ڕاپۆرتی جیهانی

03:46 - 11/10/2020

بەمردوویش لێی دەترسان‌

پەیسەر


ئێرنستۆ 'چێ' گیڤارا شۆڕشگێڕ، پزیشک، نووسەر، گەریلا، شۆڕشگێڕ، مارکسی ئەرجەنتینی بوو. لە ساڵی ١٩٢٨ لە شاری رۆزارییۆی ئەرجەنتیندا لەدایکبوو و لە ١٩٦٧ لەسەر کێوەکانی ئانددا کوژرا، چێ لەپاڵ فیدێل كاسترۆ بەدووانە کەسایەتی سەرەکی شۆڕشی کوبا دەناسرێن، شێوازی دەرکەوتن و هەڵسووکەوتی چێ بۆتە شێوازێکی باو لەنێوان یاخییەکان لە گشت جیهاندا و سەرەڕای ئەوەی بە برینداریی دەستگیركرابوو، بەڵام ئەو سەربازەی ویستی بیكوژێت نەیوێرا، بەناچاری یەكێكی دیكە ئەو ئەركەی گرتە ئەستۆ.

لەم هەفتەیەدا وڵات و گەلی كوبا یادی پەنجا ساڵەی چێ گیڤارا دەكەنەوە. ئەو كەسایەتییەكی شۆڕشگێری چەپ و ماركسی بوو، لەدژی دیكتاتۆرێكی نێو ئەو وڵاتە- فۆلگینسیۆ باتیستا- ڕاست بوویەوە كە لەلایەن ئەمەریكاوە پشتگیریی دەكرا، دوای ئەوەی سەركەوتنی بەدەستهێنا، خۆی نەبووە سەركردەو ئەو پێگەیەی بەجێهێشت بۆ ڤیدڵ كاسترۆی هاوبیرو هاوخەباتی و خۆی چوەوە سەر كارە پێشووەكەی خۆی.

گۆڤاری نیوزویكی ئەمەریكا باس لەوە دەكات كە چێ گیڤارا لە رۆژی 9 ئۆكتۆبەری 1967 كوژراوە، بەڵام شێوازی كوشتنەكەی تا ئێستاش جێگەی مشتوكری زۆرەو تەنانەت لەناوەندی هەواڵگریی ئەمەریكاشدا یەكلایی نەبووەتەوە.

ئەو گۆڤارە لە زاری –میگڵ دیاز كانیڵ-ی جێگری سەرۆكی كوباوە- دووریش نیە ببێتە جێگرەوەی راوڵ كاسترۆی سەرۆك- قسەیەكی گواستووەتەوە، كە لە ئاهەنگێكدا بۆ یادی پەنجا ساڵەی مەرگی چێ گیڤارا ڕێكخرابوو گوتوویەتی: ئەوانەی كە دەستگیریان كردبوو، هیچ ڕێزو ئیحترامێكیان بۆ مێژووی پر لە خەباتی ئەو دانەنابوو، زۆر بەناشیرینی و سووكە سەرانە كوشتبوویان، بەڵام ئەوەی كە لە مێژوودا ماوەتەوە ترسنۆكی و بكوژەكانیەتی، لە هەمان كاتیشدا وێنەو خەباتی نەبڕاوەی گیڤارا رۆژلەدوای رۆژ گەورەتردەبێت و باڵا دەكات.

وەك سەرچاوە مێژووییەكان باسی دەكەن، ئەو سەربازەی كە ڕاسپێردرابوو بەكوشتنی نەیتوانیبوو بیكوژێت، بۆیە ئەركەكە بە سەربازێكی دیكە دەسپێردێت، ئەویش بۆ ئەوەی تۆزێك غیرەت بەخۆی ببەخشێت بیرەیەكی خواردەوە، تا جۆرێك لە مەستی بیگرێت و بیرلە دەرئەنجامی كارەكەی نەكاتەوە كەچی ڕوو دەدات؟

ڕاپۆرتەكە باس لەوەش دەكات ئەو تیمەی كوشتنی گیڤارایان پێسپێردرابوو، لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە ڕاهێنانی تایبەتیان پێكرابوو، ئەوەش لەنێو ڕاپۆرتی نهێنی ناوەندی هەواڵگریی ئەمەریكا- سی ئای ئەی-دا ئاماژەی پێدراوەو زانكۆی جۆرج واشنتۆنیش پشتڕاستی ئەو زانیارییەی كردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی نێو ڕاپۆرتەكە، فەرمانی كوشتنی چێ گیڤاراو هاوڕێ ماركسییەكانی كە دەیانویست نموونەی شۆڕشی كوبا ببەنە نێو پۆلیڤیاوە، لە رۆژی 9 تشرینی دووەم دەرچووەو ئەو سەربازەی كارەكەی پێ سپێردرابوو جورئەتی ئەوەی نەبوو كارەكە بكات، بۆیە كاری كوشتنەكە بە سەربازێكی دیكە دەسپیردرێت كە ئەویش تا خۆی سەرخۆش نەكات توانای ئەوەی نییە ئەو كارە بكات.

