ڕاپۆرتی جیهانی

03:00 - 22/10/2020

دووەمین و کۆتا دیبەیتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا‌

پەیسەر


کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ ڕۆژی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا و ڕۆژ بەڕۆژ ئابڕوچوونی زیاتر بڵاو دەبێتەوە، هەر رووداو و ئابروچونێکیش کاریگەری خۆی هەیە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ، گرنگترین و گەرمترین  ڕوداوی ناو هەڵبژاردنەکانیش بریتیە لە دیبەیتی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی، دیبەیتی یەکەم بەڕێوە چووە و دیبەتی دووەمیش کە دوا دیبەیتە ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت و هەندێک لە یاساکانیشی گۆڕاون، جیهان لە چاوەڕوانی ئەم دیبەیتە و کاریگەریەکانیدایە.

گۆڕانکاری لە یاساکانی دیبەیتەکەدا کراوە

ڕەنگە  گرنگترین روداوی ئەم هەفتەیە بریتیبێت لە دیبەیتی دووەم و کۆتای هەردوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنەکانی 2020 لە نێوان دۆناڵد ترامپی کاندیدی کۆماریەکان و جۆبایدنی کاندیدی دیموکراتەکان. ئەمڕۆ، پێنج شەمە هەردوو کاندیدەکە دیبەتیی دووەمیان دەکەن. ڕۆژی دوشەمەی رابردوو کۆمسیۆنی ناحیزبی دیبەتەکانی سەرۆکایەتی گۆڕانکاریەکیان لە یاساکانی دیبەیتەکەدا ئەنجمدا. بڕیارە لەم دیبەتی دووەم و کۆتاییەدا، کاتێک یەکێک لە کاندیدەکان لەو کاتەی پێیدراوە و  سەرقاڵی قسەکردنە لەسەر هەر یەکێک لە شەشە بابەتی دیاکراوی دیبەیتەکە لە دوو دەقیقەیەدا بۆی دانراوە، مایکی کاندیەکەی تر بێدەنگکردن(Mute)ی بۆ  بەکاردەهێرێت . لە ساتەکانی تری دیبەیتەکەدا، واتە بەشە 15 دەقیقەیەکاندا مایکی کاندیدەکان کراوە دەبێت.

هۆکاری ئەم بێدەنگکردنی مایکەش، بەهۆی ئەو ڕەخنە زۆرەیەوە بوو کە لە دیبەیتی یەکەمدا لە رێکخەرانی دیبەیتەکە گیرا. دیبەیتی یەکەم لە کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆ کرا و ترەمپ چەندین جار لەدەرەوەی کاتی خۆی قسەی دەکرد و بە نزیکەی هەموو جارەکانی قسەکردنی بایدن، ترەمپ قسەکانی پێدەبڕی، پێشکەشکاری دیبەیتەکەش "کریس واڵاس" نەیتوانی بەبەاشی دیبەیتەکە بەڕێوە ببات.
دیبەیتی دووەم لە کاژێر  9ی شەوی پێنج شەمە " کاژێر 4 ی بەیانی بەکاتی هەرێمی کوردستان" لە زانکۆی بێڵمۆنت لە شاری ناشڤیڵی سەر بە ویلایەتی تێنەسی بەڕێوەدەچێت. ماوەی دیبەیتەکە 90 دەقیقەیە و پێشکەشکارەکەشی کریستین واڵکەری پێشکەشکار لە تۆڕی هەواڵی ئێن بی سیە.

بابەتەکانی دیبەیتی کۆتای
خاتوو واڵکەر پێشتر لیستی پێشنیاری بابەتەکانی دیبەیتەکەی بڵاوکردۆتەوە و بریتین لە :
پەتای کۆرۆنا، خێزان لە ئەمریکا، دەمارگیریی لە ئەمریکا، گۆڕانی کەشوهەوا، ئاسایشی نیشتمانی و سەرکردایەتی لە ئەمریکا.

کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ ناڕازین
ڕۆژی دووشەمە بێل ستێپن، بەڕێوبەری کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ، لە نامەیەکیدا بۆ کۆمسیۆنی دیبەیتەکان بە توندی ڕەخنەی گرتن لە نەبوونی بابەتی سیاستی دەرەوە لەنێوان بابەتەکانی دیبەیتەکەدا. بەڕێوبەرانی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ لەوباوەڕەدان، "سیاسەتی دەرەوە" خاڵی لاوازی جۆبایدنە و دەبێت لە دیبەیتەکدا ئەم خاڵە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، هەر لەبەر ئەمەش داوای پێداچونەوەیان کردوە بە بڕیاری رێکخەرانی دیبەیتەکە لە هەڵبژاردنی بابەتەکاندا. لە دیبەیتی یەکەمیشدا هیچ باس لە سیاسەتی دەرەوە نەکرا و بابەتەکانی دیبەیتی یەکەمیش لەبارەی دادگای باڵا ، کۆڤید-19، ئابووری ، بابەتی رەگەزپەرستی و توندوتیژی لە شارەکانی ئەمریکا و نەزاهەی هەڵبژاردن بوو.

هەفتەی پێشوو چی گوزەرا؟
لە هەفتەی ڕابردوودا، هەردوو کاندیدەکە بەردەوام بوون لە کۆبونەوەکانی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە لە سەرتاسەری ئەمریکادا. گرنگترین ڕوداوی هەفتەی ڕابردوو ئامادەبوونی هەردوو کاندیدەکە بوو لە پێنجشەمەی رابردوودا، لە هەمانکاتدا  و لە دوو هۆڵی کۆبوونەوە گشتیی لەگەڵ هەوادارانیان،  دوو  تۆڕی هەواڵی سەرەکیش بەشیوەی راستەوخۆ کۆبونەوەکانیان بڵاودەکردەوە. زۆربەی بابەتەکانیشیان تایبەت بوو بە بابەتە ناخۆیەکانی ئەمریکا.

ویلایەتە کلیلییەکان
ویلایەتی کلیلی، ئەو ویلایەتانەن کە دەنگی هەردوو حیزبەکە زۆر لەیەکترەوە نزیکن و  یەکلانەبونەوە بۆ هیچکام لە دوو حیزبەکە، ئەمانە دەتوانن  ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی لایەک یەکلابکەنەوە. لە هەڵبژاردنەکانی 2020 دا چاودێران ئەم هەشت ویلایەتەیان بە ویلایەتی کلیلی داناوە، ئەوانیش ویلایەتەکانی ئەریزۆنا، فلۆریدا، جۆرجیا، میشیگان، مینەسۆتا، کارۆلینای باکوور، پەنسلڤانیا و ویسکانسنن

ڕاپرسییەکان چی دەڵێن؟
سەدان ڕاپرسی لە سەرتاسەری ئەمریکادا کراوە لە سەر ئاستی نیشتیمانی، ویلایەتی، شار و ناوچەکان لەلایەن کۆمپانیا، زانکۆ و دامەزراوە جیاوازەکانی ترەوە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەڵام پێناچیت ئەم راپرسیانە ئەنجامێکی واقیعیمان پێ بدەن، چونکە میدیا و ناوەندەکانی هەر لایەک سەرژمێریەکان لە بەرژەوەندی خۆیان ڕێکدەخەن یان بڵاوی دەکەنەوە، هەر چەندە لە هەندێک لە ڕاپرسیەکانی ماس میدیاکاندا، بایدن لە پێش ترەمپەوە وەک ئێن بی سی و سی ئێن ئێن و ...، چەندین جار ترەمپ ئەم میدیانەی بە "میدیای ساختە" ناوبردوە و لە یەکێک لە تازەترین تویتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا " من تەنها نەیاری بایدن نیم، بەڵکو لەبەرامبەر ڕاگەیاندنە گەندەڵ و زەبەلاحەکانیشدا لە جەنگدام"

