ڕاپۆرتی جیهانی

02:17 - 10/09/2020

راپۆرتی پنتاگۆن؛ توانا ئەتۆمییەکانی چین دەبنە دوو هێندە‌

پەیسەر

لە ئێستادا کە مرۆڤایەتی رووبەڕووی ڤایرۆسێکی مەترسیدار و کوشندەی وەک کۆرۆنا بووەتەوە و رۆژانە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدەدەن، پێشبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرترین چەکی ئەتۆمی بەردەوامە، چەکێک کە لە بچوکترین ئاستی بەکارهێنانیدا ژیانی ملیۆنان مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە، چین کە یەکێکە لە وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی، هێزە ئەتۆمییەکەی رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات.

شیکردنەوەی راپۆرتەکەی پنتاگۆن
پێگەی (Vox)ی هەواڵیی شیکردنەوەیەکی ئەلێکس واردی بڵاوکردووەتەوە کە پسپۆڕە لە بواری ئاسایشی نەتەوەیی، لە شیکردنەوەکەدا باس لە راپۆرتێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)دەکات لەبارەی گەشەکردنی سوپای چینەوە، هەرچەند ئاماژە بەوە دەکرێت کە گەشەکردنەکە لە راستیدا گەشکردنێکی ترسناک نییە.

لە راپۆرتەکەی پنتاگۆندا ئاماژە بەوە کراوە پێشبینی دەکرێت ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییە جەنگییەکانی چین لە ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا بۆ دوو هێندە بەرزببێتەوە، ئەمەش پێشهاتێکی تا ئاستێک ترسناکە، بەڵام هەڵسەنگاندنەکە باس لەوە دەکات دڵنیاییەکی باش هەیە و ئەمە مایەی ترسێکی گەورە نییە لە واقیعدا، چونکە تاکو ئایندەیەکی دووریش ئەمریکا تاکە هێزی ئەتۆمی گەورەی جیهان دەبێت.

راپۆرتەکە لەژێر ناوی (گەشەکردنە سەربازی و ئەمنییەکانی پەیوەست بە کۆماری گەلی چین ٢٠٢٠) بڵاوبووەتەوە کە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکایە بۆ کۆنگرێس. راپۆرتەکە هیچ زانیارییەکی نهێنی تێدا نییە، بەڵام شیکەرەوانی دۆخی چین چاوەڕوان دەکەن گۆڕانکاری لە هێزە چەکدار و ستراتیجییەکانی چین لە بواری ئاسایشی نەتەوەییدا بێتە ئاراوە.

باڵادەستیی چین
لەگەڵ ئەوەی راپۆرتەکە زانیاری نهێنی تێدا نییە، بەڵام زانیارییەکان گرنگن، بۆ نموونە باڵادەستی چین بەسەر ئەمریکاوە لە بواری دروستکردنی کەشتی، زانیارییەکی گرنگتریش هەیە بەوەی کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا، ئاستی جبەخانە و گەنجینەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی چین دەبێتە دوو هێندە کە ئێستا چین خاوەن (٢٠٠) چەکی ئەتۆمییە، ئەوە جگە لەوەی کە گرنگی بە نوێکردنەوە و پێشخستنیان دەدات.

پێشتریش جای رۆبەرتس یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ پڕۆگرامی بەرگریی ئەتۆمی، کیمیاوی و بایۆلۆجی ئاماژەی بەوە کردبوو، زۆر نیگەرانە لەبارەی چینەوە، لەبەرئەوەی چین دەیەوێت تاکو ٢٠٤٩ ببێت بە ھێزی ھەژموونداری جیھان. مەترسییەکانیش لەبارەی رووبەڕووبوونەوە ئەتۆمییەکان لە زیادبووندان.

٤٠٠ تاکو ٥٠٠ کڵاوە
نووسەر لە بابەتەکەیدا باس لەوە دەکات ئەمە یەکەم جارە لە راۆرتێکدا باس لە ژمارەی ئەو کڵاوە ئەتۆمییانەی چین بکرێت کە توانای بەکارهێنانیان هەیە. سوپای ئەمریکاش پێی وایە چین تاکو ساڵی ٢٠٣٠ دەبێتە خاوەن ٤٠٠ تاکو ٥٠٠ کڵاوەی جەنگیی کە توانای بەکارهێنانیان هەیە.

