ڕاپۆرتی جیهانی

04:12 - 18/08/2020

ئایا چین و ڕوسیا ده‌توانن پشتی دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌ زه‌ویی بده‌ن؟‌

پەیسەر

ناکۆکی و ململانێی چین و ئەمریکا تا دێت زیاتر دەبێت و گرژی دیپلۆماتیکیان بەرەو خراپی دەڕوات. چین جیا لەوەی لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن دەکات و بێباکە لە هەڕەشەکانی ئێران، لەگەڵ دەوڵەتی ڕوسیاش کەوتووەتە هاوکاریی كردن و هەوڵەکانی خۆی بۆ بەهێزکردنی پێگەی جیهانی خۆی و پشتگوێ خستنی ئەمریکا زیاتر کردووە.

چین و ڕوسیا دۆلاری ئەمریکا بەلاوە دەنێن

ململانێی چین لەگەڵ ئەمریکا تا دێت زیاتر دەبێت، لەلایەکەوە لەگەڵ ئێرانی نەیاری ئەمریکا ڕێکدەکەوێت و داواش لە ئەمریکا دەکات دەست لە گەمارۆی ئێران هەڵگرێت و بەئاسانی مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکات و ناچێتە ژێرباری فشار و هەڕەشەکانی ئەمریکاوە، لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ ڕوسیا ڕێککەوتووە دۆلاری ئەمریکی لە زەوی بدەن.
چین تا دێت لە ڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە لە جیهاندا بەهێزتر دەبێت، جەنگی دیپلۆماتی تا دێت زیاتر دەبێت و ئەمریکا لەم پێشکەوتنانەی چین قەڵس بووە.

چین چۆن پلانی لەدژی ئەمریکا داناوە بەهاوکاری ڕوسیا؟

نوێترین زانیاری بانکی ناوەندی ڕوسیا و گومرگی فیدراڵی ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەکات کە پشکی دۆلار لە بازرگانی نێوان ڕوسیا و چین لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بۆ یەکەمجار گەیشتووەتە خوار ٥٠٪.

چین و ئەمریکا بۆ کەمکردنەوە لە پەیوەستبوون بە دۆلاری ئەمریکی یەکیان گرتووە. بەشێک لە پسپۆڕان لەو باوەڕەدان ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی یەکگرتوویی دارایی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

تەنها ٤٦لە ٪ی لە مامەڵەی دارایی نێوان ڕوسیا و چین سوود لە دۆلاری ئەمریکی وەردەگیرێت ، لە هەمان کاتدا پشکی یۆرۆ لە مامەڵەکانی نێوانیان گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزتر و بووەبە ٣٠٪. هەروەها ٢٤٪یش دراوی ناوخۆیی هەردوو وڵات بەکاردێت.

لە ئێستادا بەکارهێنانی دۆلار گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی، لە ساڵی ٢٠١٥ نزیکەی ٩٠٪ی مامەڵەی نێوانیان بە دۆلار بووە، دوابەدوای جەنگی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین و یەکگرتنی ڕوسیا و چین بۆ دوورکەوتنەوە لە دۆلار، ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠١٩ تا ئاستی ٥١٪دابەزی.

دوورکەوتنەوە لە دۆلاری ئەمریکی کاری لە پێشینەی چین و ڕوسیایە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە واتە ئەوکاتەی کە پەکین و مۆسکۆ دەستیان بە گەشەپێدانی هاوکاری بواری دارایی لەگەڵ یەکتردا.

دوای ئەوەی دەوڵەتەکەی ترەمپ باجی خستە سەر سەدان ملیار لە کاڵای چینی، پەکینیش سیاسەتی دوورکەوتنەوە لە دۆلاری بە پێویست زانی.

بانکی ناوەندیی ڕوسیا لە ساڵی ٢٠١٩ ڕایگەیاند داراییەکانی دۆلاری بۆ ١٠١ ملیار دابەزاندووە، لە بەرانبەر ئەمەدا پشکی دراوی خەزێنەکراوی یوانی چین لە ٥٪ەوە بۆ ١٥٪ زیادیکردووە.

زیادکردنی گەنجینەکردنی یوانی چینی لەلایەن ڕوسیاوە تەنها بە مەبەستی دوورکەوتنە لە دۆلاری ئەمریکی نیە، ڕوسیا دەیەوێت هانی چین بدات تاوەکو زیاتر ململانێ لەگەڵ هێزی ئابووری واشنتۆن لە جیهاندا بکات.

چین ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەی لەگەڵ ئێران هەیە و لە ئێستادا پاڵپشتی ئێران دەکات لە دژی ئەمریکا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هۆشداری دابوو بە ئەمریکا کە کۆتایی بە گەمارۆ یەکلایەنەکەی خۆی لە دژی ئێران بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پابەندی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانبێت.

سەرۆک کۆماری ڕوسیا پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەربڕیوە و داوای دانیشتنێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بە بەشداری ئێران و ئەڵمانیا.

هەڕەشەکانی ترەمپ بەردەوامە
ترەمپ لە وتارێکی دوێنێیدا باسی لەوە کرد کە هاوکاری دارایی ئەو کۆمپانیایانە دەکات کە کاروپیشەکان لە چینەوە بۆ ئەمریکا دەگەڕێننەوە.
ترەمپ بەڵێنی دەستەبەرکردنی دە ملیۆن هەلی کاری لە ماوەی دە مانگدا داوە تاوەکو کۆتایی بە وابەستەبوون بە چین بێنێت. ترەمپ وتی " ئێمە گەورەترین ئابووری جیهانمان دروست کردووە و دەبێت دووبارە ئەم کارە بکەینەوە."

لەچەند مانگی ڕابردوودا هەڕەشەی دەرکردنی کۆمپانیا چینییەکانی لە ئەمریکا کردووە لەوانە تیکتۆک و ویچات و بەهەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکای داناون. هەڕەشەی کردووە کە کۆمپانیای زیاتریش دەخاتە لیستی ڕەشەوە.

چین و سیخوڕی کردن بەسەر ئەمریکاوە

چین بوێری ئەوەی هەبووە کە سیخوڕی بەسەر ئاژانسی زانیاری ناوەندیی ئەمریکاوە بکات، ڕۆژی هەینی ١٤ی ئەم مانگە ئەمریکا کەسێکی چینی بەتۆمەتی سیخوڕی کردن بەسەر دەزگای ئێف بی ئایەوە بۆ دەوڵەتی چین دەستگیرکردووە.

ئەلیکساندەر یوک چینگما، کارمەندی ناو دەزگای ئێف بی ئای بووە، ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵ خزمێکی کە ئەویش دەستگیرکراوە لەناو  ئەو دەزگایە سیخوڕیان بۆ چین کردووە. وەک پێدانی بەڵگەنامەی نهێنی تایبەت بە ئێف بی ئای و کارمەندانی ئەو شوێنە و چالاکی و چۆنێتی کارکردنیانی بۆ دەوڵەتی چین.

ئەمە جیا لەوەی کە مانگی دووی ئەمساڵیش کەسێکی سەنگاپورەیی لە دادگایەکی ئەمریکادا دانی بەوەدا ناوە کە وەک سیخوڕێک کاری بۆ دەوڵەتی چین کردووە. ئەم کەسە کاتێک کە خوێندکاری دکتۆرا بووە لە ئەمریکا، لەلایەن چینەوە دامەزراوە.