ڕاپۆرتی جیهانی

12:11 - 17/08/2020

جیهانی هەواڵگریی؛ ئەمریکا چۆن منداڵان دەکات بە کارمەندی هەواڵگری‌

پەیسەر

ماوەی چەند ساڵیکە باس لە بەکارهێنانی منداڵان لە کاری هەواڵگرییدا دەکرێت، ئەمە نە فیلمە و نە خەیاڵ، بەڵکو پلان و هەوڵە فەرمی و ئاشکراکانی ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری ئەمریکی سی ئای ئەیە بۆ ئامادەکردنی کارمەندی نوێ، بەتایبەت منداڵان، بەم جۆرە منداڵان دەخرێنە نێو جیهانی هەواڵگرییەوە.

لە فیلمەوە بۆ راستی
چەند ساڵێکە پرسی بەکارهێنانی منداڵان لە کاری سیخوڕیدا لە ئارادایە، هەندێک راپۆرت باس لەوە دەکەن هەندێک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی جیهان منداڵان دەکەن بە بەشێک لە دەزگاکانیان و لە کاری سیخوڕیدا بەکاریاندەهێنن.

ساڵی ٢٠٠١یش یەکەم بەشی زینیرە فیلمیک بە ناوی منداڵە سیخوڕەکان بەرهەمهێنرا، سەرەڕای سەرکەوتنی فیلمەکە، بەڵام رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە، دەرگاش لەسەر پرسی بەکارهێنانی منداڵان لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە کرایەوە. راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ئەمە تەنها فیلمێک نییە و بەشێک لە دەزگا هەواڵگرییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو منداڵانیان خزاندووەتە نێو دەزگاکانیانەوە.

سەربازگەی هەواڵگریی منداڵان
بەشێک لە راپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن دەزگای هەواڵگری ئەمریکی بەشێوەیەکی فراوان کار لەسەر منداڵان و بەکارهێنانیان دەکات، تاکو بیانکات بە بەشێک لە دەزگاکەی، ئەم کارەش بەشێکی نهێنییە ،بەشێکی دیکەش بە ناوی کار و چالاکی دیکەوە دەکات و بەشێکیشی بە ئاشکرا و فەرمییە.

ئیزابێلا منداڵێكی تەمەن ١٠ ساڵانە و لەبارەی سەربازگەی مۆزەخانەی هەواڵگری نێودەوڵەتی لە واشنتۆنەوە بە (Deutsche Welle)ی وتووە، "لێرە فێری تەکنیک و شێوازەکانی هەواڵگرییت دەکەن"، ئیزابێلا باس لەوە دەکات کار و پلانەکان لەم شوێنەدا لە ئاستێکی بەرزدایە و جیاوازە لە سەربازگە ئاساییەکان کە تەنها کار لەسەر تابلۆ و شتی ئاسایی دەکرێت.

لە ناو مۆزەخانەکەدا منداڵێکی دیکە چاویلکەیەکی گەورەی لەچاو کردووە و دەڵێت، "ئەمە دواین ئەرکمانە بۆ دۆزینەوەی سیخوڕ X، پێم وابێ رات ئەوی بردووە)، (رات) ئاژانسێکی هەواڵگری خەیاڵییە لە کەمپی منداڵە سیخوڕەکان لە واشنتۆن کە ماوەی دوو هەفتە بەردەوامیی هەیە.

راهێنان لەسەر هەواڵگریی
کەمپەکە بۆ ئەو منداڵانەیە کە تەمەنیان لەنێوان ١٠ بۆ ١٣ ساڵاندایە و لە مۆزەخانەی نێودەوڵەتی هەواڵگریی لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت، کە یەکێکە لە مۆزەخانە یادەوەرییە گەورەکانی جیهان.

جاکی ئیڵ بەڕێوەبەری پەروەردە و فێرکردنی گەنجان لە مۆزەخانەکە دەڵێت، بەجۆشی منداڵان لەم بوارەدا ئاساییە، سیخوڕیکردن لەو بابەتانەیە هەر لە منداڵییەوە سەرنجی منداڵ رادەکێشێت، وەک گوێگرتن لە قسەکانی نێوان دایک و باوک و چاودێریکردن و گەڕان بە دوای یادەوەرییەکانی خوشکەکەیدا، لە راستیدا ئەمانە ئەو شتانەن کە دەبێت منداڵان ئەنجامی بدەن.

