ڕاپۆرتی جیهانی

04:58 - 07/09/2020

ئەو هۆکارانەی کەسێک ناچار دەکەن دان بە تاوانێکدا بنێت کە نەیکردووە‌

پەیسەر

لە لێپرسینەوەکاندا دانپێدانان وەک بنەمایەکی گرنگ بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسییەی تاوان دادەنرێت، تەنانەت هەندێک کەس پێیان وایە ئەگەر تەنانەت بەڵگەی مادی و بەردەستیش نەبێت، دانپێدانانی کەسێک بەسە بۆ ئەوەی لەوە دڵنیا ببینەوە کە ئەو کەسە تاوانەکەی ئەنجامداوە.

دانپێدانان بەردەوام لەژێر گومان و نادڵنیایدایە، چونکە گومان دەکرێت ئەو دانپێدانانە لەژێر ئەشکەنجەدا ئەنجامدرابێت، بەڵام مەرجیش نییە هەموو جارێک دانپێدانان بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە بکرێت، چونکە هەندێک جار کەسێک بەبێ ئەوەی ئەشکەنجە بدرێت دان بە تاوانەکەیدا دەنێت.

لەوە سەیرتر ئەوەیە هەندێک کەس بەبێ ئەوەی تاوانێکی ئەنجام بدات، دان بە تاوانێکدا دەنێت، واتە دان بە کارێکدا دەنێت کە دوور و نزیک پەیوەندی بەوەوە نییە و ئەنجامیش نەدراوە.

بیرتۆن هاوڵاتییەکی ئەمریکییە و تەمەنی ١٦ ساڵی تێنەپەڕاندبوو کە دانی بەوەدا ناوە کە باوکی کوشتووە، لە کاتێکدا لە راستیدا ئەم کارەی ئەنجام نەداوە و باوکی نەکوشتووە.

دوای چەند کاتژمێرێک لە لێپرسینەوە، گەنجەکە داوای کرد کە پۆلیس گوێی لێبگرن. چەند پارێزەرێک لە چەند رێکخراوێکەوە بۆ چەند ساڵێک کاریان لەسەر ئەوە کرد کە بیسەلمێین ئەم کەسە ئەم کارەی ئەنجام نەداوە و باوکی خۆی نەکووشتووە، ئەو بەڵگانەشی پێشکەشیان دەکرد پێچەوانەی دانپێدانانەکانی خۆی بوو کە دەیوت باوکم کوشتووە، بەڵام داواکاری گشتی شاری برۆنکس دانپێدانەکەی خستە سەرووی هەموو بەڵگەکانەوە.

بیرتۆن یەکەم و دوایین حاڵەتی لەم جۆرە نەبووە، هەزاران کەس لە جیهاندا دانیان بەو کارانەدا ناوە کە ئەنجامیان نەداوە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نەبووە، ساڵی ١٨١٩ پیاوێک لە ئەمریکا دانی بە کوشتنی کەسێکدا نابوو، پێش ئەوەی لەسێدارە بدرێت رزگاری بوو، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو کەسەیان لە نیوجێرسی دۆزییەوە کە ئەم پیاوە دەیوت کوشتوومە.

دانپێدانانی درۆ
زانایانی دەروونناسی هەوڵ دەدەن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە بۆچی کەسێک بەبێ ئەوەی تاوانێکی کردبێت دان بەوەدا دەنێ کە ئەو تاوانەی ئەنجام داوە؛

فشاری سەختی دەروونی
شاول کاسین دەروونناسە لە (John Jay College of Criminal Justice) و یەکێکە لە پسپۆرانی بواری لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لە تۆمەتباران، چەندین ساڵیش لە بواری تەکنیکەکانی لێپرسینەوە لە بنکەکانی پۆلیس کاری کردووە، کە یەکێکیان شێوازی (رید)ە لە بواری لێپرسینەوە کە وەک شێوازێکی جیهانیی لێهاتووە.

ئەم شێوازە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٢ لەلایەن (John Reed)وە بەکارهات، کە لێکۆڵەر بووە لە شیکاگۆ، پسپۆڕ بووە لە بواری درۆ ئاشکراکردن و مامۆستای یاساش بووە لە زانکۆی (Northwestern University).

ئەم رێگایە بە هەڵسەنگاندنی رەفتاری تۆمەتبارەکە دەستپێدەکات، کەسی لێکۆڵەر هەندێک پرسیار دەکات کە هیچ پەیوەدنییەکی بە بابەتەکەوە نییە، هەندێک جاریش پرسیاری ئیستیفزازی دەکات، ئامانج لەم کارەش چاودێریکردنی تۆمەتبارە تاکو بزانرێت هەوڵی خەڵەتاندنی لێکۆڵەر دەدات یان نا.

کاسین پێی وایە ئەم فشارە دەروونییە لەسەر تۆمەتبار، ئەگەر هەیە وای لێبکات دان بە شتێکدا بنێت کە نەیکردووە و درۆ بکات.

کاسین پێی وایە، کاتێک لێکۆڵەر بە تۆمەتبار دەڵێت، ئەگەر هەیە بەڵگەی نوێ دەربکەوێت، کاریگەری لەسەر تۆمەتبار دەبێت و ئەگەر زۆرە تەنها بۆ ئەوەی رزگاری ببێت لەو فشارە دەروونییە دان بە هەندێک شتدا بنێت کە نەیکردووە.

