ڕاپۆرتی جیهانی

11:26 - 05/09/2020

شاره‌زایان: برسیەتیەكی مەترسیدارتر لە كۆرۆنا به‌ڕێوه‌یه‌‌

پەیسەر

جیهان بەرەو برسیەتیەكی مەترسیدار دەروات كە پێشبینی دەكرێت ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی برسیەتیەكەوە بمرن كە كۆرۆنا دروستی دەكات زیاتربێت لەو كەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە دەمرن، ژمارەی ئەو كەسانەی بە دەست كەمی خۆراكەوە دەناڵێنن لە ساڵی 2030 دا دەگاتە 909 ملیۆن كەس.

مردن بەهۆی برسیەتی كۆرۆناوە لە مردن بەهۆی ڤایرۆسەكە زیاتر دەبێت
بەپێی پێشبینی رێكخراوی ئوكسفامی خێرخوازی نێودەوڵەتی لەكۆتایی ئەم ساڵدا ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی برسیەتی پەیوەندیدار بە كۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن رۆژانە دەگاتە 12 هەزار كەس، ئەوەش زیاتر دەبێت لە ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە دەمرن.

نیت موك بەرێوەبەری جێبەجێكاری رێكخراوی " وورلد سنترال كیچن " دەڵێت ئەم ڤایرۆسە بەشێوەیەكی راستەقینە درزەكانی سیستمی جیهانی دەرخست و ئەوەی ئاشكرا كرد كە لەكوێوە دادەرمێت.
كەناڵی دووچە ڤێلەی ئەڵمانی بڵاویكردەوە "شارەزایان پێشبینی دەكەن زیاتر لە 132 ملیۆن كەس بەهۆی برسیەتیەوە لەم ساڵدا بمرن ئەوەش زیاترە لە پێشبینیەكانی پێشووتر".

دژیەكیەكی سەیر
ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ بڵاویكردەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆتە هۆی نارێكی لە هەناردەكردن و ئاڵوگۆڕی مادە خۆراكیەكان و چالاكیە ئابوریەكان و كەم بوونەوەی توانای كڕین لەلای بەكاربەر.

 

ئەوەش دەبێت هۆی ڕوودانی شتێك كە پێشتر نمونەی نەبووە، و برسیەتی دەبێتە هۆی مردنی ژمارەیەك لە دانیشتوانی گۆی زەوی، هەروەها پێشبینی دەكرێت بەشێوەیەك كە هاوشێوەی نەبووە ئاسایشی خۆراكی ئەو وڵاتانە بكەوێتە مەترسیەوە كە تارادەیەك سەقامگیریان لە هاوردەكردنی خۆراك هەبووە.

ئەوەش لە كاتێكدایە بەرهەمی خۆراك زیاد دەبێت.

لە شارەكانی كوینز و نیویۆرك برسیەكان ناچار دەبن بۆ ماوەیەك كە دەگاتە 8 كاتژمێر لەبەردەم یەكێك لە بانكەكانی خۆراك بوەستن بۆ ئەوەی سندوقی خۆراك بەدەست بهێنن كە بەشی هەفتەیەك دەكات، جوتیارانی كالیفۆرنیا كاهو دەچێنن، لە واشنتۆن میوەكان بە دارەكانەوە جێدەهێڵدرێن و لێناكرێنەوە بەهۆی دابەزینی نرخەكانیانەوە.
لە ئۆگەندا مۆز و تەماتە لە بازارەكان كەڵەكە دەبێت، لەگەڵ ئەوەی نرخەكەی بە نزمی دەمێنێتەوە بەڵام بەلای زۆرینەی كڕیارانی بێكارەوە هێشتا ئەو نرخانە زۆرە.
هەروەك لەماوەكانی رابردوودا لەم ساڵدا برنج و گۆشت لە بەندەرەكان كەڵەكە بوو، بەهۆی ئەوەی لە بازارەكانی فلیپین و چین و نیجیریا ساغ نەبونەوە، لە ئەمریكای باشور فەنزوێلا لە لێواری برسیەتیدایە.

