ڕاپۆرتی جیهانی

05:45 - 05/08/2020

ئەو تەقینەوانەی لە مێژوودا بەهۆی نیتراتی ئەمۆنیۆمەوە روویانداوە‌

پەیسەر

دوێنێ نیتراتی ئەمۆنیۆم جارێکی دیکە گەڕایەوە گیانی مرۆڤ، ئەمجارە شارە تاقانە و دڵڕفێنەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بە قوربانی دەست ئەم مادە رەزا قورسە، نیوەی شارەکە زیانی لێکەوت، دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش بریندار بوون، سەدان هەزار کەسیش بێماڵ و حاڵ بوون و لە ئێستادا شوێنی مانەوەیان نییە.

نیتراتی ئەمۆنیۆم
نیتراتی ئەمۆنیۆم، مادەیەكی كیمیاییە و هێما كیمیاوییەكەی (NH4NO3)، مادەیەكی بلوری بێ رەنگە، ئەم ماددەیە لە ئاودا دەتوێتەوە و بە خوێی بەردینیش ناوزەد دەكرێت، لە کاتی یەکگرتنی لەگەڵ بەنزین و رۆنی گاز دەبێت بە ماددەیەکی تەقینەوەی ترسناک و بەهێز، بۆیە پێویستە زۆر بە وریاییەوە بەکاربهێنرێت.

ئەنجوومەنی بەرگریی لوبنان لە راپۆرتێکیدا سەبارەت بە تەقینەوەکە بڵاویکردەوە، تەقینەوەکەی دوێنێ بەهۆی گڕگرتنی 2750 تەن لە ماددەی ئەمۆنیۆم بووە کە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر کەشتییەک لە رێگادا بووە بەرەو کیشوەری ئەفریقا، بەڵام لە نزیک بەیروت پەکی کەوتووە و دەستی بەسەردا گیراوە، لەو کاتەوە تاکو ئێستا هەڵگیراوە، بەڵام بەهۆی نازانستیبوونی هەڵگرتنییەوە گڕی گرتووە و تەقیوەتەوە.

یەکەم کارەساتی نیتراتی ئەمۆنیۆم
نیتراتی ئەمۆنیۆم لە مێژوودا و چەند جارێک زیانی گەورەی لە مرۆڤایەتیی گەیاندووە، دەیان تەقینەوە بەهۆی ئەم ماددەیەوە روویانداوە و سەدان کەسی کردووەتە قوربانی.

یەکەم تەقینەوە بەهۆی ئەم ماددەیەوە روویدابێت و زیانی گەورەی بە مرۆڤ گەیاندبێت لە بەلجیکا بوو. ٧٨ ساڵ پێش ئێستا، لە شارۆچکەی (Tessenderlo)ی بەلجیکا و بە دیاریکراوی لە ٢٩ی نیسانی ١٩٤٢ یەکەم تەقینەوە بەهۆی ئەم ماددەیەوە روویدا، بەهۆی ئەم تەقینەوەیەوە ١٨٩ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.

تەقینەوەکەی بەلجیکا لە کاتژمێر ١١:٢٠ خولەک روویدا، ژمارەیەکی زۆر قوتابی قوتابخانەکانی نزیک ئەو کارگەیەی تەقینەوەکەی تێدا روویدا، گیانیان لەدەستدا. بەپێی زانیاری ئەو تۆمارانەی لە قسەی شایەتحاڵەکانەوە وەرگیراوە، لە هەرماڵیکی ناوچەکەدا کەسێک بەهۆی ئەم تەقینەوەیەوە گیانی لەدەستداوە.

ئەو ١٨٩ کەسەی بەهۆی ئەم تەقینەوەیەوە گیانیان لەدەستدا، لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژران، دوای ماوەیەک هەر خێزانێک رووفاتی ئەندامەکانی خۆی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا دەرهێنایەوە و لە گۆڕی سەربەخۆدا ناشتیاننەوە.

تەقینەوەکە بە رووبەری ٧٠ مەتر و قوڵی ٢٣ مەتر چاڵێکی دروستکرد، شوێنە بەرزەکانی شارۆچەکەکە بە دوکەڵی تەقینەوەکە تەنران، هەر لە تەقینەوەکەدا سەدان کەس قاچ و دەستیان لەدەستدا.

تەقینەوەکە لە کارگەی کیمیایی (Produits Chimiques Tessenderloo) لە کاتێکدا روویدا، کە کارمەندانی کارگەکە سەرقاڵی ئامادەکردنی ٢٠٠ تۆن ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم بوون، ئەو سەردەمە خەڵک پێیان وابوو ئەوەی روویداوە تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی بووە، بەهۆی تەقینەوەکەوە هەموو شارۆچکەکە وێران بوو، سەرەتا گومان دەکرا نازییەکان لە پشت تەقینەوەکەوە بن، بەڵام دواتر دەرکەوت بەهۆی هەڵەوە روویداوە.

