ڕاپۆرتی جیهانی

02:13 - 21/09/2020

گرانبەھاترین ئاھەنگی جیھان؛ ئەو خوانەی کۆتایی بە شای ئێران ھێنا‌

پەیسەر پرێس

٢٥٠٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتی ئێراندا تێپەڕیبوو، دەبوایە شای ئێران ئەم یادە بەجۆرێک بکاتەوە لە ئاست مێژووی درێژی ئیمپراتۆرییەتەکدا بێت، ئاھەنگێک مێژوو تۆماری بکات و ھیچ کەسێک بیرینەچێتەوە. ئەوەی پلانی بۆ دانرا وەھا دەرچوو، ئاھەنگەکە بوو بە گەورەترین ئاھەنگ لەمێژوودا، ئاھەنگێک کە پێشتر و لە مێژوودا بەم گەورەیی و گرانییە ئەنجام نەدرابوو.

ئاھەنگە مێژووییەکە

ساڵی ١٩٧١، یادی تێپەڕینی ٢٥٠٠ ساڵ بوو بەسەر دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتی ئێرانیدا، شای ئێران بڕیاریدا گەورەترین، بەناوبانگترین و گرانترین ئاھەنگ رێک بخات لە مێژوودا، کە تێیدا لەسەر دەستی شێفی رێستۆرانتە بەناوبانگەکانی جیھان خواردنی دەگمەن، بەتام و بەناوبانگی تێدا پێشکەش دەکرا.

لە ئاھەنگەکەدا خواردنەوەی زۆر گرنبەھا و دەگمەن پێشکەش بە میوانەکان دەکرا و خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر بەرز و سەرسامکەردا بوون. شوێنەکە بە دیکۆری کۆشک و قەڵاکانی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەورووپا رازێندرابووەوە.

میوانەکان

یەکێک لە رێگاکان بۆ ئەوەی ئەم رووداوە ببێتە گەورەترین ئاھەنگ لە مێژوودا و بچێتە ناو مێژووی وڵاتی دیکەی جیھانیشەوە، ئەوە بوو کە زۆرترین و دیارترین سەرکردە و کەسە بەناوبانگەکانی جیھان بانگھێشت بکرێن.

سەرۆکی ٦٥ وڵاتی جیھان، شا، شازادە، سوڵتان و بازرگانە دیار و بەناوبانگەکانی جیھان ئامادەی ئاھەنگەکە بوون، میوانەکان لە پێنج کیشوەری جیھانەوە ھاتبوون و بانگھێشت کرابوون.

شوێنی ئاھەنگەکە

وەک چۆن ھەموو لایەنەکانی ئاھەنگەکە جیاواز و سەرنجڕاکێش بوون، دەبوایە شوێنی ئەنجامدانی ئاھەنگەکەش سەرنجڕاکێش بێت و وەک ئاھەنگێکی ئاسایی لە شوێنی ئاسایی و گرانبەھادا نەبێت، واتە نەدەبوو لە ئاھەنگەکانی دیکە بچێت.

شوێنەکە قەڵایەکی بەناوبانگی مێژوویی نەبوو، ھۆتێلێکی حەوت ئەستێرەیی ناودار نەبوو، بەڵکو ناوەڕاستی بیابانی وشک و برینگی ئێران بوو، کە خێمە و خێوەتی پلاستیکی ئامادەکرابوو بۆ میوانەکان.

وەک چۆن زیادەڕۆیی ئاھەنگەکە چووە ناو مێژووی مرۆڤایەتییەوە، یەکێک بوو لەو ھۆکارانەشی کە شا و دەوڵەتەکەی بردە ناو مێژووەوە و بۆ ھەمیشە خۆری ئاوابوو.

دۆخی ئێران پێش ئاھەنگەکە؛ شەستەکان

ئێران لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا لەلایەن محەممەد رەزا پەھلەوی و لەسەر بنەمای سیستمی پاشایی دەستوریی بەڕێوەدەبرا، کە ناسناوی شاھنشاھی ھەبوو.