یاریی وەک هەواڵگریی
یارییەکانی ناو کەمپی مۆزەخانەکەی واشنتۆن وەک یارییە ئاسانەکانی ناو کەمپەکانی دیکە نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەشەپێدانی توانای منداڵان لە بواری هەواڵگرییدا، واتە لەم مۆزەخانەیەدا کە لە ناو دڵی ئەمریکادایە، بە ئاشکرا منداڵان لەسەر کاری هەواڵگریی راهێنانیان پێدەکرێت.

جاکی دەربارەی کاری کەمپەکە دەڵێت، "دەمانەوێت منداڵان بە چاوی رەخنەوە لە جیهانی دەورووبەریان بڕوانن، دەمانەوێت فێربن چۆن چارەسەری کێشەکانیان دەکەن و ئەمەش لە چوارچێوەی کاری تیمدا فێربن، دەبێت فێربن کە بتوانن لەگەڵ هەموو جۆرە کەسێکدا پەیوەندی دروستبکەن، کارەکە پەیوەندی بە هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان، خاڵی لاواز و هەلەکانەوە هەیە. ئەوەی لەگەڵ ئەم منداڵانەدا ئەنجام دەدرێت ئەوەیە وەک تایبەتمەندییەکی مرۆیی چۆن بتوانیت لەسەر باڵاترین ئاست لەم جیهانەدا کار بکەیت.

ئەزموونی کەمپ
ئەمە یەکەم جار نییە کەمێکی لەم جۆرە بۆ منداڵان بکرێتەوە  و تێیدا راهێنانیان پێبکرێت لەسەر کاری هەواڵگریی و سیخوڕیکردن، بەڵکو ئەم پلان و کەمپانە لە ساڵی ٢٠٠٦وە بەردەوامیان هەیە.

بەپێی زانیاریی راپۆرتە تایبەتەکان لەم بارەیەوە، بەشێک لەو منداڵانەی لەم کەمپانەدا راهێنانیان کردووە و بەشدار بوون، دواتر لە بواری کاری هەواڵگریدا ئەرکیان وەرگرتووە و کاریان کردووە.

پێگەی سی ئای ئەی؛ دەروازەیەک بۆ منداڵان
سی ئای ئەی لە بەشی "منداڵە سیخوڕەکان"دا کە تایبەتە بە راهێنانی منداڵان لەسەر هەواڵگری و چۆنیەتی ژیانی سیخوڕەکان، بەم جۆرە خۆی دەناسێنێت، "زۆربەی خەڵک وا تێگەیشتوون کە کارمەندانی سی ئای ئەی قاپوتی درێژ لەبەردەکەن، نامەی کۆددار دەنێرن، ئامێری سەیریی وەک کامێرای شاراوە و مۆبایلی نهێنیی لە کارەکانیاندا بەکاردەهێنن، رێک ئەو شتانەی کە لە فیلم و چیرۆکە هەواڵگرییەکاندا دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە، ئەمە هەندێکی راستە، بەڵام ئەمە تەنها بەشێکی چیرۆکەکەیە."

پێگەکە باس لەوەش دەکات کە ئامێری زۆر پێشکەوتوویان لەبەردەستایە کە زۆر نهێنی و پێشکەوتوون و لە کارەکانیاندا بەکاریان دەهێنن.

بەرەو جیهانی هەواڵگریی
بەم رستانە پێگەی سی ئای ئەی دەروازەیەک بە رووی جیهانی هەواڵگرییدا دەکاتەوە، تاکو منداڵان بە ئاسانترین شێوە وێنای ئەو جیهانە بکەن و بە ئاسانی لێی تێبگەن، جیهانێک کە بۆ منداڵان زۆرتر سەرنجڕاکێشە.

یەکێک لە رێگاکان کە پێگەکە بەکاریدەهینێت چیرۆکە دەربارەی کارمەندانی هەواڵگریی و پیشاندانیان وەک پاڵەوان و گیانفیدا، بەم جۆرەش بۆیان رووندەکرێتەوە و پێیان دەوترێت ئەوان لە داهاتوودا دەبن بە چی.

بەکارهێنانی یاری و ناساندنی کارەکانی سی ئای لە زمانی منداڵانەوە یەکێکی دیکەیە لە رێگاکانی بردنی منداڵان بۆ جیهانی هەواڵگریی، لە رێگەی یارییەکانەوە منداڵان فێری شکاندنی کۆد و گەیشتن بە دۆزینەوەی بەڵگەی نهێنیی دەکرێن بۆ ئاشکراکردن و چارەسەرکردنی نهێنییەکان.

