ڕاپۆرتی جیهانی

02:07 - 18/09/2020

كۆرۆنا‌ ١٥٠ملیۆن منداڵی دیكه‌ ده‌خاته‌ هێڵى هه‌ژارییه‌وه‌‌

پەیسەر پرێس


به‌پێی راپۆرتی رێكخراوی یونسێف و دامه‌زراوه‌ی ( منداڵان رزگاربكه‌ن) به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێكاره‌كانی كه‌ره‌نتینه‌كردن، ١٥٠ ملیۆن منداڵی تر ده‌چنه‌ خانه‌ی هه‌ژاریی، به‌وه‌ش ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ دۆخی بێبه‌شیدا ده‌ژین بۆ ١،٢ ملیار منداڵ به‌رزده‌بێته‌وه‌، دۆخه‌كه‌ش له‌ به‌رده‌م ئاڵۆزیی زیاتردایه‌.

رێژه‌ی منداڵانی هه‌ژار به‌رزبۆته‌وه‌

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٧-٩-٢٠٢٠ رێكخراوی یونسێف و دامه‌زراوه‌ی( منداڵان رزگاربكه‌ن) راپۆرتی خۆیان ده‌رباره‌ی دۆخی منداڵان و كاریگه‌ری كۆرۆنا بڵاوكرده‌وه‌، له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه،‌ كه‌ به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێكاره‌كانی كه‌ره‌نتینه‌كردن، ١٥٠ ملیۆن منداڵی تر چوونه‌ خانه‌ی هه‌ژارییه‌وه.

راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت، له‌ سه‌ره‌تای كۆرۆنادا به‌رێژه‌ی سەدا ١٥ ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ زیادیكرد، كه‌ بێبه‌شن له‌ خزمه‌تگوزاریی و پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان، له‌ وڵاتانی داهات مام ناوه‌ند و داهات كه‌م، به‌وه‌ش ژماره‌ی ئه‌و منداڵانه‌ بۆ ١،٢ ملیار منداڵ به‌رزبۆته‌وه‌.

دۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ئه‌و منداڵانه‌ی هه‌ژارن له ‌جیهاندا هه‌ژارتر ده‌بن و هۆشداریشیدا له‌وه‌ی كه‌ پێده‌چێت دۆخه‌كه‌ له‌ مانگه‌كانی داهاتوودا خراپتربێت.

یونسێف نیگه‌رانه‌

هزریتا فور به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری رێكخراوی یونسێف له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند:" ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانی ئێمه‌یه‌ ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و قه‌یرانه‌وه‌ نزیكترین وه‌ك له‌كۆتاییەكه‌ی".

سیستمی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی فراوان بكرێت

راپۆرته‌كه‌ داوای كردووه،‌ سیستمی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌خێرایی فراوان بكرێت و بگاته‌ چاودێریكردنی ته‌ندروستی و پێدانی ده‌رفه‌تی خوێندنی ئۆنلاین.

ئه‌وانه‌ زیاتر رووبه‌ڕووی كاری زۆره‌ملێ ده‌بنه‌وه‌

لای خۆیه‌وه‌ ئینگر ئه‌شینگ به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری دامه‌زراوه‌ی(منداڵان رزگار بكه‌ن)  رایگه‌یاند:"ئه‌و منداڵانه‌ی ده‌ستبه‌رداری خوێندنه‌كه‌یان ده‌بن، زیاتر ڕووبه‌ڕووی كاری زۆره‌ملێ و هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌ ساڵانی داهاتوودا ده‌چنه‌ هێڵی هه‌ژاریه‌وه‌".

له‌ 70 وڵات منداڵان بێبه‌شن

به‌پێی شیكردنه‌وه‌ی داتا و زانیاریه‌كانی راپۆرته‌كه‌ له‌ زیاتر له‌ 70 وڵات منداڵان بێبه‌شن له‌ خوێندن و چاره‌سه‌ر و شوێنی نیشته‌جێبوون و خۆراك و ئاو و ته‌والێت.