ڕاپۆرتی جیهانی

05:44 - 25/08/2020

تورکیا بەرەو ئەفریقا؛ تورکەکان لەبەردەم قەڵای فەڕەنسییەکان‌

پەیسەر

دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپیدان لە تورکیا، تورکەکان لە هەرکاتێک زیاتر دەستیان بە فراوانخوازیی و چوونە دەرەوەی سنورەکانی خۆیان کرد، تورکەکان دەیانەویست دەستیان بە سەرچاوەیەکی زیاتری وزە بگات، یەکێک لە ئاڕاستەکانی ئەم فراوانخوازییەش بەرەو کیشوەری ئەفریقا بوو، کیشوەرێک پڕ لە سەرچاوەی دەوڵەمەند و مرۆڤی هەژار.

لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند
تورکیا لە دوای ساڵی ٢٠٠٠وە دەستی بە فراوانخوازییەکی ئاشکرا و روون کرد، ئەم هەوڵەش بۆ ئەوە بوو لە دەوڵەتێکی پەراوزێز و لاوازەوە ببێت بە دەوڵەتێکی خاوەن هەژموون و بەهێز، بۆ سەرپێخستنی ئەمەش لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا دەستی بە دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزتر کرد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە پێشتر تورکەکان ئاشنای نەبوون، وڵاتانی ئەفریقاش لەو وێستگە گرنگانە بوون، بەم جۆرەش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەنقەرە لە ئاستی جیهاندا چووە ئاستێکی گەورە و فراوانەوە.

تورکیا بە سود وەرگرتن لە تیرۆری "قوڵایی ستراتیژی" ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆک وەزیرانی پێشوو، دەستی بە سیاسەتە دەرەکییەکانی کرد بۆ زیادکردنی دەسەڵات و ئامادەیی ئەنقەرە لە وڵاتانی دیکەی جیهان و ئەفریقا بەتایبەتی، ئەمەش رووبەڕووی چەندین بەربەست و کاردانەوەی کرد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی تورکیا بە هەڕەشە دەزانن لەسەر بەرژەوەندییەکانیان.

بۆچی ئەفریقا؟
تورکیا رووی لەو وڵاتانە کرد کە لە خۆی لاوازترن، ئەمەش لەپێناو هەژموونکردن بە سەریاندا و مامەڵەکردن وەک دەوڵەتێکی بەهێز، بەشێکی زۆری ئەو دەوڵەتانەش رووی تێکردن لە ئەفریقای برسی بوون.

ئەفریقا بۆ تورکیا و هەر وڵاتێکی دیکە گرنگە کە بە دوای هێز و دەسەڵاتدا دەگەڕێت، ئەفریقا خاوەن دانیشتوانێکی یەک ملیار کەسییە، ساڵانەش ٢٤ ملیۆن کەسی دیکە بۆ ئەم دانیشتوانە زیاد دەبن، ئەمەش دەیکات بە کیشوەرێکی خاوەن هێزی مرۆیی گەورە، بوونی سەرچاوەی سروشتی ئەفریقای کردووە بە ئامانجی هەر دەوڵەتێکی فراوانخواز، چونکە ١٥٪ی نەوتی جیهانی تێدایە، ئەوە جگە لەوەی خاکەکەی بۆ کشتوکاڵکردن زۆر بەپیتە، کە یەک لەسەر سێی خاکی کشتوکاڵی جیهانی تێدایە.

رەگ داکوتین
ئامادەیی تورکیا لە ئەفریقا رەگێکی مێژووی تا ئاستێک مامناوەندی هەیە، تورکیا لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە لە خاکی ئەفریقادا رەگی داکوتیوە، ئەم رەگ داکوتینەش لە پلانی "کرانەوەی یەفریقا"وە لە ساڵی ١٩٨٩ دەستیپێکرد، دوای ئەوەشی هاتە سەر دەسەڵات پارتی داد و گەشەپێدان رەگ داکوتینەکەی کرد بە سیاسەتی سەرەکی وڵاتەکەی لە ئەفریقا، بەتایبەت دوای ئەوەی داودئۆغڵو بوو بە سەرۆک وەزیرانی ئەفریقا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٥ تاکو کۆتایی ٢٠١٧ سەردانی ٣٠ وڵاتی ئەفریقی کردووە، ئەمەش بوو بە سەرەتایەکی بەهێز بۆ ئامادەیی قورس و بەهێزی ئەنقەرە لە وڵاتانی ئەفریقا. تەنها لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ تاکو ٢٠١٩ ئەردۆغان سەردانی ٢٣ دەوڵەتی ئەفریقی کردووە، ئەمەش کردی بە یەکەم سەرۆکی نائەفریقی لە جیهاندا کە زۆرترین سەردانی ئەفریقای کردبێت.

بازرگانی نێوان تورکیا و ئەفریقا
تورکیا بە تایبەت رووی لەو وڵاتانەی ئەفریقا کردووە کە لە رووی ئاینیی، کەلتوری و مێژووییەوە لە تورکەکانەوە نزیکن، ئاستی هەناردەی تورکیا بۆ ئەفریقا لە ساڵی ٢٠٠٤ لە سێ ملیار دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ ١٣ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠١٥.

