ڕاپۆرتی جیهانی

02:51 - 16/10/2020

تیرۆری بەرهەڵستکارەکان؛ لە رۆماوە بۆ ئیستەنبوڵ‌

پەیسەر

بە درێژایی مێژوو، دەسەڵات هەوڵی لاوازکردنی رکابەرەکانی داوە، ئەگەر رکابەرەکان بووبێتنە هەڕەشەش ئەوا لەناویبردوون، دەسەڵاتدارەکان چەندین جۆر رێگایان بۆ کۆتایهێنان بە رکابەرەکانیان بەکارهێناوە، هەندێک جار بە ئاشکرا و هەندێک جاریش بە ئاشکرا ئەم کارەیان کردووە، بەڵام ئامانجی هەموویان ئەوە بوو چۆن لەم کەس و گروپانە رزگاریان ببێت.

مێژوو پڕە لە چیرۆکی لەناوبردنی نەیارەکانی دەسەڵات، ئەو کەسانەی لە ژوورە تاریکەکان ئەشکەنجە دران و کۆتایی بە ژیانیان هێنرا، بەڵام نەتوانرا کۆتایی بە مێژوویان بهێنرێت و بۆ هەمیشە مانەوە.

یەکەم پێکهێنەرەوە و دروستکەرەوەی چین، (Qin Shi Huang) لە ساڵی ٢٢١ پێش زاین بووەتە ئیمپراتۆر، ٤٦٠ زانای سەر بە رێبازی کۆنفۆشیۆز رەخنەیان لە ئیمپراتۆر گرت بۆچی لە کۆشکی ئیمپراتۆر میوانداری جادوگەرەکانی کردووە، داواشیان لێکرد سیستمی سیستمی دەرەبەگایەتیی کۆن بگەڕێنێتەوە، لەبەرە ئەم دوو هۆکارە هەموویانی زیندەبەچاڵ کرد.

یەکێکی دیکە لە کارەکانی ئەم ئیمپراتۆرە ئەوە بوو، ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی خەساند تاکو بیانکات بە کۆیلە.

(Caligula) ئیمپراتۆری سێیەمی رۆمانی کە لە نێوان ساڵانی ٣٧ بۆ ٤٠ی زانینی دەسەڵاتی گرتە دەست، بە هونەری لەناوبردنی رکابەرەکانی بەناوبانگە، لە کاتێکدا لە سەرەتای دەسەڵاتدارییەتییەکەیدا کەسێکی باش بووە و رێگەی بە گەڕانەوەی ئەو کەسانەش داوە کە پێشتر لە رۆما دەرکرابوون.

مێژوونووسان پێیان وایە کالیگولا لە منداڵیدا ژەهراوی بووە و تووشی پەرکەم بووە، بۆیە وەک بەشێک لە خودا سەیر کراوە.

کالیگولا باوکانی ناچار دەکرد سەیری لەسێدارەدانی کەسە نزیکەکانیان بکەن و چێژی لەم کارە دەبینی، ئاسودەش دەبوو بە تەماشاکردنی کاری ئەشکەنجەدان، فەرمانیشی دەکرد ئەو فەرمانبەرانەی دژایەتی دەکەن بە قامچی لێیان بدرێت تاکو گیان لەدەستدەدەن.

مێژوونووسان باس لە دڕندەیی فیلادی سێیەم ئەمیری رۆمانیا دەکەن لە سەدەی ١٥، کە لە ساڵی ١٤٥٦ دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەشکەنجەی بەکۆمەڵی رکابەرەکانی دەدا، ریخۆڵەی دەردەهێنان، سەری دەبڕین، بە زیندووی دەیکوشتن، بەوەش بەناوبانگە رکابەر و دوژمنەکانی بە دارتێبڕین کوشتووە.

لە مێژووی نوێدا شێوازەکانی ئەشکەنجەدان و کوشتن گۆڕانکارییان بەسەردا هات، لەگەڵ مێژووی نوێدا، ئەشکەنجەی نوێ جێبەجێکرا و ئامێر و شێوازی نوێ بۆ کوشتنی رکابەرەکان بەکارهێنرا.

 گولە؛ کارەساتەکەی مرۆڤ

گولە داهێنانە نوێیەکەی مرۆڤ بوو لە کۆتایی هەزارەی دووەمدا، ئەم گولەیە وەک چۆن سەری رکابەرە سیاسییەکانی هەڵدەتەکاند، هەندێک جاریش کۆتایی بە ژیانی سەرۆک و  دەسەڵاتدارەکان دەهێنا.

تیرۆرکردنی جۆن کەنەدی لە رووداوە گرنگەکانی مێژووی ئەمریکا و تەنانەت مرۆڤایەتیشە، کەنەدی لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣ تەقەی لێکرا و تیرۆرکرا، ئەم تیرۆرە تاکو ئێستاش ناکۆکیی لەسەرە و وەک رووداوێکی ئاڵۆز و پڕ لە نهێنی ماوەتەوە.

