ڕاپۆرتی جیهانی

03:18 - 01/10/2020

سناپباک و شکستی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران‌

پەیسەر

ماوەی چەند مانگێکە ئەمریکا بە چڕی هەوڵی درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی کڕین و فرۆشتنی چەک دەدات لەسەر ئێران، بەڵام هەوڵەکانی شکستیان هێناوە، میکانیزمی سناپباکیش هەوڵێکی دیکەی ئەمریکایە و ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت واشنتۆن لەم پلانەشدا تا ئاستێکی زۆر شکستدەهێنێت.

هەوڵێکی نوێ
لە ٢٠ی ئەیلولی ئەمساڵ، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەیاننامەیەکی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، لە ٢٠ی ئابەوە ئەمریکا بە فەرمی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادار کردووەتەوە، کە میکانیزمی (سناپباک) چالاک دەکاتەوە، ئەوەش بەپێی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەمڕۆش (٢٠ی ئەیلول) ئەو ماوە ٣٠ رۆژییە کۆتایی هات، لێرەوە سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی ئێران چالاک دەکرێتەوە.

چەند هەفتەیەک پێش ئێستا ئەمریکا هەوڵەکانی دەستپێکرد بۆ درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی مامەڵەی چەک لەسەر ئێران، کە لە ١٨ی تشرینی یەکەم کۆتایی دێت، ئەوەی ئامانجی ئەمریکایە ئەوەیە کە ئێران نەتوانێت بچوکترین پارچە چەکیش بکرێت و بفرۆشێت.

شکست
لە یەکەم هەوڵیدا ئەمریکا رووی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنەکە، ئەوەش بەپێی بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنەکە، بەڵام ئەمریکا لە هەوڵەکانی شکستی هێنا.

دوای ئەم شکستە کۆشکی سپی پلانی دووەمی دەستپێکرد کە بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وابوو بەم رێگایە دەتوانن رێگە لە خواستەکانی ئێران بۆ کڕینی چەک بگرن.

مایک پۆمپیۆ رووی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، تاکو رایبگەیەنێت وڵاتەکەی دەست بە جێبەجێکردنی میکانیزمی سناپباک دەکات.

سناپباک چییە؟
میکانیزمی سناپباک شەش بڕیارە لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە دژی تاران لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٠، بەڵام دوای رێککەوتنی ئەتۆمی و بەپێی بڕیاری ٢٢٣١ هەڵپەسێردرا.

ئیدارەی ترەمپ پەنای بۆ ئەم میکانیزمە برووە، ئەمەش بۆ گەڕانەوەی سەرجەم سزاکان بۆ سەر تاران، لەنێویشیدا سەپاندنی کۆت و بەند لەسەر بەرنامەی موشەکی بالستی ئێران، کڕین و فرۆشتنی چەک و هەڵپەساردنی پیتاندنی یۆرانیۆم.

واشنتۆن لە ٢٠ی ئابەوە دەستی بەم میکانیزمە کردووە، بڕیاریش وابوو ئەگەر لە ماوەی ٣٠ رۆژدا ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری درێژکردنەوەی سزاکان نەدات ئاوا سزاکان ئۆتۆماتیکییەن دەست پێدەکەنەوە.

ئێران بۆ ئەمریکا: شکستان هێنا
دوای بەیاننامەکەی مایک پۆمپیۆ، سەبارەت بە دەستپێکردنی میکانیزمی سناپباک و گەڕاندنەوەی سەرجەم سزاکان بۆ سەر تاران، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، "ئەم لێدوانانە هەڵە و پوچن."

رۆژێک دواتریش حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران هەوڵەکانی ئەمریکای بە شکستێکی دیکە ناو برد و وتی، "ئەمریکا جارێکی دیکە هەوڵی سەپاندنی سزا دەدات بەسەر ئێران و فشاریشی بۆ سەر لایەنەکانی رێکەوتنەکە زیاد کرد، بەڵام گەیشتن بە خاڵی کۆتایی شکست، ئەمریکا لە هەموو پلانەکانیدا شکستدەهێنێت."

ئەورووپا پشتگیری ئەمریکا ناکات
دوای ناردنی پەیامەکە لەلایەن پۆمپیۆوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش لە ٢٠ی ئابەوە، کە پەنابردن بوو بۆ میکانیزمی سناپباک، وڵاتانی بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا پشتگیرییان نەکرد و بە بێسود ناویان برد.

ئەندامانی ئەورووپا لە ئەنجومەنی ئاسایش باسیان لە دەکرد، سزاکانی دژ بە تاران بەو شێوەیە ناگەڕێتەوە کە ئەمریکا دەیەوێت، لە نامەیەکی فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیاشدا بۆ ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رایانگەیاندوە، هەر بڕیارێک دژ بە ئێران کاریگەریی یاسایی نابێت.

هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بە فشارەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ سەر ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر میکانیزمەکانی سناپباک، بەڵام ئەمریکا لەم فشارانە سەرکەتوو نەبوو، لە ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش ١٣ ئەندام ئەم پلانەی ئەمریکایان رەتکردووەتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان گیری خواردووە
لە ئێستادا ئاڵۆزییەکی زۆر هەیە لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەی سزاکانی سەر ئێران و هەوڵەکانی ئەمریکادا، تەنانەت ئەنتۆنیۆ گۆتێرس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت، تەنانەت سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان خۆشی نازانێت چی بکات، لەم دۆخە ئاڵۆز و نادیارەدا هیچ رێکارێک ناگرێتە بەر.

ناڕوونیی و ئاڵۆزییەکان بەهۆی پەنابردنی ئەمریکا بۆ میکانیزمی سناپباک دروستبووە، لەگەڵ ئەوەی ماوەیەکە ئەم پلانەی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشە، بەڵام ئەندامانی ئەنجومەنەکە دەڵێن پلانەکە هیچ پشتگیرییەکی یاسایی نییە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، بە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی وتووە، بەرامبەر پلانەکانی ئەمریکا هیچ بکات، بەتایبەت کە ئەم بابەتە لەنێو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایس بە تەواوی یەکلا نەبووەتەوە.

لە ماوەی مانگی رابردوودا ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خۆی داوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی مامەڵەی چەک لەسەر ئێران، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا.

سناپباک و ترسی ئەمریکا
بە پێی بۆچوونی دەوڵەتانی ئەورووپی و پسپۆرانی سیاسییش سناپباک لە حاڵەتی جێبەجێکردندا نییە، بۆیە ئێران تاکو ١٨ی ئۆکتۆبەر دەتوانێت تانک و ئۆتۆمبیلی سەربازی، فڕۆکەی هێرشبەر، کەشتی دەریایی و موشەک بکڕێت، دەشتوانێت موشەک و سیستمە بەرگرییەکانی خۆی بفرۆشێت.

ئەمریکا هەستی بەم مەترسییە کردووە و دەیەوێت ئەم دەستکراوەییەی ئێران رابگرێت، بەتایبەت کە ئێران ماوەیەک چالاکییەکانی لەم بوارەدا زیادی کردووە و ئەمەش ترسی ئەمریکای زیاتر کردووە.

ئێران و رووسیا
لە کاتێکدا ئەمریکا بەردەوام بوو لە هەوڵەکانی دژ بە ئێران، مانگی ئاب ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری ئێران سەردانی مۆسکۆی کرد، جەختیشیکردەوە ئەمە سەرەتای سەردەمێکی نوێیە لە هاوکاری سەربازیی و بەرگریی نێوان مۆسکۆ و تاران، روسیاش لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەدایە کە دەتوانێت چەک بە تاران بفرۆشێت.

دوایین هەوڵەکانی ئەمریکا
٢٩ی ئەیلول ئاژانسی بلومبێرگ لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی ئەمریکا هەوڵی سەپاندنی سزای نوێ دەدات بەسەر ئێراندا تاکو بتوانێت پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران بە جیهانەوە بپچڕێنێت.

ئەو سەرچاوانە بە بلومبێرگیان راگەیاندووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت ١٤ بانکی ئێرانی بخاتە لیستی رەشەوە، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی ئەم بانکانە گروپە تیرۆریستییەکان و بەرنامەی موشەکیی ئێرانیان پارەدار کردووە.

ئامانجی ئەم سزا نوێیانە داخستنی سەرجەم ئەو رێگایانەیە کە هێشتا ئێران لە رێگایانەوە دەتوانێت پەیوەندی بە سیستمی بانکیی جیهانییەوە بکات، ئامانجێکی دیکەش کەمکردنەوەی ئاستی چالاکییە بازرگانییەکانی ئێرانە.

ئامانجی سەرەکی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەیە کە رێگە بە ئێران نەدات چەک بکڕێت، لە کاتێکدا ئێران خۆی لە قەیرانیکی سەختی دارایی و ئابووریدایە و بڕی پێویست پارەی نییە تاکو چەکی پێبکڕێت.

ئامانجی شاراوە
ئامانجێکی شاراوەی ئەمریکا لەم سزایانە ئئیستیفزازکردنی ئێرانە تاکو لە رێککەوتنی ئەتۆمی دەربچێت و بەمەش بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکەوێتە مەترسی لەناوچوونەوە، بەڵام ئێرانییەکان تاکو ئێستا سەرکەوتوو بوون لە دان بەخۆدا گرتن و شکستپێهێنانی ئەم ئامانجەی ئیدارەکەی ترەمپ.

بەرپرسانی ئێران نایانەوێت لەم ماوە کەمەی پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئاڵۆزییەکانیان لەگەڵ واشنتۆن زاید بکەن، ئارامییان هەڵبژاردووە و دەیانەوێت کێشەکان لە ئاستی لێدوان نەترازێن بەتایبەت بابەتی میکانیزمی سناپباک.

تاکو ئێستا پلانە نوێیەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران تاکو ئاستێکی زۆر شکستی هێناوە و سەرکەوتوو نەبووە، بەتایبەت کە وڵاتانی ئەورووپی پشتگیری ناکەن، بەڵام رکابەرییەکە بەردەوامە و هێشتا کۆتایی نەهاتووە.