ڕاپۆرتی جیهانی

03:08 - 16/10/2020

چه‌ند راستیه‌كی سه‌رنج راكێش ده‌رباره‌ی ژاپۆن‌

پەیسەر پرێس

له‌ وڵاتانی دونیای سێ، ژاپۆن وه‌ك وڵاتێكی پاك و پێشكه‌وتوو و وێنا ده‌كرێت كه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌ وڵاتانی تری گۆی زه‌وی به‌ڵام ئایا‌ ئه‌و پێناسه‌یه‌ ته‌واو راسته‌ و وه‌ك خۆیه‌تی، له‌م راپۆرته‌دا چه‌ند راستییه‌كی سه‌رنج راكێش ده‌رباره‌ی ژاپۆن ده‌خه‌ینه‌ ڕوو كه‌ ره‌نگه‌ نه‌یانزانیت.

رۆژانه‌ ٧٠ ژاپۆنی خۆی ده‌كوژێت

به‌رزی رێژه‌ی خۆكوژی له‌ ژاپۆن بۆته‌ یه‌كێك له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌رده‌م ژماره‌ی دانیشتوان، و زیانی گه‌وره‌ش به‌ ئابوری ئه‌و وڵاته‌ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێی ئاماره‌كان له‌ساڵی ١٩٩٨ وه‌ تا ساڵی ٢٠١٤ ساڵانه‌ ٢٢ هه‌زار هاوڵاتی ژاپۆنی خۆیان ده‌كوژن كه‌ رۆژانه‌ ده‌كاته‌ ٧٠ كه‌س، به‌ واتایه‌كی تر هه‌موو كاتژمێرێك سێ كه‌س له‌و وڵاته‌ خۆیان ده‌كوژن.

خۆكوشتن زیانی ٣٠ ملیار دۆلار له‌ ئابوری ئه‌و وڵاته‌ ده‌دات، به‌تایبه‌تیش كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی خۆیان ده‌كوژن له‌ره‌گه‌زی نێرن و ته‌مه‌نیان له‌نێوان ٢٠-٤٠ ساڵیدایه‌، به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی ژاپۆنی به‌هۆی هیلاكی زۆری كاركردنه‌وه‌ دووچاری كێشه‌ی دڵ ده‌بن و سه‌رئه‌نجام كتوپڕ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.

فشاری سه‌ر ژاپۆنییه‌كان

فشاری سه‌ر ژاپۆنییه‌كان له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ زانكۆ وه‌ربگیردرێن، به‌جۆرێك ده‌بێت له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورس ده‌ربچن كه‌ هه‌ندێك كه‌س به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی دۆزه‌خ وه‌سفی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ ده‌رچوو ئه‌وه‌ خوێندنێكی قورس چاوه‌ڕێی ده‌كات و خۆی ئه‌گه‌ر ده‌رنه‌چوو ئه‌وه‌ ده‌بێت یه‌ك ساڵ چاوه‌ڕێ بكات بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر تاقیكردنه‌وه‌ بكاته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر زانكۆت ته‌واو كرد ئه‌وه‌ شتێكی تر چاوه‌ڕێت ده‌كات كه‌ قورسیه‌كه‌ی كه‌متر نیه‌ له‌ خوێندنی زانكۆی ئه‌ویش چه‌ندین كاتژمێر كاركردنه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی كه‌می پشوویان پێ ده‌درێت، به‌پێی یاسا حكومه‌ت مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ سزای هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیایه‌ك بدات كه‌ كاری زیاده‌ به‌كرێكاره‌كانی بكات به‌بێ ئه‌وه‌ی پاره‌ی زیاده‌یان پێ بدات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی قورسه‌ كارێكت ده‌ست بكه‌وێت كه‌ له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ گونجاو بێت، به‌شێكی زۆری كارمه‌ندان ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر سكاڵا بكه‌ن ئه‌وه‌ له‌كاره‌كانیان ده‌رده‌كرێن، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ندێك جار كاتژمێره‌كانی كاركردن له‌و وڵاته‌ ده‌گاته‌ ١٤ كاتژمێری رۆژانه‌.

مه‌ترسی گه‌شه‌ی دانیشتوان

له‌رێگه‌ی فیلمی"به‌یارمه‌تیت سێكس قه‌ده‌غه‌یه‌... ئێمه‌ ژاپۆنین" ده‌توانیت له‌وه‌ تێبگه‌یت كه‌ چ مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ژاپۆنی هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی گه‌شه‌ی دانیشتوان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی كه‌می هاوسه‌رگیری و منداڵ خستنه‌وه‌ كه‌ مه‌ترسیه‌كه‌ی له‌مه‌ترسی خۆكوشتن زیاتره‌.