گولە کۆتایی بە ژیانی یەکێکی دیکە لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی هێنا کە مارتن لۆسەر کینگ بوو، چالاکە سیاسییە ئەمریکییە بە رەگەز ئەفریقییەکە کە داوای یەکسانیی و رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی دەکرد دژ بە ئەمریکییە ئەفریقییەکان، ئەو کاتەی لە باڵکۆنی ماڵەکەیدا وەستابوو، لە چواری نیسانی ١٩٦٨ تەقەی لێکرا و تیرۆر کرا. واتە پێنج ساڵی دوای وتارە بەناوبانگەکەی کە تێیدا وتی "خەونێکم هەیە".

رکابەرانی پوتینیش دوور نەبوون لە کوشتن و تیرۆرکردن، (Anna Politkovskaya) ژنە رۆژنامەنووس، چالاکوان و نووسەرێکی روسیی بوو، لە جەنگی چیچاندا چەندین راپۆرتی ئامادە و بڵاوکردەوە، راپۆرتەکانی لەبارەی شەڕی چیچان، لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیش کردی بە رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگ.

لە شەشی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦ لە ئەسانسۆری ئەو باڵەخانەی تێیدا دەمایەوە لە شاری مۆسکۆ بە گولە کوژرا، پۆلیتکۆڤسکایا بە دژایەتیکردنی پوتین بەناوبانگ بووە و رەخنەی لە کرملین دەکرد لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە چیچان.

کۆریا؛ کوشتن بە تانکی دژە فڕۆکە 
لە سەدەی نوێدا، بەشێک لە سەیروسەمەرەترین جۆرەکانی کوشتن بە فەرمانی کیم جۆنگ ئون سەرۆکە گەنجەکەی کۆریای باکورەوە سەریانهەڵداوە.

ئون فەرمان دەکات بە کوشتن و جێ بەجیکردنی لەسێدارەدان بە رێگای سەیر و نامۆ بەسەر هەرکەسێکدا کە توڕەی بکات و ناڕەزایەتیی پیشانبدات، بۆ نموونە لەبەرئەوەی لە نمایشێکی سەربازییدا کە سەرۆک ئامادەی بوو، وەزیری بەرگری خەوی لێکەوت، ئون فەرمانی کرد بە گولەی تانکی دژە فڕۆکە بکوژرێت.

هەر لە سەردەمی ئەم سەرۆکە گەنجەدا ئو سانگ هون جێگری وەزیری ئاسایشی گشتی بە ئاگری چەکی (Flamethrower) کوژرا، ئەوەش لەبەرئەوەی پەیوەندییەکی بەهێزی هەبووە لەگەڵ جانگ سونگ سایک مامی سەرۆکی کۆریا، کە لە کانونی یەکەمی ٢٠١٣ بە تۆمەتی گەندەڵیی، ناپاکایی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لەسێدارەدرابوو.

ژەهرخواردکردن؛ رێگای روسەکان
روسیا مێژوویەکی درێژی هەیە لە ژەهرخواردکردنی کەسانی ناڕازیی و نەیار، (Alexander Litvinenko) یەکێکە لەو قوربانیانە، لیتڤینینکۆ سیخوڕێکی روسی هەڵگەڕاوە بوو لە دەزگای هەوڵگری وڵاتەکەی، لە ساڵی ١٩٦٢ لە روسیا لەدایکبووە و لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٦ دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ دوو کارمەندی هەواڵگری رووسی لە لەندەن ژەهرخوارد کرا.

دوو کارمەندەکەی هەواڵگری رووسی مادەی (Polonium)یان کردبووە ناو ئەو چایەی لیتڤینینکۆ خورادییەوە. ئەم مادەیە زۆر ژەهەراوییە، لیتڤینینکۆ لە هەمان مانگدا بەهۆی مادەکەوە ئەندامەکانی داڕزان و گیانی لەدەستدا.

لیتڤینینکۆ کە هاوسۆز بوو لە گەڵ چیچانییەکان، لە ماوەی ئەو مانگەی ژەهرخوارد کرا، بوو بە مسوڵمان، لەسەر شێوازی ئیسلامیش کفن و دفن کرا و لە خاکی چیچان بە خاک سپێردرا.

ئەلێکسی ناڤالنی
 لە نوێترین رووداوی ژەهرخواردکردندا لە روسیا، ئەلێکسی ناڤالنی رکابەرە سەرسەختەکەی ڤلادیمێر پوتن لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠ بە گازی نۆڤیچوک ژەهرخواردکرا، ئەوەش کاتێک لە نێو فڕۆکەدا بوو لە سیبریاوە بۆ مۆسکۆ.