لەو کاتەدا شای ئێران یەکێک بوو لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیھان، کە دەسەڵاتی رەھا و تەواوی ھەبوو لە فەرمانڕەوایەتییدا، دەسەڵاتی دانانی سەرۆک وەزیراننی ھەبوو، دەیتوانی پەرلەمان ھەڵبوەشێنێتەوە، سوپای کۆدەکردەوە، جەنگی رادەگەیاند، رێککەوتنی ئاشتی واژۆ دەکرد، ھەموو ئەم کارانەشی بەبێ ھیچ مۆڵەت وەرگرتنێک لە کەس دەکرد، زۆر جاریش راوێژی بە کەس نەدەکرد و بڕیاری دەدا.

قسەکانی لەسەروو ھەموو یاسا و دەستورێکەوە بوون، وشەکانی وەک یاسا سەیردەکرا و فەرمانەکانی بەبێ یەک و دوو جێبەجێدەکران، ھیچ یەک لە دەسەڵاتەکانیشی لەگەڵ ھیچ کەسێکدا دابەش نەدەکرد و خی بکوژ و ببڕ بوو.

١٧ ساڵ پێش ئەنجامدانی ئاھەنگەکە، شا، محەممەد موسەدەق سەرۆک وەزیرانی لە کارەکەی لابرد و دووریخستەوە، ئەمەشی بە ھاوکاری ھەردوو دەزگای ھەواڵگریی ئەمریکیی و بەریتانیا کرد، ھۆکاری سەرەکیش ئەوە بوو موسەدەق دەیویست نەوتی ئێران لەژێر دەستی کۆمپانیا بیانییەکان دەربھێنێت، یەکێکی دیکەش لە ھۆکارەکان ئەوە بوو؛ موسەدەق رۆژ بە رۆژ ئاستی جەماوەریی بەرزدەبووەوە، شاش ئەمەی بە ھەڕەشە دەزانی لەسەر داھاتووی خۆی.

بیرۆکەی ئاھەنگەکە

رۆژێک بیرۆکەیەک بە بیری شادا دێت کە سەرۆک و کەسە جیارەکانی جیھان بانگێشت بکات و میواندارییان بکات، تاکو ئاھەنگێکی گەورە ساز بکات، پێشی وابوو ئەم ئاھەنگە وێنەی ئێران لە چاوی جیھاندا جوان دەکات، لێرەوە ویستی وێنەیەکی جوانی خۆی، دەسەڵات و وڵاتەکەی پیشانی جیھان بدات.

نزیکبوونەوەی یادی ٢٥٠٠ ساڵەی دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتی ئێرانیش لەسەر دەستی کۆرشی گەورە، باشترین ھەل بوو بۆ رێکخستنی ئەم ئاھەنگە، دەشیویست خۆی وەک کۆرشی گەورە پیشان بدات، ھەمان وێنەی ئەو بە خۆی بدات و وەک کۆرشی نوێ دەربکەوێت.

 پلان و ئامادەکاریی

لیژنەیەک پێکھێندرا تاکو لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئامادەکاریی بۆ ئاھەنگەکە بکەن، بانگێشتنامە بۆ میوانەکان نێردرا لە ھەموو جیھان، یەک ساڵی تەواو پێش ئاھەنگەکە ئامادەکارییەکان دەستیپێکرد.

یەکێک لە رێگرییە گەورەکان ئەوە بوو، ئێران خاوەن ژێدخانێکی پێویست نەبوو بۆ رێکخستنی ئەو ئاھەنگەی شا بیری لێدەکردەوە، ھۆتێل و قەڵایەکی ئامادەکراوی زۆر دیاری نەبوو تاکو ئەم ھەموو سەرکردە و میوانە بەناوبانگەی تێدا میوانداریی بکات.

دوای راوێژ و بیروڕا گۆڕینەوە، وەک ھەموو جارێک بۆچوونی شا بوو بە بڕیار؛ ئەنجامدانی ئاھەنگەکە لە بیابان، بە دیاریکراویش لەو خاکە وشک و برینگەی کە سەر بە شاری تەختی جەمشیدی شوێنەواریی و کۆنە، واتە (Persepolis).

