ڕاپۆرتی جیهانی

02:45 - 06/08/2020

قەتەر وڵاتی خێرخوازیی یان پشتیوانی تیرۆر؟‌

پەیسەر

ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە نیوەی شاری بەیروت کەوتە ژێر گرمە و دوکەڵی گەورەترین تەقینەوە لە مێژووی خۆیدا، دوای تەقینەوەکە بەشێک لە چاودێران حزبوڵایان تۆمەتبار کرد، لە ماوەی دوو رۆژە چەند راپۆرتێک لەسەر تێوەگلانی حزبوڵا لە بازرگانی چەک بڵاودەکرێتەوە، تۆڕی فۆکس نیوزیش راپۆرتیکی لەبارەی پێدانی چەک بە حزبوڵا لەلایەن قەتەرەوە بڵاوکردووەتەوە.

چەک لە قەتەرەوە بۆ حزبوڵا
تۆڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی دۆسییەکی نهێنیی بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە، بەرپرسانی قەتەری و لەنێوشیاندا عەبدولڕەحمان محەممەد سولەیمان خەلیفی باڵیۆزی قەتەر لە بەلجیکا و ناتۆ، چەکیان بۆ حزبوڵا دابینکردووە، کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر گیانی دەیان هەزار سەربازی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی سەربازی ئەلعودەید لە قەتەر.

تۆڕەکە زانیارییەکانی لە کارمەندێکی هەواڵگری ئەمنیی ئەمریکییەوە گواستووەتەوە کە بە جایسن ج. ناوی هێنراوە، جایسن توانیویەتی ئەم زانیارییانە دزە پێبکات و بگات بەو زانیاریانەی کە باس لە فرۆشتنی چەک بە حزبولا دەکەن لەلایەن قەتەرەوە، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی دەسەڵاتداریش رێگەی بەم پارەدارکردنە داوە.

٧٥٠ هەزار یۆرۆ
بەپێی زانیارییەکانی دۆسییەکە باڵیۆزەکەی قەتەر رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە پڕچەککردنی حزبوڵا، لە ساڵی ٢٠١٧وە ٧٥٠ هەزار یۆرۆی رێکخستووە تاکو قەتەر بتوانێت رۆڵێکی گەورە ببینێت لە پڕچەککردن و بەهێزکردنی حزبوڵای لوبنانی.

لە دۆسییەکانی جایسندا هاتووە، باڵیۆزەکەی قەتەر لە بەلجیکا لە کانونی دووەمی ٢٠١٩ لە کۆبوونەوەیەکدا لە برۆکسل وتویەتی "جولەکە دوژمنی ئێمەن". تاکو ئێستاش هیچ یەک لە حکومەتی بەلجیکی و ناتۆ لەبارەی ئەم زانیارییانەی فۆکس نیوزەوە هیچ روونکردنەوەیەکیان بڵاونەکردووەتەوە.

ئەمریکا و قەتەر
لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا و قەتەر پەیوەندییەکی توندوتۆڵی ئابووری، سیاسیی و سەربازییان هەیە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو "قەتەر بە شێوەیەکی گەورە بووە بە سەرچاوەی پارەدارکردنی تیرۆر"، بەڵام لێدوانەکانی دواتری ترەمپ لەبارەی قەتەرەوە پێچەوانەی ئەم لێدوانەی بوون.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە ئەگەر هەیە گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و وڵاتانی رۆژئاوا دروستببێت، بەتایبەت لەگەڵ ئەمریکا کە حزبوڵا بە گروپێکی تیرۆریستی دەناسێنێت.

فشارەکان لەسەر قەتەر
ئەمە یەکەم جار نییە قەتەر بە هاوکاریکردنی حزبوڵا تۆمەتبار دەکرێت، پێشتر و لە ساڵی ٢٠٠٦ واتە لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا قەتەر بە هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی حزبوڵا تۆمەتبار کرا، کە دەوحە بووە بە پەناگەی ئەو گروپە چەکدارە.