ناڤالنی باجی هەڵوێستەکانی دا لە دژی ڤلادیمێر پوتن، ئەم رکابەرە سیاسییە یەکێکە لە رەخنەگرە دیارەکانی حکومەتی روسیا، سەرپەرشتی دامەزراوەی دژە گەندەڵی (Anti-Corruption Foundation) دەکات کە دامەزراوەیەکی ناحکومییە، ناڤالنی بەردەوام رووبەڕووی پەلاماردان، دەستگیرکردن و هەڕەشەی کوشتن بووەتەوە.

ژەهرخواردکردن لە کۆریا
کوشتن و تیرۆرکردن لە کۆریای باکور لە نێو خێزانی فەرمانڕەوادا قوڵبووەتەوە، لە شوباتی ٢٠١٧ کیم جۆنگ نام زڕبرای سەرۆکی کۆریا لە فڕۆکەخانەی کوالالامپور لە مالیزیا ژەهرخواردکرا.

نام چەند جارێک هەوڵی کوشتنی درابوو، یەکیک لەو هەوڵانە ساڵی ٢٠١٢ بوو کە ئەندامێکی سەر بە رژێمی فەرمانڕەوا هەوڵی کوشتنی دا، بەپێی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش نام دوای ئەم هەوڵی کوشتنە نامەیەکی بۆ سەرۆکی کۆرۆیا ناردووە و تێدا نووسیویەتی، "تکایە فەرمانی سزادانی خۆم و خێزانەکەم بکشێنەوە، هیچ شوێنێک نییە بۆی هەڵبێم، تاکە رێگای رزگاربوونم خۆکوشتنە."

خۆکوشتن؛ رێگایەک بۆ شاردنەوەی کوشتن
بەشێک لە دەوڵەتەکان بۆ ئەوەی تاوانی کوشتنی رکابەرەکانیان بشارنەوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو کەسە خۆی کوشتووە، لە کاتێکدا ئەم کەسانە لەلایەن دەسەڵاتەوە کوژراون و لەسێدارە دراون، بەم جۆرەش بکەری سەرەکی ئەم کوشتانە ون دەکرێت و نادۆزرینەوە.

یەکێک لەو رووداوە دیارانە مردنی کەسایەتی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن (Rakhat Aliyev)ە کە زاوای نور سوڵتان نزاربایڤ سەرۆکی پێشووی کازاخستان بوو.

راخات لە نەمسا زیندانی کرابوو، ئەوەش بە تۆمەتی کوشتنی کارمەندانی بانک و هەوڵی کودەتا لە وڵاتەکەیدا، لە ٢٤ی شوباتی ٢٠١٥ بە هەڵواسراوی لە ژووری زیندانەکەیدا دۆزرایەوە.

خێزانەکەی راخات گومانیان لە رووداوەکە هەبوو کە خۆکوژی بووبێت، بەڵگەشیان ئەوە بوو بڕیار بووە هەمان رۆژی رووداوەکە راخات بچێت بۆ دادگا و گەواهی بدات، چونکە پیشتر ئاگاداری درابوو لەبارەی ئەگەری کوشتنی لە زینداندا. پزیشکی دادوەری ئەڵمانیا دوای توێکاری تەرمەکەی رایگەیاند، راخات لەلایەن چەند پسپۆڕێکی کوشتنەوە کوژراوە.

(Nikolai Glushkov) یەکێکی دیکە بوو لە رەخنەگر و رکابەرە سیاسییەکانی پوتن، لە ئازاری ٢٠١٨ بە هەڵواسراوی لە شوقەکەیدا لە لەندەن دۆزرایەوە، لەگەڵ ئەوەی پشکنینەکان بە تەواوی دەریاننەخست ئایا کوژراوە یان خۆی کوشتووە، بەڵام کچەکەی رایگەیاند، باوکی کوژراوە.

خاشقچی؛ کوشتنی ئاشکرا
لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی تیرۆر و کوشتنەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە بە نهێنی ئەنجام دەدرێن، بەڵام هەندێک جار بە ئاشکرا و لەبەرچاوی هەموان دەکرێن، نوێترین نموونەی ئەم جۆرە کوشتنە تیرۆرکردنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعودی بوو لەنێو کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستەنبوڵ لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨.

لەگەڵ ئەوەی بە تەواوی یەکلانەکراوەتەوە، محەمەد سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە بە تۆمەتبار و بڕیاردەری سەرەکی کوشتنی خاشقچی دانرا.

سەرەڕای ئاشکرابوونی تاوانەکە، وردەکارییەکان و ئەوانەشی بەشدارییان تێدا کردووە، بەڵام تاکو ئێستا جێگای مشتومڕ و ناکۆکییە و سعودییەش رەتیدەکاتەوە فەرمانەکە لە دەسەڵاتی باڵای وڵاتەوە درابێت.

بۆ ئەوەشی تاوانەکە بشاردرێتەوە، دوای کوشتنی، تەرمەکەی پارچە پارچە کرا و بە مادەی کیمیاویی لەناوبرا.