ساڵی ١٩٤٣ (Nestor Sevrin) بەڕێوەبەری کارگەکە بەهۆی خەمخواردنەوە نەخۆشکەوت و گیانی لەدەستدا.

نیتراتەکەی ئەمریکا؛ ٦٠٠ مردن

گەورەترین تەقینەوە بەهۆی نیتراتی ئەمۆنیۆمەوە روویدا بێت و زۆرترین کەسی تێدا مردبێت، لە ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا بوو.

لە رۆژانی ١٦-١٧ی نیسانی ١٩٤٧ لە (Texas City Harbor) ئاگرێکی گەورە کەوتەوە، لەو کاتەدا دوو کەشتی کە نیتراتی ئەمۆنیۆمیان هەڵگرتبوو تەقینەوە و لە ئەنجامدا ٦٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا.

فەڕەنسا؛ قوربانییەکی دیکەی ئەمۆنیۆم
٢١ی ئەیلولی ٢٠٠١ لە شاری (Toulouse)ی فەڕەنسا لە دامەزراوەی (AZF)ی کیمیاوییدا، تەقینەوەیەک بەهۆی نیتراتی ئەمۆنیۆمەوە روویدا، لە ئەنجامدا ٣١ کەس گیانیان لەدەستدا.

سەرەتا گومان دەکرا تەقینەوەکە هێرشی تیرۆریستی بێت، بەڵام دواتر دەرکەوت بەهۆی فەرامۆشکردنییەوە، ٥٠٠ کیلۆ گرام نیتراتی ئەمۆنیۆم لەگەڵ بەرهەمێکی کلۆریدا تێکەڵبوون و بووەتە هۆی تەقینەوەکە.

ژمارەی ئەو کەسانەی لەم تەقینەوەیەدا بریندار بوون چاوەڕوان نەکراو بوو، هەشت هەزار کەس بریندار بوون کە برینی دوو هەزار و ٥٠٠ کەسیان قورس بوون.

دووبارە تەکساس؛ ١٢ قوربانی
دوای زیاتر لە نیو سەدە، ویلایەتی تەکساس دەبێتەوە بە قوربانی نیتراتی ئەمۆنیۆم، لە ١٧ی نیسانی ٢٠١٣، لە کارگەیەکی پەینی کیمیایدا لە ویلاەتی تەکساس تەقینەوەیەک روویدا و بەهۆیەوە ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا.

لەم تەقینەوەیەی تەکساسدا لانی کەم دوو هەزار کەس بریندار بوون، پسپۆڕانیش ئاشکرایان کرد تەقینەوەکە بەهۆی گەیشتنی ئاگر بووە بە ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم لە کارگەکەدا.

چین؛ ١٧٣ قوربانی
یەکێکی دیکە لەو رووداوانەی بەهۆی نیتراتی ئەمۆنیۆمەوە روویدا و چووە نێو تۆماری زیانە گیانییەکانی ئەم ماددەوە لە چین بوو.

لە ١٢ی ئابی ٢٠١٥ لە شاری (Tianjin)ی چین تەقینەوەیەک لە گەنجینەیەک کە لە کۆنتێنەردا هەڵگیرابوو روویدا، لە ئەنجامدا ١٧٣ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش بریندار بوون.

دوو تەقینەوەی یەکەم لە ماوەی ٣٠ چرکەدا روویاندا، تەقینەوەی دووەم گەورەتر بوو کە تێیدا ٨٠٠ تۆن ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم تەقییەوە.

نیتراتی ئەمۆنیۆم وەک چەک
تەقینەوەکانی پێشوو کە بەهۆی نیتراتی ئەمۆنیۆم بوون لە ئەنجامی هەڵەی مرۆڤ و فەرامۆشکردنەوە روویاندابوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣ لە شاری ئیستانبوڵ ئەم ماددەیە لە کاتی هێرشکردندا بەکارهێنرا.

لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٣ هێرش کرایە سەر پەرستگاکانی (Neve Şalom) لە ئیستانبوڵ و لە ٢٠ هەمان مانگیشدا هێرش کرایە سەر بانکی (HSBC) لە هەمان شار، لە هەردوو هێرشەکەدا ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم بەکارهێنرابوو.  لە چوار خاڵدا چەند بارهەڵگرێکی پڕ لە نیتراتی ئەمۆنیۆم تەقێندرانەوە و لە ئەنجامدا ٥٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.