ڕاپۆرتی جیهانی

01:16 - 22/08/2020

له‌نێوان خاچی سوور و مانگی سووردا‌

پەیسەر

خاچی سوور، ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی خێرخوازی ناحکومییە، ناوەندی سەرەکی لە شاری ژنێفی سویسرایە. ئەم ڕێکخراوە لە سەرەتادا تەنها لە بواری یارمەتیدانی سەربازە بریندارەکانی جەنگدا کاری دەکرد بەڵام دواتر لە چەندان بواری دیکەشدا کاری کرد. بەنزیکی لە هەموو وڵاتانی جیهاندا لقی هەیە و لە کاتی جەنگ و ئاشتیدا چالاکن و کار دەکەن. لە ئێستاشدا پیتەر مۆیەری سویسری سەرۆکی ئەم  ڕێکخراوە جیهانییەیە.

زیاتر لە ٨٠ وڵاتی جیهان بوونیان هەیە و زیاتر لە ١١٠٠٠ هەزار کەس وەک کارمەند کاردەکەن کە زۆرینەیان هاوڵاتی ئەو وڵاتەن کە ڕێکخراوەکەی تێدایە.

چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە لە ساتی ڕووداوی نەخوازراودا بریتیە لە فریاگوزاری سەرەتایی، پێشگرتن لە ڕوودانی ڕووداوێک، پاکڕاگرتنی ئاوی خواردنەوە، پەروەردەکردنی پەرستاران و مامانەکان، چاودێری لە زایەنگا و ئەو ناوەندانەی کە تایبەتن بە منداڵان دروستکردنی نەخۆشخانە و بانکی خوێن و...هتد.

بیرۆکەی دامەزراندنی ڕێکخراوی خاچی سوور
بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە دەگەڕێتەوە بانکدارێکی سویسری بەناوی هێنری دۆنان.

جۆن هێنری دۆنان، لە ٨ی ئایاری ١٨٢٨ لە ژنێفی سویسرا لەدایکبوو، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو. باوکی بازرگان بوو و دایکیشی لە نەخۆشخانەی باپیری بەخۆبەخشی کاری دەکرد.

دۆنان لە ٢٤ی حوزەیرانی ١٨٥٩ بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی هەڵکەندنی چاڵ کە پەیوەندی بە کارەکەیەوە هەبوو، ڕۆشتە شاری لۆمباردی لە باکووری ئیتاڵیا. لەوکاتەدا  خاڵێکی سەرەکی لە شەڕی سۆلفرینۆ(ناوچەیەکە لە باکووری ئیتاڵیا) لە نێوان فەڕەنسا و ئیتاڵیا لە دژی نەمسا. پاش ١٦ کاتژمێر جەنگ ٤٠،٠٠٠ کوژراو و برینداری لەخۆگرتبوو، هەزاران ژن و پیاوی برینداری جەنگ لە بارودۆخێکی سەخت و دژواری تەندروستیدا بوون و لەبەرنەبوونی پێداوێستی سەرەتایی پزیشکی، گیانیان لەدەستدەدا. ئەم دیمەنە ئازاربەخشە کاریگەری لەسەر دۆنان دانا. ئەو لەبەرئەوەی لە خێزانێکی باوەڕدار بوو، بە بینینی ئەم دیمەنە کارەکەی خۆی لەبیرکرد و خەڵکی گوندەکەی هاندا تاوەکو بریندارانی هەردوو بەرەی جەنگەکە بپارێزن بەبێ گوێدان بەوەی کە سەربازی کام وڵاتن و یارمەتییان بدەن. هەر ئەم هەوڵانەی لەوکاتەدا گیانی زۆرێک لە مرۆڤی برینداری جەنگ ڕزگارکرد.

لە ساڵی ١٨٦٢ کتێبێکی بەناوی یادگاری سۆلفرینۆ نووسی و تێیدا داوای لە خەڵکی کرد ئەنجوومەنێکی هاوکاری مرۆیی پێکبهێنن.