به‌شێكی زۆری گه‌نجان دووچاری كێشه‌یه‌ك ده‌بن كه‌ له‌ماڵه‌كانیان خۆیان گۆشه‌گیر ده‌كه‌ن و به‌ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا و یارییه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كانه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌بن، به‌وشێوه‌یه‌ به‌شێكیان بیر له‌ژیانی هاوسه‌رگیری ناكه‌نه‌وه‌.

تێكه‌ڵاوبوونی ره‌گه‌ز

به‌شێك له‌ گه‌نجانی ژاپۆن ده‌یانه‌وێت ڕووبه‌ڕووی هه‌موو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ژاپۆنی ببنه‌وه‌، له‌رێگه‌ی پۆشینی جل و به‌رگ یان ره‌نگكردنی قژ، ئه‌گه‌ر گه‌شتێكی خێرا بكه‌یت به‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كانی ژاپۆندا ده‌بینی قورسه‌ پیاو و ئافره‌ت له‌یه‌كتر جیابكه‌یته‌وه‌، زۆر له‌ فرۆشگاكان ده‌بینی واهه‌ست ده‌كه‌یت تایبه‌تن به‌ ئافره‌تان، دواتر تێده‌گه‌یت ئه‌و فرۆشگایانه‌ كاڵاكانیان بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌، هه‌ر له‌ پێداویستیه‌كانی جوانكاری و جل و به‌رگی سنگ كراوه‌ و بۆیه‌ی قژ و ته‌وقه‌ی سه‌ر، ئه‌م جل و به‌رگ و ستایله‌ به‌ راستی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌.

روبرتسون جینفر مامۆستای زانستی مرۆڤ له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ گۆڤاری " ئینترڤیو" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ باس له‌ ده‌ركه‌وتنی جل و به‌رگێك ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌ له‌به‌رده‌كرێت كه‌ جیاوازه‌، ستایلێكی نوێ، به‌نمونه‌ نێره‌كان لێوه‌كانیان سور ده‌كه‌ن و جل و به‌رگی ژنانه‌ له‌به‌رده‌كه‌ن و هاواریش ده‌كه‌ن "مافی خۆمانه‌ هه‌ر جل و به‌رگێك كه‌ بمانه‌وێت له‌به‌ری بكه‌ین، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌سێكس و هاوره‌گه‌زبازیه‌وه‌ نیه‌".
هه‌روه‌ها پێناسه‌ی هێز گۆڕدراوه،‌ جاران هێز ماسولكه‌ و ناوبانگی زیره‌كی خوێندنگا بوو به‌ڵام ئێستا ژماره‌ی فۆڵۆكانی تویته‌ر ئاستی به‌هێزی دیاری ده‌كات.

دایبی له‌نێوان گه‌وره‌ و بچوكدا

ده‌كرێت راپۆرته‌كه‌مان به‌و كۆتاییه‌ كۆتایی پێ بهێنین كه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری فلمی" به‌یارمه‌تیت سێكس قه‌ده‌غه‌یه‌... ئێمه‌ ژاپۆنین" كۆتایی پێ هێناوه‌ كه‌ زانیاریه‌كی خه‌هێنه‌ره‌ به‌ڵام راستیه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئایه‌ ده‌زانی له‌ ژاپۆن فرۆشی دایبی گه‌وره‌ كه‌ بۆكه‌سانی به‌ته‌مه‌ن به‌كارده‌هێندرێت زیاتره‌ له‌ فرۆشی دایبی بچوك كه‌ بۆ منداڵان به‌كارده‌هێندرێت؟

له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ژاپۆنیدا چینی به‌ته‌مه‌ن زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ پێكده‌هێنێت، ئه‌وه‌ش ئابوری ژاپۆنی خستۆته‌ به‌رده‌م مه‌ترسیه‌وه‌، ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتی به‌ته‌مه‌نیان هه‌یه‌ كه‌ پێویستیان به‌ چاودێری و پاڵپشتی هه‌یه‌، له‌به‌رامبه‌ردا ژماره‌یه‌كی كه‌می گه‌نجیان هه‌یه‌ كه‌ باج ده‌ده‌نه‌ حكومه‌ت و پشتیوانی ئابوری ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن، به‌شێكی گه‌نجه‌كانیان خۆیان ده‌كوژن و به‌شێكی تریشیان دووچاری گۆشه‌گیری ده‌بن، به‌شێكیشیان بۆ به‌سه‌ربردنی كاته‌كانیان خو ده‌ده‌نه‌ یاریه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان.