ڕاپۆرتی جیهانی

01:49 - 07/10/2020

منداڵ و گەنجان چۆن بوونە سەرچاوەی سەرەکی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا؟‌

پەیسەر

نزیکەی ساڵێکە کۆرۆنا جیهانی گیرۆدە کردووە، لەگەڵ ئەوەی مرۆڤەکان لە هەموو تەمەنە جیاوازەکان ئەگەری تووشبوونیان بە پەتاکە هەیە، بەڵام بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکان منداڵ و گەنجان زۆرترین توانایان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، لە هەمان کاتدا گەورەترین و ترسناکترین گوێزەرەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان، بەتایبەت بۆ ئەندامانی خێزانەکانیان.

سوپەر گوازەرەوە
گۆڤاری ساینس لە دوایین ژمارەی خۆیدا لە یەکی تشرینی یەکەم، باسی لە ترسناکی رۆڵی منداڵ و گەنجان کردووە لە گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ دەورووبەرەکانیان.

لە توێژینەوە نوێیەکەدا چەمکی "گوازەرەوەی بەرز، سوپەر گوازەرەوە" بەکار هاتووە، کە ئاماژەیە بۆ نەخۆشێک کە هۆکارە بۆ تووشبوونی دەیان و تەنانەت سەدان کەس بەشێوەیەکی خێرا. ئەم چەمکە لە ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٣ بەکارهات کاتێک پەتای سارس بڵاوبووەوە، لە ئێستاشدا و بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە هۆکارن بۆ تووشبوونی دەیان و سەدان کەسی دیکە.

نیو ملیۆن توشبوو
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر نیو ملیۆن توشبوو کراوە لە هندستان و توێژەرانی ئەمریکی و هندی ئەنجامیانداوە، گەیشتوون بەو دەرئەنجامەی کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی بەردەوامی ڤایرۆسەکە سوپەر گوازەرەوەکانن کە منداڵ و گەنجانن.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە کەسی تووشبووەوە بۆ کەسانی دەورووبەری لە کۆمەڵگادا بە گشتی دەگاتە ٢،٦٪، بەڵام لە ناو خێزانەکەی خۆیدا دەگاتە ٩٪. منداڵ و گەنجان سێ یەکی تووشبووەکانن و لەو شوێنەی کە لێکۆڵینەوەکەی تێدا کراوە هۆکاری سەرەکی بوون بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.

لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە، منداڵان هۆکاری سەرەکی گواستنەوەن، ئەم راستییە لە لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا نەسەلمێنرابوو، بەڵام لە ئێستادا دەرکەوتووە زۆربەی تووشبووەکان و مردووان بە ڤایرۆسەکە ئەوانەن کە زیاتر پەیوەندییان لەگەڵ منداڵاندا بەهێز بووە.

 داخستنی قوتابخانەکان
بەپێی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکراوە لە گۆڤاری کۆمەڵەی پزیشکی ئەمریکی لە ٣٠ی حوزەیراندا، داخستنی قوتابخانەکان لەو وڵاتە لە ماوەی ٢٦ رۆژدا، رێگربووە لە تووشبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بە ڤایرۆسەکە.

ئاماژە بەوەش دراوە، داخستنی قوتابخانەکان لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا رێگربووە لەوەی منداڵان ببنە هۆکاری سەرەکی بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە.

توێژەرانی نەخۆشخانەی (ئان ورۆەبرت لۆر) بۆ منداڵان لە شیکاگۆ، کە سەر بە زانکۆی نۆرز وێسترنە، بە ئەم دەرئەنجامەی سەرەوە گەیشتوون، ئەوەش دوای لێکۆڵینەوە لەسەر چەندین منداڵ و گەنج کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

ئەوەی لێکۆڵینەوە دەریخستووە بە کورتی ئەوە بووە کە " ئەو منداڵانەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن بە شێوەیەکی بەرز ئەگەر هەیە ببنە سەرچاوەی سەرەکی و گرنگ بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێوان دانیشتواندا."

بەرچاوڕوونی
لەگەڵ ئەوەی ئەم لێکۆڵینەوەیە گرنگە و بەرچاوڕوونی زیاتر بە بەرپرسانی پەروەردە لە وڵاتاندا دەدات، بەتایبەت کە ئێستا سەرەتای دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنە، بەڵام رووبەڕووی چەندین رەخنە دەبێتەوە، لەوانەش کەمی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئەم لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەنجام دراوە.

لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا، هەر وڵاتێک و بەجۆرێک دەستی بە پڕۆسەی خوێندن کردووە، هەندێک وڵات سەرەڕای بەرزیی رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا، بە خۆپارێزی توندەەوە خوێندنی ناو پۆل پەیڕەو دەکات، هەندێک وڵات خوێندن لەسەر هێڵی کردووە بە شێوازی خوێندن و هەندێک وڵاتیش خوێندنی ئاوێتە پەیڕەو دەکات، واتە تێکەڵەیەک لە خوێندی لەسەر هێڵ و ناو پۆل.

دکتۆر محەمەد سەمیر مامۆستای پسپۆر لە نەخۆشییەکان لە زانکۆی زەقزیقی قاهیرە پێی وایە، دەرئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوانە دەریدەخەن کە پێویستە چاودێری زیاتر و توندتر بخرێتە سەر قوتابخانەکان و ئەو منداڵانەی گومانی تووشبوونیان لێدەکرێت لە منداڵانی دیکە جیابکرێنەوە، تاکو بتوانێت رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکرێت لەنێوان خێزان و قوتابخانەکاندا.

لەگەڵ ئەوەی منداڵ و گەنجان بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێن لە گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام بەشێک لە توێژینەوە ئەمریکییەکان دەریدەخەن رێژەی تووشبوون لە منداڵاندا کەمترە لە چاو تەمەنەکانی دیکەدا.

 ١٠٪ی توشبووان منداڵانن
بەپێی توێژینەوەی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ پزیشکیی منداڵان و یەکێتی نەخۆشخانەکانی منداڵان، ١٠٪ی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا منداڵانن، ئەو منداڵانەشی تەمەنیان لە خوار ١٠ ساڵانەوەن لە چاو کەسانی گەورەتردا ئەگەری تووشبوونیان بە کۆرۆنا کەمترە، ژمارەی ئەو کەسانەی دەخرێنە ژووری چاودێری چڕیشەوە لەناو منداڵاندا کەمترە تاکو بەتەمەنەکان.

واتە لەگەڵ ئەوەی منداڵان خۆیان ئەگەری تووشبوونیان بە کۆرۆنا کەمترە، بەڵام گوازەرەوەی سەرەکین و زۆرترینی ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگادا تووشی کۆرۆنا بوون لە منداڵانەوە بۆیان گواستراوەتەوە یان منداڵان هۆکار بوون بۆ تووشبوونی ئەم کەسانە.