ڕاپۆرتی جیهانی

12:25 - 12/08/2020

کامالا هاریس؛ جێگرەکەی جۆ بایدن کێیە؟‌

پەیسەر

لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمریکا تامی داکوێرس وەک جێگری خۆی دەستنیشان بکات، بەڵام دواجار بڕیاریدا کامالا هاریسی هندی-جامایکی بکات بە جێگری خۆی، بەمەش بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەمریکا ئافرەتێکی رەشپێست دەبێت بە جێگری سەرۆکی ئەمریکا.

کامالا هاریس کێیە؟
کامالا هاریس لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٤ لە شاری ئۆکلاندی سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبووە، دایکی بە رەگەز هندییە و باوکیشی جامایکی.

دەرچووی بەشی یاسای زانکۆی (Howard)ە کە بە زانکۆی ئەفریقییەکان بە ناوبانگە، ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ دۆگلاس ئێمهۆفدا هاوسەرگیری کردووە.

ساڵی ٢٠٠٣ بوو بە داواکاری گشتی لە ویلایەتی سان فرانسیسکۆ، بەمەش بوو بە یەکەم ژنی رەشپێست و بە رەگەز ئاسیایی ئەو پۆستە وەربگرێت.

لەنێوان ساڵانی ٢٠١٠ تاکو ٢٠١٤ لە وەزارەتی دادی سەر بە ویلایەتی کالیفۆرنیا کاری کردووە، دوای دوو خول لە کاری پارێزەریی، ساڵی ٢٠١٦ لەسەر پارتی دیموکرات بوو بە سیناتۆر.

لەسەر پارتەکەی، خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید کرد و پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، بەڵام دواتر ئاستە جەماوەرییەکی دابەزی، لە کۆتایی ٢٠١٩ کۆتایی بە هەڵمەتی بانگەشە هێنا و لەبەرژەوەندی جۆ بایدن لە خۆ کاندیدکردن لە پارتەکەی کشایەوە و رایگەیاند، پشتگیری جۆ بایدن دەکات.

لە کاتی بانگەشەشدا بە توندی روبەڕووی جۆ بایدن بوویەوە، بەڵام دواتر رایگەیاند ئەو قسانە لەسەر رووداویک بووە کە پێشتر روویداوە.

کامالا هاریس  ورۆژئاوای کوردستان
کامالا هاریس لەو سیاسییانەی دیموکراتەکانە کە پەیوەندییەکی خراپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەیە و بەردەوام رەخنەیان لە یەکتر گرتووە، دۆناڵد ترەمپ کامالا هاریس بە کەسێک ناودەبات کە رێزی خۆی ناگرێت و نیەتی خراپە، هاریسیش بەردەوام رەخنە لە سیاسەتەکانی ترەمپ دەگرێت.

ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە سوریا دەرکرد، هاریس بە توندی رەخنەی لێگرت و ئەم هەنگاوەی بە فرۆشتنی کورد ناو برد.

هاریس و کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان
هاریس یەکێک بوو لەو سیناتۆرانەی کە پشتگیری بڕیاری بە (لەناوبردنی بەکۆمەڵ) ناساندنی رووداوی کوشتنی ئەرمەنییەکانی کرد، لە ساڵی ٢٠١٦ش وتی، "وەک ئەو کاتانەی وەک داواکاری گشتی و لە وەزارەتی دادی ویلایەتی کالیفۆرنیا کردوویەتی، لە سەردەمی سیانتۆریشدا هەوڵی ناساندنی ئەم رووداوە وەک لەناوبردنی بەکۆمەڵ دەدات کە یەکێکە لە رووداوە تاریکەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و لەگەڵ کۆمەڵگای ئەرمەنیدا دەبێت.

هاریس پەیمانەکەی بردە سەر و لە ساڵی ٢٠١٩ واژۆی لەسەر پڕۆژە یاساکەی سیناتی ئەمریکا کرد بۆ بەکۆمەڵکوژی ناساندنی رووداوی لەناوبردنی ئەرمەنییەکان.

کامالا ئەو کاتە وتی، بۆ ئەوەی ئەو رووداوانە دووبارە نەبنەوە کە روویانداوە، هەموو کاتێک گفتوگۆ پێویستە، پشتگیری ناساندنی کوشتنی ئەرمەنییەکان وەک کۆمەڵکوژی و بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکات.

کامالا و خاشقچی
کامالا هاریس لە رووداوی کوشتنی جەمال خاشقچیشدا رەخنەی لە دۆناڵد ترەمپ گرت و رایگەیاند سەرۆکی ئەمریکا چاوپۆشیی لەم رووداوە دەکات.

تەنانەت کامالا لە سەروبەندی رووداوی کوشتنی خاشقچیدا داوای لە وڵاتەکەی کرد بە تەواوی چاو بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سعودییەدا بخشێندرێتەوە.

کامالا؛ دەنگی رەشپێستەکان
یەکێک لە هۆکارەکانی دانانی کامالا هاریس بە جێگری بایدن، بۆ کۆکردنەوەی دەنگی رەسپێستەکانی ئەو وڵاتەیە، بەتایبەت دوای رووداوی مردنی جۆر فۆلید رەشپێستەکان لە دۆناڵد ترەمپ نیگەرانن.

جگە لە رەشپێستەکان، چاوەڕوان دەکرێت کامالا هاریس دەنگێکی زۆری ژنانانی ئەمریکا بۆ جۆ بایدن مسۆگەر بکات.

بایدنیش کامالا بە جەگاوەرێکی نەترس ناو دەبات و سەرەڕای ناکۆکییەکانیان کاتێک هەردووکیان کاندیدی پارتی دیموکرات بوون، بەڵام ئێستا هەڵبژاردنی هاری بە شەرەفێکی گەورە دەزانێت و هیوای پێیەتی هاوکاری بێت.