ڕاپۆرتی جیهانی

01:52 - 14/09/2020

نامەی هندییەکی دالیت بۆ سەرۆک؛ ئازاری چەوساوەکانی هندستان‌

پەیسەر

لەگەڵ ئەوەی مرۆڤایەتی لە دوایین قۆناغی پێشکەوتنی خۆیدایە و شانازی بە دەستکەوتەکانییەوە دەکات، بەڵام هێشتا جیاوازییە چینایەتییەکان بەردەوامن، تاکو ئێستاش لە جیهاندا تەنها لەبەرئەوەی سەر بە چینێکی خوارەوەی کۆمەڵگاکان، ملیۆنان کەس بەردەوام دەچەوسێندرێنەوە. یەکێک لەو چینانە (دالیت)ەکانی هندستانن، گەنجێکی (دالیت)ی لە نامەیەکیدا ئازاری چینەکەی بۆ سەرۆک دەگێڕێتەوە.

 نامەی دالیتێک
(فارا براساد) تەمەنی ٢٢ ساڵە، سەر بە چینی دالیتە لە هندستان، لە ویلایەتی (Andhra Pradesh)ی باشوریی دەژی، لە نامەیەکیدا باس لە ئازاری چینی دالیتی چەوساوە دەکات، باس لەو مەینەتییانە دەکات کە دالیتەکان بەدەست هێزە ئەمنییەکانەوە دەیچێژن.

ئامانجی براساد لە نامەکەیدا کە بۆ (Ram Nath Kovind) سەرۆکی هندستانی نووسیوە داوای مۆڵەت دەکات تاکو بچێتە ریزی گروپی (Naxalites) کە گروپێکی هەڵگەڕاوەی قەدەغەکراون و شەڕ لە دژی هێزە ئەمنیییەکان دەکەن، براساد دەڵێت، "یاسا و سیستم منیان بێهیوا کردووە، دەمەوێت بچمە شوێنێک کە کەرامەتم پارێزراو بێت."

ئازارەکان
براساد لە کەناری (Godavari Delta) دەژی کە دووەم درێژترین رووبارە لە هندستان، ئەم ناوچەیە سەرچاوەی سەرەکی هەناردەکردنی لمە بە نایاسایی، گروپێکی مافیایی سەر بە سیاسیی و بازرگانەکان دەستیان بەسەر کارەکەدا گرتووە.

براساد لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ تۆڕی ئێن بی سی ئەمریکی دەڵێت، "لەم رۆژانەدا کەسێک لە گوندەکەماندا مرد، سەرقاڵی مەراسیمی ناشتنی تەرمەکە بووین کە بارهەڵگرێک بەلاماندا تێپەڕی کە هی سیاسییەکی ناوچەکەیە و بارێک لمی پێبوو، داوامان کرد کەمێک بوەستن تاکو تەرمەکە بەخاک دەسپێرین، بەڵام بەگوێیان نەکردین و دەمەقاڵێ دروستبوو."

براساد دەڵێت، "من یەکەم کەس بووم لێدانم خوارد، شۆفێری بارهەڵگرەکە لە رووخساری دام و جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکەشی شکاند."

حکومەتیش لە دالیت دەدات
براساد بەردەوام دەبێت لە باسکردنی ئازاری دالیتەکان و دەڵێت، "رۆژی دواتر منیان بردە بنکەی پۆلیس، ئەفسەری بنکەکە لێیدام و سوکایەتی پێکردم. بانگی سەرتاشێکی کرد، سەرتاشەکە قژ و سمێڵی بڕیم، دۆخەکە بۆ من مایەی سوکایەتییەکی زۆر بوو، نامەکەشم بۆ سەرۆک نووسیوە بۆ ئەوەیە سەرنجی بۆ ئەم ئازارانە رابکێشم،"

پۆلیس دانی پێدا دەنێت
پۆلیسی ناوچەکە دان بەوەدا دەنێت کە رووداوێک بووە، بەپێی دوو بەڵگەنامەش کە دەست تۆڕی ئێن بی سی کەوتووە، شیموشی باجبای بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەکە دەڵێت، لێکۆڵینەوە ئیدارییەکان سەلماندوویانە کە براساد قوربانی "کارێکی نامرۆڤانەیە" و ئەو ئەفسەرەشی لە براسادی داوە دەستگیر کراوە.

