ڕاپۆرتی جیهانی

02:47 - 19/09/2020

تاقیکردنەوە؛ ئەرووپا دەتوانێت یاسایەکی نەرم و مرۆییتر بۆ کۆچبەران دابنێت؟‌

پەیسەر

دەیان ساڵە ملیۆنان ھاوڵاتی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، لە چەندین شەپۆلدا روویان لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە، ئەم کۆچبەرانە کە لە جەنگ و ماڵوێرانییەکانی وڵاتانی خۆیان ھەڵدێن، ئامانجیانە بە ئەورووپا "دوورگەی ھیوا" بگەن، لەم رێگای "ھیوا"دا ھەزاران کەس مردن و ھیواکانیان لە دەریاکاندا ژێرئاو کەوت، لە ئێستاشدا ئەورووپا سەرقاڵی گەڵاڵەکردنی پەیماننامەیەکی نوێیە تاکو "نەمتر" لەگەڵ کۆچبەراندا بجوڵێنەوە.

پەیماننامەیەکی نوێ

پەیماننامەیەکی نوێ لە یەکێتی ئەرووپا بەڕێگاوەیە و چاوەڕوان دەکرێت جێگای پەیماننامەی (دبلن) بگرێتەوە، کە ساڵانی پێشوو شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەرانی بەدوای خۆیدا ھێنا. لە ئێستاشدا بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ کار دەکەن و داوا دەکەن ھەر پەیماننامەیەکی نوێ بھێنرێتە ئاراوە زیاتر "مرۆیی" بێت.

پەیماننامەی دبلن چارەکە سەدەیەک توانی پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات، کە دوایین جار لە ٢٠١٣ ھەموار کرابووەوە، بەلام شەپۆلی گەورەی کۆچبەران لە ٢٠١٥ بە نافەرمیی کۆتایی بەم پەیماننامەیە ھێنا.

ئۆرزۆلان فۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا لە وتاری ساڵانەیدا لەبارەی دۆخی یەکێتی ئەورووپا وتی، ھەفتەی داھاتوو خاڵە سەرەتاکانی پێشنیاری پەیماننامەیەکی نوێ لەبارەی کۆچبەرانەوە دادەنرێت.

پەیماننامەیەکی نەرمتر

ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت پەیماننامە نوێیەکە جێگای پەیماننامەی دبلن بگرێتەوە و سیاسەتێکی نوێی کۆچبەران لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە بەرامبەر کۆچبەران پەیڕەو بکرێت.

لە ئێستادا داوایەکی بەرفراوان ھەیە بۆ ئەوەی کە مامەڵەیەکی نەرمتر لەگەڵ کۆچبەراندا بکرێت و کاتێک کۆچبەران  روو لە وڵاتێک دەکەن توندوتیژییان بەرامبەر نەکرێت، بەتایبەت کە بەرپرسانی یەکێتی ئەورووپا بانگەشەی ھێنانە کایەی پەیماننامەیەکی نەرمتر و مرۆییتر دەکەن.

رەخنەکان

لەگەڵ ئەوەی بانگەشەکانی یەکێتی ئەورووپا بۆ مامەڵەیەکی نەرمتر لەگەڵ کۆچبەران لە ئارادایە، بەڵام رەخنە لە یەکێتییەکە دەگیرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی پشتگیری لە رێککەوتنی نێوان لیبیا و  ئیتاڵیا کرد، رێکخراوەکانی یەکێتی ئەورووپاش رەخنە لەو توندوتیژییانە دەگرن کە کۆچبەران لە سنورەکانی لیبیا رووبەڕووی دەبنەوە.

ئاژانسی ئەورووپی بۆ پاسەوانیی سنور و کەناراوەکان چاودێری سنورە دەرەکییەکانی یەکێتییەکە دەکات کە ژمارەی ئەندامەکانی لە ساڵی ٢٠٢٧ دەگاتە ١٠ ھەزار.

ریشەی کێشەکان

لە پەنجا ساڵی رابردوودا چەند شەپۆلێکی فراوانی کۆچبەران بەرەو وڵاتانی ئەورووپا ئەنجامدراون و تاکو ئێستاش بەردەوامە، لەم شەپۆلانەدا ھەزاران کەس گیانیان لە دەستدا و نەگەیشتن بەو دوورگەی ھیوایەی خەونیان پێوە دەبینی.