لە بیابانەوە بۆ دارستان

بڕیاردرا لە بیابانەکەدا خێوەتگەیەکی پاشایی و گرانبەھا دروستبکرێت، بۆ ئەوەشی بیابانەکە بکرێت بە سەوزایی، لە ماوەیەکی کەمدا ١٥ ھەزار درەختیان بۆ ھێنا، ١٥ ھەزار رووەکیش ھێنرا و بە تەواوی کرا بە سەوزایی.


نزیکەی ٤ ھەزار ھێکتار خاک لە شوێنی دیکەوە ھەڵکەندرا و ھێنایان بۆ ئەم بیابانە، تاکو (جۆرج تریفۆ)ی پسپۆڕ لە بواری گوڵدا بتوانێت باخچەیەکی گوڵی بۆندار لە چەندین جۆری گوڵ و رووەکی لەسەر دروستبکات.

بیابانەکە کە پڕ بووە لە مار و خشۆکی مەترسیدار و کوشندە، لە ماوەیەکی کەمدا بە ماددەی کیمیایی پاککرایەوە. بۆ ئەوەشی لە دارستانێکی سروشتی بچێت، شا فەرمانی کرد بە ھێنانی ٥٠ ھەزار باڵندەی دەنگ خۆش لە ئەورووپاوە و ئازادکردنیان لە ناوچەکەدا، ٢٠ ھەزار بولبولیش لە ئیسپانیاوە ھێنرا کە زۆربەیان بەھۆی نالەباری ژینگە و پلەی بەرزی گەرماوە مردن، چونکە پلەی گەرمی لە ناوچەکەدا لە ئێوارەدا دەگەیشتە ٤٠ و شەویش لە پڕێکدا دەھاتە خوراەوە بۆ ژێر سفر.

ھێنانی بەناوبانگترین رێستۆرانت

بۆ ئەوەی خواردنی ئاھەنگەکەش دەگمەن و سەرسوڕھێنەر بێت، شا لەگەڵ رێستۆرانتی(Maxim’s de Paris) رێککەوت، کە لەو کاتەدا بەناوبانگترین رێستۆرانتی جیھان بوو، دوای ئەوەی زانرا ئەم رێستۆرانتە خواردنی ئاھەنگەکە ئامادە دەکات، ئاھەنگەکەی شا ھێندەی دیکە بەناوبانگ بوو.

رێستۆرانتەکە لە پاریس یەک ھەفتە پێش ئاھەنگەکە دەرگای بەڕووی میوانە فەڕەنسییەکاندا داخست و کارمەند ، شێف و کەلوپەلەکانی رەوانەی شاری تەختی جەمشید لە ئێران کرد، تاکو ئامادەکاری بۆ خواردنی ئاھەنەگەکە بکەن.


١٨ تۆن خورادن لە پاریسە ھێنرا، کە ٢٧٠٠ کیلۆگرامی تەنھا گۆشتی مانگا و ١٢٨٠ کیلۆگرامیش گۆشتی پەلەوەر بوو، بۆ ئەوەی سەرپەرشتی خوانەکە بکات، بەڕێوەبەری زنجیرە ھۆتێلی بەناوبانگی (ماکس بکوی) بانگ کرا کە خانەنشین ببوو.

پارە بەھەدەردان لەنێو گەلێکی بێپارەدا

زۆربوون ئەوانەی پێیان وابوو ئەوەی شا دەیکات لە بەھەدەردانی پارە و سامانی وڵات، تەنھا بۆ خۆدەرخستنی خۆیەتی، لە کاتێکدا دۆخی ئابووری وڵات بەردەوام بەرەو خراپیی دەچوو،

خەڵکی ئێران ئێران تووشی سەرسامیی و شۆک بوون کە بینیان ئەو ھەمو وخواردنەوەیە لە ئاھەنگەکدا خوراوەتەوە، شۆک بوون ئەو ھەموو میوانەیان بینی بە جل و بەرگی ناوازە و گرانەبەھاوە، بەڵام ئەوەی زیاتر ئێرانییەکانی توڕەکرد، ئامادەبوونی زۆر کەمی ئێرانییەکان بوو لە ئاھەنگەکەدا، ئەمەش وەک نیشانەی خۆبەزلزانیی شا بەرامبەر گەلەکەی و سەرخستی پایەی بیانییەکان بەسەر خەڵکی ئێراندا تەماشا کرا.