براساد دەڵێت، ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر ئەو کراوە بەهۆی ئەوەیە کە سەر بە چینی (دالیت)ە، پۆلیسی ناوچەکەش سکاڵایان لە دژی ئەفسەرەکە بەرزکردووەتەوە.

لە هاوڵاتییەکی دالیتەوە بۆ سەرۆکێکی دالیت
لەگەڵ ئەوەی دەیان ساڵە دالیتەکان لەژێر ستەم و چەوسانەوەدان، بەڵام باس لەوە دەکرێت هەندێک گۆڕانکاری کەم لە ئاستی فەرمیدا روویداوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئاستی کۆمەڵگەدا هێشتا بە چاوێکی کەم سەیر دەکرێن، تەنانەت لە کاتی داواکردنی ئیشدا بە ئاسانی رەتدەکرێنەوە.

نامەکەی براساد بۆ سەرۆکێکە کە خۆشی سەر بە چینی دالیتە، ئەمەش ئاماژەی کرانەوەی کۆمەڵگای هندییە بە رووی ئەم چینەدا کە تەنانەت ئەندامێکی ئەم چینە دەتوانێت ببێت بە سەرۆکی وڵاتیش، لەگەڵ ئەوەشدا ستەم و چەوسانەوە دژی دالیتەکان بەردەوامە.

دالیت چییە؟
دالیت وشەیەکە بە مانای (شکاو، ستەملێکراو  و وردکراو دێت) لە سەردەمانی پیشووشدا پێیان وتراوە، (دەستلێنەدراوان) کە ئەمەش ئاماژە بووە بەوەی ئەم کەسانە پیس و بۆگەنن و لە چینێکی پیسن.

ئەو کارانەی کە هیچ کەسێک ئامادە نەبووە بیکات، بە ئەندامانی ئەم چینە کراوە، وەک کۆکردنەوەی تەرمی مردوو، کۆکردنەوەی پیس و زبڵ و پاشەڕۆی ئاژەڵ.

چینەکە خۆیان ناوی دالیتیان بە خۆیان داوە، خۆیان بە چەوساوە زانیوە و بووە بە ناوی چینەکەیان بە فەرمی، لە کۆی ملیار و سێسەد ملیۆنی دانیشتوانی هندستان، ٢٠٠ ملیۆنیان سەر بە چینی دالیتن.

 ناڕەزایەتیی دالیتەکان
لەگەڵ ئەوەی دەستوری نوێی هندستان پۆلێنکردنی چینایەتی قەدەغە کردووە، بەڵام تاکو ئێستا لە هندستان جیاوازیی چینایەتیی بەردەوامە و دالیەتەکانیش یەکێکن لەم قوربانییانە، بۆیە بەردەوام ناڕەزایەتیی دەردەبڕن.

لە ساڵی ٢٠١٦ دالیتەکان رژانە سەر شەقامەکان و نارەزایەتییان پیشاندا، ئەوەش دوای ئەوەی چوار دالیت بە شیش لێیان درابوو، تەنها لەبەرئەوەی مانگایەکیان کوشتووە.

دوای زیادبوونی چەواساندنەوەکان دژی دالیتەکان، (Narendra Modi) سەرۆک وەزیرانی هندستان داوای کرد، سنورێک بۆ ئەو ستەمکارییە دابنرێت کە بەرامبەر دالیتەکان پەیڕەو دەکرێت و لەسەر بنەمای جیاوازیی چیانیەتی سەیر دەکرێن.

گۆڕانکاری
لە چەند دەیەی پێشوودا دالیتەکان مافی خوێندن و مافە سەرەتاییەکانیان نەبوو، بەڵا لە ئێستادا دۆخەکە گۆڕاوە و وەک هاوڵاتیانی دیکە توانیویانە ئەم مافانەیان هەبێت، دەتوانن وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکە مافیان هەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک وەک کەسێکی سەر بە چینی دالیت دەردەکەون و بەر هێزە ئەمنییەکان دەکەون یان کاتێک لە شوێنێکدا دەچنە بەردەم بەرپرسێک کە هێشتا بڕوای بە چینایەتیی هەیە، دیاسنەوە وەک دالیتێک دەکەونە بەر ستەم و چەوسانەوە و سوکایەتیپێکردن. تەنانەت لە ساڵانی پێشوودا تەنها لەبەرئەوەی وەک ئەسپسوار دەرکەوتوون دوو هاوسەر کوژران، چونکە لە دیدی بەشێک لە دانیشتوانەوە دالیتەکان ئەم مافەیان نییە ئەسپسوار بن.