ڕاپۆرتی جیهانی

04:15 - 12/08/2020

بۆچی ڤاکسینەکەی ڕوسیا جێی متمانە نیە؟‌

پەیسەر

ڕوسیا بەبێ گوێدان بەڕەوتی ئاسایی بەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی مرۆیی، مۆڵەتنامەی بۆ بەکارهێنانی بەرفراوانی ڤاکسینەکی لەوڵاتەکەیدا دەرکرد. وێڕای ڕەخنەی زۆری پسپۆڕان، وڵاتانێکی زۆر خواستی خۆیان بۆ کڕینی ڤاکسینەکە لە ڕوسیا دەربڕیوە.

دوای هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە دواجار ڕوسیا پێشکەوت و مژدەی ڤاکسینی ڕاگەیاند، تەنانەت پوتین بەمەبەستی دڵنیایی تەواو بەخشین بەهەموو جیهان ڕایگەیاند یەکەمجار لەسەر کچەکەی خۆی تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتووبووە، هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌یه‌ك میدیا گومانیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دروستكردووه‌ كه‌ ئه‌و كچه‌ی له‌وێنه‌و میدیاكاندا ده‌ركه‌وتووه‌ كچه‌كه‌ی –كاترینا-بێت، به‌ڵام هه‌ڵایه‌كی زۆری ناوه‌ته‌وه‌و به‌شێك له‌ هه‌واڵه‌كان دابه‌زینی نرخی زێڕو جووڵه‌ی ئه‌و كانزایه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ ڤاكسینه‌كه‌ كاریگه‌ریی هه‌بووبێت و دۆخی كۆرۆناو جووڵه‌ی بازاڕ بگۆڕێت.

بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و بەرپرسە باڵاکان لەبەشێک لەوڵاتانی جیهان گومانیان لەسەر بەکارهێنان و سەلامەتی ئەم ڤاکسینەی ڕوسیا هەیە و بەهەڕەشەیەکی گەورەی دادەنێن بۆ ئەوانەی بەکاریدەهێنن.

پسپۆڕانی وڵاتانی جیهان لەبارەی ڤاکسینەکەی ڕوسیاوە چی دەڵێن ؟

ئانتۆنی فاوچی، پسپۆڕی باڵای نەخۆشییە ژەهراوییەکان لە ئەمریکا وێڕای گومانی جدی لەسەر کاریگەریی و سەلامەتی ڤاکسینەکە گوتی:" هەبوونی ڤاکسین و دڵنیاییدان بە کاریگەربوون و سوودبەخشی ڤاکسینەکە دوو بابەتی جیان لەیەکتر، ئەگەر بەدوای ئەوەوە بین زیان بەکۆمەڵێک مرۆڤ بگەیەنین یان ڤاکسینێکیان لێدەین کە توانای پێویستی نەبێت ئەوا دەتوانین لە هەفتەی داهاتووەوە ئەم کارە بکەین، بەڵام ئەم شێوازە ئەنجامی باشی نابێت."

ئەلێکس ئازار وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزاری مرۆیی ئەمریکا ڕایگەیاند " ئامانج لەوەدا نیە لەبەدەستهێنانی ڤاکسیندا یەکەم بین، ئامانجەکە بەدەستهێنانی ڤاکسینێکی کاریگەر و بێ زیان بێت بۆ خەڵکی ئەمریکا و هەموو جیهان."

ئازار باسی لەوە کردووە کە لە ئێستادا شەش ڤاکسین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لەبەردەستدایە و سەرقاڵی پشکنین و پەرەپێدانین.

هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی وەزیری تەندروستی ئەمریکا، ئەڵمانیاش گومانی لە کاریگەربوون و سەلامەتی ڤاکسینەکە هەیە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەڵمانیا دەڵێت " تەنها ڤاکسینێک بەکاردێت کە لە یەکێتی ئەوروپا بەرهەمهاتبێت و تاقیکردنەوەی تەواوی لەسەرکرابێت. گرنگترین و بەرزترین ئامانجی ئێمە سەلامەتی گیانی نەخۆشەکانە. "

ڕاشیگەیاند هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر کوالێتی و توانا و سەلامەتی ڤاکسینە ڕوسییەکە نیە.
کیلیان کۆنوای، ڕاوێژکاری کۆشکی سپیش گومانی خۆی لەبارەی ڤاکسینەکەی ڕوسیا خستەڕوو، کانۆی ڕۆژی سێشەممە بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندبوو" پێوەرەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر وردتر و سەختگیرترە، ڕێکخراوی خواردن و دەرمان لە وڵاتەکەی ئێمە ستانداردەکان دیاریدەکات و بڕوای من وایە ڕوسیا لەم بابەتەدا لەدوای ئێمەوەن"

پسپۆڕان لە ناوخۆی ڕوسیا و وڵاتانی دیکەی جیهان هۆشداری دەدەن لە بەپەلە بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لەپێش قۆناغی سێیەمی ڤاکسینەکە، کە بەپێی وتەی پسپۆڕان چەندان مانگ دەخایەنێت و هەزاران کەس تێیدا بەشدار دەبن.

پیتەر هۆتز، مامۆستای زانکۆی هیوستۆن، بە گۆڤاری "نیچر"ی گوتووە ئەگەر ڕوسەکان هەڵەبکەن، هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا لاواز دەبێت.

ڕوسیا پەلەی چی بوو؟

هەر لە سەرەتاوە بابەتی بەدەستهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا وەک یەکەم وڵات، بابەتێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ڕوسیا و پەیوەستیان دابوو کە بە ئابڕووی نەتەوەییەوە. بەتایبەت کە ڕوسیا لە هەوڵدایە ڕوخسارێکی پتەو و خۆی وەک هێزێکی جیهانی نمایش بکات.

چەند مانگ لەمەبەریش ڕوسیا بەمەبەستی گەیشتنی هەرچی خێرایە بە ڤاکسینەکە وەک یەکەم وڵات، ئەمریکا، بەریتانیا و کەنەدا ئەم وڵاتەیان تۆمەتبارکرد بە هاوکاریکردنی لەگەڵ ئەو هاککەرانەی کە نیازی دزینی زانیاریبوون لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڤاکسین لە تاقیگەکانی ڕۆژئاوادا.

میخایل موراشکو، وەزیری تەندروستی ڕوسیە ئەو گومانانەی کە لەبارەی ڤاکسینەوە دەکرێت بەبێ بنەما ناوبرد و هۆکارەکەی بۆ لاوازی لەڕکابەریدا گەڕاندەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕوسیا لە پەیوەندیدان سەبارەت بە دڵنیایی لە ڤاکسینەکە.

کێ بەدوای ڤاکسینەکەی ڕوسیاوەیە؟

وێڕای هەموو ئەو ڕەخنانە هێشتا هەندێک لە وڵاتان لەناویاندا بەڕازیل، واژۆی ڕێککەوتن هاوکاریکردنی لەگەڵ ڕوسیا واژۆ کردووە. بەنیازن ڤاکسینەکەی ڕوسیا لە بەڕازیلدا بەرهەمبهێنن و بۆ نەخۆشەکان بەکاریبهێنن. کریل دمیتریف، سەرۆکی سندوقی سەرمایەگوزاری ڕوسیا ڕایگەیاند " جگە لە بەڕازیل، فلیپین، سعودیە و ئیمارتیش خوازیاری بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکەمانن. ئێستا لەتواناماندایە نزیکەی ٥٠٠ملیۆن ڤاکسین لەماوەی ١٢ مانگی داهاتوودا بەرهەمبهێنین. "

ترەمپ بەتەمای چیە؟
دۆناڵد ترەمپ. سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای مادرنا کردووە بۆ کڕینی یەک ملیۆن ڤاکسین کە ئەم کۆمپانیایە سەرقاڵی پەرەپێدانیەتی.
بەڕێوبەرانی کۆمپانیای مادرنا گوتوویانە ئەم ڕێککەوتنە زیاتر لە ١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بەهاکەیەتی و تێیدا مۆڵەتی کڕینی ٤٠٠ملیۆن ڤاکسین بە دەوڵەتی فیدراڵی دەدات.