مەترسیدار نییە
فیبین نارانج پسپۆڕی ئەتۆمیی لە (Massachusetts Institute of Technology) پێی وایە "وەک ئەوەی دەبینرێت ئەم زیادبوونە لە ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکان مەترسیدار نییە"

نووسەر باس لە سێ راستی دەکات لەبارەی بوونی مەترسی لەبارەی توانا ئەتۆمییەکانی چین؛

لە پێشکەوتنە ئەتۆمییەکانی چین مەترسن، لانی کەم لە ئێستادا
هۆکاری یەکەم کە وا دەکات ئەم پێشکەوتنە مەترسی نەبێت ئەوەیە، راستە ئەمە پێشهاتێکی باش نییە، لە ساڵی رابردوودا رۆبەرت ئاشڵی جۆنیۆر بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی سەربازییش لە وتارێکیدا لە پەیمانگای هدسۆن لە واشنتن وتی، پێشبینی دەکرێت چین بڕی گەنجینە ئەتۆمییەکانی بکاتە دوو هێندە و ئەمەش لە مێژووی چیندا خیراترین، فراوانترین و هەمەجۆرترینە لەم بوارەدا. ئاژانسەکەشیان پێی وایە ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی چین دەگاتە سەدان. دواتر و راپۆرتەکەی پنتاگۆنیش ئەم راستییەی سەلماند، واتە ئەم زانیارییەی پنتاگۆن شتێکی زۆر نوێ و ترسناک نییە.

ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لە چین زیاترە
ئەمریکا لە چین زیاتر خاوەن چەکی ئەتۆمییە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ئەتۆمەکەی چین شایەنی باس نییە. جیفری لویس بەڕێوەبەری پڕۆژەی رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لە رۆژهەڵاتی ئاسیا لە (Middlebury Institute of International Studies at Monterey) باس لەوە دەکات، ژمارەی کڵاوە سەربازییەکانی ئەمریکا دەگاتە سێ هەزار و ٨٠٠ دانە، ئەمەش دەکاتە ٢٠ هێندەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی چین لە ئێستادا و ١٠ هێندەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی چین لە ١٠ ساڵی ئایندەدا.

ئەمەش واتای ئەوەیە لە ماوەی چەند دەیەی ئایندەدا ئەمریکا خاوەن یەکەم هێزی ئەتۆمی جیهانییە، ئەمەش ئەگەری هێرشی چین بۆ سەر ئەمریکا بە تەواوی کەمدەکاتەوە، واتە ئەمریکا دەتوانێت هەموو شارەکانی چین و دامەزراوە سەربازییەکانی وێران بکات بەبێ ئەوەی چین بتوانێت دەستبکاتەوە.

نارانج سەرەڕای ئەوەی باس لە زیادبوونی توانا ئەتۆمییەکانی چین دەکات، ئاماژە بەوە دەدات کە چین لەم یارییەدا دواکەوتووە.

توانای چین بۆ زیادکردنی چەکە ئەتۆمییەکانی
راپۆرتەکەی پنتاگۆن باس لەوە دەکات، کە زیادبوونی ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکانی چین لە دەیەی داهاتوودا لە چەند سەد دانەیەک تێپەڕ ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا ماددەی ئەتۆمیی پێویستی هەیە بۆ زیادکردنی ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکانی، بەڵام تێچوونی ئەم کارە ئاسان نییە و ئەگەر جوڵەیەکیش لەم بوارەدا رووبدات جیهان ئاگاداری دەبێت.

لەگەڵ هەموو پێشکەوتنەکانیدا، چین تا ئاستێک دەستی بەستراوە لە درودستکردنی کڵاوە ئەتۆمییەکان و هەر پەلەکردن و هەوڵێکی گەورەشی بۆ زیادکردنی ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی بە ئاستێکی چاوەڕواننەکراو، رووبەڕووی فشاری نێودەوڵەتی دەکاتەوە.

نووسەر دەڵێت بە پێی زانیارییەکان توانا ئەتۆمییەکانی چین بەشی وێرانکردنی ئەمریکا دەکەن، بەڵام ئەگەریش هەیە توانا سەربازییەکانی چین لە ٣٠ ساڵی داهاتوودا بگەن بە ئاستی توانا سەربازییەکانی ئەمریکا، ئەمەش ئەمریکا ناچار دەکات بچێتە ناو ئەو گفتوگۆیانەوە کە ئامانجیان رێگرتنە لە زیادبوونی ژمارەی هێزە سەربازییەکان.

نووسەر دەڵێت، راپۆرتەکەی پنتاگۆن دەریدەخات کە ئەمریکا نابێت لە توانا ئەتۆمییەکانی چین بترسێت، بەڵکو پێویستە ئەمە وەک سەرکەوتنێکی کاتیی ببینێت.