ڕاپۆرتی جیهانی

11:12 - 19/10/2020

ئابووری چین لە سایەی كۆرۆنادا‌

پەیسەر پرێس

ئابوری چین لە چارەگی سێیەمی ئەم ساڵ بەرێژەی 4،9% گەشەكردنی بەخۆیەوە بینی، و لەدۆخی پێش بڵاوبونەوەی كۆرۆنا نزیك بۆتەوە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش پێشبینی دەكات ئابوری چین بەرەو یەكەمین ئابوری جیهان هەنگاو بنێت..

 
گەشەكردن بەراورد بە رابردوو
ئابوری چینی بەرێژەی 4،9% لە چارەگی سێیەمی ئەم ساڵ گەشەكردنی بەخۆیەوە بینیوە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بەوەش توانیویەتی پارێزگاری لەو گەشەكردنە بكات كە دوای رێكارەكانی خۆپارێزی بەهۆی كۆرۆناوە بەدەستی هێنا، بەپێی ئامارە فەرمیەكان كە ئەمرۆ دووشەممە بڵاوكرانەوە ئاستی ئابوری ئەو وڵاتە لەدۆخی پێش كۆرۆنا نزیك بۆتەوە.

چین بە دووەم گەورەترین ئابوری جیهانی دادەنرێت وبەپێی راپۆرتی نوسینگەی ئاماری نیشتمانی ئاستی گەشەكردنەكەی بەراورد بە پێشبینیەكان كەمتر بووە لەنێوان مانگەكانی تەموز تا ئەیلول، ئەمەش بەهۆی ناجێگیری لە ژینگەی وڵاتانی جیهاندا.

چین بەرەو یەكەمی
بەپێی پێشبینی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی باش بوونی ئابوری چین بەمانای ئەوە دێت كە هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی ببێتە گەورەترین ئابوری جیهان و تاكە ئابوری بەهێز، بۆ ئەمەش دەیەوێت لەم ساڵدا گەشەكردن بەخۆیەوە ببینێت، لەكاتێكدا وڵاتانی تر هەوڵ دەدەن رێكاری زیاتر بگرنە بەر و كەرەنتینە رابگەیەنن بۆ خۆپارێزی لە شەپۆلی نوێی توش بوون بە كۆرۆنا.

چاودێران پێشبینی زیاتریان دەكرد
كەناڵی فرانس پرێس بۆچوونی ژمارەیەك چاودێر و شیكەرەوەی وەرگرتووە و ئەوان پێشبینی ئەوەیان كردووە لە چارەگی سێیەمدا ئاستی گەشەی ئابوری چین بۆ یەكەمجار بگاتە 5،2% بەراورد بەساڵی رابردوو، ئەوەش دوای ئەوەی گەشەی ئابوری لە چارەگی دووەمی ئەم ساڵدا 3،2% بووە.

راپۆرتی نوسینگەی نیشتمانی ئامار ئەوە دەردەخات كە فرۆشتنی پارچە بەخێرایی گەشەی كردووە و لەمانگی ئەیلولدا 3،3% بووە بەراورد بە 0،5% لەهەمان ماوەی ساڵی رابردوودا.

بەڵام رێژەكە تا ئێستاش بۆ بواری بەرهەمی پیشەسازی كەمە كە پێشبینی گەشەی زیاتری دەكرا بەرێژەی 6،9% لەمانگی رابردوو بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.

چین ڤاكسینی بەكارهێنا
سەركردایەتی حزبی شیوعی چینی دەستخۆشی كرد لە لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردنیان لەگەڵ ئەو ڤایرۆسە، وە حكومەت لەقۆناغی تاقیكردنەوەدا ڤاكسینی دایە سەدان هەزار لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی و لەهەمان كاتدا هەوڵ دەدات ئەو چیرۆكانە جارێكی تر دابرێژێتەوە كە باس لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە دەكەن.

دۆخی چین لە دۆخی وڵاتانی تر جیاواوە
دانیشتوانی چین گەراونەتەوە بازارەكان و گەشت دەكەن و دەچنە چێشتخانەكان، دیمەنێك كە تەواو پێچەوانەی دۆخی زۆرێك لە وڵاتانی تری جیهانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترسی دوورمەودا هەیە دەربارەی هەلی كار و گەرانەوەی چاوەڕوانكراوی جارێكی تری ڤایرۆسەكە كە كاردەكاتە سەر بەكارهێنەران، لەگەڵ ئەوەی حكومەت كار دەكات بۆ ئەوەی خواستی لەسەر بەرهەمی ناوخۆی زیاد بكاتەوە.

چۆن ئابوری چینی بەخێرایی گەشەی كردەوە؟
لای خۆیەوە " لوتینگ " گەورە شارەزای ئابوری چین لە گروپی " نومورا" بە فرانس پرێسی راگەیاند چین دووبارە گەشەكردنەوەی ئابوریەكەی بەخێرایی لەرێگەی ئەو رێكارانەوە بەدەستهێنا كە لەسەرەتادا گرتنیە بەر وەك كەرەنتینەی گشتی و داخستنی تەواوەتی و پشكنینی فراوان و پاداشت و سزای دانیشتوان"
ئەو شارەزایە دەشڵێت هۆكار و فاكتەری تریش كاریگەریان لەسەر گەشەی ئابوری و زۆری هەناردە و زیادبوونی خواست لەدوای لافاوەكانی هاوینی رابردوو هەبوو كە بەشێوەیەكی فراوان ئەو وڵاتەی گرتەوە.

چین لەبەردەم شەپۆلی دووەمی كۆرۆنادا
بەڵام چین بەتەواوەتی بەدەر نیە لە مەترسی شەپۆلی دوومی كۆرۆنا، كە بەهۆیەوە دەكرێت ئاستی خواست كەم ببێتەوە، هەروەها دەكرێت ئاستی ئاڵۆزیەكانی نێوان ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین زیاد بكات كە كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر هەناردەی چین و وەبەرهێنانی پیشەسازی.

فشاری گەورە
لای خۆیەوە لیو ئەهوا وتەبێژی نوسینگەی ئاماری نیشتمانی چین رۆژی دووشەممە رایگەیاند" لەگەڵ ئەوەی ئابوری چین بەردەوامە لە بوژانەوە بەشێوەیەكی جێگیر و نەگۆر، بەڵام وێنەكە لەسەر ئاستی جیهان پێناچێت بدرەوشێتەوە بەهۆی نا سەقامگیری و هەڵبەز و دابەزی دۆخی ئابوری" ئەو بەرپرسە چینیە ئاماژەی بەوەشكردووە فشارێكی گەورە هەیە بۆ ئەوەی رێگری بكرێت لەتوشبوونی هاوڵاتیانی چین لەدەرەوە و بڵاوبونەوەی جارێكی تری ڤایرۆسەكە لەناوخۆدا.

بێكاری كەمیكردووە
تێكرای رێژەی بێكاری لە شارەكانی چین بەرێژەی 5،4% كەمیكردووە لەمانگی ئەیلولی رابردوودا، و رێژەی گەشەی وەبەرهێنانی جێگیر بۆیەكەمجار لەساڵی 2020 دا ئەرێنی بووە.