تێچووی ئاھەنگەکە

گۆڤاری تایم بڵاویکردەوە، تێچووی ئاھەنگەکە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، کە بەراورد بە ئەمڕۆ دەکاتە ٦٣٤ ملیۆن دۆلار، بەڵام رۆژنامەکانی فەڕەنسا کە بەوردی ئاگاداری بەشێکی زۆری تێچووی ئاھەنگەکە بوون، رایانگەیاند، خەرجیی ئاھەنگەکە یەک ملیار دۆلاری ئەمڕۆ بووە.

ئێرانییەکان بەدوای پاروویەک ناندا دەگەڕان و کاریان دەکرد، شاش لە شوێنێکی دوور لە ژیانی خەڵک ئاھەنگی بۆ سەرۆک و دەوڵەمەندەکانی جیھان رێکدەخست، ئەمەش بە تەواوی شای لەبەرچاوی بەشێکی زۆری گەلەکەی خست و بەدوای رزگارییدا دەگەڕان.

کۆتایی شا

حزبە سیاسییەکانی ئێران بە جیاوازیی بیروڕا و بۆچوونەکانیان کۆبوونەوە بۆ دژایەتیکردنی شا، بەھۆی زۆربوونی فشارەکانیش لەسەری، دوای سێ ساڵ لە رێکخستنی ئاھەنگەکە، شا بە ئاشکرا داوای لێبوردنی لەو گەندەڵیی، بەھەدەردانی پارە، سەرکوتکردن و بڕیارە ھەڵانە کرد کە روویانداوە، بەڵام وەک شیکەرەوەکانی مێژووی ئێران دەڵێن "تازە درەنگە بوو".

لە ساڵی ١٩٧٩ خومەینی لە ھەندەرانەوە سەرپەرشتی ئەو راپەڕینەی کرد کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ٢٥٠٠ ساڵەی ئیمپراتۆرییەتی فارسی ھێنا. خومەینی لەو پاریسەوە کۆتایی بە شا ھێنا کە بەشێکی زۆری ئاھەنگەکەی لێوە رێکخرابوو.

شا دوورخرایەوە بۆ میسر، خومەینی گەڕایەوە بۆ ئەو وڵاتەی شۆڕشی بۆ کردبوو، یەک ساڵیش دوای دوورخستنەوەی بۆ میسر، شا کۆچی دوایی کرد، ئیتر ئێران لە وڵاتی شاوە بوو بە وڵاتی کۆماری ئیسلامیی بە سەرکردایەتیی خومەینی.

 شوێنەواری ئاھەنگەکە
شوێنی ئاھەنگەکە تاکو ساڵی ١٩٧٩ مایەوە، لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتەوە بەکاردەھێنرا، لە کاتی شۆڕشی ١٩٧٩ لەلایەن خەڵکەوە تاڵانکرا، لە ئێستا تەنھا ئەو ستونە ئاسنانە ماون کە خێوەتەکانی پێ قایمکرابوو.

بورجی شاش مایەوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ ناوەکەی گۆڕا بۆ بورجی ئازادی، کە لە کاتی شۆڕشدا ملیۆنان کەس لە دەورووبەری کۆبوونەوە.

ئەمەش کۆتایی ئەو ئیمپراتۆرە بوو کە شا شانازیی پێوەدەکرد و گەورەترین ئاھەنگی بۆ ساز کرد، ئاھەنگێک کە خومەینی پێی دەوت «ئاھەنگی شەیتان».