ڕاپۆرتی جیهانی

02:45 - 22/10/2020

ئەمریکا لەبارەی ئێس ٤٠٠ هۆشداری بە تورکیا دەداتەوە؛ هیڵی سورە‌

پەیسەر

ماوەی چەند ساڵێکە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا ئاڵۆزی تێکەوتووە، کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ هێندەی دیکە ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرەی زیاتر کرد، باڵیۆزی ئەمریکا لە ناتۆ بۆ جارێکی دیکە هۆشداری دایە تورکیا و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە و هێنانی ئەم سیستمەی روسیا بۆ ناو سنوری ناتۆ هێڵی سورە.

پێدانی هۆشیاری
کای بەیلی باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێکخراوی ناتۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی دی دەبلیو هەڵسەنگاندنی بۆ تاقیکردنەوەی سیستمی ئێس ٤٠٠ی رووسی لەلایەن تورکیاوە کرد و لەبارەی ئەم هەنگاوەوە هۆشداری بە ئەنقەرە دا.

کای بەیلی لەبارەی ئەم هەنگاوەی تورکیاوە بە توندی هۆشداری بە تورکیا دا، دوو رۆژ پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری رێکخراوی ناتۆش، باڵیۆزەکەی ئەمریکا ئەم هۆشدارییانەی بە بەرپرسانی تورکیا راگەیاندووە.

لەبارەی هەواڵی تاقیکردنەوەی سیستمی ئێس ٤٠٠ کە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، بەیلی وتی، ئەم رووداوانە هیچ باش نین، ئەمریکا و هەموو ئەندامانی ناتۆ لە ساڵی ٢٠١٧وە کار دەکەن بۆ رێگریکردن لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ کڕینی سیستمە رووسییەکە و لەم بارەیەوە هەوڵێکی زۆریان دا.

هێڵی سور
باڵیۆزەکەی ئەمریکا لە ناتۆ باسی لەوەش کرد، بۆ ئەوەی تورکیا سیستمی بەرگری موشەکی لە روسیا نەکرێت کە لای ناتۆ وەک دوژمن و نەیار سەیردەکرێت، ئەوەی لەدەستیان هاتووە کردوویانە. کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی روسیا و هێنانی بۆ ناو سنوری ناتۆ، هێڵی سورە، گومان لەمەدا نییە...

دوای ئەوەی تورکیا بڕیاری کڕینی سیستمی ئێس ٤٠٠ی دا، ئەمریکا ئەنقەرەی لە لیستی کڕیارانی فڕۆکەی ئێف ٣٥ دەرکرد، بەیلیش جەختدەکاتەوە کە ئەنجامەکانی ئەم هەنگاوەی تورکیا تەنها لەوەدا کورت نابێتەوە کە فرۆکەی ئێف ٣٥یان پێنەدەن و ئەنجامی دیکەشی دەبێت.

تورکیا چی لەدەستدا؟
کای بەیلی لەبارەی باجی ئەم هەنگاوەی تورکەکان ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا لەپێناو بوون بە خاوەنی سیستمی بەرگری موشەکی روسی زۆر شتی کردە قوربانی، "ئێمە زۆر بێئومێدین کە نەمانتوانی تورکەکان قایل بکەین کە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانماندا بمێننەوە، بێهیواشین کە نەمانتوانی قایلیان بکەین بەوەی کە بەبێ دەستبردن و پەنابردن بۆ سیستمی بەرگری روسی دەتوانین بابەتەکانی تایبەت بە هەژموون چارەسەر بکەین."

لەبارەی ئەو سیستمە بەرگرییانەی خرابوونە بەردەم بەرپرسانی تورکیا باڵیۆزەکەی ئەمریکا لە ناتۆ دەڵێت، ئەم هەڵبژاردانە هەبوون؛ سیستمی نەرویجی، (SAM) کە بەرهەمی ئیتاڵی و فەڕەنسییە و تەنانەت پاتریۆتی ئەمریکیش، بەڵام ئەوان لەناو هاوپەیمانەکانی ناتۆماندا هاتن و ئێس ٤٠٠یان تاقیکردەوە، ئەمە بۆ هەموو ئەندامان کیشەیەکی زۆر جدییە.

نیگەرانییەکان
لەبارەی ناکۆکیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەسینا و ئەنقەرەشەوە باڵیۆزی ئەمریکا بۆچوونی رێکخراوەکەی دەربڕی و باسی لەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی ناتۆ نێوەندگیری کردووە، بەڵام ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەردەوامیی هەیە.

"لەسەر بوونی ئەم ناکۆکییە زۆر نیگەرانین، ناتۆ رۆڵی هەبوو لەوەی رێگربێت لە روودانی شەڕ، بۆ ئێمەش زۆر گرنگە کە ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە ناکۆکە بە رێگای سەربازی چارەسەر ناکرێت."

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەوەی شەڕی سەربازیی یان هەڵەیەک روونەدات، ناتۆ هەنگاوی پێویستی ناوە و ئەم کارانە کراون، بەڵام دەبێت ناوەڕۆکی بابەتەکە چارەسەر بکرێت، واتە پێویستە سنورە ئاوییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و تورکیا و قوبرس دیاری بکرێن، ئەمەش بە نێوەندگیرییەک دەکرێت کە هەردوولا لەسەری کۆکبن، ئەو نێوەندگیرەش ئەڵمانیایە. "لەگەڵ ئەڵمانیا هانی ئەنجامدانی گفتوگۆمان داوە تاکو لە شەڕ دووربکەونەوە و بگەن بە چارەسەری کێشەکان."

هەفتەی رابردووش (Morgan Ortagus) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی تاقیکردنەوەی ئێس ٤٠٠ وتی، تاقیکردنەوەی ئەم سیستمە لە رووی پەیوەندییە ئەمنییەکانی هەردوولا دەرئەنجامی جددی دەبێت.

باسی لەوەش کردبوو، ئەگەر هەواڵی دەستکردن بە تاقیکردنەوەکانی سیستمەکە راست بێت، ئەوا بە توندی سەرکۆنەی ئەم هەنگاوەی هاوپەیمانەکەیان لە ناتۆ دەکەن.

هەفتەی رابردوو ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە ڤیدیۆیەکیان دەستکەوتووە کە هەڵدانی موشەک بووە و ئەگەریش هەیە ئەم موشەک هەڵدانە بەشێک بێت لە تاقیکردنەوەی سیستمی ئێس ٤٠٠ و ڤیدیۆکەش لە شاری سینۆپ لەسەر دەریای رەش گیراوە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا نە هەواڵەکەی رەتکردەوە و نە پشتڕاستیشی کردەوە، دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تورکیا ڤیدیۆی هەڵدانی موشەکەکان بڵاوکرایەوە.

تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ کڕینی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ لەگەڵ روسیا رێککەوت، لە مانگی تەموزی ٢٠١٩ش وەک بڕی یەکەم، چوار باتری موشەکی لەلایەن مۆسکۆوە رادەستی تورکیا کرا کە نرخەکەی  دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بوو.