سەرەڕای ئەوەش، روداو و گۆڕانکاریەکانیش کاریگەریان دەبێت لەسەر ئەنجامەکان، بەتایبەت بڵاوکردنەوەی ئابروچونەکان، تا ئێستا ئابرووچون لە بارەی هیلاری کلینتۆنی کاندیدی پێشوی سەرۆکایەتی و جۆبایدنی کاندیدی ئێستای سەرۆکایەتی بڵاوکراوەتوە و هەردووکیشیان سەربەدیموکراتەکانن و بە زیانی ڕێژەی دەنگەکانیان کۆتای دێت.

دەنگدان لە چ قۆناغیکدایە
هەڵبژاردنەکان لە ڕۆژی سێشەمەی 3 ی تشرینی دووەمی مانگی داهاتوو دەکرێت، بەڵام دەنگانی پۆستی و ئامادەنەبوون دەستی پێکردوە.
بە گوێرەی راپۆرتی ناوەندەکانی چاودێری هەڵبژاردنەکانیش، تا ئەمڕۆ پێنجشەمە، زیاتر لە 44 ملیۆن ئەمریکی دەنگیان داوە.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا و بەتایبەتی بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناوە، ڕەنگە زۆرترین دەنگەر لە مێژووی ئەمریکادا لە ڕێگەی پۆستەوە دەنگ بدەن. لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی سێ لەسەر چوار"لە چوار بەش، سێ بەشی" دەنگدەرانی ئەمریکی چاوەرێبن لە ڕێگەی پۆستەوە دەنگی خۆیان بدەن. واچاوەڕواندەکرێت ئەمساڵ نزیکەی 80 ملیۆن دەنگدەر لە ڕێگەی پۆستەوە دەنگی خۆیان بدەن، ئەم ڕێژەیەش دوو بەرامبەرە بەبەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016ی ئەمریکا.

دەستوەردانی ڕوسیا و ئێران
ڕۆژی چوارشەمە  21 ی تشرینی یەکەم، دەسەڵاتدارانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا ڕایانگەیاند ، ڕوسیا و ئێران دەستیان گەشتوە بە زانیاریەکانی دەنگەرانی تۆمارکراو لە ئەمریکا. ئەمەش بە یەکەمین سەرداو و بەڵگەی حاشاهەڵنەگر دادەنرێت ، کە هەردوو وڵات هەوڵدەدەن کاریگەریان هەبێت لە هەڵبژاردنەکای ئەمریکادا، بەگوێرەی گوتەی دەسەڵاتدارنی ئەمریکا پسپۆڕە ئێرانیەکان لە پشتی ئیمەیڵە هەڕەشەئامێزەکانن بۆ دەنگدەرانی ئەمریکی نێردراوە لە ویلایەتەکانی ئالاسکا و فلۆریدا و ئەگەر دەستوەردانی ڕوسیاش ئەگەرێکی کراوەیە.

جۆن رەتکلیف، بەڕێوبەری زانیاری نیشتمانی گوتی "کۆمەڵگەی زانیاری ئەمریکا لەوباوەڕەدایە کە پسپۆرانی ئێرانی و روسی دەستیان گەشتۆتە زانیاریەکانی دەنگدەرانی تۆمارکراو و لەڕیگەی ئیمەیڵی هەڕەشە ئامێزەوە و بەگوێرەی دەنگدەرانی هەردوو حیزب، دوایان کردوە دەنگ بەترەمپ یان لایەنەکەی "تر" بدەن. ئەوانەشی ئمەیڵە هەڕەشەئامێزەکانیان ناردوە، وا خۆیان نیشانداوە لە گروپی توندڕەوی سپی پێستی "کوڕانی سەربڵند"ەوەن و بانگەشەی ئەوەیان کردووە دواتر دەزانن دەنگیان بە ترەمپ داوە یان نا.