كۆرۆنا نا یەكسانی دەردەخات
پەتای كۆرۆنا قوڵای نا یەكسانی لە جیهاندا دەرخست، هەروەك بووە هێزێكی یەكلایی كەرەوە بۆ دیاریكردنی ئەوەی كێ خۆراكی دەست دەكەوێت و كێش لە جیهاندا ناتوانێت خۆراك بەدەست بهێنێت، ئەوەش بە هێزەوە دابەش بوونی كۆمەڵایەتی لە جیهاندا دەردەخات، بەجۆرێك دەوڵەمەندەكان سەرمایەكانیان كەڵەكە دەكەن بەشێوەیەكی خێرا، لە بەرامبەردا ملیۆنان كرێكار كارەكانیان لەدەستدا و پارەی پێویستیان نیە بۆ ئەوەی خۆراك بۆ خێزانەكانیان دابین بكەن، لەگەڵ ئەوەی حكومەتەكان تریلیۆنان دۆلاریان خەرج كرد وەك هاندان، كە لەسەر ئاستی جیهان دەركەوت.

لەگەڵ كێشەی ئابوری رێكارەكانی داخستن بۆتە هۆی ئەوەی هاوردەكردنی خۆراك زیانی بەربكەوێت و كێشەیەكی مەترسیدار دەربارەی دابەشكردنی خۆراك دروست بێت، هەروەك ئەو پەتایە بۆتە هۆی گۆرانكاری چاوەڕوان نەكراو لە خۆراكی چێشتخانەكان، ئەوەش بەواتای كەم بوونەوەی خواست لەسەر چاندن لەلایەن جوتیارەكانەوە، كە ناچاربوون بەهۆیەوە دەست بەرداری بەرهەمەكانیان ببن و چیتر شیر و هێلكە بەرهەم نەهێنن لە دۆخێكدا هیچ هۆكارێكی جێگرەوە نیە بۆ بەردەوامی گەیشتنی ئەو بەرهەمە بە دەستی ماركێتەكان یان بەكاربەران.

لە خراپترین سیناریۆی چاوەڕوانكراویشدا نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێت نزیكەی 10%ی دانیشتوانی جیهان لەم ساڵدا خۆراكی پێویستیان بەدەست ناگات، رەنگە ئەو ژمارەیە زیادیش بكات، ملیۆنان كەسی تر بەجۆرێكی تر بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراكەوە دەناڵێنن، لەناویشیاندا نەبوونی توانای كڕینی خۆراكی تەندروست ئەوەش دەكرێت ببێتە هۆی توش بوون بەقەڵەوی و خراپی خۆراك.

پێشبینی دەكرێت كاریگەریەكانی قەیرانی ئێستای خۆراك لەچەند ناوچەیەكی جیهان بۆ چەندین ساڵ بمێنێتەوە، لە باشترین پێشبینیدا نەتەوەیەكگرتووەكان پێی وایە قەیرانی برسیەتی توندتر دەبێت لە پێشبینیەكانی پێشوو لە 10 ساڵی داهاتوودا، و ژمارەی ئەو كەسانەی بەدەست كەمی خۆراكەوە دەناڵێنن لە جیهاندا بە هاتنی ساڵی 2030 نزیكەی 909 ملیۆن كەس دەبێت، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشبینی نەتەوەیەكگرتووەكان پێش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا 841 ملیۆن كەس بووە.

تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لە كەمكردنەوەی رێكارەكان
سەرباری مەترسیەكانی برسیەتی بەڵام رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لە كەمكردنەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی كە كاریگەری گەورەی لەسەر زیادبوونی هەژاری هەبووە، لەو بارەیەوە هانز كلوغ بەرێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەوروپا رایگەیاند ئێستا كاتێكی گونجاو نیە بۆ كەمكردنەوەی رێكارەكان.

سه‌رچاوه‌: بۆ بینینی ڕاپۆرته‌كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی كلیك لێره‌ بكه‌