ڕاپۆرتی جیهانی

01:50 - 12/09/2020

ئەڵمانیەكان لە ترەمپ زیاتر دەترسن وەك لە كۆرۆنا‌

پەیسەر

بەپێی راپرسیەك زۆرینەی ئەڵمانیەكان لە سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا زیاتر دەترسن وەك لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، جگە لەو دوو ترسە چەند ترسێكی تریش لای ئەڵمانیەكان هەیە، كەناڵی دوچەڤێلەی ئەڵمانی ئەنجامی راپرسیەكەی بڵاوكردۆتەوە و پەیسەر كردویەتی بەكوردی..

نیوەی ئەڵمانیەكان لە ترەمپ دەترسن
بەپێی راپرسیەكی ساڵانە نیوەی ئەڵمانیەكان لە سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەترسن، ئەنجامی راپرسیەكە رۆژی پێنج شەممە 10/9/2020 لە شاری فێسبادن ی رۆژئاوای ئەو وڵاتە خرایە ڕوو، دەركەوت 53%ی ئەوانەی بەشداریان كردووە راینگەیاندووە كە سیاسەتەكانی ترەمپ مەترسیەكانی سەر جیهان زیاتر دەكات.

ترس لە پاشەكشەی ئابوری هەیە
48%ی بەشداربووانی راپرسیەكە ترسیان هەبووە لە پاشەكشەی ئابوری بەهۆی كۆرۆناوە، و 51%ی بەشداربووان رایانگەیاندووە ترسیان هەیە خەرجیەكانی ژیان بەرزبێتەوە.

ئەڵمانیەكان لە كۆرۆنا ناترسن
توش بوون بەكۆرۆنا لەریزی پێشەوەی ترسی ئەڵمانیەكاندا نەهاتووە، بەجۆرێك تەنها 32%ی بەشداربووان رایانگەیاندووە ترسیان هەیە توشی كۆرۆنا ببن.

ترس لە كۆچبەر كەمیكردووە
بەپێی ئەنجامی راپرسیەكە ترس لە كۆچبەران و سیاسەتی ناوخۆی وڵات دەربارەی پەنابەرێتی بەراورد بە رابردوو كەمیكردووە، بەڵام هێشتا یەكێكە لەو 10 ترسەی ئەڵمانیەكان هەیانە، بەپێی راپرسیەكە 43%ی ئەڵمانیەكان رایانگەیاندووە ترسیان هەیە دەربارەی كۆچبەران، ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر ئەو رێژەیە زیاتر بوو، بەتایبەتیش لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات بەراورد بە ئەڵمانیای رۆژئاوا.

نیگەرانی ئەڵمانیەكان كەمیكردووە
بەشێوەیەكی گشتی ئەڵمانیەكان هەست بە ئاسودەی زیاتر دەكەن بەراورد بە 30 ساڵ پێش ئێستا، بەپێی راپرسیەكە " ئاماژەی نیگەرانی ئەڵمانیەكان لەساڵی 2020 كەمترە بەراورد بەساڵی 2016، بەجۆرێك ئاماژەی نیگەرانی لەساڵی 2016 دا 52 خاڵ بووە ئەوەش  بەهۆی ترس لە تیرۆر و توندرەوی و كۆچ، بەڵام لەساڵی 2020 دا دابەزیوە بۆ 37 خاڵ، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە كە ئاماژەی نیگەرانی لەلای ئەڵمانیەكان مام ناوەند بووە لەماوەی چەند ساڵێكدا.

كەناڵی دوچەڤێلە دەڵێت 2400 كەس بەشداری راپرسیەكەیان كردووە و لەلایەن كۆمپانیا(R+V) بۆ دڵنیاییەوە لەمانگەكانی حوزەیران و تەموز و ئەیلولی رابردوودا ئەنجامدراوە.

بەپێی راپرسیەك زۆرینەی ئەڵمانیەكان لە سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا زیاتر دەترسن وەك لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، جگە لەو دوو ترسە چەند ترسێكی تریش لای ئەڵمانیەكان هەیە، كەناڵی دوچەڤێلەی ئەڵمانی ئەنجامی راپرسیەكەی بڵاوكردۆتەوە و پەیسەر كردویەتی بەكوردی..