پێگەکە بەشێکی تایبەت کردووە بە دایک و باوکان و مامۆستایان و دەربارەی فێرکردنی تەکتیکەکانی کەسی هەواڵگرە، بۆ نموونە رێگاکانی کۆکردنەوەی زانیاریی و شکاندنی کۆدەکان، هەروەها خول دەربارەی هەواڵگریی لە کاتی جەنگدا، بەمەش پێگەکە دەروازەیەکی گرنگە بۆ چوونە ناو جیهانی هەواڵگریی وئامادەکردنی کارمەندی هەواڵگریی.

زمانی هەواڵگری
کارکردنی سی ئای ئەی لەسەر منداڵان و گرنگیدان بە منداڵان بۆ کاری هەواڵگری چەند هۆکارێکی هەیە، کە یەکێکیان ئامادەیی منداڵە بۆ فێربوونی زمان و شێوەزاری جیاواز لە هی خۆی.

سی ئای ئەی دەزانێت منداڵان زووتر لە کەسانی بەتەمەن فێری زمانی دیکە دەبن، ئەمەش بەلای دەزگاکەوە زۆر گرنگ و پێویستە، تاکو کارمەندێک پەروەردە بکرێت لە هەر شوێنێکی جیهاندا کاری پێبسپێردرێت ئاسان فێری زمان و کەلتوری ئەو ناوچەیە ببێت.

ئاسان فێربوونی زمانی نوێ لەلایەن منداڵانەوە وەهای کردووە سی ئای ئەی هەوڵ بدات گرنگی زیاتر بە منداڵان بدات و بیانهێنێتە ناو ئەم جیهانەوە، ئەمەش بە نهێنی ناکات و لە پێگەکەیدا بە روونی گرنگی پێداوە و باس لە گرنگی فێربوونی زمانی دیکە دەکات بۆ ژیان و کاری کەسی هەواڵگر.

سەرچاوەکانی سی ئای ئەی
سی ئای ئەی چەند سەرچاوەیەکی خستووەتەڕوو کە دەروازەیەکی گرنگ و ئاسانیشە بۆ ئەوەی منداڵان بچنە ناو جیهانی هەواڵگرییەوە، پێگەی مۆزەخانەی سی ئای ئەی، یوتیوب و کتێب لەو ئامرازانەن دەزگاکە بەکاریاندەهینێت.

سی ئای ئەی پێگەیەکی تایبەت کردووە بە مۆزەخانەی دەزگاکەیەوە و لەوێوە ئەو ئامرازانە خراونەتەڕوو کە بۆ کاری هەواڵگریی بەکاردەهێنرێن، بەتایبەت ئەوانەی لە مێژووی دەزگاکەدا و لە رابردوودا لەلایەن کارمەندەکانییەوە بەکارهاتوون.

سی ئای ئەی لە یوتیوبیش پێگەی تایبەتی خۆی هەیە و تێیدا لەسەر دەستی ئەندازیار و راهێنەرەکانی چەندین ڤیدیۆی دەربارەی کاری هواڵگریی و راهێنانکردن بۆ کاری هەواڵگریی خراوەتەڕوو، تاکو بتوانرێت کارمەندێکی هەواڵگریی باش پەروەردەبکرێت.

دەزگاکە کتێبێکیشی خستووەتەڕوو کە تێیدا زانیاری تیایە دەربارەی مێژوو، جوگرافیا، کەلتور و ژیانی بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی جیهان، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت زانیاریی دەربارەی بەشێکی زۆری جیهان بزانن.

بەم جۆرە سی ئای دەیەوێت جیاواز لە هەرکاتێک زۆرترین رێگا پیشانی ئەو کەسانە بدات کە روو لەم جیهانە دەکەن، ئامانجی سەرەکیشی راکێشنیانە بەرەو ئەو جیهانەی تایبەتە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.

لێرەوە جیهانێکی نوێ درستکراوە کە جیهانی منداڵە سیخوڕەکانە، جیهانێک کە زۆترین رێژەی ئەو منداڵانە بۆ خۆی دەبات خۆیان ئارەزوویان بۆ جیهانی نهێنیی ئامێزە و روویان لە دنیای کۆد شکاندن و دۆزینەوەی زنیاری نهێنییە.