 "سەربازی بێهێزی چیتر بە دوژمن دانانرێت و دەبێت وەک هاوڕێیەک هەڵسوکەوت لەگەڵ بریندارانی جەنگ بکرێت لە هەرکوێی جیهان بێت"
ئەم باوەڕەی دۆنان بوو بە بنەڕەتێکی گرنگ کە دواتر خاچی سووری لەسەر دامەزرا.

ئەم داواکارییە کاریگەری زۆری لەسەر خەڵکی بەجێهێشت و لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٤ کە لە شاری ژنێف بەڕێوەچوو، شانزە وڵات ئەرکی دامەزراندنی ڕێکخراوی خاچی سووریان گرتەئەستۆ.

ئەم ئەنجوومەنە لەکاتی جەنگدا وەک نێوەنگرێک لە نێوان ئەنجوومەنە نەتەوەییەکانی خاچی سوور و ئەو وڵاتانەی کە گیرۆدەی جەنگن، ڕۆڵ دەگێڕێت. چاودێری زیندانییەکانی جەنگ دەکات لە ئۆردوگاکاندا، ئارامی و ئاسوودەییان دابین دەکات، نامە و پەیوەندییەکانیان بە بنەماڵەکانیان دەگەیەنێت. ئەم ڕێکخراوە لەگەڵ ئەوەشدا یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە تووشی تۆفان و نەخۆشی گشتگیر و قاتو قڕی بوون.

ئاڵای سویسرا خاچێکی سپییە بە باکگراوندێکی سوورەوە، ئەم شێوە گۆڕا بە خاچێکی سوور بە باکگراوندێکی سپی ، واتە بەپێچەوانەی ئاڵای سویسرا و ئەمەش وەک ئاڵای ئەم ڕێکخراوە دیاریکراو و ناوی لێنرا خاچی سوور.


هیلال ئەحمەر (مانگی سوور) چۆن دامەزرا؟
لە ساڵی ١٨٧٦ دەوڵەتی عوسمانی لەجێی بەکارهێنانی نیشانەی خاچی سوور، ڕەنگی ئاڵاکەی خۆی، واتە مانگی سووری لە باکگراوندێکی سپی بەکارهێنا. بەم شێوە لەوکاتە بەدواوە لە وڵاتانی ئیسلامیدا لەجێی جاچی سوور، مانگی سوور وەک سەمبولی ئەم ڕێکخراوە بەکاردێت.

لە ئێرانیش لە ساڵی ١٩٢٢ ئەنجوومەنی میلی هیلال ئەحمەری خۆی دامەزراند، بەڵام لەجێی نیشانەی خاچی سوور و هیلال ئەحمەر، نیشانەی شێر و خۆری سووری وەک نیشانەی ئەم ڕێکخراوە دیاریکرد و دوای هەوڵ و داواکاری ئێران، لە کۆنفرانسی ژنێف لە ساڵی ١٩٢٩ ئەم نیشانەیەی ئێرانیش وەکو سێیەم نیشانە دیاریکرا. بەم شێوە هەرسێ نیشانەی مانگی سوور و خاچی سوور و شێر و خۆر وەک سێ نیشانەی فەرمی نێودەوڵەتی دەستنیشانکرا.

دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، لە نامەیەکدا بۆ حکومەتی سویسرا، ئێران داوای کرد نیشانەی شێر و خۆر لاببرێت و هەمان مانگی سوور دانرێت، ، بۆیە دواتر لە ساڵی ١٩٨٠ ڕێکخراوی شێر و خۆری سووری ئێران گۆڕا بۆ هیلال ئەحمەری کۆماری ئیسلامی ئێران.

پێکەوەبوونی خاچی سوور و مانگی سوور
ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و هیلال ئەحمەر لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەن و لەسەر حەوت بنەڕەت یەکیان گرتووە و کار دەکەن ( مرۆڤایەتی، بێ مەبەست، بێ لایەنی، سەربەخۆیی، خزمەتی خۆبەخشانە، یەکێتی و جیهانیبوو).