لە ماوەی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٧ ئاستی بازرگانی نێوان تورکیا و ئەفریقا دوو هێندە زیادی کرد و گەیشتە ١٨ ملیار دۆلار.  دواتر و لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠ ملیار دۆلار بەرزبووەوە، بەم جۆرەش ئاستی بازرگانی ئەنقەرە و ئەفریقا لە ١٨ ساڵی رابردوودا شەش هێندە بەرزبووەوە.

هەر لەم ساڵانەدا تورکیا ٣٩ رێککەوتنی هاوکاری بازرگانیی و ئابووری لەگەڵ ٣٩ وڵاتی ئەفریقادا واژۆ کردووە و ژمارەی نووسینگەکانی فرۆشتنی لە چوار ناوچەوە بۆ ٢٤ ناوچە بەرزکردەوە، ئەوە جگە لەوەی تورکیا تاکو ٢٠١٧، هەزار و ١٥٠ پڕۆژەی لە ئەفریقا کردووە بە بەهای ٥٥ ملیار دۆلار. تورکیا تاکو ٢٠٢٠ رێککەوتنی هاوکاری بازرگانی و ئابووری لەگەڵ ٤٦ دەوڵەتی ئەفریقی کردووە.

ئاستی گەشتکردنی هاوڵاتیانی ئەفریقاش بۆ تورکیا بەرزبووەوە، ئەمەش ئەنجامی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تورکیا بوو لەو کیشوەرەدا، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٦، ٢١٠ هەزار ئەفریقی سەردانی تورکیایان کردووە، لە ساڵی ٢٠١٥ ئەم ژمارەیە بۆ ٨٨٥ هەزار گەشتیار بەرزبووەوە.

کەلتور و خوێدن
لەو بوارە گرنگانەی تورکیا لە ئەفریقا گرنگی پێدەدات پەروەردە و کەلتورە، ساڵانە دەیان هەزار خوێندکاری ئەفریقی روو لە تورکیا دەکەن و لە زانکۆکانی ئەو وڵاتەدا درێژە بە خوێندن دەدەن.

تورکیا لە ئەفریقا ١٤٤ دامەزراوەی پەروەردەیی و ١٧ شوێنی نیشتەجێبوونی خوێندکارانی کردووەتەوە و سەرپەرشتییان دەکات، هەلی خوێندنی بە دەیان هەزار خوێندکاری ئەفریقی داوە، بەتایبەت لە دوای ساڵی ١٩٩٢وە.

ئەفریقا لەنێوان پاریس، ئەبوزەبی و ئەنقەرە
فەڕەنسا کە داگیرکەری سەرەکی وڵاتانی ئەفریقا بووە، یەکەم رێگری فراوانخوازییەکانی ئەنقەرەیە لەم کیشوەرەدا، تورکیا هەمیشە بە ناڕاستەوخۆ باس لە داگیرکەرەکانی ئەفریقا دەکات کە جگە لە داگیرکاریی و جێهێشتنی میراتی خۆیان هیچ سودێکیان بە ئەفریقیییەکان نەگەیاندووە، بەڵام ئەوان کە هاتوون بۆ ئەفریقا وەک داگیرکەر نەهاتوون، بەڵکو وەک دۆستێک هاتوون. فەڕەنسا هاتنی تورکیا بۆ ئەفریقا بە دژایەتیکردنی پاریس و سنوربەزاندن دەزانێت، بۆیە هەوڵ دەدات زۆرترین کێشە و گرفتی بۆ دروستبکات.

ئیمارات هەمیشە و بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ فراوانخوازییەکانی تورکیا لە ئەفریقا دەربڕیوە و بە "داگیرکاریی" ناوی بردووە، میدیای وڵاتەکەش بەردەوام رەخنە لە تورکیا دەگرن، فشار دروستدەکەن و هەوڵی جوڵاندنی شەقامی عەرەبی دەدەن دژی ئەنقەرە.

قۆستنەوەی برسێتیی
هەموو ئەو دەوڵەتانەی روویان لە ئەفریقا کردووە، وەک داگیرکەر بێت یان بە ناوی دۆستایەتییەوە، هەژاریی و برسێتی خەڵکی ئەم کیشوەرەیان وەک هەلێک قۆستووەتەوە بۆ بوونیان لەو ناوچەیەدا، بە پێدانی هاوکارییەکی کەم هەوڵیان داوە سۆزی ئەفریقییەکان بۆ لای خۆیان رابکێشن و پێشوازییان لێبکەن.

ئەفریقییەکان کە خاوەن کیشوەرێکی دەوڵەمەندن، لەبەر هەژاریی خۆیان باوەش بۆ هەر وڵاتێک دەکەنەوە هاوکاریان بکەن و ببن بە دۆستیان، تورکیاش لە رێگەی خوێندن، پەروەردە و هاوکارییەوە توانیویەتی سۆزی بەشێکی دیاری ئەفریقییەکان بۆ لای خۆی رابکێشێت.