بەرگریکار و پارێزەرانی مافەکانی کۆچبەران رەخنە لە یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی رۆژئاوا دەگرن و دەڵێن، دەبێت لە رەگ و ریشەی کێشەی کۆچبەران تێبگەین، ھۆکاری ئەم ھەموو کۆچە بریتییە لە پشتگیریکردنی رژێم و سیستمە دیکتاتۆرییەکان لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا و ئەرووپاوە.

رێککەوتنی تورکی-ئەورووپی

تورکیا بۆ کۆچبەران دەروازەی وڵاتانی ئەورووپایە، ھەر ئاڵۆزییەک لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەورووپا کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر شەپۆلی کۆچبەران بۆ ئەم وڵاتانە و تورکیاش ھەمیشە ئەم بابەتەی وەک کارتی فشار بەکارھێناوە.

لە ساڵی ٢٠١٦ تورکیا و یەکێتی ئەورووپا رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ وەستاندنی شەپۆلی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ ئەورووپا، لەبەرامبەردا دەبێت ئەورووپا ھاوکاری دارایی تورکیا بکات. رێککەوتنەکە باسی لە داخستنی رێگای بەڵکانیش کردبوو کە پێشتر زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەر لەم رێگایەوە تێدەپەڕین، کە زۆربەیان لە سوریاوە دەھاتن و بەشێکیشیان لە ئاسیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە دەھاتن.

ھەموارکردنەوە

پارێزەرانی مافی کۆچبەران داوای ھەموارکردنەوەی رێککەوتنی ساڵی ٢٠١٦ی نێوان تورکیا و ئەورووپا دەکەن، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی کە تورکیا "وڵاتێکی ئارام" نییە بۆ کۆچبەران و رێککەوتنەکەش پێچەوانەی "بەھاکانی یەکێتی ئەورووپایە".

ماتیۆ تاردیس لە پەیمانگای فەڕەنسی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش رەخنە لە رێککەوتنەکانی یەکێتییەکە و وڵاتانی دیکە دەگرێت و دەڵێت، "رێککەوتنەکانی یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەھاکانی یەکێتی ئەورووپا و پێگەکەشی لاواز دەکەن."

کەموکورتییەکان

یەکێک لە کەموکورتییەکانی یاسای کۆچبەرانی ئەورووپا لە ئێستادا ئەوەیە؛ نایەکسانی گەورە ھەیە لەنێوان وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لە وەرگرتنی کۆچبەرانی وڵاتانی پڕ لە شەڕ و ناکۆکیی بۆ ئەورووپا.

بەرپرسانی یەکێتی ئەورووپاش ئاماژە بەوە دەکەن بەشێک لە وڵاتانی یەکێتییەکە زیاتر پابەندی وەرگرتنی کۆچبەرانن و بەشێک لە وڵاتانی دیکەش کەمتر پابەندن و کەمتر لەو ژمارەیە وەردەگرن کە لە رێککەوتن و یاساکەدا دیاریکراوە. بەشێک لە وڵاتانی یەکێتییەکەش قایل نین بە دووبارە دەستکاریکردنەوەی ژمارەی وەرگیراوی کۆچبەران، لەوانەش سویسرا.

ئازادی زیاتر

بێگومان سەرکەوتنی ھەر پارتێکی راستڕەو لە وڵاتانی ئەورووپا کاریگەری راستەوخۆی ھەیە لەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتانە لەبەرامبەر کۆچبەران، بۆیە رێکخراوەکان لەسەر بنەمای ئەم ترسە بەردەوام داوای پاراستنی زیاتری کۆچبەران دەکەن.

یەکێکی دیکە لە داواکارییەکان بریتییە لە ھێنانە ئارای یاسایەکی زیاتر ئازاد و سەربەست بۆ کۆچبەران، یاسایەک کە ئازادی زیاتریان پێبدات بۆ ھاتوچۆ و ژیانیان لە وڵاتانی ئەورووپا.

داواش دەکرێت یاسای نوێ ئازادی بە کۆچبەری دانپێدابراو بدات بۆ خوێندن و کارکردن لە وڵاتێکی دیکەی ئەورووپی جیاواز لەو وڵاتەی بۆی ھاتووە و پەسەند کراوە، لەکاتێکدا یاسای ئێستا تەنھا کاتێک ئەم مافە بە کۆچبەر دەدات کە رەگەزنامەی وەرگرتبێت.