ڕاپۆرتی جیهانی

02:42 - 13/08/2020

زیندانه‌كان وێستگه‌یه‌كی دیكه‌ی گه‌را دانانی داعش‌

پەیسەر

داعش ڕێكخراوێكی ئایدۆلۆژیای توندڕه‌و، له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا په‌یدا بوون و به‌ئه‌ندازه‌ی سه‌رزه‌وییه‌كانی به‌ریتانیاو زیاتریشیان له‌ عێراق و سوریا بۆخۆیان دابڕیی، ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆر خه‌ڵكی توندڕه‌ویان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهانه‌وه‌ له‌ خۆیان كۆكرده‌وه‌، به‌ هه‌وڵ و ماندوو بوون و زیانێكی ئێجگار زۆر له‌ ڕیشكه‌وه‌ هه‌ڵكه‌ندران، به‌ڵام پاش له‌ناوبردنی مۆڵگه‌كانیان لەم دواییەدا داعش لە هێرشێکیدا بۆ سەر زیندانێک لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بۆیە دەیەوێت ئەوپەڕی سوود لەم سەرکەوتنە ببینێت و بەئەندامەکانی خۆی ڕاگەیاندووە کە ئازادکردنی زیندانییەکانی خۆیان کاری لەپێشینەیانە.

ئەم فەرمانە لە نوێترین ژمارەی هەفتەنامەی "ئەلئەنبا" بڵاوکراوەتەوە، کە هەفتەنامەکە لەلایەن داعشەوە بڵاودەکرێتەوە و بەڕێگەی جۆراوجۆر دەیگەیەننە دەستی ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان.

لە وتارەکەیدا کە بەناوی " ئەی سەربازانی خەلافەت...زیندانییەکان...زیندانییەکان"  بڵاوکراوەتەوە، سەرکردەکانی داعش داوایان لە سەربازەکانی خۆیان کردووە کە ئەم بابەتە بخەنە کاری لەپێشینەی خۆیانەوە.

داعش ڕاشیگەیاندووە بەمەبەستی ئازادکردنی زیندانییەکانی گفتوگۆ و پەیوەندی نهێنی لەگەڵ دوژمنەکانیدا ئەنجامداوە. نووسەری بابەتەکە باسی لە سەرکەوتنی خۆیان کردووە لەبارەی دۆسییەی زیندانییەکان.

لەپاڵ ئەم وتارەشدا، لە پەڕەی یەکەمی ئەم هەفتەنامەیەدا ڕاپۆرتێکی ورد باسکراوە کە تێیدا وردەکاری هێرشەکەی خۆیان بۆ سەر زیندانی "جەلالئاباد" باس کردووە کە بەوتەی داعش لەئەنجامدا سەدان زیندانی موسڵمانی تێدا ئازادکراوە، لەناویشیاندا ئەندامانی داعشی تێدابووە. لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو هێرشە لەلایەن ٣ کەسی هیندی، ٤ تاجیکستانی، ٣ئەفغانی و ١ پاکستانی سەر بەگروپی داعش ئەنجامدراوە.

لەم هەفتەنامەدا باس لە هێرشەکانی دوایی خۆیان کردووە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ سەر لێکۆڵەرێک لەگەڵ بەرپرسێکی زیندان و ئەمەشی بەبەشێک لە بەرنامەکەی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە زیندانییەکانی خۆیان باسکردووە.

داعش چۆن هاوکاری زیندانییەکانی دەکات؟
داعش باسی لەوە کردووە کە چەند شێوازێکی بۆ ئازادکردنی زیندانیەکانی خۆی بەکارهێناوە، کە باشترین شێواز بریتیە لە هێرش و پەلامار و نموونەش هێرشکردنە سەر زیندانی "جەلالئاباد". ئامانج لەم کارانەشیان بەتاڵکردنی دەستی دوژمنە لەسوودوەرگرتن لە زیندانییەکان بەمەبەستی فشار و ئازادکردنی زیندانییەکانە لە تەوقی دیلی.
وەک دەردەکەوێت ئەم قسەیان توانج بێت لە ڕکابەرەکەی خۆیان، واتە تالیبان.

داعش بەردەوام ڕەخنەی ئەوە لە تالیبان دەگرێت کە لەگەڵ ئەمریکا و ئەفغانستان ڕێککەوتنی سیاسی دەکات تاوەکو لەو ڕێگەوە سوود وەرگرێت بۆ ئازادکردنی زیندانییەکانی خۆی.

