ڕاپۆرتی جیهانی

04:04 - 12/08/2020

ساڵی نوێی خوێندن لە دۆخی کۆرۆنادا‌

پەیسەر

گەرمترین پرسی ڕۆژ ئەم هەفتەیە و ڕۆژانی دواتريش کە لە ئەڵمانیا وتوێژی لەسەر دەکرێ لە ئاستی پەرلەمان وحکومەت و دەزگا پەیوەنیدارەکاندا، پرسی کردنەوەی قوتابخانەکانە لە دۆخی کۆرۆنادا، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ هه‌رێمی كوردستانیش گه‌رمه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی خوولی دووه‌مه‌، ئاخۆ ساڵی داهاتووی خوێندن به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟

- لە هەفتەی رابرودا لە چەند ویلایەتێکی ئەڵمانیا قوتابخانەکان کرانەوە، ئەم هەفتەیەش ‌‌١٠ ئۆگەست لە بەرلین یەکەم رۆژی قوتابخانەبو. یەکێک لەو بابەتانەش وتوێژی لەنێوان ویلایەتەکاندا لەسەرە ماسک بەستنە، کە ئایا ببەسترێت، لە پۆلی چەندەوە، لە ژوری وانە خوێندندا؟.

- هەر لە هەفتەی رابردودا دو قوتابخانە بەهۆی بونی چەند حاڵەتێکی کۆرۆناوە ڕاگیران و تێستی گشتی بۆ مامۆستا و قوتابییەکان کرا.

- ئێستا هەمو دەزگا پەیوەندیدارەکان خراونەتەگەڕ تاکو رێوشوێن بدۆزنەوە بۆ بۆ کرانەوەی قوتابخانە و خوێندنگاکان لە دۆخی کۆرۆناشدا.

تا ئێستا پلانی خۆپارێزییەکان بەمجۆرەن:
١- لە هەندێ ویلایەت هەمو قوتابیان لە دەرگای قوتابخانەوە، لە هۆڵ و حەوشەی قوتابخانە، دەبێت ماسک ببەستن، تەنانەت لە کاتی وانەشدا.

٢-لە هەندێ ویلایەت لە پۆلی یەکەوە، لە هەندێکیتر لە پێنجەوە بەستنی ماسک ئیجبارییە، تاکو پۆلی حەوت پاش ئەوەی لەسەر مێز دادەنیشن و وانە دەستپێدەکات، دەتوانن ماسکەکە لابدەن. بەڵام لە پۆلی حەوتەوە پێویستە لە کاتی وانەشدا ماسکیان بەستبێ، لەهەندێ ویلایەتی دیکە ئەمە بەزۆرنییە و بژاردەی قوتابییەکانە.

٣- پۆلەکان تێکەڵنابن و قوتابی پۆلێک بۆی نییە تێکەڵی قوتابی پۆلێکی دیکە ببێت، تاکو رێژەی بەرکەوتن لە کەمترین ئاستدا بێت.

٤- هەر قوتابییەک نیشانەی کۆرۆنای هەبێت، دەبێ دایکوباوک پێشتر نەینێرێتەوە بۆ قوتابخانە تاکو دکتۆر بیبینێ و لەوبارەوە بڕیاربدات.

‌‌٥- زۆربەی ئەو رێوشوێنانەی دانراوە تاکو کۆتایی ئۆگەستە و دواتر ئەگەری هەیە بگۆڕێن.

٦- یەکێتی مامۆستایانی ئەڵمانیا ئەوە بەباشتر دەزانێ کە بەستنی ماسک ئیجباری بێت.

٧- بە دیجیتاڵکردنی قوتابخانە و خوێندنگاکان پرسی چەندین ساڵەیە و لە سەردەمی کۆرۆنادا بە چڕتر وتوێژی لەسەر دەکرێت.

ئایا لە هەرێمی کوردستان و ئێراق و ناوچەکەشدا چ پلانڕێژییەک کراوە و دەکرێت بۆ ساڵی نوێی خوێندن‌؟ ئەوە راستە کە پلانی وڵاتی ئەڵمانیا و وڵاتە پێشکەوتوەکان پەیوەستە بە سیستمە گشتییەکەیانەوە، بەڵام ئایا چ پلانێک گونجاوە بۆ هەرێمی کوردستان؟

سه‌رچاوه‌: روداوه‌كان له‌چاوی میدیای ئه‌ڵمانیه‌وه‌