ڕاپۆرتی جیهانی

02:45 - 09/08/2020

شه‌ڕی ناوخۆ كامێراكه‌ی گێردای شكاند‌

پەیسەر

گێردا تارۆ یەکەم ژنە وێنەگرە کە لە هێڵی پێشەوەی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا کوژرا. ئەو بەوێنەکانی ڕوخساری ژنانی ناو جەنگی بڵاوکردەوە و وێنەی ئەو ژنە پاڵەوانانەی کە چارەنووسیان لە بەرەی جەنگدا گیرسایەوە، بۆ ڕاگەیاندن گواستەوە.

وێنەگرتن شێوازێکی ڕۆژنامەگەرییە کە هەر لە سەرەتای دروستبوونی کامێرای وێنەگرتنەوە توانی لە جیهانی ڕاگەیاندندا جێی خۆی بکاتەوە و هەتا ئەمڕۆش ڕۆڵی گرنگی خۆی لە ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکاندا بهێڵێتەوە.


هێزی وێنەگرتن لە دووبارەنمایشکردنی حەقیقەتدا خۆی دەبینێتەوە و لەم ڕێگەوە توانیویەتی لە زۆر بواری جیاوازدا گەورەترین سوود و قازانجی بۆ مرۆڤ هەبووە.

جەنگیش یەکێکە لەگرنگترین ئەو بوارانەی کە کاری وێنەگری فراوانتر کردووە و وێنەگری جەنگی بووەتە ژانرێکی سەربەخۆ و لەبواری ڕاگەیاندا جێی خۆی کردووەتەوە.

وێنەگری زۆری دیکەش لە بواری ڕۆژنامەگەریدا گیانی خۆیان لەدەستداوە.

گێردا تارۆ وێنەگری ئەڵمانی یەکەم ژنە وێنەگری هەواڵنێرە کە لە هێڵی پێشەوەی جەنگدا کوژرا . ئەو لە ساڵی ١٩٣٧ کاتێک ئیسپانیا لەدووەم ساڵی جەنگی ناوخۆیی خۆیدا بوو لەکاتی وێنەگریدا لەناوجەرگەی جەنگدا بەهۆی بەرکەوتنی تانکێکەوە لەکاتێکدا کە تەمەنی تەنها ٢٦ ساڵ بوو گیانی لەدەستدا.


هەزاران کەس لە شەقامەکانی پاریسدا بۆ کۆچی ئەم پەیامنێرە یەهودی ئەڵمانیە ماتەمینییان گێرا.

گێردا تارۆ لەساڵی ١٩٣٦ لە ئیسپانیا لەگەڵ ڕۆبێرت کاپا بووە هاوکار و پێکەوە هەواڵ و وێنەکانی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیایان بۆ گۆڤاری Vu دەگواستەوە، لەوانەش گیروگرفتی ئاوارەکانی ئیسپانیا لە ئەلمێریا و مۆرسیا.

تارۆ وەک هەواڵنێرێکی ئازا کە گەواهیدەر و گێڕەرەوەی ڕەنجی خەڵکانی سڤیل و سەربازان بوو لە ماوەی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا و ڕاگەیاندنەکان ئەویان وەک پاڵەوانێکی چەپ، گیانفیدایەک کە بە هەڵگری باوەڕێکی دژەفاشیستی و وەک سەرمەشقێک بۆ ژنانی گەنج ناسێنرا.

تارۆ وێنەکانی شێوەیەکی سادە و شاعیرانەی تێدا بەدیدەکرا کە شێوەی ژنانی جەنگی دەردەخست تاوەکو چارەنووسی ئەو ژنانە لەبەرەکانی جەنگدا بگوازێتەوە.


لە ساڵانی دوای کوشتنی ئەم وێنەگرە کەسایەتی ئەم ژنە وێنەگرە لە بیرکرا هەتا کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٧ ناوەندی نێودەوڵەتی وێنەگری لە نیویۆرک یەکەم پێشانگای بۆ بەرهەمە مێژووییەکانی تارۆ کردەوە.

گێردا تارۆ لە ساڵی ١٩١٠ لە خێزانێکی یەهودی چینی ناوەند لەدایکبوو و لەشاری شتوتگارت لە باشووری ئەڵمانیا گەورەبوو. خێزانەکەی لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا بۆ ئەڵمانیا کۆچیان کردبوو.باوکی لەزستانی ١٩٢٩ بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی ئابووری لەناو کۆماری وایمار ڕووی لەکزی کرد و دواتریش کە کۆماری وایمار هەڵوەشایەوە بەهۆی پشێوی دۆخی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، تارۆ تێکەڵی سیاسەتی چەپەکان بوو و لەمارسی ١٩٣٣ کاتێک ناسیۆنال سۆسیالیستەکان دۆخەکەیان خستەژێر کۆنترۆڵی خۆیان،  لەوکاتانەدا بوو کە تارۆ بەهۆی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی دژ بە نازییەکان لە دەوروبەری لایپزیگ دەستگیرکرا. دواتر بۆ فەڕەنسا هەڵهات وەک یەکێک لەو هەزاران کەسە سیاسی و ڕۆشنبیرییانەی کە لەو سەردەمەدا دوورخرابوونەوە.


هەرچەندە وێنەکانی تارۆ لەئاست وێنەگرەکانی دیکەی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا کەمترە بەڵام هەر ئەم کۆمەڵە وێنانەی کە ئێستا لە ئاژانسی مەگنۆمدا بەردەستە دیوێکی دیکەی جەنگی ئیسپانیامان بۆ دەردەخات.

ئەو گێڕەرەوەی ئەو ڕوخسارە توندوتیژانەی ڕێگای خەباتی ئامانجدار و ئازادیخوازانەی ئەو ژن و پیاوانەیە کە مەیدانی جەنگ بووبە شوێنی بەیەکگەیشتنیان.