شێوازەکانی دیکەش کە باسیان لێوە کردووە بریتیە لە هێرش و هەڵگیرسانی شۆڕش لە زیندانەکان و هەوڵی ئەندامانی داعش بۆ هەڵهاتن لە زیندان. داعش دەڵێت هەندێکجار لە دەرەوەی زیندانەوە هاوکاری بۆ زیندانییەکان دەنێرێت و لەحاڵەتی دیکەشدا خۆیان دەست بۆ هێرش دەبەن.

داعش باسی لەوەش کردووە کە سەرهەڵدانی توندوتیژی لە زیندانەکانی ئەندۆنیزیا و تاجیکستان بەشێکی دیکەن لەکارەکانیان.

بەرتیل و ئاڵوگۆڕی زیندانی.
داعش خۆی بەڕاشکاوی باسی لەم بابەتە کردووە کە دەستی داوەتە گفتوگۆ لەگەڵ دوژمنەکانی، تاوەکو بتوانێت زیندانییەکانی خۆی ئازادبکات. هەندێک لە هێرشەکانی تەنها بەمەبەستی گرتنی دیل دادەڕێژێت، تاوەکو بتوانێت لەم ڕێگەیەوە سوود ببینێت بۆ ئازادکردنی زیندانییەکانی.
پێدانی پارە، بەرتیل، هەڕەشەکردن و ترساندنی بەرپرسان و کارمەندانی زیندان شێوازی دیکەن بۆ هاوکاری و ئازادکردنی زیندانییەکانی. تەنانەت باسیان لەوە کردووە بەرپرسانی زیندان لە عێراق لە ترسی هێرشی داعش ڕەفتاریان نەرم و نیانترە لەگەڵ زیندانییە جیهادییەکان.

بۆچی ئێستا؟
لێدوانەکانی داعش بەمەبەستی ئازادکردنی زیندانیەکان شتێکی نوێ نیە، بەڵام بەهۆی سەرکەوتنیان لە ئازادکردنی زیاتر لە ٣٠٠کەس لە زیندانی "جەلالئاباد" لەم دواییەدا زیاتر متمانە و گڕوتینی خستۆتە ناو سەرانی داعش. ئەمەش کارێکی بێ ئەنجام و بێ کاریگەر نیە، چونکە کاتێک لە عێراقدا سەدان زیندانی ئازادکرد، زۆرێک لەو زیندانییانە دوای ساڵێک بوون بەخاوەن پلە و پۆستی گرنگ لەناو داعشدا.

لەلایەکی دیکەوە ئەمە دەکرێت ئاماژەیەکی مەترسیداربێت بۆ ڕووکردنە سەر زیندانییەکانی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان.

بوونی قەیران، چ جای قەیرانی سیاسی یان ناسیاسی، هەمیشە هەلێکی گونجاو دەدات بۆ گروپە جیهادییەکان تاوەکو بتوانن دەستی خۆیان بوەشێنن و دەست بەهێرش و پەلامار بکەن.

کاتێک لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو تورکیا هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوای کورستان، داعش ئەم هەلەی قۆستەوە و هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا و بەوتەی خۆیان بۆئەوەی تۆڵەی سەرانی خۆیان لە کوردەکان بکەنەوە.

لەوانەیە هۆکارێکی دیکەی جەختکردنەوەی داعش لەسەر زیندانییەکان ئەوە بێت کە تالیبان ڕوخساری داعشی لەکەدارکردووە.

تالیبان لەم دواییەدا لە ئەفغانستان لەڕێگەی ڕێککەوتنی سیاسییەوە توانیویانە سەدان ئەندامی زیندانیکراوی خۆیان ئازادبکەن. لەئەنجامی ڕکابەری ئەم دوو گروپەوە، ئەگەری هەیە ئەندامانی تالیبان بەو چاوەوە لە تالیبان بڕوانن کە ئاگادار و نیگەرانی ئەندامەکانی خۆیەتی و دەستیان لێهەڵناگریت. ئەم بابەتەش دەتوانێت لە کۆکردنەوەی ئەندام لەدەوری خۆیدا کاریگەری دابنێت.

قائیدە و گروپە جیهادییەکانی دیکە پشتگیری خۆیان بۆ دانوستانی تالیبان لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتی ئەفغانستان دەربڕیوە بەمەبەستی گەیشتنی بەئامانجەکانیان، بەڵام داعش سەرکۆنەی ڕێگەچارەیەی کردووە.

بەڵام بەم حاڵەشەوە داعش لەهەفتەنامەکەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە بەنهێنی لەگەڵ دوژمنەکانی کەوتۆتە گفتوگۆوە و وادەردەکەوێت ئامانجی داعش لەم کارەدا ئەوەیە بۆ لایەنگرانی خۆی بسەلمێنێت کە ئامادەن لەبەر ئەوان نەرمی بنوێنن.