بەشێک لە بەرپرسانی ئەرووپا باسیان لەوە کردووە دەبێت هەوڵ بدرێت قەتەر لە هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریستییەکان دووربخرێتەوە. لەو بارەیەوە ناتالی جولییە سیناتۆری فەڕەنسی و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە تۆڕە جیهادییەکانی لە ئەورووپا لە راپۆرتێکیدا بۆ ناتۆ لەبارەی پارەدارکردنی تیرۆر نووسیویەتی، "پێویستمان بە سیاسەتێکی ئەورووپی هەیە بەرامبەر قەتەر و بەتایبەت سووربوونمان لەسەر ئەوەی کە قەتەر تیرۆر پارەدار دەکات، دەشبێت بەلجیکا داوا لە یەکێتی ئەرووپا بکات کە لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە بکات و سەرجەم هەژمارە داراییەکانی قەتەر بلۆک بکات، پێویستیشە سیاسەتێکی روون هەبێت بۆ راگرتنی پارەدارکردنی تیرۆر، بەتایبەت لەلایەن قەتەر و تورکیاوە، کە هاوکاری برایانی مسوڵمان و ئایدۆلۆژیاکەیان دەکەن."

ئیان بیزلی جۆنیۆر پەرلەمانتاری بەریتانی کە چاودێری بابەتی پارەدارکردنی تیرۆر دەکات بە فۆکس نیوزی راگەیاندووە، هەڵسوکەتەکانی رژیمی قەتەر روونە و پێویستە لەسەر بەرتانیا و بەلجیکا بە روونی مامەڵەی لەگەڵ بکەن، چونکە ئەمە دۆخێکی ترسناکە، بەتایبەت کە باڵیۆزەکەی قەتەر باڵیۆزی ناتۆشە، بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە بکرێت و رێکاری گونجاویشی لەبەرامبەر بگیرێتەبەر.

جۆنیۆر باس لەوەش دەکات، حزبوڵا گروپێکی تیرۆریستی قەدەغەکراوە لە بەریتانیا، بۆیە نابێت مامەڵەکردن لەگەڵیدا قبوڵ بکرێت، جەختیشیکردەوە کە پەیوەندی بە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەکات و داوای لێدەکات لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە بکات.

ئەفرایم زوروف لێکۆڵەر لە ناوەندی سیمۆن روزنتالی ئەمریکی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، رۆڵی قەتەر لە پارەدارکردنی تیرۆر لەسەر هەموان پێویست دەکات کە رێکار لەدژی ئەوانە بگرنە بەر کە لەم بابەتە تێوەگلاون.

پارەدارکردن بە ناوی خێرخوازییەوە
دۆسییە بڵاوکراوەکەی فۆکس نیوز ئاشکرای دەکات کە دوو کۆمەڵەی خێرخوازی قەتەری هاوکاری ماددیان بە حزبوڵا داوە لە بەیروت، ئەمەش لەژێر ناوی خواردن و دەرمان کراوە، ناوی هەردوو (کۆمەڵەی شێخ عید محەممەد ئەلسانی خێرخوازی و دامەزراوەی پەروەردەیی لەسەروو هەموان) هاتووە.

جایسۆن کە لە چەند دەزگایەکی هەواڵگریی کاری کردووە ئاشکرای دەکات، دۆسییەکانی ئۆرجیناڵن و بەرپرسانی باڵای هەواڵگریی ئەڵمانییش ئەمەیان پشتڕاستکردووەتەوە، کە تێیدا دامەزراوەی خێرخوازی قەتەری لە پارەدارکردن و پشتیوانیکردنی دارایی تیرۆر تێوەگلاوە.

رۆژنامەی (The Washington Free Beacon)ی ئەمریکیش لە مانگی حوزەیران بڵاویکردەوە، لە نیویۆرک دۆسییەک خراوەتە بەردەم دادگا کە باس لەوە دەکات دامەزراوە قەتەرییەکان و لەنێویشیاندا خێرخوازییەکان و بانکی نیشتمانی قەتەری هاوکار رێکخراوە فەڵەستینییەکانیان کردووە.