بەکارهێنانی رێگای خەڵەتاندن
یەکێک لە میکانیزمەکانی شێوازی رید لە کاتی لێپرسینەوەدا، بەکارهێنانی رێگای خەڵەتاندنە لەلایەن لایەنی لێکۆڵەرەوە.

لەم رێگایەدا، لێکۆڵەران لەکاتی قسەکردن لەگەڵ تۆمەتبار درۆ دەکەن بەوەی کە بەڵگەی گرنگیان لەسەر تاوانەکە دەستکەوتووە، ئەمە لە کاتێکدا لێکۆڵەر هیچ بەڵگەیەکی لەبەردەستدا نییە.

بۆ نموونە لێکۆڵەر بە تۆمەتبار دەڵێت لە شوێنی رووداوەکەدا (دی ئێن ئەی)ی ئەویان دزۆیوەتەوە، کاتێکیش تۆمەتبار دەخرێتە هەڵوێستێکی لەم جۆرەوە، ئەوا دەکرێت بە ئاسانی دانی پێدا بنێت.

هەندێک جار لێکۆڵەر بە تۆمەتبار دەڵێت بەڵگەی "بەهێز"یان لەسەری کۆکردووەتەوە و ئەگەر دانیپێدا بنێت ئەوا سزاکەی سوکتر دەبێت، ئەمەش وەها دەکات تۆمەتبار هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکەی لەبەردەستدا نەبێت جگە لە دانپێدانانی درۆ، ئەمەش لەپێناو ماوەیەکی کەمتر مانەوە لە زینداندا و لەسێدارەنەدانی.

لەدەستدانی توانای بەرگری
هەندێک تۆمەتبار لە هەندێکی دیکە زیاتر و زوووتر دەکەونە ژێر کاریگەری کەسی لێکۆڵەر و بە ئاسانی دان بەو شتانەدا دەنێن کە ئەنجامیان نەداوە.

ئەم جۆرە کەسانە دەکەونە ژێر کاریگەری قسەکانی لێکۆڵەر و پەسەندی دەکەن، تەنانەت وەڵامەکانیان لەسەر بنەمای قسەکانی لێکۆڵەر دەدەنەوە نەک ئەوەی کە خۆیان بڕوایان پێی هەیە، بەم جۆرەش توانای بەرگریی و متمانە بەخۆبوون لەدەستدەدات، تەنانەت توانای خەویش لەدەستدەدات و هەوڵ دەدات زووترین کات دانپێدانان بکات.

گەنجان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت زووتر دەکەونە ناو ئەم دۆخەوە، ئەوەش بەو هیوایەی بە کەمترین سزا رزگاریان ببێت.

بەپێی تۆماری ئەمریکیی بۆ بێتاوانی، ٤٩٪ی دانپێدانانە درۆینەکان هی ئەو کەسانە بووە کە تەمەنیان لە خوار ٢١ ساڵ بووە، ئەو کەسانەشی تووشی فشار و زەبری دەروونیی دەبن، زیاتر ئەگەر هەیە بکەونە ناو دۆخی دانپێدانانی درۆ.

بۆیە نابێت تەنها پشت بە دانپێدانانی تۆمەتبار ببەسترێت، بەڵکو دەبێت لێکۆڵینەوەی وردتر بکرێت تاکو دەربکەوێت ئەو دانپێدانانە راستە یان درۆ و ناچاریی.

ئومێدی تۆمەتبار
بوونی فشارێکی زۆر لەسەر تۆمەتبار یەکێکە لەو هۆکارانەی وا دەکات دان بە شتێکی درۆدا بنێت، لە کاتێدا هۆشیارە بەوەی کە رەنگە ئەم دانپێدانانە بەرەو پەتی سێدارەی ببات، بەڵام ئەم کارە دەکات تەنها بۆ ئەوەی رزگاری ببێت یان لە ژووری لێکۆڵینەوە بچێتە دەرەوە.

کەسی تۆمەتبار هەندێک جار پێی وایە دانپێدانان بەرەو رزگاربوونی دەبات و هیوای بۆ دروستدەبێت، وا بیر دەکاتەوە کە لە داهاتوودا راستییەکان دەردەکەون، بۆیە ئەو تەنها ئارامگرتنی لەسەرە، هەر رزگاری دەبێت چونکە کەسێکی بێتاوانە، بۆیە ئەم دانپێدانانە درۆ وەک دانپێدانانێکی کاتیی دەبینێت تاکو ئەو کاتەی راستییەکانن دەردەکەون و هیواکەی دەبێت بە راستی.

پاراستنی کەسێکی دیکە
هەندێک جار تۆمەتبار بە تەواوی لە خۆی دڵنیایە کە تاوانبار نییە و دوورە لەو تاوانەی کە بەسەریدا سەپێندراوە، تواناشی هەیە بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام ئەم کارە ناکات و بە درۆوە دەڵێت ئەو کارەی کردووە و دانی پێدا دەنێت.

ئامانجی سەرەکی ئەم کەسە پاراستنی کەسێکی دیکەیە کە رەنگە ئەندامێکی خێزانەکەی یان کەسێکی نزیکی بێت، بەمەش هەوڵ دەدات گومان لەسەر کەسێک لاببات کە تۆمەتبار کراوە بە تاوانێک و دەیخاتە سەر خۆی.