ڕاپۆرتی جیهانی

03:27 - 27/09/2020

دادوەرە نوێکەی دادگای باڵای ئەمریکا کێیە؟‌

پەیسەر

روت بەیدەر گینسبێرگ دادوەری دادگای باڵای ئەمریکا لە 18ی ئەم مانگە بە شێرپەنجەی پەنکریاس کۆچی دوایی کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش چەند رۆژێک دواتر ئێمی بارێتی بۆ پۆستی دادوەری دادگای باڵای ئەمریکا و شوێنگرەوەی گینسبێرگ کاندید کرد، بارێت کە پارێزگارە و کەسێکی پابەند بە ئاینەوەیە بووەتە جێگای مشتومڕی ئەمریکییەکان.

 ئێمی باریت کێیە؟
ئێمی باریت لە ٢٨ی کانونی دووەمی ١٩٧٢ لەدایکبووە، واتە لە ئێستادا تەمەنی ٤٨ ساڵە، ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە بە فەرمی کاندیدکردنی بۆ پۆستی دادوەری دادگای باڵای ئەمریکا راگەیاند.

باریت گەورەی ناو خوشک و براکانییەتی، پێنج خوشک و برایەکی هەیە، پێش ئەوەی یاسا بخوێنێت، ئەدەبی ئینگلیزی خوێندووە و لە ١٩٩٤ بەکالۆریۆسی لە ئادابی ئینگلیزی تەواو کردووە.

پارێزگارێکی دینیی
باریت کەسێکی سەر بە کاسۆلیکییە و پابەندە بە سروتە دینییەکانەوە، ساڵی ٢٠١٣ لە وتاریکیدا نووسیویەتی، " ژیان لە سکپڕییەوە دەستپێدەکات"، ئەمەش دەیکات بە کەسێکی خۆشەویست و پەسەندکراو لای پارێزگارە دینییەکانی وڵاتەکەی کە سورن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ١٩٧٣، کە بڕیارێکی مێژووییە و رەوایەتی بە لەباربردن دەدات لە هەموو ئەمریکا.

سێ ساڵ خەڵاتی "مامۆستای نایاب"ی لە زانکۆی نۆتردام بەدەستهێناوە، وەک مامۆستای بەشدار لە بەشی یاسای زانکۆی جۆرج واشنتن وانەی وتووەتەوە.

دوای دەرچوونی لە کۆلێژی یاسای زانکۆی نۆتردام لە ئیندیانا، لەگەڵ دادوەر ئەنتۆنی سکالیا کاری کردووە کە ساڵی ٢٠١٦ کۆچی دوایی کرد، بۆ ماوەی ١٥ ساڵیش وەک توێژەری یاسایی لە نۆتردام کاری کردووە.

باریت ماوەیەکی زۆری لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بەسەر بردووە، مامۆستا بووە لە زانکۆی نۆتردام.

لە ئێستادا وەک دادوەری فەرمانگەی حەوتەمی دادگای پێداچوونەوەی ئەمریکا کار دەکات کە بنکەکەی لە شیکاگۆیە.

باریت لە نیو ئۆرلیانز لەدایکبووە، هاوسەرگیری کردووە و دایکی حەوت منداڵە، هاوسەرەکەی داداوەری گشتی بووە لە ساوس بیند لە ویلایەتی ئیندیانا، دوو لە منداڵەکانی لە وڵاتی هایتییەوە هێناونی و لەخۆیگرتوون، یەکێک لە منداڵەکانیشی نەخۆشی داونی هەیە.

ترەمپ و باریت
دۆناڵد ترەمپ کە ئێستا هەموو هەوڵێکی ئەوەیە دووەمی خولی سەرۆکایەتییەکەی مسۆگەر بکات، داوای لە ئەنجومەنی پیران کردووە پێش هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر باریت دەرببڕێت، ئەوەشی روونە مسۆگەربوونی دەنگی کۆمارییەکانە بۆ باریت.


ئاژانسی رۆیتەرزیش لە هەواڵێکدا باسی لە هەوڵەکانی ترەمپ کردووە بۆ دامەزراندنی ئیمی باریت، ئەم دادوەرە یەکێک بوو لەو کەسانەی کە ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧ کاندیدی کرد بۆ جیگرتنەوەی دادوەر ئەنتۆنی کەنەدی.

گۆڕینی هاوسەنگی لە دادگای ئەمریکا
گینسبێرگ کەسێکی لیبراڵ بووە، بەڵام مردنەکەی و هاتنی باریت هاوسەنگی هێزەکان لەنێو دادوەرانی دادگای باڵای ئەمریکا دەگۆرێت، چونکە باریت پارێزگارە و بەمەش ژمارەی دادوەرە پارێزگارەکان دەگاتە شەش کەس و تەنها سێ دادوەر پارێزگار نین، بەمەش کۆماری و پارێزگارەکان بە تەواوی زاڵ دەبن بەسەر دادگای باڵای ئەمریکادا.

لە حاڵەتی دەستبەکاربوونی باریت، دەبێتە یەکەم ژنە پارێزگاری ئەم دادگایە، چونکە دوو ژنە دادوەرەکەی دیکە لیبراڵن.

لایەنگری ترەمپ
باریت لایەنگیری سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپە لەبارەی کۆچبەرانەوە، پشتگیری لە بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد کە رەتیکردبووەوە ڤیزا بە هاوسەری هاوڵاتییەکی ئەمریکی بدات کە وا بڵاوکرابووەوە ئەم ئەمریکییە منداڵ دەفڕێنێت، ئەوە جگە لەوەی پشتگیری فراوانکردنی مافەکانی چەکداماڵین دەکات.

یەکێک لەو هەڵوێستانەی باریتی پێدەناسرێتەوە ئەوە بوو کە دژایەتی بڕیاری چەکداماڵینی لەو کەسانە کرد کە هیچ تاوانێکیان بە چەکەکانیان ئەنجام نەداوە.

باریت لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ دەرکەوت و ترەمپیش لەبارەیەوە وتی، "باریت یەکێکە لە عەقڵە یاسییە لێهاتووەکانی گەلەکەمان."

 جۆ بایدن: پەسەندی مەکەن
جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئەنجومەنی پیران کرد دەنگ لەسەر باریت نەدات، داوای کردووە ئەم پڕۆسەیە ئەنجام نەدرێت و ئەم کارە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی وڵات دوابخرێت.

دوای چەند خولەکێک لە بە فەرمی راگەیاندنەکەی ترەمپ، جۆ بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی، "پێویستە ئەنجومەنی پیران بڕیار لەبارەی ئەم پۆستەوە نەدات و دوای بخات بۆ ئەو کاتەی ئەمریکییەکان لەبارەی سەرۆکی نوێی وڵات و کۆنگرێسەوە بڕیار دەدەن"