ئەو بەڵگەنامەیە باسی ئەوەشی تێدا هاتووە كە بكوژەكەی فەرمانی پیكردووە كە بەو شێوەیە دابنیشتێت و چۆكدابدات كە فەرمانی پێدەكات، بەڕم ئەو بەگوێی ناكات و پێیی دەڵێت: تۆ دەزانیت چ پیاوێك دەكوژیت؟ هەربۆیە بەناچاری دەیخاتە پاڵ دیواری ژوورەكەو بە تفەنگیی- M2 Carbine – تەقەی لێكردو كوشتی.

فیلیكس رودریگیز، كارمەندی هەواڵگری ئەمەریكی لەنێو ئەو تیمەدا بووە كەبەرپرس بوون ب لەكوشتنی گیڤارا و پێش لەوەی بمرێت قسەی لەگەڵ كردووەو دوای چەند  ساڵێكیش ڕوونی كردووەتەوە كە فەرمانی كوشتنی گیڤارا لەلایەن دەسەڵاتی باڵای پۆلیڤیاوە بوەو لەگەڵ ئەوەشدا ئەو فەرمانی بۆ هاتووە لە لایەن ئەمەریكیەكانەوە كە بەزیندوویی بیهێڵنەوەو نەیكوژن.

رۆڵی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا:
بە پێی ڕاپۆرتی ئەو گۆڤارە دو و پارێزەی مافەكانی مرۆڤ بەناوەكانی (مايكل راتنر)و (مايكل ستيفن) هەندێك زانیارییان بڵاوكردووەتەوە كە تیایدا هاتووە دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا خوازیاری ئەوە نەبووە كە گیڤارا بكوژرێت، بەڵكو ویستوویانە بە زیندوویی دەستگیری بكەن، ئەوەی كە پشتیوانی كوشتنی بووە پۆلیڤییەكان بوون. .
بەڵام لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا – سمیث- رەتی ئەوەی كردەوە كە ئەمەریكیەكان بە هەموو شێوەیەك ئاگاداری ئەو پلانە بوون و خۆبواردن لەو تاوانە پاكیان ناكاتەوە. مایكڵ ڕاتنەریش باس لەوە دەكات كوشتنی گیڤارا بۆ ئەوەبوو هەست شۆڕشگێڕیی لە ئەمەریكای لاتین كۆتایی پێبهێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەكان هەرچەندە پەنجا ساڵ زیاتر بەسەر كوشتنی ئەو كەسایەتیەدا تێدەپەڕێت بەڵام هێشتا لە ویژدانی خەڵكی شۆڕشگێڕو لاوە خوێنگەرمەكاندا بە زیندوویی ماوەتەوە. بە پێچەوانەی ئەو پلانەوە كە پێیان وابوو بە كوشتنی كۆتایی بە هەموو شت دبێت.

لە رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی 1967، کاتژمێر 13.10 خولەک بە فەرمانی ویلایەتە یەکگرتووەكانی ئەمەریکا و ئاساییشەکەی و بە ئەرێنیتی سەرۆک کۆماری ئەو سەردەمەی بۆلیڤییا، René Barrientos، بە دەستی Mario Terán بە نۆ گولـلە کوژرا.

بە دوای لەگییانکردنی چێ رێبەرایەتی بۆلیڤییا لە بڕیارەکەی پاشگەز و پەشیمان دەبێتەوە، چونکە بەم کارە چێ، ئیدی بوو بە ئەفسانەی شۆرشگێڕیی و ئازادیخوازیی. دوژمنەکانی وایبۆدەچن ئەگەر زیندوو بمایە، بیروڕا و ناوی ئەم ھەندە لە جیھاندا بڵاو نەدەبووەوە.

Juius Lester لە بارەی مەرگی چێ وا دەڵێ: (مەرگی چێ، گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤێک وەک چێ ژییاوە. بۆ لە ناو بردنی چێ، ئێوە دەبێ ھەموو خەڵکی جیھان لە ناو ببەن، ئەوەش کە ناکرێ)
تەرمی چێ گیڤارا لەگەڵ دوو كەسی دیكە لە زیندانییان خرانە گۆڕێكەوە، بەڵام لە 1997 تەرمەكەی  گوزارایەوە بۆ كوباە تا ئێستاش وێنەكانی ئەو شۆڕشگێڕە لە هەموو جیهاندا بڵاوەو بە سەركردەیەكی شۆڕشگێڕی مەزن ناوی دەبرێت.