عەلیڕەزا میریوسفی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتوەکان لەوەڵامدا ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و گوتی"ئێران هیچ پەیوەندیەکی نیە بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا وهیچ هۆکارێکمان نیە بۆ دەستوەردان"

لەئەگەری دەستواردانی ئێران و ڕوسیادا بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەم وڵاتانە هەوڵدەدەن دەستوەردانەکە لە سودی دیموکراتەکان بێت و دژی ترەمپ بێت، چونکە هەردوو وڵات پەیوەندیەکی باشیان نیە لەگەڵ ترەمپدا ، بەتایبەت وڵاتی ئێران.

کاریگەری هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران
مامەڵە کردن لەگەڵ ئێراندا بە گشتی و بەتایبەتی لەم ساڵانەی دوایدا، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکایە و لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵیشدا یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکی و بابەتە گەرمەکانی  دیبەیت و کۆبونەوەکانی کەمپینی هەڵبژاردنەکان

لە دیبەیتی کاندیدانی جێگری سەرۆکایەتیدا، کامالا هاریسی کاندیدی جێگری سەرۆکی ئەمریکا ی سەر بە دیموکراتەکان ، چوونەدەرەوەی یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران بە سیاسەتی "جیاکارانەی"ی ترەمپ وەسفکرد و گوتی "چونەدەرەوە لە ڕێکەوتنەکە هۆکارە کە ئەمریکا زیاتر بخاتە مەترسیەوە و ڕەنگە ئێران پرۆژە ئەتۆمیەکەی پێشبخات و مەترسی دروستبکات لەسەر ئاسایشی سەربازەکانمان."

لەبەرمبەردا مایک پەنسی جێگری ترەمپ بەرگریکرد لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و بەتایبەت هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئێران، گوتی : ئەمریکا ئەمڕۆ ئارامترە چونکە ترەمپ لە ڕێکەوتننامەکە دەرچووە و ئێرانیشی بە " گەورەترین حکومەتی بەرگریکرن لە تیرۆریزم" ناوبرد، هەروەها بەرگریکرد لە کوشتنی قاسم سولەیمانیی سەرۆکی سوپای قودس، لەلایەن ئەمریکاوە و بە فەرمانی راستەوخۆی ترەمپ کوژرا.

تیمی ترەمپ بەرگری لە سیاسەتەکانی سەرۆکەکەیان دەکەن دژی ئێران و چەندین جار لەزاری بەرپرسانی پلەباڵای حکومەت و مایک پەمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە رایانگەیاندوە "ناگەڕینەوە بۆ ڕیکەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی و لە درێژەدان بە سزاکانیشیان بەردەوام دەبن"، تەنانەت هەرەشەی سەپاندنی سزای دەکەن بەسەر ئەو کەسانەدا هاوکاری ئێران دەکەن و گوێ بە سزاکانی ئەمریکا نادەن.

لەڕووی کاریگەری ئابوری هەڵبژاردن و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیشەوە، لە ئێراندا هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بە نیگەرانی و دوودڵیەوە چاودێری دەکرێت. ڕاگەیاندنە ناوخۆیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بە گوتەی چالاکانی بازار داهاتووی نرخی  دۆلار لە کورتە ماوەدا، پەیوەستە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ، بەڵام دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئەم وڵاتە ، ئەمە ڕەتدەکەنەوە.

هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمریکای ساڵی 2020، لە 3ی تشرینی دووەمی مانگی داهاتوو بەڕێوە دەچێت.هەموو هاوڵاتییەکی ئەمریکی 18 ساڵی تەواو کردبێت، مافی دەنگدانی هەیە.
لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ساڵی 2016 شدا نزیکی 250 ملیۆن هاونیشتیمانی ئەمریکی مافی بەشداریکردنیان هەبووە لە هەڵبژاردنەکان و 139 ملیۆن کەس دەنگیانداوە.  .