش لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەم دواییەدا ڕێژەی زۆربوونی نەخۆشی دەروونی پاش چاکبوونەوە لە کۆرۆنا زیادی کردووە.

 ئەنجامی ئەم توێژینەوانە دەریخستووە کە ژنان بەڕێژەیەکی زیاتر دووچاری دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەبنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕێژەی مەترسی و مردنی ژنان بەهۆی کۆرۆناوە لەچاو پیاواندا کەمترە.

پرۆفیسۆر (بنەدتێ) سەبارەت بەهۆکاری ئەمە ڕایگەیاندووە هۆکاری ئەم بابەتە بۆ جیاوازی کارکردنی سیستەمی بەرگری لەشی پیاوان و ژنان دەگەڕێنێتەوە.

 لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەو نەخۆشانەی کە لە نەخۆشخانەکاندا دەمێننەوە و دەخەوێنرێن ڕێژەی تووشبوونیان بەم نەخۆشییانە زیاترە لەو نەخۆشانەی کە پاش وەرگرتنی دەرمان لە نەخۆشخانەکان ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە.

هۆکاری تووشبوونی خەڵکی بەم نەخۆشییە دەروونییانە دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ کاردانەوەی سیستەمی بەرگری لەش لەبەرانبەر ڤایرۆسەکە و هەمیش دەکرێت هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ هۆکاری دڵەڕاوکێی دەروونی وەکو شەرمەزاری و بەدناوی، و گۆشەگیری کۆمەڵایەتی و نیگەرانی نەخۆشەکە لەوەی کە ببێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشەکە بۆ کەسانی چواردەوری.

 

وه‌ك شاره‌زاكانیش باسی ده‌كه‌ن ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی دیكه‌ ده‌گۆڕێت.