ڕاپۆرتی جیهانی

12:23 - 21/08/2020

پەیماننامەی نیو ستارت چی له‌ دۆخی جه‌نگی ئه‌تۆمی ده‌گۆڕێت؟‌

پەیسەر

به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی ئه‌تۆمی له‌ئامانجی مه‌ده‌نییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و دواجار سه‌ری له‌ ئامانجی سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، له‌مێژه‌ دوو زلهێزی جیهان له‌م په‌ری رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ بۆ ئه‌وپه‌ڕی ڕۆژهه‌ڵاتیان گرتووه‌و جیهانیان وه‌ك گۆڕه‌پانی یاریی خۆیان لێكردووه‌، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بار گرژییه‌كانی نێوانیان جاروبار ڕێككه‌وتنێك ئه‌نجام ده‌ده‌ن، یه‌كێك له‌و ڕیككه‌وتننامانه‌ی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ڕوسیا به‌ نیوستارت به‌ناو بانگه‌ . ستارتی نوێ یان نیو ستارت چییه‌؟

ئەم پەیمانە لە ٨ی نیسانی ساڵی ٢٠١٠ لە نێوان باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری ئەمریکا و دیمیتری مێدڤێدێڤ سەرۆک کۆماری ڕووسیا، لە شاری پراگ پایتەختی کۆماری چیک واژۆ کرا.

ئەم پەیمانە بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی چەکی ئەتۆمی نێوان هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ڕوسیایە. بەپێی ئەم پەیمانە ژمارەی مووشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکانی هەردوولا لە ژێرئاویی و بۆمبهاوێژە قورسەکاندا نابێت لە ٧٠٠ دانە زیاتر بێت. هەروەها لەناو کارگەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ڕووسیا و ئەمریکا، ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکان لە ٢٢٠٠ەوە بۆ ١٥٥٠ کەمکراوەتەوە و سیستەمە هەڵگرەکانیش لە ١٦٠٠ەوە بۆ ٨٠٠ کەمکراوەتەوە.

ئەم پەیمانە لە ئێستادا تەنها هۆکارە بۆ سنووردارکردنی هێزی ئەتۆمی هەردوو وڵات و لە مانگی دووی ساڵی ٢٠١٢١ کۆتایی دێت. تازەنەکردنەوەی ئەم پەیمانە ڕەنگە ببێتە هۆی مەترسی لە جیهاندا.
ئەم پەیمانە لە ئەگەری تازەکردنەوەدا تەنها بۆ ماوەی پێنج ساڵ واتە تا ساڵی ٢٠٢٦ درێژدەکرێتەوە. مۆسکۆ داوای لە واشنتۆن کردووە ئەم تازەکردنەوەی ئەم پەیمانە دوانەخات و ئەم پەیمانەی بە ستانداردێکی ئاڵتوونی وەسف کردووە لە بواری داماڵینی چەکی ئەتۆمی.

گەڕی دووەمی بەبێ ئەنجام کۆتایی هات

سێرگی ریباکۆف و مارشاڵ بێلینگلێسلی نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لەکاروباری کۆنترۆڵکردنی چەک، سەرۆکی لیژنەی نوێنەرانی هەردوو وڵاتن.
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆتایی دانوسانەکەی لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا لەبواری کۆنترۆڵی چەکی ئەتۆمی لە ڤیەننا ڕایگەیاند، لە هەندێک خاڵدا لەیەک نزیک بووینەتەوە بەڵام هێشتا ناکۆکی جدی نێوان هەردوولا بەردەوامە و ئەولەوییتەکانی ڕووسیا و ئەمریکا زۆر لەیەک جیاوازە.
سێرگی ریابکۆف جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوە کرد ئەمریکا جەخت لەسەر بەشداریکردنی چین دەکاتەوە لە پەیمانەکە بەڵام چین ئامادە نیە ببێتە بەشێک لەم پەیمانە. بەڵام لەولاشەوە ڕوسیا جەخت لەسەر بەشداریکردنی فەڕەنسا و بەریتانیا دەکاتەوە وەک دوو هێزی ئەتۆمی.



ترەمپ و پەیمانی ستارتی نوێ
ئاناتۆلی ئانتۆنۆڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەمریکا ، ماوەیەک لەمەوبەر نیگەرانی خۆی لەسەر هەڵوێستی ترەمپ دەربڕی و ڕایگەیاند " لەکاتێکدا تەنها چەند مانگی ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەم پەیمانە، هیچ هەنگاوێکی جدی لەلایەن ئەمریکاوە نابینم و من ڕەشبینم چونکە تا ئێستا هیچ خاڵێکی ئەرێنی نابینم"
بیانووی ترەمپ بۆ تازەنەکردنەوەی پەیمانەکە ئەوەیە کە لە پەیمانە تازەکەدا دەبێت وێڕای ڕووسیا، چینیش بێتە ناوپەیمانەکەوە بەڵام چین ڕەتی دەکاتەوە.
چین دەڵێت کارگەی چەکە ئەتۆمییەکەی بچووکە و بۆ مەبەستی بەرگری کردن بەکاری دەهێنێت نەک هێرش بۆ سەر وڵاتانی دیکە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای حکومەتەکەی ترەمپ لەم بارەیەوە وتویەتی " کاتی ئەوەیە چین ڕۆڵی خۆی وەک یاریکەرێکی نێودەوڵەتی بەرپرسیار بسەلمێنێت."
پێشتریش مارشاڵ بیڵینگسڵی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ واشتنۆن پۆست ڕایگەیاند دەبێت لەم پەیمانە تازەدا سیستەمی نوێی چەکی دیکە لە خۆی بگرێت.

بەڵام چین جەختی لەوە کردووەتەوە نایەوێت بەشداری لەو پەیمانەدا بکات. هوا چون ینگ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەڵوێستی ئەمریکا هەمیشە بەوجۆرە بوە ئەگەر بیەوێت خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە وڵاتانی دیکە تۆمەتبار دەکات، هەرکاتێکیش بیەوێت لە رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا دەکشێتەوە.

شایەنی باسە ئەگەر کارگە ئەتۆمییەکانی چین لە ئاستی ڕووسیا و ئەمریکا نیە، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی چین لە ئاسیاپاسفیک وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمریکا دادەنرێت. بەتایبەت لە کە لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر یارمەتیدانی ئەمریکا بۆ تایوان جۆرێک لە نمایشی سەربایی و هێز لە نێوان هەردوولا لە گەرووی تایوان و دەریای باشووری چین ئەنجامدرا.